نووشتەکەی ئامینە خان

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 12 دقیقه  1342 مشاهده

«قاجر» و «کانی پانکە» دوو دێن لە ناوچەی بۆکان. هاوکەوشەن، سنوور و سەراوەیان پێکەوەیە و جووتیان لە یەک ئەگەڕێتەوە.

شێخ ئەحمەدی کانی پانکە «خوای لێ خۆش بێ» بە سەرێنیی خۆی ماڵی لە کانی پانکە بوو.

خەریکی خۆشکردنەوەی شێت و هار بوو. بۆ هەموو ئێش و ئۆف و دەرد و ئازارێ نووشتەی ئەکرد.

بە هات و هاواری هەموو کەسەوە بوو. هەرگیز ماندوویی و شەکەتێی نەئەزانی چییە. نازانم و ناتوانم و پێم ناکرێی بە دەما نەئەهات. خوای لێ ڕازی بێت. بۆ کاروباری خەڵک زۆر جەڵد و خێرا و چوست و چالاک بوو. لە دوعا و نزا. لە نووشتە و جادوو، لە تێڕوانین و فاڵگرتنەوە، لە پڕوپیتە و داودەرمان درێغیی لە موسوڵمانان نەئەکرد.

دیارە موسوڵمانانیش بیریان لەمە کردبووەوە کە ئەم پیاوە شەو ڕۆژ خەریکی نوێژ و تاعەتی خوا و ئیش و فەرمانی ئەوانە، کار و کاسبی پئ ناکرێ. وەک ئەو لە ڕێی خوادا بە هەموو هاوار و بانگێکی ئەوانەوە هەیە و ئەگاتە فریایان، ئەمانیش ئەبێ شەرم بیانگرێت و بە دەستی بەتاڵ نەچنە خزمەتی. دوعا و نزای بێ خزمەت، نوشتەی بێ سەرقەڵەمانە، دەرمان و تیماری بێ ئولیفەت کار ناکات. ئەمانیش خێرێکیان دەسگیر نابێت و ئەویش نفووسی ئەشکێ! ڕۆژ و شەو وەک قەتاری ڕەش و سپی بە دوای یەکا تێ ئەپەڕین. ئەم دەمی بە سڵاو سەندنەوە و چاک و خۆشی و دوعا

خۆێندنەوە خەریک و، دەستیشی نووشتە نووسین و گژوگیا کوتانا بوو. خەڵکیش دەم بە سڵاوو پاڕانەوە و دەست بە دیاری و پشت بە کۆڵەوە لە هاتوچۆدا بوون.

هەردوولا پێکهاتبوون و سەرودڵ خۆش بوون. ئەم بژیویێکی باشی دەست ئەکەوت و گوزەرانێکی چاکی ئەکرد و دارایی و سامانێکی جوانی پێکەوە نابوو، لەسەر هیچ پەکی نەئەکەوت و گوزەرانێکی چاکی ئەکرد و دارایی و سامانێکی جوانی پێکەوە نابوو، لە سەر هیچ پەکی نەئەکەوت. ئەوانیش کاروباریان هەڵ ئەسووڕا و عەمر و ماڵیان بەزیاد ئەبوو، دەرد و بەڵایان لە کۆڵ ئەکەوت.

بەڵێ وابوو! هەست و ئاگا پادشای لە شەو فەرمانی لە ناوچەی پاشایەتی خوێدا ڕەوایە و لەسەر سەر و چاوانە! ئەوان لایان وابوو وایە. جا تۆ هەر بڵێ: وابوو.. واچوو.. بەچی ئەچێت؟! هەروەکو خۆی ئەیفەرموو:

"دنیا فانییە و بۆ کەس نامێنێت. ئەوەی بمێنێتەوە کۆچی کرد. بەڵام ئەو وەک هێندێ پیاوچاکانی تر نەبوو. جگە لە چاکەکانی تەنیا سامانێکی باشی بۆ مناڵەکانی جێهێشت و ئێتر بۆی نەکرا دێ و خانووبەرە و شتی وا بکرێت.

مناڵەکانی لە کاتی خۆشی و تێر و تەسەلیدا چاویان پشکووتبوو، خۆشخۆر و خۆشدڕ و نازپەروەردە بوون. ئاگایان لە سەرەتای ژیانی باوکیان نەبوو، نەیان ئەزانی ئەم ماڵ و دەوڵەتە لە کوێ پەیدابووە و، ئەم بەند وجۆگەیە بناوانی لە کوێ هەڵگیراوە" ژیانی خۆش، دارایی زۆر، هاتوچووی خەڵکیش نەئەسپایەوە." ئیتر چی؟ باشە، ئەمان خافڵابوون و بەرجەوەندی دنیایان نەکردبوو، ئەی باوکیان بۆ فێری پیشەکەی خۆی نەکردن و بەزەیی بە موسووڵمانان نەهاتبووەوە؟

منیش وەک لە تاریکاییدام. تۆ بڵێی وەکو لە نا لە ناویانا باوە لە ترسی ئەومە بووبێت کە ئەوان هەوەڵی دەمیان بوو، هەرزەکار بوون، ئەترسا پێیان ڕاگیر نەکرێت و تێا بشێوێن، یان نەی ئەویست ڕازی نهێنی پیشە و هونەری خۆی بڵێت کە ڕازی نهێنی هونەر و پیشە تەنانەت ئێستاش خۆشەویستە، یان

بە دارایی و سامانەکەی لێیان دڵنیا بووە؟ بەڵام قسەی خۆمان بێت و لەناومان دەرنەچێ، چییان پێ بڵێ و چییان فێر بکات؟ خۆی چی فێر بووبوو تا لەوانی بشارێتەوە! کار و دەسەڵات بە خوایە، ئەو بڵێ چی و چ بکات؟ بەشی ئەمانی تیا نەبوو!

مناڵەکانی ڕەنجیان تیا نەدابوو، پشتیان پێیەوە نەیەشابوو. دوای باوکیان شەش و بێش لێیان داو تەخشان و پەخشانیان کرد. خوا نەیبڕێ، ئەوەندە زۆر بوو بەم جۆرەش بەشی چەند ساڵێکی کرد. کوڕەکان کە هەریەکەی لە ژنێک بوون، بەرودوا جیا بوونەوە و، هەریەکەیان ماڵ و حاڵێکی بۆ خۆی پێکەوە ناو وەک جووجکی کەچەڵە پەڕەوازە بوون، لەبەر دەستەنگی و نەمانی دارایی و سامانی میراتی ڕوویانکردە ماڵە خاڵوانی خۆیان و مریدانی باوکیان و، ئامینەخان و برا بچکۆلەکەی و دایکەکەیان جێهێشت، ئەوەی لەو ناوەدا دەسەوسان و داماو بوو، هەر ئامینەخانی چارەڕەش بوو.

دیسان تا دایکی مابوو هەر باشترێک بوو، چوونکە دایکی هەرچەند پیر و پەڕپووت بوو و کەنەفت و پەک کەوتە بوو، جێگەی بیروباوەڕی خەڵک بوو. بە پیرۆزیان ئەزانی و بەچاوێکی موفەڕک تەماشایان دەکرد. بە تایبەتی لەناو ژناندا دەم و نفووسی بە پیت و بەرەکەت بوو. بەڵام «نەهاتی چاکە، قۆرتی خراپە» دوای جیابوونەوە و تەفروتوونا بوونی براکانی، زۆری نەخایاند دایکیشی ئەمەگی بەجێهێنا و دوای باوکی کەوت بۆ شاری خامۆشان. ئامینەخان خۆی مایەوە و برا چکۆلەکەی.

ئیتر ئامینە خان بوو بە گەورەی ماڵ و جێنشینی باوکی و جێداری دایکی و بناوانی برا چکۆلەکەی. ئەبوو ئیشو کاری ماڵ بکات و بۆ چاک و خۆشی و دوعا و نزا و داو و دەرمان بە دەم خەڵکیشەوە بێت.

کاری بەوە چاک بوو لە وەختی خۆیدا بۆ باوکی جێبەجێ ئەکرد ئەناسی و فێری بەکار هێنانیان بووبوو. لە دێی خۆیان و ئاواییەکانی دەورو پشتیانەوە کوڕ و کچ بۆ دوعای چەور و شیرینی و پێکبڕان، ژن و پیاو بۆ مناڵبوون و دەمبەست و داوودەرمان ڕوویان تێ ئەکرد و سەریان قاڵ کردبوو.

ئامینەخان، وەک جوان نەبوو، ئەوەندەش دزێو و ناشیرین نەبوو کەس نەیخوازێ. لە تافی جوانی و نوخشەی پێگەیشتندا کەڵەگەت و پان و پۆڕ و، بەژن و باڵایەکی ڕێکوپێک و لەخت و لار و داروبارێکی باشی بوو، بەڵام دیارە بۆرە و کوڕە وەرزێڕ هاوشانی ئەو نەبوون و. داواکارێکی تریشی نەبوو. لە بەرئەمە مابوەوە. بە سەرێنیی دایکی مەیدانی تێکەڵیی کوڕ و کاڵ و مەودای باسوخواسی لەگەڵ گەورە کچ و جوانەژناندا نەبوو. ناچار بە هیوای ڕۆژی بەختەوەری ددانی بە جەرگی خۆیا گرتبوو، کەین و بەینی دڵداریی نەئەزانی و ئاگای لێ نەبوو.

ئێستا، کە ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووی هەموو جۆرە سکاڵایێکی دڵداری و هەموو چەشنە راز و نیازێکی کچێنی و کوڕێنی بووە و، لەژێر سەرپەرشتیی دایکیشیا نەماوە، هەر چەند هاتوچووی مانگ و ساڵانی زۆر بە سەریا شوێنیان کردووەتە دیمەنی و گۆناکانیان سیس و مەمگە کانیان بڵ کردووە و چەناگە داچۆڕاندووە وتاڵی سپییان خستووەتە سەری و ددانیان کەل کردووە، بەڵام وەک ترێی شەراب کە تا خۆی بخواتەوە و توندتر ئەبێت، ئەمیش زیاتر دەروونی بڵێسەی سەندبوو و دڵی گڕی گرتبوو. ئیتر ناچار بوو لە گەڵ کوڕ و کاڵا لە کاتی دەرمان پێدان و نووشتە کردنا چاوبڕکێنە بکا و، دوو جەفەنگ و دوو زەردەخەنەی دڵتەڕانەش ئاڵوگۆڕ کات و، جار و باریش لە گەڵ ئەوانەی زۆر دڵگیر بن لە چاوداگر تنێکیش درێغی نەکات. لەگەڵ کچۆڵەکان و ژنە دڵتەڕەکانیش لە باسی دڵداری و کردنەوەی گرێی دڵی خۆی و هاوێر کردنی جوان و ناشیرینی لاوان و هەرزەکار و کوڕۆکاڵی ئاوایی لەزەتێک بەرێ.

ئامینەخان بازاڕی گەرم بوو، هەر کەسە بە خەیاڵێک و هەریەکەی بۆ کارێک ئەچوونە لای و هەمیشە ماڵەکەی جمەی ئەهات.

براکانی لەوە تووڕە بوون کە خەڵکەکە سەریان کردۆتە ئامینەخان و دیاریی بۆ ئەبەن و خێروبێریان هەموو بۆ ئەوە و ئەمانیش کەس ڕوویان تێناکات.

ئەمان با نەخوێندەواریش بن، بە سەر و مێزرێکی زل و ڕشێکی پانەوە زرتەی چاویان بێت و، ئافرەتێکیش لە جێگەی باوکیان دانیشت و بازاری واگەرم بێت.

براکانی لێی کەوتنە تۆپ و تەشەر. ناو و بیتکەیەکی زۆریان دواخست و هەزاران بەیت و باویان بۆ ڕێکخست.

ئامینەخانیش بە نۆرەی خۆی دەستەوستان نەوێستا و ئاکاری دزێو و کردەوەی ناپەسەندی ئەوانی بۆ خەڵک دەرخست و لێی کردنە قاو و ئەیگوت: هەرچی بە منی ئەڵێن خراپتر ئەکەن.

ئەگەر ئەڵێن نەخوێندەوارم نازانم دوعا و نزا بکەم، ئەوانیش وەک من نەخوێندەوارن و هیچ نازانن. ئەگەر ئەڵێن دیاریم بۆ دێت،

ئەوانیش هەر بە نانی خەڵکی بەڕی ئەچن. ئەگەر ئەڵێن من بە دەم پیاوان و کوڕوکاڵی نامەحرەمەوە ئەچم، ئەوانیش تەنانەت بە سەرێنیی باوکیشم بە دەم ئافرەت و کچ و کیژی نامەحرەمەوە ئەچوون. خۆ من لە سایەی خواوە لە ڕێگای هیچیشا نیم و لە ڕێی خوادا خزمەتی خەڵک ئەکەم و، ئەڵێم با وەجاخەکەمان کوێر نەبێتەوە. من بەم ئافرەتییەی خۆمەوە حورمەتی جێگاکەم ڕاگرتووە، کەچی ئەوان بۆ ڕابواردن خۆیان بڵاوەیان ڵێکرد و هەر یەکەی ڕوویکردە لایەک.

خەڵکەکەش نەیان ئەتوانی مورشیدزادەکانیان بەدرۆ بخەنەوە، ناچار بوون بڕوا بە هەردوولایان بکەن و، وردە وردە تێگەیشتن ئەمە بناغەی بۆشە و «کێشە لەسەر لێفەی مەلایە» و ئەم گێرەو کێشە و هەرا و بەزمە هەر بۆ کڕووساندنەوەی ئەوانە! ئیتر لێیان تەکینەوە و وازیان لە هەردوولایان هێنا.

ئامینەخان کە هاتووچووکەری نەما و دیاری و کۆڵەباری لێ بڕا، ناچار بوو خوی بە ماڵان و، لە نوخشەشا بە خەرماناناوە بگەڕێ نووشتە بکا و دوعا بخۆێنێ و شت دەسخات، بۆ هاتوچووی سەر خەرمانان گوێدرێژێکی پەیدا کرد، لە مسەرەوە سواری ئەبوو، لەوسەریشەوە خەلەی لێ ئەنا.

خەرمەنەکانی کانیپانکەی تەواو کردبوو، نانی ساڵی کۆدبووەوە، ئەمجار بۆ جلوبەرگ و پێداویستی ماڵ ئەیەویست هێندێکی تریش کۆکاتەوە و بیفرۆشێ. ئیتر تا ساڵێکی کە پۆشتە و پەرداخ و تێر و تەسەڵ ڕابوێری.

گوێرێژی کوردتان کرد و لێی سوار بوو بەرەو خەرمانەکانی قاجر. کە لە ئاسۆگەی کانیپانکە سەرکەوت، لە پێشدەشتیدا، کە زۆری نەئەما بۆ سەرچەمی «تەتەهوو» خەرمانێکی گەورەی بەدی کرد. بە دڵێکی خۆش و تەمایەکی زۆرەوە و وڵاغەکەی بەرەو خەرمان لێخوڕی. زۆری نەخایاند

گەیشتە پێشەوە. تەماشای کرد ڕەشیدی مام هەباس کە باوکی یەکە دەوڵەمەندی قاجرە بە تەنیا لەوێیە و بەکاوەخۆ شەن ئەکات بە ڵام چەند مالوسکەی گەورەی سوور کرووە.

ئامینەخان سڵاوێکی کرد و هێندێ دۆعای لەژێر لێوەوە خوێند و فووی کرد بەسەر خەرمەناکەدا پیتو بەرەکاتی تێکەوت و بێچاوێنی بێت.

ڕەشید کە کوڕێکی گەنج و هەرزەکار بوو دەستی لە شەن هەڵگرت و هات بەدەم ئامینەخانەوە. زۆری بە خێرهاتن کرد و دۆی ساردی لە مەشکۆڵەکە و تێکرد تا تیوانیەتی بشکێت. لە ژیر سێبەری کەپرەکە دانیشتن و ڕەشید دەستی کرد بە چاڵنان و لەبەریشەوە چاک و خۆشییان ئەکرد و هەواڵی کەسوکاری یەکتریان و ئەپرسی.

ئامینەخان هەواڵی خەجێی خوشکی ڕەشیدی پرسی. ڕەشید گوتی: دوێنێ خوازبێنی کەری هاتەسەر و دامان بەشوو. ئامینەخان کە باسی شووکردنی بیست برینی دڵی کولاوە و ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: ئەی ڕەشید گیان، تۆ کەی ژن دێنی؟

ڕەشید: چارە نووس بە خوایە. بزانین چۆن ئەبێت.

ئامینەخان: بەڵێ چارەنووس بە خوایە، بەڵام کوڕێکی وەک تۆ جوان و لاوچاک چۆن ئەبێ کەست نەدۆزییبێتەوە و حەز لە کەس نەکەیت؟ کوڕی وەک تۆ جوان بۆ ژن دائەمێنێ؟ خوا نەیبڕێ، جگە لە جوانیی خۆت، لە هیچیشتان کەم نییە!

ڕەشید: بڵێم چی! کێ جوابی من ئەداتەوە؟

ئامینەخان «بە نازێک و چاوێکی نەومەوە»:

ئەوە ئەڵێی چی؟ حەیف نییە! ئەو چاوە جوانانەی بە تۆوەیە بە خوا خوشکی خۆشت عاشقت ئەبێت!

ڕەشید: چی بۆ لە تۆ نهێنی بێ! حەز لە کچێک ئەکەم. بە ڵام ئەوەندەی ئەکەم و ئەکرێنم جوابم ناداتەوە. ئەگەر نووشتەیەکم بۆ بکەی بۆم ساز بێ، چی ئەڵێی ئەتدەمێ.

ئامینەخان: ڕەشید گیان! سەر قەڵەمانە ئەبێ پێشەکی بدرێ، ئەگینا نووشتە کار ناکات.

ڕەشید: باشە، چیت ئەوێ ئەتدەمێ، بە ڵام ئەترسم نووشتەکە کار نەکات.

ئامینەخان: تۆ جەواڵێ گەنمم بدەیە. نووشتەیەکت بۆ ئەکەم بە مەرج. خوانەخواستە کە کاری نەکرد لە منی بناسە.

ڕەشید: هەستا جەواڵەکەی لە گوێرێژەکەی ئامینەخان داگرت و پڕی کرد لە گەنم و دووری و داینا و هاتەوە ژێر کەپرەکە، گوتی: ئەوە گەنم. دەیسا تۆش نووشتەکەم بۆ بنووسە.

ئامینەخان کۆتێک کاغەزی چڵکن و قەڵەمێکی لە گیرفانی دەرهێنا و نەختێ ڕەش و سپیی لێ کێشا و نووشتاندییەوە و تۆزێ منجەمنجی کردوو فووی کرد بە نووشتەکەدا و گوتی: بە سەری باوکم نووشتەیەکم بۆ کردووی تا ئێستا نووشتەی وام بۆ کەس نەکردووە.

ڕەشید نووشتەکەی لێ وەرگرت و گوتی: جا ئەمە چیی لێ بکەم؟

ئامینەخان: بیخەرە کۆشیەوە و ئیتر دەنگ مەکە، خۆی بانگت ئەکات.

ڕەشید: دەترسم دەستم ببڕێ و تووشی پەندێکیشم بکەی. بۆ خاتری خوا ئامینەخان چۆن لە خۆمەوە بیخەمە گۆشی ئافرەتەوە؟

ئامینەخان: ڕەشید وا دیارە تۆ زۆر بێباوەڕی بە چاک و پیران، یان زۆر شەرمنی. ئەم نووشتەیەی بۆ تۆم کردووە بە سەری باوکم بیخەیە کۆشی ئافرەتێکی دینداری وەکوو منیشەوە کە لە سایەی خواوە لە ڕێگەی هیچشا نیم، ناچارە دەنگ ئەکات.

ڕەشید کە ئەمەی بیست نەیکردە ڕێوڕاست نووشتەکەی خستە کۆشی ئامینەخانەوە.

ئامینەخان گوتی: ئەیەڕۆ ڕەشید! ئەوە چیت کرد؟ چۆن ئەو فێڵەت دۆزییەوە؟

ئیتر ئامینەخان گوتی: ئەیەڕۆ ڕەشید! ئەوە چیت کرد؟ چۆن ئەو فێڵەت دۆزییەوە؟

ئیتر ئامینەخان خۆی بە درۆ نەخستەوە و، لە پاشان نووشتەکەی دایەوە دەست ڕەشید و گوتی:

خۆ باوەڕت کرد کارئەکات. دەسا باشی هەڵگرە بۆ هەموو جارێ با بەکارت بێت.

ڕەشید نووشتەکەی نا گیرفانی و گەنمەکەی بۆ بارکرد.، ئامینەخان بە جەواڵە گەنمەوە بەرەو کانیپانکە کەوتەڕێ و ڕەشیدیش هەی لێکرد بۆ چەمی تەتەهوو..