48- فەتح

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  1031 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئێمەین کە وەسەرمان خستی، بەو سەرخستنە بەرچاوە.

2) هەتا خودا لە هەڵەکانی پێشوت و لەو هەڵانەی لەوەبەولاوە تووشیان دێی، عافووت بکا و چاکەی دوور لە کەمایەسیت دەگەڵ بکا و ڕێگەی ڕاستت نیشان بدا.

3) تا خودا یارمەتیت بدا، بەتەرزێ وا کە ببیە خاوەن دەستەڵات.

4) هەر ئەویشە ئۆقرە و هەدای دا بە دڵی ئەوانەی خاوەن باوەڕ بوون؛ تا وێڕای بڕوای هەیانە، بڕوایان بەقەوەتتر بێ. لەشکرگەلی ئاسمانەکان و زەمینیش، هەموو بەرفەرمانی خوان و خودا زانای لەکارزانە.

5) هەروەها پیاو و ژنانی خاوەن باوەڕ بەڕێ کاتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و هەتاسەر هەر لەوێ دەبن و خەتا و نالەبارەکانیان عافوو بکا. لجەم خودا، ئەم ڕووداوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو.

6) هەتا وەکوو ڕووبینانی پیاو و ژن و شەریک بۆ خوداناسەکان، نێڕ و مێویان - کە سەبا بە خوا گومانی خراپیان دەبرد - ئازار بدا. زۆرخراپیان لێ قەوماوە و خوا غەزەبی لێ گرتوون و نەحلەت لە هەموویان دەکا و جەهەندەمی بۆ داناون و دواڕۆژێکی ڕەشیان هەیە.

7) لەشکرەکان - لە ئاسمانەکان و زەمین - هەموو بەرفەرمانی خوان و خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

8) ئێمە تۆمان کل کردووە، ئاگادار و موژدەدەر و ترسێنەر بی.

9) ئەشێ ئێوە بڕوا بێنن بە خوا و پێغەمبەری خودا و لە یاریدەی درێغ نەکەن و ڕێزی شایانی لێگرن و هەموو بەیانی و ئێواران پەسنی بدەن.

10) ئەو کەسانەی پەیمان لەگەڵ تۆ دەبەستن، با بزانن پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن. دەستی خودا دەسەر دەستی ئاوەنڕایە. سا هەر کەسێ پەیمانی بەجێ نەهێنێ، هەر خۆی لە پەیمان شکێنی زەرەر دەکا؛ هەر کەسێکیش ئەو پەیمانەی - کە دەگەڵ خودا بەستوویە - بەجێ بێنێ، لە دواڕۆژا پاداشی گەوڕەی دەداتێ.

11) ئەو عەرەبە کۆچەرانەی دواکەوتبوون، وە تۆ ئێژن: دارایی و ماڵ و خێزانمان نەیانهێشت بگەینە ئێوە؛ داوای بەخشینمان بۆ بکە. سەرزارەکی شتێ ئێژن: کە لە دڵیانەوە نایە. بێژە: ئەگەر خوا زیانێک لە ئێوە با، یان بەهرەیەکتان پێ بدا، کێ دەتوانێ دەس دە کاری خودا بدا؟ بەڵکە خودا لە هەر کردەوەیێ دەیکەن، ئاگادارە.

12) نەخێر ئێوە پێتان وا بوو پێغەمبەر و باوەڕداران هەرگیز تازە نایەنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان. هەر بە دڵیش ئەم خەیاڵەو بە شتێکی باش دەزانی. گومانێکی بێجاو دەبرد؛ دیارە ئێوە کۆمەڵێکی زۆر بێ خێر بوون.

13) هەر کەسێکیش بڕوای نەبێ بە خوا و پێغەمبەری خودا، ئێمە بۆ ئەو بێ دینانە، کڵی ئاگرمان نێڵ داوە.

14) دەستەڵاتی ئەم عاسمانان و زەمینە بە دەس خوایە؛ کێ حەز بکا عەفووی دەکا و کێش حەز کا جەزرەبەی دەدا و خوداش لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

15) هەر ئەوانەی دوا کەوتبوون، ئێستا ئێژن: هەرگا بەرەو تاڵانێک چوون، لێمان گەڕێن ئێمەش بەشوێن ئێوەدا بێین. گەرەکیانە قسەکەی خودا بگۆڕن. بێژە: هەرگیز ئێوە لەشوێن ئێمە نایەن؛ خودا پێشەکی گوتوویە. ئەوسا ئێژن: نەخێر دیارە لەحاند ئێمە چاوچنۆکن. نەخێر ئەوان کەم تێدەگەن.

16) بەو عەرەبە کۆچەرانەی - کە پێشوو خۆیان دزیەوە - بێژە: هەر لەم بەینانەدا بانگتان دەکەن، بچنە سەر گەلێکی گەڕناس؛ یان هەر شەڕتان دەگەڵ دەکەن، یان خۆ بەدەستەوە دەدەن. جا ئەر ئێوە بەرفەرمان بن، لە خوداوە پاداشێکی باش وەردەگرن؛ ئەگەر خۆشتان بدزنەوە - وەک پێشوو خۆتان دزیەوە - دەتانخاتە بەر جەزرەبەیەکی بەژان.

17) گازندە لە کۆر ناکرێ؛ گلەییش لەسەر شەل نییە؛ لەش بەباریش قەیدێ ناکا. هەر کەسێکیش بەفەرمانی خوا و پێغەمبەری ئەو بکا، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. هەر کەسێکیش خۆ ببوێرێ، جەزرەبەی بەژانی دەدا.

18) ئەو دەستە خاوەن باوەڕەی کە وا لەژێر دارەکەدا دەگەڵتا بوونە هاوپەیمان، خودایان لێ ڕازی بووە؛ دەیزانی چییان لەدڵدایە. سا ئۆقرە و دڵنیایی ناردە سەریان و بە سەرکەوتنێکی نزیک پاداشی دان؛

19) ماڵی تاڵانی زۆریشیان دەس دەکەوێ. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

20) خوا بەڵێنی گەلێ تاڵووی پێتان داوە کە دەیگرن. بەڵام زووتر ئەمەی دا پێتان و نەیهێشت دەستی خەڵکیتان بگاتێ و هەتا نیشانەیەکیش بێ بۆ خاوەن باوەڕەکان و بۆ ڕاستەڕێ زۆرتر شارەزاتان بکا.

21) تاڵانێکی تریش هەیە، هێشتا دەستیان پێی نەگەیوە و خودا باشی ئاگا لێیە و خوا هەموو کاری پێ دەکرێن.

22) ئەگەر ئەو دین دوژمنانە شەڕیشیان وەل بکردبان، سوور بزانن پشتیان دەکردە مەیدان و ڕایان دەکرد. لەپاشانیش نە دۆستێکیان دەس دەکەوت و نە کەس دە هانایان دەهات.

23) یاسایەکە لە خوداوە و لەپێشووشدا هەر وابووە و لەو یاسای خودا دایناوە، هەرگیز گۆڕانێک نابینی.

24) هەر ئەویش بوو لەدەست ئەوانی پارازتن و ئەوانیشی لەدەس ئێوە؛ وەختێ لە ئاقاری مەککە خودا کردی و ئێوە بەسەریاندا زاڵ بوون. ئێوە هەر کارێکوو دەکرد، خودا دەیدیت.

25) هەر ئەوان بوون کە لە ڕێگای دین لایان دا و بوونە لەمپەر و نەیانهێشت بچنە کابە؛ ڕێشیان نەدا قوربانیەکەتان - کە گلیان دابووە - بگاتە شوێنی خۆی. [ئەگەر ئیزنمان بدایە لە مەککە دەگژیان ڕاچن] لەوانەبوو زۆر مێر و ژنی باوەڕدار - کە ئێوە نەتانناسیبوون - دەبەر پێیانودا بچن و بێ ئەوەی خۆتان بزانن، ببنە موشکوڵۆزمەی ئەوان. خودا هەرکێ خۆی حەز دەکا، دەیخاتە بەر بەزەیی خۆی. ئەگەر لەو شوێنە لاچووبان، بێ سۆ دین دوژمنەکانمان بە ئازارێکی بەژان دوچار دەکردن.

26) ئەوسا کە دین دوژمنەکان، بادی هەوایی نەزانانەیان دەنواند، خودا ئۆقرە و هێمنایەتی ناردە خوارێ بۆ ناو دڵی پێغەمبەری و باوەڕدارانی [یارانی] و وای کرد کە خۆپارێز بن و بۆ ئەم کارەش لە هەموو کەس شیاوتر و هێژاتر بوون. خوا بۆ هەموو شت زانایە.

27) خوا ئەو خەونەی کە پێغەمبەرەکەی دیبووی، وەڕاست گێڕا: خوا حەز کا بەبێ هیچ ترسێک دەچنە ناو ماڵی کابەوە و پۆڕی خۆ کورت دەکەنەوە، یان دەیتاشن. ئەو شتانەی نەوزانیبوو، ئەو دەیزانی. جگە لەمەش بەو زووانە تووشی سەرکەوتنێک دەبن.

28) هەر خودایە کە پێغەمبەری خۆی نارد و ڕێنوێنی و دینی ڕاستیشی ڕەگەڵ خست؛ تا بەسەر هەموو دینێکا زاڵی بکا. خواش بۆ ئاگا لێبوون بەسە.

29) موحەممەد پێغەمبەر خوداس؛ ئەوانەش کە دەگەڵ ئەون، لە بەرانبەر دین دوژمنان توند و تیژ و لە ناوخۆدا دلۆڤانن. لە کڕنۆش و سوژدە چاوت پێ دەکەون. هەر بەهێڤی ڕەزامەندی و چاکەی خودان. درۆشمی سوژدە بردنیان بە ناوچاوانەوە هەیە؛ وێنەشیان لە تەوراتدایە و نموونەشیان لە ئینجیلدا. شبێنراوە بە چناوێک تیشەی بەرەژوور هەڵچووبێ و وەچی فرەی دەرکردبێ و ستوور بووبێ و لەسەرلاسک خۆی گرتبێ و وەرزێڕان سەیری بمێنن؛ تا چاوچنۆکانی سپڵەی پێ قەڵس کا. ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکن، خوا بەڵێنی لێ بووردن و پاداشێ گەورەی پێ داون.