ڕادیۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1314 مشاهده

لە تەورێز ڕادیۆی پێشەوەری هەبوو. بڕیار درابوو ڕۆژێ نیو سەعات ئێمەش قسەی لەسەر بکەین و بەرنامەی تایبەتی خۆمان هەبێ. من بۆ ئەو کارە چوومە تەورێز. وەتاغێکم لە ماڵی شازدە خانمی میرپەنج بەکرێ گرت. شەوانە تا نیوەشەو، ڕۆژانە هەر لە بەیانەوە تا نوێژی شێوان بەتەنیا خەریکی بەرنامە نیو سەعاتییەکە دەبووم و دەچووم دەمخوێندەوە. پازدە ڕۆژ ئەو کارەم کرد. ڕۆژێک هاتن بە ترومبیلێکەوە و بردیانمە ئاڵا قاپوو (نشیمەنی پیشەوەری)، کە چووم پیشەوەری لەوێ بوو.

پیشەوەری گوتی: ئێمە نازانین تۆ چ دەخوێنییەوە؛ پێویستە بەرنامەکەت تەرجەمە بکەی و ئێمە بیبینین.

گوتم: من وەمزانی بەرنامەی خۆمانە، ئەگەر بەرنامەی ئێوە بێ من کاری لێ ناکەم.

گوتی: ئاخر نازانی هەر چارەگە سەعاتەی سی تمەن حقووقی گوویەندەیە؟!

گوتم: من لە موعامەلەی خۆم زۆر پەیدا دەکەم، ئەو کارە بە کەسێکی تر بسپێرن.

ئیتر تازە نەچوومە ڕادیۆ تەورێز. هەر لەو سەر و بەندەدا نومایشنامەی «ئارشین ماڵ ئاڵان»م کردە کوردی و شازدە خانم کە تورکی باش دەزانی یاریدەی دەکردم. بەڵام فەوتا و نەهاتە سەر شانۆ.

بۆ دووهەم جار پیشەوەریم دیت. مانۆڕی هێزی ئازەربایجان لە نزیک تەورێز بوو؛ پێشەوا منیشی دەگەڵ خۆی برد. لە دەمی نیوەڕۆژە خواردندا، من شیعرێکم دەربارەی برایەتی کورد و ئازەربایجانی خوێندەوە. کە بۆ پێشەوەریان تەرجەمە دەکرد. بەلایەوە خۆش هات؛ لیوانێک ئابجۆی بە دەستی خۆی بۆ هێنام؛ وەرم نەگرت کە عادەتم بە مەشرووب نییە. حەمەحوسێن خان لێم تووڕە بوو کە چۆن لە دەستی پیشەوەری وەرناگرێ؟ بەڵام فایدەی نەبوو، وەرم نەگرت.

«حەمەحوسێن خان» کوڕی «سەیفی قازی» و ئامۆزای پێشەوا بوو. پیاوێکی سوورهولی زۆر زەلامی چاوزەق و بەهەیبەت بوو. تا خوا حەز کا کوردێکی دڵسۆز بوو. کرابووە فەرماندەی هێزی چەکداری کۆمەڵە. بەڕاستی لە هیچ شتێ نەدەترسا. ڕۆژێک لە تەورێز خۆنواندنی لەشکری فیدائیانی پیشەوەری لە تەورێز بوو. پیشەوەری پرسیبووی: «پێت چۆنە؟»، گوتبووی: «وەک کۆمەڵە ژنێکی حیزم دێنە بەرچاو کە بەرموریان تفەنگی بڕنۆیە. بەرگەی دە کەس کوردی چەکدار ناگرن!». ئەم قسە هەرایەکی نایەوە و پیشەوەری زۆر تووڕە کردبوو. کە دەگەڵ پێشەواش ئیعدام کرا، تەنانەت ڕۆژنامەی لەشکری دوژمن (آتش) نوسیبووی: (پیاوی وا نەترس هەر نابێتەوە، دوو جار پەتی سێدارە پچڕا، بەڵام ئەو بە دەنگی بەرز هەر دەینەڕاند: «بژی کورد و کوردستان، کوردستان هەر ئازاد دەکرێ» و لەو قسە بێ مانایانەی دەکرد...).

لە نەخۆشخانەی سابڵاغ کەوتبووم. کە هاتمە دەر گوتیان کراویە بەرپرسی تەبلیغات. سەرپەرشتی ڕۆژنامەی «کوردستان» و ڕادیۆ چکۆلەکەمانم دەکرد. دوو یاریدەم بۆ دیاری کرابوو. منداڵێکی تورکی خۆیی کە تەمەنی پازدە و شازدە دەبوو، ژووری کاری بۆ خاوێن دەکردینەوە.

من کە لادێییەک بووم هەمیشە لە خەڵکی شارستان و نەخوازە ئەوانەی کە زۆر کۆک و پۆشتە بوون و عەینەکیان بەفیز لەچاو دەکرد شەرم دەیگرتم و زۆر لەخۆم بە زیاتر دەزانی کە یەکێک لە یاریدەرەکانم بە ناوی «عەلی خوسرەوی» لەوانە بوو.

ڕۆژێک مەقالێکم نوسیبوو، گوتم: کاکە عەلی زەحمەت نەبێ پاکنویسی کە.

تماشای کرد و گوتی: نایزانم!

گوتم: هەر شکڵ نووسی بکە بەسە.

گوتی: ناتوانم!

بە منداڵە تورکەکەم گوت: تۆ چۆنی؟

گوتی: خەتم خۆشە، کوردی نازانم، بەڵام وات بۆ شکڵ نووس دەکەم بە نوختە فەرقی نەبێ.

ڕاستی کرد. ئیتر هەیبەت و سامی جلی تازە و فشوفۆڵم لەبەر چاو نەما.

لەو کارەمدا نامەیەکم لە تەورێزەوە بۆ هات، کە دەبێ لە هەموو ئازەربایجاندا ئاوا تەبلیغات بکرێ. لە داخان لە سەر پاکەتەکەم تووسییەوە: «ترکی نازانم» و بۆم ناردنەوە. دوای چەند ڕۆژێک پێشەوا لۆمەی کردم. فەمووی: «بەو کارە منداڵانەیەت کێشەیەکت بۆ ساز کردووین». گوتم: «من خۆم بە کوردستانی دەزانم و لام وا نییە کلکی ئازەربایجانین». پێشەوا گوتی وام نەزانیبوو. ئەویش گازندە نامەیەکی نووسی. ئەوان عوزریان لێ خواستینەوە کە سەهویان کردووە!

بڕیار درا کە ئێمە و ئازەربایجانی لەگەڵ دەوڵەتدا بکەوینە وتووێژی پێک هاتن. «حاجی بابا شێخ»، «مەنافی کەریمی» و منیان ناردە سەقز. نوێنەری ئازەربایجانیش هاتن کە دەگەڵ «ڕەزمارا» قسە بکەین. زەبیحی و سەدرولئیسلامیش دوایە هاتنە لامان. پێک هاتن کە دەوڵەت بانە و سەردەشت و تکاب چۆڵ بکا، پیشەوەریش زەنگان بە جێ بێڵێ. تا ئەو کارەش دەکرێ ڕێگە بدرێ کە ئازووقە بۆ لەشکری بانە بنێرن و کورد ڕێگەی لێ نەگرن. کاروانی ئازووقە دەبوایە بە ئاگاداری من و دەگەڵ من بچێ و من و زەبیحی چاومان لە بارکردنی بێ؛ نەوەکو چەکی شەڕی تێدابێ. بەیانی گوتیان وا بار حازرە، وەرە بڕۆ. کە دیتمان ترۆمبیل بار کراون و نیشانمان نەدراون. زەبیحی و من پێمان داگرت کە تا ناوەڕۆکی بار نەبینین قبووڵ ناکەین. پاش چەققەی زۆر، سەدرولئیسلام کە برای پێشەوا و سەرۆکی وتووێژکەران بوو، گوتی: «بار چییان تێدا نییە جگە لە ئازووقەی خواردەمەنی و من ئەمر دەکەم کە نەیپشکنن». ناچار بۆ ئەمر ملم دانەواند. دەگەڵ باران چوومە بانە و لە ماڵی ئەفسەرێک بە ناوی «ستوان ڕەنجبەر» دامەزرێندرام. من خەوتبووم تەلەفۆن لە ستوان دەکرا، لە جوابێکدا گوتی: بەڵێ تانکێکیان دەناو باراندا هێناوە. زانیم خەیانەتێکی گەورە بە دەستی من پێک هاتووە و خەتا لە سەدرولئیسلام بووە. داخی ئەوەم دەخوارد کە بۆچی لە ڕێگە دەم کاروانەم بە پێشمەرگە بە ڕووت کردن نەداوە و دەشمتوانی.