شەهیدی خەنجەرت ئەو ڕۆژە عومری جاویدانی بوو
از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
1 دقیقه
769 مشاهده
شەهیدی خەنجەرت ئەو ڕۆژە عومری جاویدانی بوو
مەڵێ پەروانە خۆ سووتاوە، مەرگی زیندەگانی بوو
بە تیرێ خۆ لە عالەم بۆوە چاوت، ئەی شەهیدی بم
لە کن خۆ ئەو فەڕەنگی زادە عەینی ناتەوانی بوو؟!
سەر و ماڵی بە بێدادی حەبەش پاماڵە، ئەی سەد حەیف!
شەهی حوسنت کە دایم چەتری سونبول سایەبانی بوو
لەبەر تەئسیری خەندەت من کە سووتام ئەودەمە زانیم
بەڵایی خەرمەنی من هەرچی بوو بەرقی نیهانی بوو
بەخۆڕایی وەکوو پەروانە من سووتام و نەمزانی
ئەوەی ئێمەی لە داو خست، ئیلتیفاتی سەر زمانی بوو
بە بەدمەستی دەترسێم بێتە دیوانی خودا فەریاد!
کەسێ وەک من شەهیدی چاوەکانی نیکتەزانی بوو
ئەمن ئەو ڕۆژە لێم مەعلووم بوو کەعبەی دین و دڵ گیرا
کە وەک تابووری هیندوو لەشکری ئەگریجە، سانی بوو
لەبی گوڵ، زاری گوڵ، ئەندامی گوڵ، ڕوخساری گوڵ، بەر گوڵ
هەتا کەی من بڵێم سەربەستە جەللادم فڵانی بوو؟
بە هەر سیحرێکی بوو هەر وەک وەفاییتخلص کوشتمت، ئاخر
ئەگەر ئەندازەیی نازت، ئەگەر نامیهرەبانی بوو