42- شوڕا

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 9 دقیقه  920 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) عەین، سین، قاف.

3) خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا لەکار، فەرمانی خۆی ئاوا بۆتۆو پێغەمبەرانی بەرلەتۆش بەڕێ دەکا.

4) هەرچی لە ناو ئاسمانان و هەرچی لەزەمیندا هەیە، گش بۆئەوەو هەر خۆی جێ بەرزو مەزنە.

5) لەوانەیە ئاسمانەکان دەرزبەرن و بەسەریەکدا خرمەبکەن. فریشتانیش بەسوپاسەوە پەسنی پەروەرێنتان دەدەن؛ داوای بەخشین بۆ خەڵکی سەرزەمین دەکەن. باش بزانن ئەوە لەگوناهـ دەبورێ و دلۆڤانە.

6) ئەوکەسانەی ئەو شتانەی غەیرەز ئەون، بەدۆستی خۆیان زانیون و خەریکی پەرستنیانن، خوا ئاگای لەکاریان هەیە و ئۆباڵیان لەستۆی تۆنیە.

7) هەروەهاینە قورئانێکی عەرەبیمان بۆ تۆ هەنارد، هەتا تۆ بەو، ترس وەبەر خەڵکی مەککەو خەڵکی دەوروبەری بێنی و لە ڕۆژی کۆبونەوەشیان بترسێنی؛ کە بێگومان هەر وەدی دێ. ئەوسا بەشێک بەهەشتین و بەشێکیان دەچنە جەهەندەم.

8) ئەگەر خودا مەیلی لێ با، گشتی دەکردە بەرەیەک لەئاییندا؛ بەڵام هەر کەسێ خۆی حەزکا، وەبەر بەزەیی خۆی دەخا. ناهەقانیش دۆست و یاریکاریان نییە.

9) ئاخۆ کەسیان غەیرەز خودا دیوەتەوە کە دۆستیان بێ؟ دۆستی ڕاستی هەر خۆیەتی و ئەو دەتوانێ مریان زیندووبکاتەوەو توانای هەموشتی هەیە.

10) لە سەر هەرچی پێک نەهاتن، خودا بە ناوتان ڕادەگا. ئەوخودایە منی پەروەردە کردووە؛ من خۆم هەر بەوسپاردوەو هەر ڕودەکەمەوە لای ئەو.

11) وەدی هێنی عاسمانەکان و زەمینەو هەر لە خۆتان جووتەی لێ بەرهەم هێنان و لە ماڵاتیش ولفی یەکتری دروس کرد تا زۆرتر پەرەو پێ بدا. هیچ شتێ وێنەی ئەو نییە؛ هەر خۆی بیسەر و بینایە.

12) کلیلانی عاسمانان و ئەم زەمینە لجەم ئەوە. ڕۆزیش هەر بەمەیلی ئەوە بۆیەکێ فرە دەنێرێ و بۆیەکێ کەم. ئاگای لەهەموشت هەیە.

13) ڕێگەیەکی لە دینداری بۆنگۆ کێشا، کە ئەسپاردی نووحیش هەر لەوڕێگە بڕوا. هەر ئەمەشمان بە فەرمان بە تۆ ڕاگەیاند؛ ئیبڕاهیم و مووساو عیساشمان ڕائەسپارد، کە هەر لە سەر ئەم دینەبن و مەشی کەن بە چەندبەرەکی. ئەوەی ئێوە بەخۆڵکی ڕادەگەیێنن، بۆ ئەوانەی شەریک بۆ خوا پەیدادەکەن، زۆردژوارە. خودا هەرکێ بخوازێ، لە ناو خەڵکا دەیبژێرێ و هەر کەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە، بەرەوخۆی شارەزای دەکا.

14) نەش ببونە دەستەدەستە، مەگین وەختێ باسی ئەم دینەیان زانی. ئێرەیی لە ناو خۆیاندا لە بەر یەکی هەڵوەشاندن. خۆئەگەر پەروەرندەی تۆ زوتر ماوەی بۆدیاری نەکردنایە، دەمێک بوو کاریان کرابو. ئەوانەی کتێبەکەشیان لە پاش ئەوان بۆبەجێ ما، لێی کەوتنە بێ باوەڕی و گومانەوە.

15) سا بۆئەمە، تۆ گازی لەمەردم بکە و هەروەک فەرمانت پێدراوە، هەر سوربە لە سەر ئەم کارەو شوێن ئارەزوویان مەکەوە. بێژە: من بە هەرکتێبێ خودا ناردوویەتەخوارێ، بڕوام هەیە؛ فەرمانیشم پێدراوە، بە یەکسانی بەکاروبارتان ڕابگەم؛ ئێمە و ئێوە خودا پەروەرندەمانە؛ کردەوەی خۆمان بۆخۆمان، کردەوەی خۆتان بۆخۆتان؛ لە نێوان ئێمە و ئێوەدا جێ بۆ بەهانە نەماوە؛ خوا هەموومان لە یەکتر کۆدەکاتەوەو چارەنوسیش هەر لای ئەوە.

16) ئەمانەی لەمەڕ خوداوە بڕوبەهانەیان هەیە، لە پاش ئەوە کە بە دەنگیشیەوە هاتوون، هەموو بڕوبەهانەیان لەلایەن پەروەرندەیان بێ بایەخەو وەبەر تووڕەیی کەوتوون و بەتوندی جەزرەبە دەدرێن.

17) ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆڕاستی ناردۆتەخوارێ، تەرازوشی دەگەڵ هەنارد. تۆ چوزانی؟ لەوانەیە هاتنی قیامەت نزیک بێ.

18) ئەوانەی باوەڕیان نییە ئەوڕۆژەدێ، پەلە لەهاتنی دەکەن؛ ئەوکەسانەش کە باوەڕییان هێناوە، لێی دەترسن؛ دەشزانن کە ئەوە ڕاستە. باش بزانن ئەوکەسانەی لەسەڵاڕابون دڕدۆنگن، زۆر لەڕێ دورکەوتوونەوە.

19) خودا دەربارەی عەبدانی بەڤیانە. بەهەر کەس خۆی مەیلی لێ بێ، بژیو دەدا. خاوەن هێزو دەستەڵاتیش هەر ئەوە.

20) هەر کەسێکی داهاتی دواڕۆژی بوێ، داهاتی پتر دەدەینێ. کێش داهاتی لەم دنیایەدا گەرەک بێ، لەم. دنیا بەشی دەدەین و لەودنیا بەشێکی نییە.

21) ئاخۆ ئەوان شتانێ وا بەشەریکی خوا دەزانن، کە دینێکی وەهایان بۆداهێنابن و خودا ئیجازەی نەدابن؟ ئەگەر بڕیاری یەکجاری دەرنەچوبا، کارەکەیان دەبڕایەوە. ناهەقەکان جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.

22) ئەو ناهەقانە دەبینی، لەئاکامی کردەوەی خۆیان دەترسن؛ دیارە هەر توشیشیان دەبێ. ئەوکەسانەش کەبونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون، لە سەیرانگای باخەکاندان و چی خۆیان ئارەزوو بکەن، لەئالی پەروەرندەیان پێیان دەگا. ئەمەش بەخششێ مەزنە.

23) بەمە خودا موژدە بە عەبدانی دەدا، کەبونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون. بێژە: ئەمن مزیەکم لەنگۆ ناوێ، مەگین خۆش ویستنی خزمەنزیکەکان. هەر کەسیش چاکەیەک بکا، پتر چاکەی دەگەڵ دەکەین. خودا لە گونا دەبوڕێ و بە چاکەی عەبدان دەزانێ.

24) یان دەبێژن: درۆ بۆ خودا هەڵدەبەستێ. ئەگەر خودا مەیلی لێ بێ، مۆر بە سەر دڵتەوە دەنێ. خودا – هەر بەفەرمانی خۆی – پوچ لەئارادا ناهێڵێ و ڕاستی لەجێ، جێداردەکا؛ ئەو بەهەرچی لە ناو دڵاندا دەبوورێ، ئاگادارە.

25) هەر ئەویشە پەژیوانی لە عەبدانی قبوڵ دەکاو لەکارە خراپەکانیان چاودەپۆشێ و لە هەموو کردەوەکانتان ئاگادارە.

26) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، نزایان لێ قبوڵ دەکاو لەچاکەی خۆی بەشی زۆرتریان دەداتێ. بۆ خودانەناسەکانیش، جەزرەبەی زۆردژوار هەیە.

27) ئەگەر خودا – بێ سەروبەر – بژیوی بۆعەبدانی خۆی بناردبا، لە زەمیندا یاغی دەبون؛ بەڵام هەربەمەیلی خۆی و بەئەندازەی بەڕێ دەکا، کە خۆی لەعەبدەکانی خۆی ئاگادار و چاوەدێرە.

28) هەرئەویشە پاش ناهومێدبون لەباران، بارانە دادەبارێنێ و دلۆڤانی خۆشی بڵاودەکاتەوە. هەرئەوە بۆ مەزنایەتی ئەشێ هەر پەسندی بدرێ.

29) هەر لەنیشانانی ئەون: داهێنانی ئەم ئاسمانانە و زەمینەو ئەوهەمو جانەوەرانەی – کە لە نێوان ئەودوانەدا – بڵاوی کردوونەتەوە. هەرگاش بۆخۆی مەیلی لێ بێ، توانای هەیە هەموویان کۆبکاتەوە.

30) هەرگا تووشی بەڵایەک بوون، بە هۆی کردەوەی خۆتانە؛ لەزۆر گوناهەکانیشتان چاودەپۆشێ.

31) ناشتوانن لەم سەرزەمینە، خۆ لە خودا بدزنەوە. غەیرەز خوداش، نە هیچ گەورەیەکتان هەیە، نە کەسیش دەهاناتان دێ.

32) هەر لەنیشانانی ئەون: ئەوگەمیانەی – کە چیائاسا – لەناودەریا دێن و دەچن.

33) ئەگەر حەزکا، با ڕادەگرێ و لە سەر دەریا بەقەتیسی دەمێننەوە؛ کە لەمەدا بۆ ئەوانەی خۆڕاگرو سوپاسکارن، بەڵگە فرەن.

34) یان لە سزای کردەوەیان تووشی نوقم بونیان بکا. لەزۆرێ لە گوناهانیشیان دەبوورێ.

35) تا ئەوانەش دەربارەی نیشانەکانمان کێشەدەکەن، بزانن کە هیچ دەرەتانێکیان نییە.

36) هەرچی بە ئێوە دراوە، هۆی ژیانە لە دنیایە. ئەوشتەش کە لای خودایە، بۆئەوخاوەن باوەڕانەی هەر بە پەروەرندەی خۆیان پشت ئەستورن، باشترەو بەپێزتریشە.

37) ئەوانەشن لەتاوانی گەورە دورن و لە کردەوەی شورەیی دەپرینگێنەوەو لە جەنگەی توڕەبونیاندا عەفودەکەن.

38) ئەوکەسانەش کە بە دەنگی پەروەرێنیانەوە چون و نوێژدەکەن و کارگەلیشیان بەڕاوێژەو لەوبژیوەی پێمان بەخشیون، دەبەخشن.

39) ئەوکەسانەش ئەگەر زۆرێکیان لێ بکرێ، تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە.

40) سزا بۆ هەرخراپەیەک، خراپەیەکی وەک ئەوە. کێش لەتۆڵە چاوبپۆشێ و کۆشش بۆئاشتی بکا، پاداشی لە سەر خودایە. بێ سۆ خودا ناهەقکارانی خۆش ناوێن.

41) ئەوکەسانەی لە پاش ناهەقی لێکردن، تۆڵەی خۆیان دەستێننەوە، خەتابار نین.

42) خەتا هەر لەوکەسانەیە – ناڕەوا – ناهەقی لەمەردم دەکەن و ئاکاریان لەوڵاتدا بە ملەوڕیە. ئەوانە ئازارێکی بەژانیان دەبێ.

43) بۆکەسێکی خۆڕاگربێ و لەتۆڵە چاوپۆشی بکا، ئەمە یەکێ لەکارە پەسندەکانە.

44) هەر کەسێ خوا لێی گۆڕیبێ، ئیتر کەسی بەشوێن ئەوا، نابێ بەدۆست. تۆ دەبینی ئەوانەی ناهەقیکارن وەختێ جەزرەبە دەبینن، ئێژن: ئاخۆ هیچ دەرەرتانێکمان هەیە؟

45) کە دەیانبەنە سەر ئاگر، دەیانبینی زۆربەسەرکزی داماون و لەبنەوە چاوەچاویانە. خاوەن باوەڕانیش ئێژن: زیانباران ئەوکەسانەن کە خۆیان و کەس و کاریان، ڕۆژی سەڵا دۆڕاندوە. باش بزانن کە ئەو ناهەقی کەرانە، هەتاسەر هەر لەئازاردان.

46) غەیرەز خودا هیچ کەس دەهانایان نایە. هەر کەسێکی خودا گومڕای بکا، هیچ ڕێیەکی بۆنامێنێ.

47) بەر لەوە ڕۆژێ بێ کە لە لای خوداوە هیچ گەڕانەوەی بۆنیە، بەفەرمانی پەروەرندەی خۆتان بکەن. ئەوێ ڕۆژێ هیچ پەناتان دەس ناکەوێ و هیچ حاشاتان پێ ناکرێ.

48) سائەگەر هەر خۆیان بوارد، ئێمە تۆمان بۆیە نەنارد لە سەر ئەوانە پاسداربی؛ تەنیا ئەوەندەت لەسەرە، مەبەستەکە ڕابگەیێنی. ئێمە هەرگا کارێک دەکەین مرۆ تامی بەزەیی ئێمە بچێژێ، خۆشیان لێ دێ و ئەگەر بە هۆی کردەوەخراپەکانیان دەکەونە چۆرتمێکەوە، هەر دەزانن پێنەزان بن.

49) لەو ئاسمانانەو زەمینە فەرمانڕەوا هەرخودایەو چی بخوازێ دروس دەکا؛ بەیەکێ کچ دەبەخشێت و بەیەکێ کوڕ؛ ئیتر بەمەیلی خۆیەتی.

50) یان جڤیکی کوڕو کچانیان دەداتێ و مەیلی لێ بێ، هێندێکانیش نەزۆک دەکا. هەر خۆی زانایەو توانایە.

51) هەرگیز خودا هیچ کەسێکی لەڕوبەڕو، نەدواندوە. یان فەرمانی لەڕای دڵیەوە ناردووە، یان لەپشت پەردەوە بووە، یان قاسیدێکی ناردوەو ئیزنی داوە چی دەخوازێ بەدڵی ڕابگەیێنێ. هەر ئەو جێ بەرزو کارزانە.

52) هەر بەم جۆرەش، ئێمە لە فەرمانی خۆمان، گیانێکمان ناردە لای دڵت. تۆ دەپێشدا نەتدەزانی کتێب کامەو بڕوا چییە؟ بەڵام ئێمە ئەوەمان کردە مەشخەڵێک کە عەبدانمان – ئەوانەی خۆمان بخوازین – بەوە دەخەینە سەرڕێگا. تۆش لەڕاستەڕێ، ڕێبەری.

53) ڕێگە بەرەو ئەو خودایە، هەرچی لەعاسمانەکان و هەرچی لەزەمینیشدایە، هەر بۆئەوە. باش بزانن! هەموکارێک هەر بۆ لای ئەو دەچێتەوە.