شەهیدی زوڵمە، کفن و شۆردنی ناوێ

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 9 دقیقه  854 مشاهده

ساڵێک لە ساڵان دێوی قات و قڕی و گرانی باڵی ڕەشی بەسەر ناوچەی «ژاوەرۆ» کێشا، ڕەهێڵەی پەریشانی و پەشێوی و شپرزەیی دایکرد. وەرزێر لە کشتوکاڵی بەهاری و لە ڕەستە و ئاوەنیاوی پایزە، مافنگی و ڕەنجەڕۆ مایەوە، هەژار و نەدار و کز و کەنەفت کەوت و ژیانی تاڵ و ئاڵۆز بوو. سەرەڕای ئەمانەش ئەوەندیان بردبووە گەل و هەرەوەز وەک قسەقوتان ئەڵێن «لە چوارپەلا گوێچکەی ساغ بوو» زگی برسی و پشتی بریندار و شان و شەپیلکی تێکشکابوو. کۆڵکێشانی زۆر و زەوەندە هێز و توانایی پێ نەهێشتبوو. برسیایەتی و بێبژێوی ڕست و دەرتانی لێ بڕیبوو.

وەرزێڕ ئەوەندەی سەرنجی دا و بیری کردەوە و سەری هێنا و برد، نەیتوانی ڕێگای ڕزگاری و چاری چارەڕەشی خۆی بەدی بکا. لە لایەکەوە بێگار مەودای نەئەدا بەرژەوەندێک لە خاڵی خۆی بکات و، لە لایەکی تریشەوە ناشارەزایی و نەزانی ڕۆژی ڕووناکی لێکردبووە و شەوەزەنگ.

بێبارانێ و وشکەساڵ و خەلە گران بوو. بێکاری بوو. ئیش لە حاند ڕەنجبەر و ئێشکەران چووبووە پشتی شێران. ئەوەی لە ناوەدا فرە و فراوان و کەم نرخ و هەرزان بوو، تەنیا تەرم و جەندەکی نەژاران و فڕین و پەڕەواز و ئاوەکی بوونی گیانی وەرزێڕان و بوو، ئاژاوە و پەشێوی بوو لەناو لەشاندا. گیانی سەربەهەش توانای مانەوەی ناو جەندەکایان نەمابوو، ناچار هەڵوەدا ئەبوون و ڕایان ئەکرد بە ئاسمانا.

هەباسی وەرزێڕ پێش گیان لێتۆران چشی لە خاو و خێزان و سەرێخوی هەڵگرت و ڕۆیشت. بەدارەدارە و لارەلارەوە ڕێگای گرتەبەر، بەڵکو لە جیگایەک چارەسەری خوی بکا. بە چنگەکڕکە و پەلەکوتە و ڵنگەلەرزە بە چەند کەژ و کێو و چیا و هەوراز هەڵگەڕا و لەچەند شیو و دۆڵ و نشێوەوە داگەڕا و، لە چەند چەم و ڕووبار پەڕییەوە تا ئاخری بەهەر مەینەتێک بوو خۆی گەیاندە شارێک لە شارە نزیکەکانی گەرمێن.

کە لە شار نزیک بۆوە شنەی هیوایەک دای لە دڵی زاماری. بە خەیاڵی خۆی لای وابوو ئیتر ئاودانییە و جێگای ئینسانەتی و پیاوەتی و شارستانییەتە. زگی تێر و لەشی تیمار ئەکات و کە تۆزێ و بووژایەوە دەس و ئەداتە و کاروبارێک، خۆشی و ئەژیێنێ و، پارەش بۆ خاوخێزانی ئەنێرێ و لە چنگ برسییاتەتی و مردن دەریان ئەهێنێ. جا بە شێنەیی ئەوانیش دێنێ وڵێی دائەنیشێ. هەریەک خەریکی ئیشو کارێک ئەبن و لەشارستانی پڕ خێر و بێر و لە وڵاتی تێر و تەسەلدا ئاسوودە و دڵنیا ئەحەسێنەوە و جارێکی تر بە بیریش ناگەرێتەوە.

وەرزێڕی ساویلکە و دڵپاک هەروا ژینی خۆی و خێزانی لەو شارەدا سووک و ئاسان بە خەیاڵ پێکهێنا و بزەی هومێد و هیوا ئەیگرت و لەبەر خۆیەوە ئەیگوت: نەم ئەزانی کوڕدستان ئاوایە، جێگای بەپیت و بەرەکەتی وەک ئێرەی تێدایە. نامەخوا ئەم خەڵک و مەردمە چەن تێر و پڕن، چەن پۆشتە و پەرداخ و بەهێز و گۆڕن. چەن کۆک و بۆشناختن؛ چەن ڕەنگ و ڕوو سوور و خەریک و دەسبەکارن. ئەگەر کوردستان وا ئاوەدانە. ئەی بۆ لای ئێمە ئەوەندە کوڕ و کڕێن و خاپوور و وێرانە؟

ئەبوو کە قات و قڕی و نەهاتی ڕوویکردە لایەکی تر درێغیی لێ نەکات و یارمەتی بدات!

دیسان هەر باشە دێین لێرە ئەبین تا لە سیایاڵ و نەهاتی ڕزگار ئەبین. ئەخوا دەرویەکی باشی لێ کردمەوە. بە هۆی مەینەت و دەردەوە گەیاندمیە ئێرە. پیرۆ و پێشینیان گووتوویانە: خوا کە بە ڵێزانی دەرگایەک داخات، بە میهرەبانی کەڵێنێکی تر ئەکاتەوە. ئیتر شان و قۆڵم لە بێگار ئاسوودە ئەبێت و، مردووی گۆڕ و گۆڕستانیشم لە خوسەند و جمێن و جنێو ئەحەسێتنەوە.

وەرزێڕ گەشایەوە و زۆری پێ خۆش بوو کە ڕزگاری بووە و، جەندەرمە و خان و بەگ و بێگاری لە کۆڵ کەوتووە. بە دڵێکی پڕ لە ئاوات و هیواوە ڕوویکردە ناو شار و هێندێ گەڕا بە جادە و بازاڕا.

شەرمی کرد داوای هیچ لە هیچ کەس بکات و لە ڕووی نەهات لە کووچە و کۆڵانان هەوڵی دوو سێ نان بدات.

بە زگی برسی لەشی ماندوو و شەکەتەوە ڕۆیشت و ڕوویکردە مزگەوت، بەڵکو لەوێ دڵ نەرمێ، دیندارێ، خاوەن ئیمانێ، بە چەن فلسێ یا بە یەک دوو نانێ دەسگرۆیی بکات، تا شەو بحەسێتەوە و بەیانی خۆی گورج کا بۆ ئیشوکارێک. تەنیا ڕۆژێکی دژوارە، کە یەک دوو ژەم تێر بوو ئیتر وردە وردە ئیش ئەکات و پارەی دەس ئەکەوێت و ئەبووژێتەوە و دێتەوە دۆخی جاران «چ بکا؟ بڵێ؟ کار بۆ ڕەنجبەران حەسانەوەیە. پیشەی کرێکار ڕەنج و چەوسانەوەیە. کار کاڵایەکە بە بەژن و باڵای کرێکار و وەرزێڕان بڕاوە. ئەو ڕۆژەی بێکار نەبن خۆشی و جەژنیانە».

چوو لە هەیوانی مزگەوت دانیشت و بە چاوەنواڕیی ڕێکەوت کزکەی کرد. زۆری نەخایاند کابرایەکی چڵکنەی چاو مژمۆر لە دەرگای مزگەوتەکە هاتە دەرەوە، لەم نەگبەت و چارەڕەشە هاتە بەرەوە. چڵکن بە تێخوڕینەوە گوتی: کابرا خەڵکی کوێی؟

وەرزێڕ بە خاو و خلیچەک و بێهێزییەوە وەڵامی دایەوە: ژا.. وە.. رۆ

چڵکن گوتی: خێراکە هەسە بڕۆ.

وەرزێڕ گوتی: هیچ ئەرکێکم لەسەر، بۆچی دەرم ئەکەی؟ ئێرە مزگەوتە، خانەی خوایە، جێگەی ئاوارە و هەژار و داماوانە. لە خوا ناترسی وا تێم ئەخوڕی و ئەگوڕێنی بەسەرما و لەم خانەی خوایە وا بە سووکییەوە دەرم ئەنێی؟ تۆش هەر وەکوو من مافت پێوەیەتی، ئێتر بۆچی وازم لێ نایەنی تۆزێ بحەسێمەوە؟ چڵکن گوتی: با مجێوریش بم، پێم ناخۆش نییە و لێم لە چاو نایە کابرایەکی چارەڕەشی وەکو تۆ لێرە بێت. بەڵام لەبەر خوا ئەمەت پئ ئەڵێم، کەچی دیارە ناشارەزای و نازانی. قوڕبەسەر، بتبینن ئەڵێن بێگانەی و ئەتگرن. جا ئێتر ئارەزووی خۆتە.

وەرزێڕ گوتی: بۆچی من و تۆ هەردووکمان کورد نین؟ هەردووکمان وەک یەک هاوڕەگەز و خوێن نین؟ ئێرەش هەر کوردستان نییە؟ من و ئەم خەڵکەی لەم شارەدان گشتمان کورد نین و لە کوردستان نین؟ ئیتر بۆچی ئەمگرن؟ ئەم من و تۆیی و دووبەرەکییە چییە و، ئەم جیاوازی و قینەبەرییە شوورەیی نییە؟ خۆ من نەهاتووم بەشی کەس بخۆم و ببمە بار بەسەر کەسەوە. ئەمەوێ لێرە بحاوێمەوە و بە ڕەنجی شان و کرێی دەستی خۆم بژیم ئیتر سووچ و تاوانم چییە، لەسەر چی ئەمگرن؟

چڵکن گوتی: تێ ئەگەم و ئەمانەم وەک ڕۆژ بەلاوە ڕۆشن و ڕوونە. بەڵام کێ ئەم چەند و چوونەت لێ ئەبیستێ؟ بێسوودە ڕاکەن، ئەتگرن و ماوەیەک ئەتخەنەزیندان و لە پاشان بەڕێت ئەکەونەوە بۆ وڵاتی خۆتان. وەزێڕ کە ئەمەی بست جەرگ و هەناوی داکەوت و حەوش و حەساوی مزگەوتی لێ بوو بە کونە مشک. جنێو و ڵێدان و برسییەتی و بێگاری بیرکەوتەوە و زامی جێگە کۆڵ و داری زۆرداری کولایەوە. ئاخێکی هەڵکێشا و چاوێکی بە ئاسماندا خشاند، چ ڕوانین و چاوپیاخشاندنێک! بە قەدرایی سەد کتێب پڕ بوو لە گلەیی و بناشت. بە دوو سێ تەکان هەستاو لەشی لە قاچی بارکرد. لاقی لەرزی و ئەتگوت ئەڵێ: ئیتر بەسە، هێزم تێدا نەماوە، سواوم، داروبەرد ئاسن و پۆڵانیم، گۆشت و ئێسقانم، پەکم کەوتووە؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە ئیتر بە من دەرناچێ!

وەرزێڕ گوێی نەدایە، بە کۆمەگی گاڵۆکەکەی وەک پەت کێشی کرد و بە دارە دارە خوی پێ گەیاندە قەراخ شار. ئیتر لەوێ مەینەت کوتایی هات. لاق لەرزی. لەش کەوتە زەوی. گیانی شەکەت و وەڕزیش بۆ ئاسمان ڕێ.

مجێور کە قسەی پتەو و بیچمی مەینەتباری کابرای وەرزێڕی کاریان کردبووە دڵی و ئازاریان ئەدا، هەستی هاومەینەتیی بێداربوو و گوتی: ئێمەی هەژار بەزەییمان بە یەکترا نەیەتەوە، کێ بەزەیی پێماندا دێتەوە؟ هەستا دوای کەوت کە بیهێنێتەوە

بەڵکو خێرۆمەندان لە مزگەوت خێری پێ بکەن تا تۆزێ ئەبووژێتەوە، جا ئەوسا ملی کارێ بگرێ یان بڕواتەوە. بازاڕ و جادە و کۆڵانی بەدوادا گەڕا و کەلێن و قوژبنی شاری پشکنی. تووشی نەهات. تا ئاخری لە قەراخ شار دۆزییەوە، بەڵام چی؟

لاشەیەکی بێگیان و زامار! زانیی تاوانێکی گەورەی کردووە و سووچی ئەوە ئەم چارەڕەشە مردووە.

تەریق بووەوە و پاڕایەوە لە تەرمی زامار و، دوعا و فاتیحای خوێند بۆ گیانی پەڕەوازی هەژار، بەڵکو لێی ببورێ و لەوتاوانەی کردوویەتی بیبەخشێ. لەبەر خۆیەوە ئەیگوت: من بە گیانی ناخێرم دڵسۆزیم کرد، بەو قسانەویستم خێرخوایی بکەم، خۆ بۆیەکم نەبوو بەم ڕۆژە بگات.

بە شەرمەزاری دای بە کۆڵی خۆیدا و پەیتا پەیتا لەژێر لچەوە ئەیگوت: بریا سەد بریا من بوومایە لە جیاتی تۆ! هەڵیگرت و هێنای لە حەوزی مزگەوت ڕاکێشا و بۆ کفن کەوتە ناو بازار. ڕۆیشت تا گەیشتە دووکانی مام حاجی بازرگان و گوتی: کابرایەکی هەژار و ئاوارە و بێکەس و کار لە برسا مردووە هاتووم بۆ کفن. تۆ کفنی بۆ بکە و شۆردن و گۆڕیشی لەسەرمن. حاجی پیشی خواردەوە و مژێکی لە جگەرەکەی دا. وەک مار پێوەی دا، پڕ بە پێست ئاوسا. لە پاشان کۆیەیەکی کرد و هاتە قسە و گوتی: بەم بێبازاڕییە و گوتی: باشە، پەلە مەکە، با بازاڕمان ببێ ئەوسا وەرەوە کفنی بۆ ئەکەم. مجێور بە تووڕەیی و بەسەر ڕاوەشاندن گەڕایەوە، لەژێر لێوەوە، بە دەم ڕێگەوە بە جنێوەوە ئەیگوت بەڵێ، مام حاجی! تەرمەکە خوێ بکەم بۆ گەن نەکات تا بازاڕت ئەبێت، ئەوسا بێمەوە خزمەتت! تف لە خۆت و پارەشت. بۆچی مردووش کاڵا و کووتاڵە و پەسا و ئیحتیکار بکرێ! بردی بە جل و بە گەرکەی بەریەوە ناشتی و گوتی: شەهیدی زۆڵمە، کفن و شۆردنی ناوێ.