لە مەیدانی بەهارا شارەکەی کۆ

از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
 3 دقیقه  2065 مشاهده
لە مەیدانی بەهارا شارەکەی کۆ
قوبەی کیشمیری دا بەر شەق وەکوو گۆ
لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان
نسێی ئێوارە و سایەی سبەینان
لەلام زیللی هومایە چەتری سەنبەر
چ جایێ سێبەری سەر و سنەوبەر
بەهاری بۆ گوڵ و بۆ میوە پاییز
نەزیری گەر بڵێم نابێ بە جاییز
بە ڕەنگی ئاسمان تامی نەباتە
بە سافی کەوسەر و ئاوی حەیاتە
نموونەی جەننەتە شیوی ڕەزانی
بەهاری شامە ئەییامی خەزانی
گوڵی حاجیلەکانی دەشت و هاموون
نەکەی بیدەی بە نەرگسجاڕی گەردوون
لەسەر کێوان گوڵووک و لالەیی سوور
یەدی بەیزایی مووسایە لەسەر توور
لە خونچەی نەو دەمیدەی باغ و ڕاغی
دەڵێی گەردوونە هەڵگیرسا چراغی
دەماوەندیش بە نیسبەت شاخی ئێمە
بەهاری چەشمەساری وشکەدێمە
لە ڕێگای ئەورووپایی گەرچی وەستان
لە تەسویری وەکوو کەر پاکی وەستان
لە کن بیتوێنی ئێمە دەشتی لاجان
وەکوو ڕێی بانەیە، هەورازی بێجان
ئەهالی ڕۆستەمن وەقتی شەجاعەت
لە حاتەم زێترن وەقتی سەخاوەت
کوڕی غیلمانە، کچیان عەینی حووری
نەزەربازن وەلاکین دوور بە دووری
بە نیسبەت عیسمەتی مێردی لەگەڵ ژن
ئەقالیمی ترن سەرسۆری بێ بن
موسافیرپەروەر و یاری غەریبن
ئەوانن وا لە هەر عەیبێ بەری بن
لە دینداری فەقێیان وەک چیایە
مەلای بۆ گەنجی دین حاجی قەڵایە
مەکەن مەنعم هەمووی ڕاستە مەقالەم
بە بورهان و حەدیسی فەخری عالەم
وەتەن مەحبووبەیێکە حوجرەئارای
نیشانەی دین و ئیمانە تەمەننای
لە ئادەم بگرە تا دەورانی ئێستا
یەکێکە حاجیتخلص لەو خاکە هەڵستا
کە خەمخواری بکا بۆ میللەتی خۆی
لە بەینی گەورەکان و شێخی بێپۆی
زەمانە تووشی دەرد و غوربەتی کرد
غەمی کۆیێ پەرێشانی هەمووی کرد
بە قەددی ئاوەگردە دەردی دووری
نەزیری ئێچقەڵایە بێ حوزووری
دوو ئاغای ماوە وەک بیستوومە ئەخبار
ئەمین ئاغا و هەم ئاغەی ساحیبی کار
ئەمین و پشتیوانی قەسری میللەت
نیگەهبانی خەزێنەی دین و دەوڵەت
لە دنیادا ئیلاهی هەر بمێنن
بنەی بێ ئیتتیفاقی هەڵقەنێنن
لە قۆچ پاشاوە تا ئێستا ئەمیرێک
لە کۆی پەیدا نەبوو یاخود وەزیرێک
لەبەر بێ ئیتتیحادی بوونە مسکێن
لە ئاخیردا وەکوو زانیومە هەڵدێن
لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش
پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش
لەبەر ئەم ناتەبایی و کینەجۆیی
لەلای ڕۆمی زەلیلن مەردی کۆیی
وەکوو بیستوومە ئەی یاری نکووپەی
لە تەئریخی جەم و ئەسکەندەر و کەی
بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە
نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و کووسی
ئەمەندەی پێ کرا بێ چارەنووسی
وەزیفەی خۆم بە جێ هێنا تەمامی
بە شیر و دەوڵەتە میللەت نیزامی
ئەوا خۆی کردە مەهدی حاجی قادرتخلص
نە نادر شای هەیە و نە شاهی نادر