تابلۆی نۆهەم

از کتاب:
کاوەی ئاسنگەر
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 21 دقیقه  1596 مشاهده
«جێگا کۆشکی ئەژدەهاکە و ژووری شاهانەی، کات دەمەو ئێوارە، ئەژدەهاک خۆی و لۆلۆ و خەزنەدار و هەموو دەست و پێوەندەکانی و پاسەوانەکانی کۆ بوونەتەوە، شڵەژاون و شپرزەن، دەنگ و هەرای خرۆشاو و ڕاپەڕیوی میللەت ئەبیسن، لەو پەنجەرەیەوە کە بەسەر ڕووکاری دەرەوەدا ئەڕوانێ، ئەژدەهاک تەماشا ئەکات و پشتی لە دانیشتووانە، وەزیر و دەست و پەیوەندیش لە شپرزەییدا هەر بە یەکا دێن.»
ئەژدەهاک:
«لە دوای وەرچەرخانەوە و ماوەیەک بە پەلە هاتوچۆکردن»
گاگەل برسین، گاگەل زۆرن
سەر بە قۆچی تووڕە و مۆرن
گاگەل مل لە چەقۆ ئەسوون!
ئاگری ئەجەل هەڵیگرتوون:
وا بەرەو کۆشکی من هاتوون
- پشوویەک -
دەنگی سەگەل، بەزم و ڕەزمی
ئاهەنگی ئەمشەوی کۆشکی
لێ شێواندم!
تا خەیاڵی مەست بوونیشی
لێ تەراندم!
«پاسەوانێک دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
پاسەوان:
گەورەم مژدە!
ئەوا لاکی دەیان ڕووتە
لە ناو چەقی ڕێدا کەوتوون
خڵتانی خوێنی خۆیان بوون
ئەژدەهاک:
«بە تووڕەیییەوە»
دەیان، دەیان، بڵێ سەدان
یان هەزاران
سەگ ڕاناگرم بۆ قورووسکان!
«پاسەوانەکە ئەچێتە دەرەوە»
«پاش تۆزێ بیرکردنەوە»
- پشوویەک -
بەڵام هەزاریش بەڵایە
هەندێ ناخۆشی لە دوایە
«ڕوو ئەکاتە هەموویان»
ئەزانن بۆ؟!
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ»
تۆ پێم بڵێ، تۆ ... تۆ … لۆلۆ!
لۆلۆ:
«بە شڵەژاوییەوە»
گەورەم چونکە، چونکە «ئۆتۆ»
ئەیانبەخشێ بە تەختی تۆ!
ئەژدەهاک:
«بە گاڵتە پێ کردنەوە»
بە عەقڵی تۆ!
«پشوویەک لە سەر قسەکردن ئەڕوات»
ئەی تۆ چی ئەڵێیت خەزنەدار
بۆچی بە بەڵای بزانم لاکی هەزار؟!
خەزنەدار:
«بە شڵەژاوییەوە»
چونکە، چونکە بەزەییی شا
ئەجووڵێ بۆ دەرد و سزا!
ئەژدەهاک:
نە و، نە و، هەموو ئەبزڕکێنن
هەموو قسە ئەدۆڕێنن!
«پشوویەک و دوای قەیرێ هاتوچۆکردن ڕوو ئەکاتە هەموویان»
ئەزانن بۆ؟
لاکی هەزارانم ناوێ!
چونکە سبەی کە ڕۆژ هەڵهات
دنیا تۆزێ گەرم داهات
بۆگەن ئەکەن!
دەر و ناوی کۆشکی جوانم!
لەو بۆنە پیسە پڕ ئەکەن
- سەرداری کۆشک بێسەر ئەکەن -
- پشوویەک -
ئەزانن من چۆنم ئەوێ!
من وام ئەوێ:
کەم بکوژرێ
بەڵام پاشماوە دەستبەستە!
گشت بگیرێ
لەدواییدا کۆمەڵ، کۆمەڵ!
بۆ ناو دەریا فڕێیان دەن
بە خۆراکی ماسییان کەن!
من وام ئەوێ
لۆلۆ:
پاشای گەورە چ خواستی بێ
خوا و فریشتەش ئەوەی ئەوێ!!
خەزنەدار:
فەرمایشتە، قسەی بەجێ،
پیلانی ڕاست هەر وا ئەبێ؟
- پشوویەک -
ئەژدەهاک:
ئادەی ئێستا!
ئا بزانن گاگەل هێشتا!
قۆچ لێ ئەدەن!
یان ماندووبوون و برسێتیی
کۆڵی شکستی پێ داون!
«دوو پاسەوان بە پەلە ئەچنە دەرەوە بۆ تاقیبکردن»
«لە دوای پشوویەک، ئەژدەهاک لەسەر قسەکردن ئەڕوات»
کۆیلە، کۆیلە، کێ بیستوویەتی
کێ دیوێتی هەتا ئەمڕۆ!
زمانی قسەی بێتە گۆ!
کۆیلە، کۆیلە کێ بیستووێتی!:
سەربەست بڕوا
سەربەست بخوا
کۆیلە دیلە، کۆیلە بەندە
کۆیلە تاکوو مردن عەبدە!
«دوو پاسەوانەکە دێنە ژوورەوە و ئەنووشتێنەوە»
یەکەمیان:
گەورەم ڕەشوڕووتی، برسی
وەک گەڵای دار لێ کوژراون
بەڵام ئەوانەی کە ماون
بەسەر لاکا، لاکی یەکا
هەنگاو ئەنێن دێنە پێشێ!
دووەمیان:
گەورەم زۆرن، بێشومارن
وەک شێت هاری پەلامارن
سڵ ناکەنەوە لە مردن!
ئەژدەهاک:
«بە تووڕەیییەوە»
مادام وایە پێیان بڵێ
تا لافاوی خوێن هەڵئەسێ
هەتا بەکۆمەڵ غەرق ئەبن
با بکوژن، هەر بکوژن!
دەستنەپارێز، دەست هەڵنەگرن
وەک دروێنە، دروێنە کەن
داڵ برسێتی، چاوەڕوانی
لاکی کۆیلەی مردوو ئەکەن
«پاسەوانەکان ئەچنە دەرەوە»
- پشوویەک -
ئەژدەهاک ئەچێتەوە لای ئەو پەنجەرەیەی بەسەر ڕووکاری دەرەوەدا ئەڕوانێت پاش قەیرێ تەماشاکردن ئەڵێت:
ژیان پەند، پەند وەرئەگرم
پەند لە ڕۆژانی ڕابردوو
بڵێن چی کەم؟!
بۆ ئەم جارە بۆ داهاتوو
زمان هەمووی ئەسووتێنم
لاڵم ئەوێ!
ژیانیان ڕیشەکێش ئەکەم!
بڵێن: چی کەم؟
وەک وڵاخ ئەیانخەسێنم
پیاوم ناوێ!
دیلم ئەوێ
دیلم ئەوێ!
لۆلۆ:
گەورەم هەر تۆ دڵتەنگ مەبە
چیت بوێ ئێمە وا ئەکەین
بۆ ئەم جارە کەس دەرناکەین!
هەتا دوا یەک ڕسوا نەکەین
خەزنەدار:
هەر تەنیا شا دەربەست نەبێ
چۆن بڵێ ئێمە وا ئەکەین
- پشوویەک -
«لەپاش کەمێ هاتوچۆکردن بە تووڕەیییەوە ئەژدەهاک وەرئەگەڕێتەوە و ئەڵێت»:
ئەژدەهاک:
چیم بۆ ئەکەن، چیم پێ ئەڵێن
قسەی زلی ژووری گەرم
درۆی زەقی نەبووی بەڵێن
کۆشکم پیاوی وەک ئێوەی بوو،
بۆیە عەبد هاتنە سەرم!
- پشوویەک -
کە ئەمپرسی چۆنە هەواڵ؟
هەور بوایە، تۆفان بوایە
لە منتان ئەکرد بە ساماڵ!
دەستی «وایە»!
بە ڕۆژ هەفتە و مانگ و ساڵ
لە سەر سنگتان ڕاوەستا بوو
هەموو شتێ هەر تەواو بوو!
لۆلۆ:
گەورەم هەرچەند سەرزەنشتی
ئێوەی سەردار وەکوو بەرد بێ
لای من گوڵێکە تێمئەگری
بەرزیم زیاتر پێ ئەبەخشێ
خەزنەدار:
توانج و سەرزەنشتی شا
چاوی هۆشمان ئەکاتەوە!
ڕوومان زیاتر سپی ئەکا!
لۆلۆ:
پاشای پایەدار بزانێ
لە کۆمەڵی ڕەشوڕووتا
لەناو دنیای ڕووتوقووتا!
گەلێ ویژدانمان کڕیوە!
بە نهێنی زۆر پوازی
ناکۆکیمان داتاشیوە!
ئەژدەهاک:
باشە، ئەنجام؟
من ئەنجامم ئەوێ ئەنجام؟
لۆلۆ:
کرمی پواز، کە داری خوارد
لە ناوەوە پووتی ئەکا!
بە چاو ئەڵێی قەت ناکەوێ
کە خۆی نواند
بەڵام لەپڕ کاتێ بینیت
بەلادا هات!
خەزنەدار:
کاتێ بەلادا هات، ئەمرێ
ئیتر ئەنجامی سەرکەوتن!
داوێن لە تەختی شا ئەسوێ!
ئەژدەهاک:
«ئەچێتەوە لای پەنجەرەکە و گوێ هەڵئەخات و ئەگەڕێتەوە ئەڵێت:»
وشەی سەربەستیم دێتە گوێ
سەربەستی بۆ ژیانی کێ؟!
بۆ ئەوانەی خۆم کڕیومن؟
هەر بە دیلی بوون و دیومن؟
بۆ کۆیلە؟ یان بۆ سەپان؟
- پشوویەک -
«ئەو پاسەوانەی لەوەوبەر چووە دەرەوە، بە پەلە دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە و ئەڵێت»:
پاسەوان:
گەورەم وەکوو شەستەباران
تیر ئەبارێ بۆ سەر سەری
بۆ سەر دڵی گوناهکاران!
بەڵام گەورەم دەریای ئاگر
تا بێ شەپۆلی گەورەتر
ئەکا بە گژ کۆشکی بەرزا
لەم کاتەشا هەواڵێکیش
هات و بە سەر گلێنەی
چاوی هەموومانا چزا!
ئەژدەهاک:
ئەی چاو کوندەپەپوو، دیارە
ئەو هەواڵەی کە بە تۆ بێ
زریکەی ئێش و ئازارە
بەڵام بیڵێ!
پاسەوان:
بە زامەوە
زامی خوێنی لەبەر ئەڕوا
گۆتۆی سەرکردە هاتەوە
بەڵام هیوا
لە چاویا کوژاوەتەوە!
ئەژدەهاک:
چۆن ئەبێ چۆن؟ کوا لە کوێیە؟
ئەوەی هەمبێ هەر گۆتۆیە
هەر گۆتۆیە، هەر گۆتۆیە!
پاسەوان:
لەبەر دەستی حەکیمانا
لەبەینی مان و نەمانا
لاشەی خوێناوی کەوتووە!
لەش بێ جووڵە، چاو نووستووە!
ئەپاڕێینەوە لە «ئۆتۆ»
هەڵسێتەوە سەرپێ گۆتۆ
لۆلۆ:
هەواڵێکە، بۆکوڕووزی
جەرگی هەڵقرچاوی هانی
هەواڵێکە، گەڵاڕێزی
بەهاری تاساوی هانی
خەزنەدار:
هەواڵی، ژاکاوی هانی
تەمی بەری چاوی هانی
ئەپاڕێینەوە لە «ئۆتۆ»
لە «ئانانا»، «ئینکی»، «نامۆ»
هەڵسێتەوە، چاک بێتەوە
سەرکردەی پاڵەوان، گۆتۆ
ئەژدەهاک:
«بە تاسەیەکی بەکوڵ و پڕ لە ناسۆرەوە»
کاری پێچەوانەی ژیان
دەستووری ئاوەژووی دنیا!
وا ئەسووڕێ ژان لە دوای ژان
لە ناوەختا هەمووی یەکخا
ڕێکەوت، بەخت، چی پێ ئەڵێن،
ناو لێ ئەنێن!
کاتێ هاتن بۆ ناخۆشی،
یاخود خۆشی بەکۆمەڵ دێن!
لۆلۆ:
پاشای گەورە بە دوای ژانا
ژانی کڕێوەی زستانا!
گوڵی بەهار لە دایک ئەبێ
لە باخچەی کۆشکی شاهانا!
ئەژدەهاک:
«ڕوو ئەکاتە ئەو پاسەوانەی هەواڵی بریندارکردنی گۆتۆی هێناوە»
بڕۆ هەواڵم بۆ بێنە
سۆراخ زوو زوو بە ئەنجام دە!
تا بزانم گۆتۆ چۆنە؟
«خەریکە بڕواتە دەرەوە بانگی ئەکاتەوە»
ڕاسپێرە با لاسیراب
لە بەردەمما ئامادە بێ
هەر ئێستە بێ
دوا نەکەوێ
پاسەوان:
بەڵێ گەورەم هەر ئێستە دێ!
«ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەهاک:
«لە دوای ماوەیەک بێدەنگی و هاتوچۆکردن و بیرکردنەوە ئەڵێت»:
دەربەدەری، داڵدە نەبوون
زۆران لەگەڵ مەرگا ئەگرێ
کەواتە ئێستە فەرەیدوون
وەک سەگ بە کۆشکم ئەوەڕێ
سەرچۆپیکێشی ناو گاگەل!
ئەبێ ئەو بێ!
مەرگ هێنایەوە ئێرە!
با بەخێر بێ!
لۆلۆ:
گەورەم کێ ناڵێ ئا ئێستا
لە خوێنی خۆیدا ناگەوزێ
لە مەیدانی بەر کۆشکتا
خەزنەدار:
وەکوو چەقەڵی ترسنۆک
بۆ مریشکی ناو ئاوایی
چۆن بە دزە دێتە سەر چۆک
بە فێڵ فێرە!
وایش فەرەیدوون بە نهێنی
مەرگ هێنایەوە ئێرە
ئەژدەهاک:
ئەوا ڕۆژێک نە و هەفتەیەک
بە برسێتی وا مانەوە،
بەرگەیان گرت، ئەی دوای ئەوە؟
ئەبێ چی بکەن؟ بۆ کوێ ئەڕۆن؟
ئەبێ لاکی یەکتر بخۆن
ئەی دوای ئەوە؟ ئەبێ بمرن
یا ئەوەتا کۆیلە بن
وەکوو جاران هەتا مردن!
کڕنووش بردن!
««لاسیراب»ی جاڕچی کۆشک دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
لاسیراب:
پاشای گەورە ئەوا هاتووم
لەبەر تەختی بزورگتانا!
کڕنووش بردووم!
سەرم وا لە پێناوتانا!
ئەژدەهاک:
دەنگ زل، لاسیرابی جاڕچی
باش بوو هاتی
ئەزانی چی؟
لاسیراب:
فەرموو، قوربان هەرچی بڵێی
ژیانیشمی ئەخەمە ڕێی!
ئەژدەهاک:
ئا، کەواتە گوێم لێ بگرە
زۆر لە جاران وریاتر بە
خۆت ئەزانی هەندێ برسی
ئەمشەو تۆزێ دڵیان گرتووم
چاکتر وایە جاڕێ بدەی
کە قەیناکا لێیان بووردووم
تا بڵاوەیان پێ بکەی
خۆت ئەزانی
زەویی تێر بوو، خوێن ناچێژێ
پێیان بڵێ با لەمە زیاتر نەڕێژرێ!
لۆلۆ:
قسەی شای گەورە پەسەندە.
خەزنەدار:
گەوهەر و یاقووتی پەندە.
لاسیراب:
«بە ترسەوە»
بەڵام گەورەم پاشای مەزن
برسیی زۆرن!
یەک دوو هەزار زیاتر ئەبن
گوێم لێ ناگرن
با دەنگیشم گڕ و زل بێ
لە چاویاندا
وەکوو فوویەک وایە تەنیا
بیکەی بەناو ڕەشەبادا!
ئەژدەهاک:
«بە تووڕەیییەوە لە لاسیراب ئەچێتە پێشەوە»
وا دیارە بەر لەوەی بچیت
زۆر حەز ئەکەیت لێرە بمریت!
لاسیراب:
«بە ترسەوە»
بەڵێ گەورەم، ئەوا ئەڕۆم
پەشیمانم ئەوا ئەڕۆم
«بە شڵەژاویییەوە ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەهاک:
«دوای کەمێ هاتوچۆکردن»
هەر کاتێ تەوقی عەبد شکا
پێیان لە پێوەند ترازا
کەوتنە ئەوەی شیر هەڵکێشن
مانای وایە زەنگ لێ درا
زەنگێ پێم ئەڵێ: ئەژدەهاک
وریا بەرەوە، ڕاچڵەکە!
دەستی زەبروزەنگ شل مەکە!
هەناسەیەک لە دەست مەدە
تەخت و بەختت بپارێزە!
خوێن بڕێژە
ئەگینا ئەنجام ستەمە!
زۆر ستەمە، زۆر ستەمە!
لۆلۆ:
بەڵام گەورەم، قەڵات سەختە
کێ ئەتوانێ بگاتە ئەم
تاج و تەختە!؟
کێ ئەتوانێ دڕ بە شوورەی
کۆشکی بەرز و بەردین بدات؟
کێ ئەتوانێ؟ کێ شەڕ لەگەڵ
سێبەری خواکانا ئەکات؟
خەزنەدار:
هەتا ئەمڕۆ ژین وا ئەڵێ:
تاج نانەوێ، شا ناکەوێ
ئەژدەهاک:
ئەمە ڕاستە، ئەبێ وا بێ!
بەڵام هەر کاتێ دەستی دیل
گەیشتە ڕم، گەیشتە تیر
مانای وایە: زەنگ لێ درا
- پشوویەک -
«پاسەوانێک بە پەلە و شڵەژاو دێتە ژوورەوە»
گەورەم وا لافاوی هەستاو
لافاوی خەڵکی خرۆشاو!
شوورای یەکەمینی ڕادا!
لە جێی خۆی تلیسایەوە!
هەرچەند کرا
تەوژمی ڕق بەربەست نەکرا!
ئەژدەهاک:
«بە شپرزەیییەوە ڕوو ئەکاتە هەموویان»
من پێم وتن، زەنگ لێ درا
فریا کەون من پێم وتن
لۆلۆ:
«ڕوو ئەکاتە پاسەوانەکە»
ئێوە جێتان قەڵای سەختە
سەنگەری شەڕتان قایمە!
ئێوەی پڕچەک و تیر و پۆشتە
چۆن ئەبەزن؟ چۆن ئەهێڵن!
کۆیلە شوورەی بەرزی کۆشک!
داگیر کەن و بڕووخێنن.
خەزنەدار:
یان ئەوەتا ئێوەش لەگەڵ
کۆیلەدا دەست تێکەڵن
یان ئەوەتا ترسنۆکن
سەنگەریان بۆ بەجێ دێڵن!
ئەژدەهاک:
ئەبێ وا بێ، دەست تێکەڵن
ئەم قسەیە ئەسەلمێنم
لە ژێرەوە هەبێ و نەبێ
دەست تێکەڵن
ئەم قسەیە ئەسەلمێنم!
پاسەوان:
گەورەکانم، نمەکی شا
کوێرمان ئەکا، گۆجمان ئەکا!
گەر بێت و پشتی لێ هەڵکەین
لەگەڵ عەبدا دەست تێکەڵ کەین
بەڵام، بەڵام گەورەکانم
شتێک هەیە دەستی بەستووین
چاوی گرتووین
ئێمە جێمان قەڵایەکە
سەخت و کونبڕ
ئێمە…
ئەژدەهاک:
«قسەکانی پێ ئەبڕێت»
ئەی چۆن ئیتر
تۆ پێم ئەڵێی بەربەست ناکرێ!
ئەی چۆن ئیتر؟!
پاسەوان:
گەورەکانم، شتێک هەیە
تێینەگەشتووم، ناوی چییە؟
جادووی گیانی نەهێنییە؟
یاخود چاوی تەلیسماویی
فریشتەکانی ئاسمانە!
یان هێزی دەستی خواکانە
لەناو دەروونی ئەوانا!
دێت و ئەچێ
تینی ئاگریان ئەداتێ
هێزی بڕوایان ئەداتێ
ترسی مردنیان دەرئەکا!
شەڕیان لەگەڵدا پێ ئەکا!
گەورەکانم، شتێک هەیە
لە چاویانا تیشک ئەهاوێ!
لە گیانیانا گڕێک هەیە
ئەستێرەی پڕیشک ئەهاوێ!
گەورەکانم: ئەو پڕیشکە
گڕ و تیشکە!
لە چاوی ئێمەدا نییە
لە گیانی ئێمەدا نییە.
ئەژدەهاک:
ئەم قسانە بۆ من مەکە
ئەمە ڕێی خۆ تەفرەدانە
قسەی پیاوی ترسنۆکە!
«لەپاش ماوەیەک هاتوچۆکردن و بیرکردنەوە ڕوویان تێ ئەکا»
بیهێننە بەرچاوی خۆتان:
ماوەیەک بێ دوورودرێژ
شێر برسی بێ
پلێ گۆشت چییە نەیدیبێ!
چاوی سووری لە تاوانا
دەرپەڕیو بێ، ئارام نەگرێ
قەپاڵ لە شیشی ئاسنی
قەفەز بگرێ
بیهێننە بەر چاوی خۆتان
لەو شێرانە بەربنە ناو
کۆمەڵی ڕووتەی خرۆشاو
ئەبێ چی بکەن؟
ئەبێ لاشە چۆن ئەنجن کەن!؟
چۆن بیپچڕن، چۆنی ورد کەن؟
بیهێننە بەر چاوی خۆتان!
لۆلۆ:
دیمەنێکە موچوڕکەی ترس
دێنێ بە سەرتاپای لەشا
دیمەنێکە لە خەویشا
مایەی زەننەقچوونی عەبدە!
پاشای گەورەم
ئەم بیرە، بیرێکی وردە
هەلی چاکە، داوا ئەکەم
شێری برسی، ئێستا بەردە!
خەزنەدار:
هەر شێری برسی ئەزانێ
چۆن کۆیلە و عەبد بخوا!
هەر شاڵاوی ئەو ئەتوانێ
دڕ بە دوژمنانی کۆشک بدا!
هەلی چاکە، با خوانی وا
پێشکەشی شێری برسی بێ
با تێر بخوا!
ئەژدەهاک:
«ڕوو ئەکاتە پاسەوانەکە»
کەواتە تۆ بڕۆ ئێستا
چاوەڕوان بە تا «لاسیراب»
جاڕ بۆ تەمێی دوایی ئەدا
ئەگەر هات و، لە دوای ئەوەش
ئەو قسانە دادی نەدا!
ئەوسا ئیتر ڕامەوەستە
بیکەنەوە دەرگای ئاسن!
با شێری برسیی دەرپەڕن!
شاڵاو بەرن لەش ئەنجن کەن
ئێسک و پرووسک تێک بشکێنن
دوایی بەم ژاوەیە بێنن!
پاسەوان:
بەڵێ گەورەم فەرماییشتتان
لەسەر سەرمان!
«ئەڕواتە دەرەوە»
ئەژدەهاک:
«دوای هاتوچۆکردن و بیرکردنەوە ڕوو ئەکاتە لۆلۆ و خەزنەدار»
زەردەواڵە کە ورووژان
بە دەست یەک یەک چزوو ناکرێن
بۆت ناگیرێن
بەڵام کە شا پڵیتەی سووتان
خرایە ناو کونی شاریان
ئیتر تەواو دائەمرکێن!
- پشوویەک -
جووتیار، ئاسنگەر، ئاشەوان
زمانیان گرت، بوون بە ئینسان!
لە من هەستان؟!
«ئەو پاسەوانەی لەوەوبەر هەواڵی بریندار بوونی گۆتۆی هێنا بوو دێتە ژوورەوە، بە شپرزەیییەوە ئەڵێت»:
پاسەوان:
گەورەم، پاشا، کۆستی ناوەخت
کۆستی جگەربڕمان وا کەوت!
زام خوێنی نەگیرسایەوە
دوا تروسکەی چاوی گۆتۆ
بەتەواوی کوژایەوە!
«دوای قەیرێ ڕاوەستان ئەنووشتێتەوە و ئەچێتە دەرێ»
ئەژدەهاک:
«لەدوای حەپەسان، بە نائومێدییەوە ئەڵێت»
گۆتۆم! گۆتۆی سەرکردەم مرد؟!
پارێزەری تاجەکەم مرد؟
گۆتۆم، گۆتۆم، گۆتۆم چۆن مرد؟
لۆلۆ:
کۆستێکە زل، ڕۆژێکە شووم
هەواڵێکە گڕەی دۆزەخ
ئەدا لە ڕووم
ئەنجامێکە کە دەسەڵات
ناتوانێ قسەی تیا بکات!
خەزنەدار:
بۆ ئەم هەواڵی ناسۆرە
وەکوو گڕی دارستانێ
چۆن بسووتێ
خەمی گیانم ئا بەو جۆرە
کڵپە ئەکا وا ئەسووتێ!
ئەژدەهاک:
هەتاکوو گۆتۆ زیندوو بوو
مردن لە کۆشکی من دوور بوو
بەڵام ئێستا کە گۆتۆم مرد!
تارماییی ترس پەیدا بوو
ڕووی شاراوەی ئاشکرا بوو
هەست بە بوونی دەنگ و ڕەنگی
جووڵە و بزووتنەوەی ئەکەم
- پشوویەک -
بەڵام بواری ترس نادەم
بێتە پێشێ، من ئەبێ دەست
دەستی تێ سرەواندن پێش خەم!
لۆلۆ:
ئەژدەهاکی گەورە ئەبێ
بەسەر مردنا سەرکەوێ!
خەزنەدار:
ژین هەتا ئێستا وا ئەڵێ
شا ناکەوێ، تاج ناکەوێ!
ئەژدەهاک:
«لەدوای ئەوەی دەنگی نەڕەی شێری برسیی بەڕەڵا بوو بە ئاشکرا ئەبیسێت:»
ئادەی، ئادەی، با شاڵاوی
چنگی ڕقتان پڕ ئازار بێ
ئادەی، ئادەی، با خوێناوی
کۆیلەکان بە ڕووبار بێ
ئادەی، ئادەی، با کەڵبەتان
کەڵبەی لە ئەڵماس تیژترتان!
کەڵبەی ناو دەمی برسیتان
ئێسک و پرووسک وەک خۆڵ ورد کا!
ئادەی، ئادەی، با کەڵبەتان
وەک کینەی ئەژدەهاک وا بێ
ئادەی، ئادەی، ئادەی، ئادەی!
- پشوویەک -
لۆلۆ:
گەورەم هەرچەند ئەمشەو ئازار
بوو بە گرێی دڵی هەزار
بەڵام چاوەڕێین بەربەیان
مژدە بێنێ وەکوو بەهار
بڵێ: سەرکەوت ئەژدەهاکی
پاشای جیهان
خەزنەدار:
چاوەڕوانین تا خۆر هەڵدێ
تا ئەم شەوە کۆتاییی دێ
ئەژدەهاک:
چاوەڕوانی، ئێشک گرتن
کەی ئەنجامن! بۆ برینی
ئازاری شەو ساڕێژکردن
چاوەڕوانی، چاوەڕوانی
کۆتایی بە کام شەو هانی
- پشوویەک -
«پاسەوانێک بە شەڵەژاوی دێتە ژوورەوە»
پاسەوان:
گەورەم دۆزەخی داخراو
دۆزەخی خەڵکی خرۆشاو
قیامەتی دڵ پڕ لە قین
نە شوورەی بەرد بەرگەی ئەگرێ
نە قەڵای دەرگا ئاسنین
ئەژدەهاک:
ئەی شێری دڕ، شێری برسی
قولاپی چنگی داماڵین
کەڵبەی ژەهرین؟
پاسەوان:
دادیان نەدا، هەر زوو بەزین!
لۆلۆ:
ئەی ئێوە چین؟
پاسەوان:
گەورەکانم بێهودە بوو
هەرچی ڕەنجێ ئێمە دامان
چاری نەبوو
بەربەست نەکران!
ئەژدەهاک:
گەیشتنە کوێ؟ ئەنجام چی بوو؟
پاسەوان:
شوورە لەدوای شوورە ڕما
قوللەی قەڵا داگیر کرا!
زیندان ڕووخا
بەندی گیراو، سەربەست کرا!
گەورەکانم هەر بەکۆمەڵ
لێیان ئەخەین! لێ ئەکوژین
بەڵام وەکوو ئاوی کانی
لە هەموو بستە ئەرزێکا
هەڵئەقوڵێن!
شتێک نییە چاریان بکات
بڕوایان وەکوو هەورازی
پلەی سەختی کێوی بەرزی
وڵات وایە! داگیر ناکرێ!
تیشکی چاویان! وەکوو تیشکی
خۆر وایە بە دەست ناگیرێ
- پشوویەک -
هاکا شەپۆلی ترسناک
گەیشتە ژووری ئەژدەهاک
گەورەم، ئەنجام: نووتەک، تارە
سەر دەرکەین ماڵ بێ پرسیارە؟
«ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەهاک:
من ڕاناکەم تا شیرەکەم
لەپێش مردنا ماچ نەکەم!
کوا شیرەکەم؟
«پاسەوانێک شیرەکەی بۆ ئەهێنێ»
لۆلۆ:
با بەر لەوەی دەستی برسی
بمانگاتێ خۆ دەرباز کەین
خۆزگەی ناحەز نەیەتە دی
سەری پاشا سەرفراز کەین؟
چونکە گەورەم مانەوەی وا
بەرەو شەوەزەنگمان ئەبا
لەگەڵ مەرگا چۆن شەڕ ئەکرێ
دەست چۆن پشکۆی ئاگر ئەگرێ؟
خەزنەدار:
گەورەم، پاشا خۆ دەرکردن
واتا بۆ ئێمە سەرکەوتن.
ئەژدەهاک:
«بە تەوس و پێکەنینەوە»
کاتێ هێزم لە دەستا بێ
من چی بڵێم، هەموو شتێ
ئەڵێ ئەبێ، ئەبێ وا بێ
هەتا سروشت، ئاسمان، دەریا
پڕشنگی خۆر، لووتکەی چیا
کڕنووش ئەبەن
سەر شۆڕ ئەکەن
لەبەر دەمما، لەبەر پێما!
- پشوویەک -
بەڵام کاتێ کە دەسەڵات
کەوتە سەر ڕێی هاتونەهات
ڕێکەوت کەوتە پشت هەڵکردن
هەموو شت پشتم تێ ئەکات
هەتا ئێوەش، هەتا ئێوەش
ڕووی نۆکەریی وەرئەگێڕن
ڕێم لێ ئەگرن!
- پشوویەک -
بەڵام هەر وا بە ئاسانیی
ڕێگەی مەترسیی دەرناکەن
چۆن ئەیەڵم پەشیمانی
بە پەنجە گەستنێ دەرخەن
چۆن ئەیەڵم دوای مردنم
بژین وەکوو جاری جاران
بۆ نوشوستی و ژێرکەوتنم
هەر من بکەن بە ناونیشان
چۆن ئەیەڵم کە چڕنووکی
ئێوەی بێوەفای پشیلە!
پێستی شاهانەم داڕنێ
چۆن ئەیەڵم دڵی سپڵە
دوای مردنم پێبکەنێ
- پشوویەک -
وەک ژن خزاونەتە پاڵ من
شایستەن بۆ ئەتککردن
ئەتانەوێ بە قسەی زل
ترسنۆکیی ئارایشت کەن
ڕێگە نادەم، چۆن ئەیەڵم
بە ئاسانی وا پشت هەڵکەن
- پشوویەک -
«سەربازێکی لەش خوێناوی بە شپرزەیییەوە خۆی ئەکا بە ژوورا»
پاسەوان:
ئومێد نەما، وا قەڵا و کۆشک
بۆ یاخیبوو هاتنە سەر چۆک
ئەو شوێنەی ڕووناکیی تیایە
تەنیا هەر ژووری پاشایە
داگیرسێنی ئەم ئاگرە
سەرکردەی ئەم ڕێی بەڵایە
گەورەم، کاوەی ئاسنگەرە
«ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەهاک:
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ و خەزنەدار»
دەست بە زاخاکردن وایە
تەفرە و مل شکاندن وایە
وتم کاوە وەچەی شەڕە
سەر پەڕاندن بەو ڕەوایە
وتیان: ئەمە پەلەی تیایە!
دەستتان بڕیم، کوێرتان کردم
بە ڕێی مردنتانا بردم
ئێستەش ئەتانەوێ ڕاکەن
دڵنیا بن قەت ڕا ناکەن
«ئەژدەهاک شیرەکەی هەڵئەکێشێ و بەدەم ئەم قسانەی خوارەوە لۆلۆ و خەزنەدار ئەکوژێت»
با بیچێژن ئەو ژاراوەی
خۆتان کردتانە کاسەوە
با کڤەی بێ ئەو خوێناوەی
خۆتان لێتان ئەخواردەوە!
«هەردووکیان ئەکەون و ئەمرن»
«دوای لێدانی مۆسیقایەکی تایبەتی و پشوویەک کە ماوەیەک ئەخایەنێت، ئەژدەهاک لەبەر خۆیەوە:»
ئەژدەهاک:
تەنیام، تەنیام، مامەوە خۆم
ئەی خۆم ئەبێ بۆ کوێ بڕۆم؟
ڕێی شەوی مەرگ ترسناکە
هەموو شتێ هەر دوژمنی
ئەژدەهاکە!
چاوم لێیە؛ چەم، چیا، هەرد
چاوم لێیە تا داروبەرد
تا تاجەکەم، تا تەختەکەم
تا کەلوپەلی ژوورەکەم!
منیان ناوێ، لێم بێزارن
بۆ مردنم چاوەنواڕن.
- پشوویەک -
کوا دڵۆپێ فرمێسک ڕشتن
کوا ئاخێکی گەرم ناشتن!
کوا بەزەییی سەر ڕوخسارێ
کوا تکایە؟ کوا هاوارێ؟
کوانێ ئەو دەستانەی ئەڵێن
بۆ تەنگانە درێژ ئەکرێن
نایانبینم، هەموو ون بوون
هەموو وەک ئەمانە مردن
«مەبەستی لۆلۆ و خەزنەدارە»
- پشوویەک -
«لەم کاتەدا و لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی خرۆشاوی میللەتدا کاوەی ئاسنگەر خۆی ئەکات بە ژوورا و پڕ بە دەنگ ئەڵێت»:
کاوە:
زاڵم، وا شەو باری نەوی
وا ڕووناکیی دنیای پڕ کرد
وا کاروانی ئازادیی کورد
بە بەهاری هیوای گەیی
زاڵم، تۆ بۆ کوێ دەرئەچی؟
ئەژدەهاک:
«ڕوو ئەکاتە هەردوو پاسەوانەکە»
ئەنجن، ئەنجن، لەتلەتی کەن
وەک سەگی خوێڕی پەتی کەن!
«کاوە لەگەڵ هەردوو پاسەوانەکەدا ئەکەوێتە شەڕەوە و بەدەم شەڕکردنەوە»:
کاوە:
بۆ کێ ژیان؟ بۆ کێ ئەمرن؟
بۆ کێ ڕێ بە میللەت ئەگرن؟
ئەی دیلەکانی تاریکی؟
کوێرەڕێگا
ئەنجام بۆ هەڵدێرتان ئەبا!
«لە ئەنجامی شەڕدا کاوە هەردوو پاسەوانەکە ئەکوژێت و لە ئەژدەهاک ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»:
کاوە:
هەر ڕووبەڕووی سڵ نەکردن
شیری تۆڵە هەڵئەکێشین
لە پشتەوە دەستی کوشتن
وەک ترسنۆک ناوەشێنین!
ئەژدەهاک:
کێیە بتوانێ ئەژدەهاک
لە ناو بەرێ یان بیکوژێ
کێ زات ئەکا، کێ ئەوێرێ
ڕێی لێ بگرێ؟!
کاوە:
منم ئەو کەسەی ئەژدەهاک
ماری ناو دەروونی ناپاک
لەناو ئەبا
منم خوێنی ئەڕژێنم
منم مێشکی ئەپژێنم!
«دەست ئەکەن بە شەڕ، کاوە بە دەم شەڕەوە لە سەر قسەکردن ئەڕوات»:
ئەی جانەوەر
ئەی تارماییی ئەهرەمەنی
تاریکی و شەڕ
داڵدەت نییە، چۆن دەرئەچی؟
بۆ کوێ ئەچی؟
چوار دەوری قەڵات ئاگرە
مەبزوورەوە دەست هەڵبڕە!
ئەژدەهاک:
ئەژدەهاک و دەسهەڵبڕین
ئەگەر ئاسمان، ئەگەر زەمین
لە یەک بدەن من نابینن
دەستبەستە بم
کڕنووش بۆ عەبدی خۆم بەرم
«ئەکەونە شەڕێکی سەختەوە، چەند جارێک کاوە ئەکەوێتە مەترسیی لەناوچوونەوە، تا لەئەنجامدا ئەژدەهاک ماندوێتیی تەنگی پێ هەڵئەچنێ و ئەوسا کاوە بە چەکوشەکەی کە هەر لە سەرەتاوە بە دەستی چەپ هەڵیگرتووە، هەڵئەکوتێتە سەر ئەژدەهاک و مێشکی ئەپژێنێ، لەم کاتەدا گوردۆی کوڕی بە پڕتاو دێت و باوەش ئەکات بە کاوەی باوکیا، دوای ماوەیەک ئینجا پشتکۆ، کاردا، مادیا، کاردۆخ، زێمری، زاماوا یەک لەدوای یەک دێنە ژوورەوە و کاوە لەناوەڕاستیانا بە دەنگێکی زوڵاڵەوە ئەڵێت»:
کاوە:
بە لاشەی کوردی قوربانی
بە خۆری بیر وا زستانی
تەنگ و تارمان کرد بە بەهار
بە خوێنی دڵ، بە ئارەقی
چەوسانەوەی ئێش و ئازار
خۆمان لە دەست شەو ڕاپسکان
کەوتینە ڕێ!
تەوقی دیلێتیمان پسان
هەڵمەتمان برد!
بە بازووی قاڵی تێکۆشان:
پشتی تاوان،
پشتی ئەژدەهاکمان شکان
با ئەم ڕۆژە جەژنی گەل بێ
جەژنی ژیان
جەژنی کوردە چەوساوەکان
با ئاگری ئەم نەورۆزە
لەسەر لووتکەی بەرزی وڵات
هەتاهەتایە بسووتێ
بڵێسەکەی هاوار بکات:
بڵێ: نەوەی ئادەمیزاد
کورد بوو یەکەم ڕاپەڕینی
شۆڕشی سوور بەرپا بکات
کۆتایی