موفتی تووتنچی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  952 مشاهده

بەیانی هەر تاریکان بوو چووینە حەمام. لاوەکە دەیگوت کوڕە ئاغام لە بازیان. گوتی: مەلا وەرە پشتم بشۆ!

گوتم: تۆش پشتی من دەشۆی؟

گوتی: نا چ حەددت هەیە؟!

گوتم: من ڕعیەتی بازیان نیم، هەر کەسە کوڕی بابی خۆی.

بەچکە ئاغا دیار بوو دڵی ئێشابوو، بەر لە من لە حەمام دەرچووبوو. تاو هەڵنەهاتبوو لە حەمام دەرچووم. لەسەر دووکانێکم خوێندەوە: «گەلاوێژ». لە چاخانە مامەوە تا دووکان کرانەوە. چوومە «گەلاوێژ»، پرسیم:

- دووکانی موفتی تووتنچی لە کوێیە؟

کابرا بە ترسێکەوە دەستی بە دەمییەوە گرت، یانی دەنگ مەکە. تەواو ترسام. مشتەرییەک لەوێ بوو دەرچوو. خاوەن دووکان گوتی: وەرە، زۆر لە دوورەوە وتی ئەوە جادەی تازەیە و گەڕایەوە. پێداچووم تووشی «موفتی» بووم کە ناوی چکۆڵەی «مەلا کەریم» بوو. لەسەر دووکانێکی ڕووتەکە دانیشتبوو. هەر سڵاوم کرد بگەرمی بەخێرهاتنی کردم:

- دەی چۆنی؟ چاکی شوکر؟ ماڵ و منداڵ چۆنن؟

- هەموو لا بەکەیفن.

- فرۆشتت؟ شوکور خێرت کرد؟ دەی سەرچاوم هاتی!

زۆری ڕست. گوتم: وا دیارە ئەو کڵیشەی دووکاندارە بۆ هەموو مشتەرییەکی دەڵێن.

- دەزانم نامناسی.

گوتی: ڕاست دەکەی. دەتۆ کێی؟

- من هەژارم.

دەستی کردە گریان و فرمێسکی دابارین.

- بریا کوێر بام و نەمدیبا شۆڕش تێکچووە.

- ئەم گریانەی پێ ناوێ. ئێستا من چ بکەم؟ چۆن کەس نەمناسێ؟

گوتی: من ماڵ وێرانی بوومەلەرزەم. دوو مناڵم هەن سەروپێچکە. ژنەکەم شەش ساڵە ئیفلیجە و بە دەست ئەودیو ئەمدیوی پێ دەکەین. تاقە ژوورێکی بن عەرزی تاریک و شەدارم بەکرێ گرتووە. ڕۆژانە بە هەزار زەحمەت نانی وشک و چایی لەم دووکانەم پەیا دەکەم. لە مێروولەش بێدەسەڵاتترم. من ناتوانم بتحاوێنمەوە. لێمگەڕێ باسی تۆ بۆ برادەرێک بکەم.

- ئای نەکەی. نامەوێ کەسی دیکە بزانێ. دەوڵەت پێم دەزانێ و دەمداتەوە بە ئێران.

- نا، خاترجەم بە، ئەو برادەرە سەد جار تواوەتەوە و ساف کراوە تا تەواو بۆتە کوردێکی تەواو عەیار و بێ عەیب.

وای کرد کە ملم دا بەو بڵێ. موفتی شاعیر ڕۆیشت و زوو هاتەوە. زۆری پێ نەچوو کابرایەکی درێژی، ڕانک و چۆغە پڕپینەی عەینەکی ئەستوور لە چاوی، ڕیش و سمێڵ تاشراوی، تەمەن بە ناوداچوو پەیدا بوو. نە سەلام و نە کەلام هەر لەڕێوە پێی گوتم:

- ئای ئای لەو پشتێندە گرێ چنە! مەلا دەڵێن هەر گڕێیەکی شەیتانێکی تێدایە. ئەو مێزەرە سپییە ڕیشوودارە چییە؟ تێی ڕیم!

گوتم بە خوا ئەو کابرایە شێتە. دانیشت گوتی:

- هەژار نایەوێ خۆت کز کەی! من چەند جارم وەک تۆ بەسەر هات؛ دروستمان کرد و لێمان ڕووخایەوە. ئێستاش ناهومێد و دڵسارد نیم...