تابلۆی شەشەم

از کتاب:
کاوەی ئاسنگەر
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 12 دقیقه  1087 مشاهده
«جێگا ژوورێکی ماڵی کاوەیە، کاوە لە چاوەڕوانیکردندایە، بە ژوورەکەدا هاتوچۆ ئەکات»
گوردۆ دێتە ژوورەوە:
گوردۆ:
زۆر ڕاوەستام کەسیان دیار نین
کەسیان نەهات
کاوە:
ئاخۆ بزانە گیری چین
کوڕم، هەر دێن
نایشکێنن گفت و بەڵێن
پاسەوانی بەر دەرگا بە
بەئاگا بە
ئەبێ هەر بێن
«گوردۆ ئەچێتە دەرەوە»
کاوە:
کاسە پڕ بوو لێی ئەڕژێ
کاسەی ڕق و داخمان پڕە
با ئەم ڕقە، با ئەم ئاگرە
لە داگیرکەر هەڵبپرژێ
بە گژ زۆردارانا بچێ
دەستی خوێناوییان بگرێ
لەشیان بگرێ
کۆشکی پڕ تاوانیان بگرێ
- پشوویەک -
زۆر دەمێکە ئێسکی ڕەنجمان
مێشکی ڕۆڵە و جوان و گەنجمان
خۆراکی خوانی دوژمنە
زۆر دەمێکە ئەم وڵاتە
وەک گۆڕستان
دایکی نەگبەتی و مردنە
زۆر دەمێکە ئەم وڵاتە
چیا و کەژی
وەک خەڵکەکەی پەست و ماتە
زۆر دەمێکە چاوەڕوانی
بەهارێکی فەڕ و هاتە
- پشوویەک -
پاڕانەوەی ڕوو لە ئاسمان
پاڕانەوەی دەستەوئەژنۆ
سکاڵا بۆ فریشتەکان
تەفرەی ژیانی دەسخەڕۆ
فرمێسکی چاو، هەناسەی سارد
هەموو بەشێ بوون لە درۆ
بێسوود، بێداد
هەر ماینەوە ژێردەستە بووین
نەک جار و دوو
هەزار جار ماران گەستە بووین
- پشوویەک -
بۆ گەیشتن
بە ئازادی، بە سەرکەوتن!
ئەبێ باجی خوێنی دڵ بەین
دەست بکەینە ملی مردن!
دنیای خەم و نائومێدی
پڕ لە هیوای چەپکەگوڵ کەین!
ئاڵای سپیی خۆشەویستی
لە ناو گیانا بۆ یەک هەڵکەین
بۆ سەر کۆشکی ئەژدەهاکیش
ڕەشەبا بین
گەردەلوول بین، هەموو هەڵکەین
- پشوویەک -
«گوردۆ دێتە ژوورەوە»
گوردۆ:
بابە، ئەوا یەکە یەکە
دیارن، هاتن
کاوە:
بەخێر هاتن.
«ڕوو ئەکاتە گوردۆ»
ئادەی ئەو لبادەش داخە
«لبادێک دائەخات»
گوردۆ:
چاوەڕوانی فەرمایشتم!
لەگەڵتانا من دانیشم
یاخود بڕۆم؟
کاوە:
چاوی بەدی پەنا و پاسار
نەهێنگرن
بۆ ئەژدەهاک
ئێشکی پارێزی پێوەدان
لە ناکاوا لە پیاو ئەگرن!
وا چاکترە!
بەر دەرگای پاراستن بگرە
پاسەوانی سەربەستی بە!
گوردۆ:
سەر لە پێناوا ئامادەم
چیت وت بیکەم
«بەرەو دەرەوە ئەڕوات کاوە بانگی ئەکاتەوە»
کاوە:
بیرم نەبوو
دایکت کوانێ لە ماڵ نییە؟
گوردۆ:
بەیانیی زوو
هێشتا هەتاو نەکەوتبوو
ئاگام لێ بوو
ئامادە بوو، بچێ بۆ سەر
گڵکۆ و گۆڕی براکانم
«گوردۆ ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«کاردا و مادیا و کاردوخ یەک لە دوای یەک یەنە ژوورەوە»
- سڵاو
- سڵاو
- سڵاو
کاوە:
بەخێر هاتن سەر هەردوو چاو
دڵتان ڕوون کرد
گیانتان خۆش کرد
ماڵی منتان
ئاوەدان کرد!
«دائەنیشن»
- پشوویەک -
کاوە:
سەگەکانی کۆشکی زۆردار
وەک شێت و هار
دوێنێ کەوتوونەتە بازاڕ
دەستنەپارێز
دروێنەی لەشیان کردووە!
بە ڕم کاسەی سەری زۆریان،
هەڵگرتووە!
مادیا:
چ هەواڵێکتان بیستووە؟
کاردوخ:
هەر پاشایەک، وەک ئەژدەهاک
وڵات وڵاتی خۆی نەبێ
تاجی دزراو بکاتە سەر
کاردا:
تەخت فڕێنەر
ئەبێ وا بێ
کاوە:
لەوەش زیاتر
بۆیە کینە و ڕقی زۆرە
شمڵی شوومی هەرا و شەڕە!
خوێناوخۆرە،
چونکە زڕە
وەجاخ کوێرە!
مادیا:
کاوە پێکای، سەرنج وردە
کاردوخ:
فەرمایشتەکەی پەسەندە
کاردا:
داری زڕ و بێبەر ناژی
ئەبێ بمرێ
بە لادا بێ
زوو بێ و درەنگ
«گوردۆ دێتە ژوورەوە»
گوردۆ:
بابە، دایکم گەڕایەوە
لە سەر قەبران
لە دوای گریان
لە پاش شیوەن و لە خۆدان
مادیا:
بە تەنیا دایکی تۆ نییە
سکسووتاو بێ
کوڕ کوژراو بێ
جەرگی لە سەر پشکۆی خەفەت
هەڵقرچاو بێ
بە تەنیا دایکی تۆ نییە
کاوە:
«ڕوو ئەکاتە گوردۆ»
کوڕم بڕۆ پاسەوانی
بەر دەرگا بە
بەئاگا بە
گوردۆ:
بەڵێ بابە
«ئەچێتە دەرەوە»
«سارا، دایکی گوردۆ دێتە ژورەوە، میوانەکان لەبەری هەڵئەستن»
سارا:
هەموو لایەک بەخێر هاتن
سەر ڕۆح، سەر دڵ، سەر چاو هاتن
هەموو لایەک بەخێر هاتن
مادیا:
گوردۆت نەمرێ
سەرفراز بی
ئیتر ناسۆر یێخەت نەگرێ
شیوەن بەس بێ!
ئاسمان سەبووریت باتەوە!
کاردا:
چاکان ئەجرت بداتەوە
نەترس تۆڵەت بکاتەوە
کاردوخ:
هەموو ئەمرین
ئەم ڕێگایە ئەبێ ببڕین
ئاسمان سەبووریت باتەوە!
سارا:
فەرموون، فەرموون
دابنیشن
«دائەنیشنەوە»
«لە سەر قسەکردن ئەڕوات»
کوڕتان نەمرێ
لە ماری سەر شان بە دوور بن!
فریشتەکان
دەست بە باڵتانەوە بگرێ
هیی هەمووان!
کاوە:
برسیمانە نیوەڕۆیە
هیچمان هەیە
سارا:
ئەوەی هەیە نان و دۆیە!
کاوە:
بۆمان بێنە!
«دایکی گوردۆ ڕوو ئەکاتە میوانەکان»
بەخێر هاتن، سەر چاو هاتن
«ئەچێتە دەرەوە»
کاوە:
«بە تەوسەوە، مەبەستی لە قسەکانی سارایە»
فریشتەکان، ڕزگارمان کەن
ڕزگار نابین
ئەفسانەکان، ڕابەرمان بن
خراپتر بین
چاکتر نابین
- پشوویەک -
مادیا:
دوانمان ماون، ئامادە بن
بۆ نەهاتن
کاردوخ:
نایەن وتیان:
گەشتێ بۆ ناو چیا ئەکەن
گەر سەریش بەن
ئەبن بە سیان
کاوە:
مانای چی سیان؟
کاردا:
گاڵتەیە یان
کاردوخ:
گاڵتە نییە، پێتان ئەڵێم
چۆن بوون بە سیان!
کاوە:
ئەوە دوانیان
گۆڕهەڵکەنی ئەژدەهاکن!
دڵنیاین لێیان کە پاکن
بەڵام سێهەم!
ئەبێ کێ بێ من نایناسم؟
کاردوخ:
من ئەیناسم!
پاسەوانی کۆشک و قەڵای
پڕ لە بەڵای
ئەژدەهاکە!
کاوە:
ئەژدەهاکە؟!
مادیا:
ئەژدەهاکە؟!
کاردا:
پاسەوانی
کۆشکی زۆردار و ناپاکە؟!
کاردوخ:
پەلە مەکەن، پەلە مەکەن
لەسەرخۆ بن
لە خۆتانەوە هەڵمەچن
بەڵێ، بەڵێ
قەڵا و کۆشکی
ئەژدەهاکە!
بەڵام مەردە
دروست، ڕاستە
کوڕی چاکە
کاوە:
کوڕی چاکە؟ ئامادەیە
بێت بۆ مردن
کاردوخ:
چاوەڕوانی ئەو هەلەیە!
کاوە:
مادام وایە
ئەو ئەگەر بێت
سەر چاومان بێت
ماڵ بە هاتنی ئاوایە!
مادیا:
ئەمە وایە!
کاردا:
خۆشەویستیی هەمووانی
پێ ڕەوایە!
مادام وایە
- پشوویەک -
«سارا دێتە ژوورەوە، کاسە دۆیەکی گەورەی بە دەستەوەیە لەگەڵ دەستەوارەیەک ناندا، کاوە لێی وەرئەگرێ و لەبەر دەمی میوانەکاندا دایئەنێت»
سارا:
ئێوە میوانی ناوەخت بوون
گلەیی لەسەر خۆتانە
کە بێبەخت بوون
کاوە:
فەرموون، فەرموون
«دەست ئەکەن بە خواردن، پشوویەک ئەخایەنێت»
«گوردۆ بە پەلە دێتە ژوورەوە ڕوو ئەکاتە هەمووان»
گوردۆ:
ڕێبوارێکی ناسیاوم دی
بەرەو گردی سەروو ئەچوو،
شپرزە بوو، شڵەژا بوو
کە لێم پرسی
چرپانی بە گوێما وتی:
لە بەندەکانی ناو زیندان
بەیانیی زوو
شەش حەوتێکیان هەڵواسیوە
یەکێکیان کوڕی ئەو بووە!
لەگەڵ قسەدا فرمێسکی
بۆم هەڵئەڕشت
بەدەم گریانەوە و ڕۆیشت
کاوە:
کوڕ و ئەم شەوە هەر ئەبێ
بەسەر بچێ
درەنگ بێ و زوو
تۆ ئێشکی بەر دەرگا بگرە!
پاسەوان بە
بەئاگا بە
گوردۆ:
بەڵێ، بابە
نەک پاسەوان
بڵێ بمرە
«ئەیەوێ بچێتە دەرەوە کاوە بانگی ئەکاتەوە»
کاوە:
کوڕم گوردۆ
ئەم بەردەستانەش هەڵگرە
«گوردۆ بەردەستەکان هەڵئەگرێ و لەگەڵ خۆیدا ئەیانباتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«تابلۆی بێدەنگ هەموویان لە یەکتر نزیک ئەبنەوە، بە بێدەنگی لەناو خۆیانا دەست ئەکەن بە گفتوگۆ، لە ڕێی بزووتنەوەوە و جووڵانەوەی دەست و دەم و چاویانەوە ئەوە دەر ئەکەوێ کە خەریکی دانانی پیلانی ڕاپەڕینن. ئەم هەڵوێستی بێدەنگییە تابلۆیەکی تایبەتییە و نیشانەی ئیشکردنی نهێنی و وریابوونەوەیە، ماوەیەک ئەخایێنێت»
کاوە قۆناغی بێدەنگی ئەشکێنێ و هەڵئەسێتە سەر پێ و ئەڵێت:
کاوە:
«بە دڵنیایی و بڕوایەکی بەهێزەوە»
ئینجا، ئیتر قسەی زمان
لەگەڵ قسەی دڵا یەک کەوت
ئینجا ئیتر دڵنیایی
خۆری بڕوای تەواو بەرکەوت
لە ئێستاوە ڕۆژی هەستان
بەسەر دیلێتییا سەرکەوت
لە ئێستاوە پاشە ڕۆژی
ڕووناکیمان هات و دەرکەوت
- پشوویەک -
خڵتەی درۆی ئەفسانەکان
تا دوێنێ مێشکی گرتبووین
نیزای ڕوو لە فریشتەکان
دەستی کردەوەی بەستبووین!
تا دوێنێ بوو لە کەژاوەی
جادووی دوژمنا نووستبووین!
- پشوویەک -
کاردوخ:
وا هەستاوین
گیانمان لەسەر لەپی دەستا
سەریش تا سەر لە پێناوین!
مادیا:
بڕیارمان تێکەڵ بە خوێنە
خوێنمان ئاوێتەی بڕوایە
بڕوامان وەک خۆر ڕووناکە
بەهاری ئاواتی تیایە
ئەنجام سەری ئەژدەهاکە
کاردا:
ئەنجام، پاکە
ئەمرین بۆ ئەوەی دەغڵ و دان!
بەپیتتر بێ
شیری ناو دنکی پڕتر بێ
ئەمرین بۆ ئەوەی کە ژیان
بۆ نەوەی هاتوو خۆشتر بێ
ئەمرین… بۆ ئەوەی کە مناڵ
بزەی لێوی بژی و نەمرێ
لە کۆشی گەرمی دایکێتی
ئیتر نەکرێ!
کاوە:
ئەگەر مردین بە لەش ئەمرین
بۆیە ماڵاوایی ناکەین
بۆیە ناگرین
بۆیە فرمێسکی زەبوونی
هەرگیز ناسڕین
ئەگەر مردین
ئەگەر لەم ڕێیەدا کوژراین
لەپاش خۆمان ئەمانبینن
بە گیان دەست لە ملتان ئەکەین
ئەژین لە ناو دەروونتانا
لە ناو بیلبیلەی چاوتانا
لە دەنگتانا
لە هەڵبەست و وتارتانا
لە پاییز و بەهارتانا
ئێمە ئەژین لەگەڵتانا!
کاردوخ:
لە زەنگ ئەدەین
دەماری سڕ ئەبزوێنین
لەسەر لووتکەی بەرز بانگ ئەدەین
گەل لە زۆردار ئەورووژێنین!
کوورەی ژیان ئەجۆشێنین
ئەم دنیایە ئەخرۆشێنین
لە زەنگ ئەدەین
ئەبین بە با و تۆف و باران!
بە برووسکە، بە چەخماخەی
تیژی ئاسمان!
بۆ داگیرکەر ئەبین بە ژان
ژانی مردن!
ژانی تەفروتوونا کردن!
مادیا:
پێشمان وتن، پشتمان کێیە؟
پشتمان کێوی ئاگرینە
بڕوای زیندووی ڕاپەڕینە
مەچەکی گشت هەژارێکی
ترسناکە!
کاردا:
پشتمان هەموو دوژمنێکی
ئەژدەهاکە!
گوردۆ:
«گوردۆ دێتە ژوورەوە»
بابە شوانی ئاژەڵەکان
بەڕێوەیە هات بۆ لاتان!
کاوە:
هەر خۆیەتی؟
گوردۆ:
بە تاقی تەنیا خۆیەتی
«گوردۆ ئەچێتە دەرێ»
«کارون دێتە ژوورەوە»
کارون:
درەنگ هاتووم
خۆم ئەزانم کە دواکەوتووم
بەڵام بێدەنگ
دەستەوەستان
دانەنیشتووم!
کاوە:
چیت کردووە؟
مەردوخ:
چیت بیستووە؟
کارون:
ئەو دیوی شاخ هەموو پڕن
لە سەر تێزی ڕاپەڕینن
داخ لە دڵن
چاوەڕوانی دەرفەتێکن
چاوەڕوانی فەرمایشتی
ڕابەرێکن!
مادیا:
ئارام بگرن!
کاردا:
ئارام بگرن!
کارون:
ئارام ناگرن!
لەمە زیاتر خۆ ڕاناگرن!
ئێجگار پڕن
کاوە:
بڕیارمان دا!
کارون:
چی بوو بڕیار؟!
کاوە:
هەڵمەت بۆ سەر قەڵای زۆردار
مادیا:
هاتنەدیی بڕیار نزیکە؟!
کارون:
چ ڕۆژێکە، چ کاتێکە!
کاردا:
زۆر نزیکە!
کاروخ:
زۆر نزیکە!
کارون:
مژدەم بەنێ چ کاتێکە؟
کاوە:
لەگەڵ مردنی زستانا
کاتێ پشتی سەرما ئەشکێ
لە کوێستانا
کاتێ گۆپکەی درەختەکان!
سەر دەرئەکەن!
کاتێ هەرد و دەشت و نزار
بەرگی مژدەی سەوزی ژیان
لە بەر ئەکەن!
کاتێ هوزار
لە ئاسۆیەکی بەرینا
لە شەقەی باڵی بەرز ئەدەن
بۆ سەرەتای دیاری بەهار!
بەستە ئەڵێن
کاوە:
چەندی ماوە بەری ئازار؟
چەند ڕۆژی تر
پێ ئەنێینە وەرزی بەهار؟
کاردوخ:
هەر تەنها چوار
چوار ڕۆژی تر!
مادیا:
یا ئەوەتا ئەمساڵ بەهار
بەهاری سەرکەوتن ئەبێ
کاردا:
یان ئەوەتا مردن ئەبێ!
کارون:
مەبەست ژیانە یان مردن!
- پشوویەک -
کاری ڕاپەڕینتان بەش کرد!
ئەی من چی بکەم؟!
کاوە:
چمکی ئازایی و پیاوەتی
بە لادا کە!
بچۆرەوە بۆ شاخ و کێو
خەڵک هۆشیار کە
نووستوو هەمووی خەبەردار کە!
کارون:
جێگای یەکگرتنەوە کوێیە؟
کاوە:
کاردوخ پێت ئەڵێ کە کوێیە
کاردوخ:
پێش ڕۆشتنت خۆم ئەتبینم!
کارون:
وا من ئەڕۆم لە زەنگ ئەدەم
لەسەر لووتکەکان بانگ ئەدەم
بانگی ئازادی و جەنگ ئەدەم
کاوە:
بە سەرکەوتن!
کاردوخ:
بە سەرکەوتن!
مادیا:
بە سەرکەوتن!
کاردا:
تا کاتی بە یەک گەیشتن!
«کارون ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
مادیا:
ڕۆژ درەنگ بوو ئێمەش بڕۆین
کاردا:
وا چاکترە
کاوە:
پەلە مەکەن!
هێشتا زوو بوو
کاردا:
کات درەنگ بوو
مەردوخ:
هەستن بڕۆین، یەک لە دوای یەک
«هەڵئەسن و یەک لە دوای یەک ئەچنە دەرەوە»
«کاوە ماوەیەک بە بێدەنگ هاتوچۆ ئەکات»
لە دواییدا لەبەر خۆیەوە:
کاوە:
ڕاستە، ڕاستە
ڕێگەی ئەم هەڵمەتە سەختە
بەڵام ئەوەی ئەیدۆڕێنین
هەر پێوەندە، هەر زنجیرە!
هەر کۆتی قاچ و گەردنە!
بەتەنیا تەوقی مردنە!
- پشوویەک -
«پشتکۆی هاوڕێی گوردۆ بە پڕتاو خۆی ئەکات بە ژوورا»
پشتکۆ:
ئاگام لێ بوو
سێ چوار سەربازی ئەژدەهاک
گوردۆیان گرت
پێوەندیان کرد
بۆ زیندانی تاریکیان برد!
کاوە:
«ئەشڵەژێ و لە پشتکۆ ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»
کەی، کەی، چۆن بوو
گوردۆ تا ئیستە لێرە بوو
پشتکۆ:
وەکوو وتم چاوم لێ بوو
لەپاش ئەوەی دەستبەستیان کرد
لەپاش ئەوەی تێریان لێدا
پێوەندیان کرد!
کاوە:
خۆ نەیانکوشت؟!
خوێنت نەدی؟!
پشتکۆ:
ئەوەی کە دیم هەر ئەوە بوو
کە پێم وتی!
«کاوە لەتاوا ئەکەوێتە لێو کرۆشتن، تەواو شپرزە ئەبێت، پشتکۆ قەیرێک ئەوەستێ و ئەچێتە دەرەوە»
«کاوە دێتە پێشی شانۆوە».
کاوە:
ئەمە حەوت کوڕ
حەوت کارەساتی جەرگبڕ
ئەمە حەوت کوڕ!
ئارام ئیتر
چۆن ئەتوانێ لەمە زیاتر
خۆی ڕابگرێ
تۆڵە، دان بە خۆیدا بگرێ
لەمە زیاتر چۆن ئەتوانێ
- پشوویەک -
لەپاش دوا کوڕ
لەپاش گوردۆ
چیم ما ئیتر
«ڕوو ئەکاتە دانیشتووان»
ئێوە بڵێن، چیم ما ئیتر؟!
- پشوویەک -
بۆ ساڕێژی حەوت برینم
بۆ ساڕێژی هەزار زامی
دەم بە هاواری دێرینم
هێرش ئەبەم لەگەڵ «گەل»ا
ڕائەچڵەکم
ئەچمە گەرووی نەهەنگەوە
تەنها چەکم،
چەکی بڕوای نەبەزینە
تەنها ڕێگە، ڕاپەڕینە
ئامانج، سەری ئەژدەهاکە
بەم مستانە ئەیپژێنم
ئامانج، کۆتی دیلێتییە
دایئەماڵم، ئەیپچڕێنم!