81- تەکویر

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  969 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) وەختێ کە خۆر تۆپەڵ کرا [و ڕەش هەڵگەڕا]،

2) وێجا هەموو هەسارەکان پەژمەران و وەرێندەران،

3) کەژانیش لە شوێنی خۆیان خزێندران،

4) لەو کاتەشا وشترانی لەسەر زانێ بێ خۆ کران،

5) هەرگاش لاور و جانەوەر لە ئاقارێکا کۆ کران،

6) هەلێ هەموو دەریاکانیش هەڵچوون و تێکەڵ بە یەک بوون،

7) کاتێ هەموو گیانەکانیش ولفی یەک بوون،

8) لە دۆتی زیندە بە گۆڕیش پرسیار کرا:

9) بە کیژان گونەهـ گوژاوە؟

10) هەرگاش نامەی کردەوەکان کرانەوە،

11) کە ئاسمانیش وەلا برا،

12) هەر دەمێکیش کڵی دۆژەهێ نێڵ درا،

13) بەهەشتیش وە نزیک خرا،

14) هەموو کەسێ دەزانێ کە چی لەگەڵ خۆیا هێناوە.

15) سا سوێند ئەخۆم بەو هەسارە گەڕۆکانەی،

16) خول دەخۆن و دەگەڕێنەوە ناو لانە؛

17) بەم شەوە کە تاریک دادێ،

18) بە سپێدە، کاتێ کە هەناسەی پێدا دێ،

19) ئەم قوڕعانە - بێ گومانە - قسەی ڕاسپێراوێکی زۆر بەڕێزە.

20) زۆر بەهێزە، لای خودێ تەخت، جێدارە.

21) قسەی دەڕوا، لەوێ جێگەی متمانەیە.

22) هاوڕێکەشتان لێوە نییە.

23) بێ سۆیە کە لە ئاسۆیە بە ڕۆشنی دیتوویەتی.

24) لە درکاندنی نهێنیش چکووس نییە.

25) ئەوی ئێژێ، هیچی قسەی شەیتانی دەرکراو نییە.

26) سا ئێوە بەرەو کوێ دەچن؟

27) ئەم قوڕئانە هەرپەندە بۆ خەڵکی دنیا.

28) بۆ هەرکامتان کە بیەوێ شوێنی ڕێگەی سەرڕاس کەوێ.

29) بەویستنی خۆشتان نییە، مەگین خودای پەروەرندەی گش جیهانێ، خۆی حەز بکا.