77- مورسەلات

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  784 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) سوێند بەوانەی - یەک لە دوای یەک - ناردراون،

2) بەو با توندانەش هەڵدەکەن، بە هەڵکردن،

3) بەوانەش کە ئەپڕژێنن، بەپڕژاندن،

4) بەوانەش بە هەڵوەژاردن هەڵداوێرن،

5) بەوانەش کە یادی خودا دەخەنە بەر دڵانەوە،

6) بۆ بەهانە لێ قەتاندن یان ترساندن؛

7) کە هەر چی سۆزوو پێ دەدرێ، هەر دێتە جێ.

8) سا هەر دەمێ ئەستێرەکان کوژانەوە،

9) هەرگاش کەلێن دەکەوێتە عەزمانەوە،

10) هەر کاتێکیش کەژان هەژان و تێک ڕووخان،

11) هەرگاش وادە بۆ پێغەمبەران داندرا،

12) بۆ کامە ڕۆژ دواخراوە؟

13) بۆ ڕۆژی هەڵاواردنێ.

14) کوو زانیوتە ڕۆژی هەڵاواردن چییە؟

15) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

16) ئەدی ئێمە پێشینەکانمان قڕ نەکرد؟

17) هەر ئەوەشمان دەگەڵ پاشینەکانیان کرد.

18) هەر ئەو کارەش بە تاوانبارەکان دەکەین.

19) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

20) ئاخۆ ئێوەن لە ئاوێکی بێبایەخ وەدی نەهێنا؟

21) لە جێیەکی پتەودا جێن نەکردەوە؟

22) تا ماوەیێ دیاریکراو؟

23) خۆ توانیمان؛ ئای کە چەندە چاکمان توانی.

24) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لەبێباوەڕان.

25) ئەدی ئێمە زەمینمان نەکردە مەکۆ؟

26) بۆ ژیاوان و نەماوان؟

27) هەر لەوێشدا چەن چیای بەرزن دامەزراند و ئاوی خۆشن پێ نۆشاندن.

28) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

29) وە ڕێ کەون بەرەو شتێ کە بە درۆتان دەزانی.

30) ڕێوە بچن بەرەو سێبەری دووکەڵێکی سێ چوکڵە؛

31) سایە نادا و مرۆش لە گڕ وەلا نادا.

32) ماکی دووکەڵ پڕیشکەی وا دەهاوێژێ کۆشک ئاسایی؛

33) هەر دەبێژی وشترانی بەرگن زەردن.

34) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

35) ئەمڕۆ ڕۆژێکە ناپەیڤن.

36) ڕێگەی تەوازیشیان نادەن.

37) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

38) ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵاواردنە؛ ئێوەمان وەل پێشینیان کۆ کردەوە.

39) سا ئەگەر فێڵێکتان هەیە، وەرن لە خۆمی دەکار کەن؛

40) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

41) ئەوانەش کە خودێترسن، لەنێوانی سێبەران و کانیاوانن؛

42) میوەهاتیش هەرچەندی دڵیان دبێژە.

43) ئەمەش پاداشی ئاکاروو، سا بخۆن و بخۆنەوە؛ نۆشی گیانوو.

44) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.

45) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

46) ئێوەش گرۆی تاوانبارن! بخۆن و کەمێ ڕابوێرن.

47) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

48) ئەگەر کەسێ پێیان بێژێ: کڕنووش بەرن، کڕنووش نابەن.

49) ئەوێ ڕۆژێ هاوارە لە بێباوەڕان.

50) دەسا ئەوان - پاشی قورعان - بەکام قسە بڕوا دەکەن؟