عاشقی پەروانە ئاسا سا لە کوێ هەوڵی سەرە
از کتاب:
هەوارگەی دڵان
اثر:
سید طاهر هاشمی (1915-1991)
2 دقیقه
943 مشاهده
عاشقی پەروانە ئاسا، سا لە کوێ هەوڵی سەرە
بەندی دەم شەم وەک کەمەندی گەردنی بای سەڕسەڕە
ڕوو لە چاوانی سەمەندەردێ بە تیشکی شۆڵە کەی
وەرە سەیر پەروانەکەی من، هەوڵی بۆ باڵ و پەڕە
ڕۆح کە لاشەی تێ شکابێ چی دەلەرزێ و دادەچێ
پستە چونکە دێتە دەر لەو پێستە جێگەی شەککەرە
هەر کەسێ وەک کاکڵەمێشان داوی قنیاتی نەتەند
بێ گومان وەک مێش لە حیرسا دایمەن دەست ئەو سەرە
بۆ تەمەع قەت ڕوومەتی وەک مانگی خۆی ناکا بە ساج
ئەو کەسەی وا ئەهلی عیلم و فەزڵ و بیر و باوەڕە
قەت مەڵێ گوڵزاری دنیا عەتری گیانەفزای هەیە
عەتری تێدایە بەڵام ئەنجامی هەر دەردیسەرە
گەر لە عیلما بەهرەمەندی خۆت ئەبێ بیبەیتە کار
نەیبەیە کار بێ گومان عیلمت درەختی بێ بەرە
ئەو درەختە یا خوا سەر سەوز و پاراو بێ کە وا
هەڵمەتێ بۆ ڕێبواری ماندوو خاوەن سێبەرە
چاک لە ژێر هەورا بەبێ پەردە، دەبینی ڕووی هەتاو
بێ نیقابی بۆ جەمینی وەک حیجابێکی ترە
هەر بزەی شادی لەسەر لێوی دەمێنێت و دەچێ
هەر کەسێ وەک سککە پشتی بێ نیازی ئەو زەڕە
گەرچی شیعرە جوانەکانی ئەو جیهانی کردووە پڕ
وەک بڵێی ئەم پارچەیەت تاهیرتخلص لە گشتیان چاترە