ژوان

لە میهرەجانی مەولەوی کورد لە سەقز پێشکەش کرا
از کتاب:
گەشەی ئەوین
اثر:
ژیلا حسینی (1964-1996)
 4 دقیقه  1287 مشاهده
دەمەو بەیان
کاتێ هەتاو، دەستی گەرمی خستە سەرشانی شاخەکان
کاتێ گوڵاڵە پێکەنی
کانی بە ناز لە خەو هەستا
دارەکان بسکیان داهێنا
کچێکی جوان
گۆزەی سووری تاسەکانی، بەرەو کانیی خۆشەویستی
خستە سەرشان
***
ئەگریجەی خاو، قەف قەف لەسەر گۆنا وەستاو
بۆنی سمڵ و مێخەک بڵاو
شەدە و گێلگێلە هەڵپێچراو...
بە لەنجە و لار، ئێجگار نازدار.
ڕێگای کانی تریفە چن
کچەکەمان غەرقی خولیایەکی بێبن
ڕێگای تاسە و ئەوین ئەبڕێ، هێدی... هێمن
لەبەر خۆیەوە نەرم نەرم
بە دەنگێکی ناسک و گەرم هەڵیدایە:
«هاوارێکی پڕ لە تاسەم
لە کاروانی خۆشەویستی بە جێ ماوم
پڕ بە ناخم بۆنی سێسنەی ئەوینێکی خاوێن ئەکەم
ئەمە چەند ڕۆژە یارم لێ دوورە
دەشت و کێوانیش نامگرنە خۆیان
گوێم بۆ زرینگەی کاروانی دوورۆ کەوتوو ڕاگرتووە
هەر ئەڕوات و من بە شوێنیا هاوار ئەکەم...
دڵدارەکەم...
دڵدارەکەم خەڵکی وڵاتی ڕەشەبا، هەورەتریشقە و بارانە
دڵدارەکەم سەرعێلی خێڵی گریانە
دڵدارەکەم شنەی بایە، دەنگی شەپۆلی زەریایە
خۆری گەشی بەهارێکە هەزار چرۆی لە دڵدایە
دڵدارەکەم...
گوڵە، باخە، دارە، هەردە
دڵدارەکەم، وەکوو شادی بێوەفایە... بێوەفایە
***
کۆتر فڕی... کانی گریا... گوڵ کراسی تاسەی دڕیا
سروە هەستا و ئەم هاوارەی
وەکوو چرپەیەکی شیرین
وەکوو چەپکە بۆنێکی خۆش
وەک وەنەوشە
گەیاندە لای شاعیرێکی سەودا سەری، شەو نەخەوتووی
دڵ بەتاسە
بوو بە هەوێنی شیعرێکی پڕ هەناسە
«سوبحەن بۆی گوڵان میاونۆم نەسیم
وێنەی وای ڕەحمەت خەزانەی کەریم
سەحرا و دەشت و دەر بەهەشت منمانۆ
مۆرەی هەوای وەش وە شەش دەر شانۆ
جە هەر تەرەفدا موینوون گوڵزار
ڕەنگ ڕەنگ مەدرەوشۆ بە وێنەی دڵدار
لالە گەردەن کەچ تۆی دیدە ڕەشتەن
گۆیا عەکس یار وە ڕووشدا وەشتەن
چەمەن هام، لیباس سەوز ڕەنگ پۆشان
وەفراو چون ئەسرین دیدەی من جۆشان
جەماد و نەبات گرد شادیشانەن
جەماڵ ڕۆژ عەید ئازادیشانەن
تەمام ڕووی دنیا جە شادی کەیلەن
دڵ نەبۆ پەشێو فیراق لەیلەن
سەهلەن بەهارم دۆزەخ ئاسا بۆ
بەهەشتم بێ دۆس، دۆزەخ نما بۆ
وەر نە دۆزەخدا، یارم دڵبەر بۆ
پەی من ئار نە تۆی گوڵشەن وەشتەر بۆ
دڵ دوو زنجیرەی زوڵف نیگارەن
وە سەیر سەوزە و سەحراش چکارەن»
***
لەم مووسیقا دڵی کانی و گوڵ داخورپا
کچەکەمان دڵ پڕ وەستا
کە سەیری کرد،
وا دڵدارە، سەودا سەرە و لێو بە بارە.
ڕێگا ئەبڕێ و ئەچریکێنێ
هاواری کرد:
ئەی ئەو کەسەی لەناو دڵما نیشتەجێیت و
بە پاناییی دەشتی تاسە لە من دووری
دووری لە تۆ
ئائەم کراسە پڕچینەی ڕەنگی خەمی بۆ من دووری
سنگی ڕەشی تاسە و دووری بە کێردی گریان شەق ئەکەم
لەناو لەپی دەستی هەستا
ئەستێرەکان ئەسەنگێنم
کامیان لە کامیان گەشتر بێ بۆت ئەسێنم
چاوەکانم کانگای خەم و تاسە و دووری
پڕ لە هاواری ئەوینە
دڵی تەنگم تەنیا دیاری و تۆیشووی ڕێمە بۆت ئەهێنم
ئەوە گیانم
نێونیشانی عەشقەکەتی تیا ببینە
کوندەبەبووی شوومی دووری، هێلانەیان تیا کردووە
چۆلەکەی هەزار پرسیاریش بەسەر لێومەوە یەخسیرە
جانتای خەفەت بە دەستمەوە سەفەر ئەکەم
بەرەو وڵاتی خۆرەتاو، ئەوین، تاسە و پێکەنین
بەرەو تۆ دێم، ئەی خوێن شیرین
عاشقی شێت و ئاوارە
دڵی خۆزگەی پڕ پەژارە
لای کردەوە لەم هاوارە
«ئازیز وەس بووزەم نە گێجاو خەم
وەس چون بینایی پەنهان بۆ نە چەم
وەختێ جە وەسڵیچ هەر دڵم ڕێش بۆ
مشیۆ وەسڵ و فەسڵ فەرقشان چێش بۆ»
«ئاخ پەی خەڵوەتێ بدیام وە بێ خەم
سیوای تۆ دیدەم کەس نەدیام وە چەم
دڵ پەی دیدەنت کام خەڵوەت سازۆ
تۆی دیدەیچم بی مەردم نمازۆ»