ئەی سولەیمانی زەمان و شەیخولئیسلامی ئەنام
از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
1 دقیقه
907 مشاهده
ئەی سولەیمانی زەمان و شەیخولئیسلامی ئەنام
قاسیدی ڕێگەی هیدایەت هودهودی دانا دەبێ
من هومام و قوللەیی قافی قەناعەت جێگەمە
لایقی پەیغامی ئەو پەرویزەیە عەنقا دەبێ
بۆ حوزووری قادری بۆ چی دەنێری ماکیان
ماکیان ئەمری لە سەر شاهین لە کوێ ئیجرا دەبێ
وەختی پەیغامت خورووسێکی هەزار پۆپەم هەبوو
دایە بەر شەق، قاسیدێ وا بێ جەوابی وا دەبێ
تا هەڵێنێ زاغی شەب تاووسی هێلکەی سوبحدەم
مەزرەعەی چەرخیش لە توخمی نەجمی تا ئاوا دەبێ
دانەیی خەرمانی عومری تۆ لە مینقاری ئەجەل
دوورە، سەرسەوز و موتەڕڕا بێ هەتا دونیا دەبێ