سێ کورسی

از کتاب:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  523 مشاهده
کورسیەکەی بەرگەڵو
کورسیەکەی ئەوروپا
کورسیەکەی پەرلەمان
لەسەر یەکەم سەرم بوو بوو
بە چەتری گوڵە کێویلە و
ژووری ژووانی باڵندە و
جۆلانەی خەونی سەردابان.
لەسەر دووەم سەرم بوو بوو
بە سەماگەی نیوەشەوی
لەش و لاری شیعری ڕووت و
ئەپارتمانی شووشەبەندی ڕەنگاوڕەنگ و
حەوزی مەلەی پەریستان و
قەوانی جاز.
لەسەر سێهەم سەرم بووە:
بە بازگەی گومرگی دزیی و
سایلۆی خاڵیی لە گەنم و
تەنەکەی نەوتی بەتاڵ و
تایەی قاچاغ!