55- ڕەحمان

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  982 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) خوای دڵاوا،

2) ئەم قورئانەی دەرس داوە.

3) مرۆی ئافراند؛

4) لە ئاخافتنی تێگەیاند.

5) خۆر و هەیڤیش - بە ئەندازە - دێن و دەچن.

6) گیا وردیلە و بە ساقەتەش سوژدە دەبەن.

7) عەزمانی بەرز کردەوە و تەرازووی دامەزراندووە؛

8) کە لە ئەندازە دەر نەچن.

9) کێشانەتان بەرانبەر بێ و نەکا تەرازووتان سەر کا.

10) ئەم هەردەمان بۆ مەردم وەدی هێناوە.

11) میوەی تێدا و دارە خورمای خاوەن پشکۆژ.

12) دەندکی لەناو کەلوودا و شینکەی بۆن خۆش.

13) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

14) مرۆی لە حەڕی زوها بووی چەشنی سواڵەت، وەدی هێنا.

15) جنۆکەشی لە بڵێسەی بێ دووکەڵ وەدی هێناوە.

16) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

17) هەرد و شوێنی خۆرهەڵات و خۆرنشینی ڕاهێناوە.

18) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

19) جەمسەری دوو دەریایانی گەیاندە یەک.

20) بەرزەکێکیان لەنێواندا کە بەسەر یەکتردا نایەن.

21) دەیسا ئێوە لەکام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

22) لە هەردووکان مراری و مەرجان دەر دەچن.

23) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

24) گەڕۆکانی بە بادەوەی چیا ئاسا - لە دەریادا - کاری ئەوە.

25) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

26) هەرکێ ژینی لەسەر زەمینە، نامێنێ.

27) هەر خودانی خاوەن شکۆی بەرز و بەڕێزت دەمێنێ.

28) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

29) هەرکێ لە ناو ئاسمانەکان و زەمینن، هەموو کارێکیان هەر بە ئەوە و ئەو گش ڕۆژێ بە کارێکەوە خەریکە.

30) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

31) ئێمە بە کارتان ڕادەگەین، ئەی گرۆی مرۆ و جنۆکان!

32) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

33) ئەی گرۆی مرۆ و جنۆکە! گەر توانیتان لە گش ئاسۆی عاسمانەکان و زەمینێ دەرباز ببن، دەسا بچن؛ ناشتوانن لێیان دەر بچن، مەگین بەدەستەڵاتەوە.

34) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

35) گڕی بە دووکەڵ و بێ دووکەڵی ئاگر داتان دەگرێ؛ ئەسا کەس دەهاناونایە.

36) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

37) سا هەر کاتێ ئەم عەزمانە قەڵشی برد و بە ڕەنگی گوڵ و کەوڵی سوور هاتە بەرچاو،

38) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

39) لەو ڕۆژەدا هیچ کەس - لە مرۆ و جنۆکە - بۆ گوناهێ کە کردوویە، نایەتە بەرپرسینەوە.

40) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

41) تاوانباران بە تەحر و زەڕا دەناسرێن؛ ئیتر لە قژی سەریان و لە قاچەکانیان ئەنەون.

42) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

43) ئەمە هەر ئەو دۆژەهەیە تاوانباران بڕوایان وا نەبوو هەیە.

44) لەناویدا و لە ناو ئاوێکی کەلیدا دەخولێنەوە.

45) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

46) بۆ هەر کەسیش لە پەروەرندەی ترساوە، دوو باغ هەیە.

47) دەیسا ئێوە لەکام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

48) هەر دوو خاوەن درەختی بە پەلک و پۆپن.

49) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

50) لە هەر دوودا دوو سەرچاوەی ڕەوان هەیە.

51) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

52) گش میوەیەکیان تێدایە، کە هەموو ولفی یەکترن.

53) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

54) لەسەر ڕایەخێ پاڵ کەفتوون، کە ئاسەڕیان لە ئاوریشمی ئەستوورە و بەری گەییشتووی هەر دوو باغ، لەوان نزیک کەوتۆتەوە.

55) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

56) کیژۆڵەی هێند داوێن پاکیان لەناودایە، کە بەر لەوان کەسێ - مرۆ یان جنۆکە - هەرگیز دەستی بۆ نەبردوون.

57) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

58) هێندە جوانن، ئێژی یاقووت و مەرجانن.

59) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

60) ئاخۆ پاداشی کاری چاک، غەیرەز چاکە دانەوەیە؟

61) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

62) غەیرەز ئەمان دوو بەهەشتی تریش هەیە.

63) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

64) کەسکی تۆخن، بە ڕواڵەت ڕەش دەنوێنن.

65) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

66) جووتێ کانی لەواندا هەن، فیچقە دەکەن.

67) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

68) لەناویاندا میوەجات و دارە خورما و هەنار هەیە.

69) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

70) لەناویاندان گەلێ کیژی ئاکار چاک و بە دیمەن جوان.

71) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

72) زەری چاوڕەش لەناو خێوەتاندا دەژین.

73) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

74) کە بەرلەوان هیچ مرۆ و هیچ جنۆکەیەک، هەرگیز دەستی بۆ نەبردوون.

75) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

76) لەسەر ڕایەخی کەسک و جوان پاڵ دەکەون؛ کە وێنەیان لە دنیادا نەبینراوە.

77) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟

78) ممبارەکە ناوی پاکی پەروەرندەت؛ خاوەن شکۆ و شایانی ڕێز لێ گرتنە.