39- زومەر

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 13 دقیقه  963 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەم کتێبە لە خوای خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە و هاتۆتە خوار.

2) مە ئەم کتێبەمان بە ڕاستی بۆ تۆ نارد. سا تۆ هەر خوا بپەرستە و بە دڵپاکی هەر لەسەر دینەکەی ئەو بە.

3) تۆ بزانە دینی پاکژ هەر هی خوایە و ئەو کەسانەی کە بە جێ ئە و گەورەگەلێکیان بۆ خۆیان دیوەتەوە، ئێژن: ئێمە هەر بۆیە دەیانپەرستین، لە خوا نزیکمان کەنەوە. خودا بە \و دووبەرەکایەتییە ڕادەگا، کە لە ناو ئەواندا هەیە. دیارە خودا مرۆی درۆزنی سپڵە، بەرەو خۆی شارەزا ناکا.

4) ئەگەر خودا بیویستایە فرزەندێ بۆ خۆ پەیدا کا، لەو خەڵکەی دروستیان دەکا بە مەیلی خۆی هەڵی دەبژارد. پاکی و بێ عەیبی بۆ ئەوە. هەر ئەوە خوای تاک و تەنیای زاڵ بەسەر هەموو شتێکا.

5) عاسمانەکان و زەمینی بە ڕاست ئەو وەدی هێناوە و شەوێ دەڕۆژێ دەپێچێ و ڕۆژ دەشەوێ؛ خۆر و هەیڤیشی کەوی کرد؛ هەرکامی تا کاتی دیاردە دێن و دەچن. باش بزانن! بە دەستەڵات و خەتاپۆش هەر خۆیەتی.

6) ئێوەی هەر لە تاقە کەسێک هێنایەدی و ژنەکەشی هەر لە ماکی ئەو دروس کرد. هەشت وڵفیشی لە پاتاڵ بۆ وەدی هێنان. ئێوەش ئاوا دروس دەکا، کە لە زگی دایکانوودا – جار لە دوو جار – لە سێ قۆناغی تاریکدا، هەڵگێڕ وەرگێڕتان پێ دەکا. ئەوە خودای پەروەرێنتان؛ فەرمان هەر لە دەستی ئەودا و لە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. جا کەوایە بەرەو کوێتان وەردەگێڕن؟

7) ئەگەر بە چاکە نازانن، خوا لە ئێوە بێ نیازە و بە پێ نەزانی عەبدانی ڕازی نابێ. ئەگەر چاکە و دەچاودا بێ، لێو ڕازیە. کەسیش باری گرانی کەس وەستۆ ناگرێ. لەمەولاوە هەموو لاتان بۆ لای پەروەرندەی خۆتان دەهێنێتەوە و پێتان ئێژێ چیتان دەکرد. لە نهێنی ناودڵانیش ئاگادارە.

8) ئەم مرۆیە کە تەنگانێکی دەگاتێ، ڕوو هەر لە خودا دەکات و لەبەری دەپاڕێتەوە. هەرکاتێکیش لە خۆیەوڕا بەهرەیەکی بە ئەو گەیاند، لە بیر دەکا کە دەپێشدا لە بەری پاڕاوەتەوە و شەریکانێک بۆ خودا دەدۆزێتەوە، تا خەڵکی پێ گومڕا کا. بێژە: بەو سپڵەییەتەوە، کەمێکی تریش ڕابوێرە؛ بێ گومانە تۆ لە یارانی ئاگری.

9) ئاخۆ ئەمە وەل کەسێکا کە شەوگاران ڕوو بە خودا ڕاوەستاوە و سوژدە دەبا و بەرفەرمانە و لە ڕۆژی سەڵا دەترسێ و هیوای وایە بەر بەزەیی پەروەرندەی خۆی بکەوێ، وەکوو یەکە؟ بێژە: ئاخۆ زانا و نەزان بەرانبەرن؟ هەر ئەوانەی بە دڵ زیندوون، دەتوانن بیر بکەنەوە.

10) بێژە: ئەی عەبدەکانی من! ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان! لە پەروەرندەو بترسن؛ بۆ ئەوانەی لە ژیانی ئەم دنیایەدا چاکەیان کرد، چاکە هەیە و زەمینی خودا فڕەهە. بێ گومانە ئەو کەسانەی خۆڕاگرن، بە تەواوی و بە بێ حیساب پاداشی خۆیان وەردەگرن.

11) بێژە: من پێم سپێراوە هەر یەک خودا بپەرستم و بە پاکژی هەر لەسەر دینەکەی ئەو بم.

12) فەرمانیشم پێدراوە کە یەکەمین موسوڵمان بم.

13) بێژە: ئەگەر لە فەرمانی پەروەرندەی خۆم دەربچم، لە جەزرەبەی ڕۆژێکی گەورە دەترسم.

14) بێژە: هەر خوداپەرستم و بە پاکژی لەسەر دینەکەی ئەو دەبم.

15) ئەوسا ئێوەش – غەیرەز خودا- چیتان پەرست، بە ئارەزووی خۆتان بکەن. ئەتۆ بێژە: هەر ئەوانە زیانبارن کە لە ڕۆژی قیامەتێدا، خۆشیان و کەس و کاریشیان دەدۆڕێنن؛ دیارە ئەمە زیانێکی ئاشکرایە.

16) توێ لەسەر توێ کڵپەی ئاگر- وێنەی چەتر- لەسەر ئەماندا وێستاوە؛ لە ژێریشیان هەر بەم تەرزە. خودا بەمە عەبدانی خۆی دەترسێنێ. ئەی عەبدانم! لێم بترسن.

17) ئەو کەسانەی لە پەرستنی بتەکان تەکیونەوە و، بەرەو خودا گەڕاونەوە، خۆشی لەوان. سا تۆش بە عەبدەکانی من مژدە بدە.

18) ئەو کەسانەی گوێ ل ەقسان ڕادەدێرن و بە شوێن چاکتریاندا دەچن، ئەوان خودا ڕێی بەرەو خۆی نیشان داون؛ ئەوانە خاوەن ئاوەزن.

19) ئاخۆ کەسێ ئازاری بۆ بڕیار درا، تۆ دەتوانی – کەسێ لە ناو ئاگردا بێ – ڕزگاری کەی؟

20) بەڵام ئەوی مەترسی پەروەرندەیان لە دڵدایە، وان لە ناو چەند ئۆدەیەکدا، چین لەسەر چین ساز کراون، جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ئەمە بەڵێنی خودایە؛ خودا هەر بەڵێنێ بیدا، لێی پەشیمان نابێتەوە.

21) ئەدی نەتدی، خودا لەو بڵنداییەوە ئاو دەنێرێ و لە زەمیندا لە سەرچاوەکانەوە ڕەوانی دەکا و کشت وکاڵی هەمەڕەنگەی پێ دەڕوێنێ و پاش ماوەیەک زەرد و وشک هەڵدەگەڕێ و ئەوسا دەیکاتە پووش و پار؟ ئەوانەی خاوەن ئاوەزن، دیارە لەمە پەند وەردەگرن.

22) ئاخۆ کەسێ خودا دڵی بۆ ئیسلام گوشاد کردووە و دیارە بەر تیشکی بەزەیی پەروەرندەی خۆی کەوتووە، کەی دەبێ وەک ئەوانە بێ کە دڵڕەقن؟ هاوارە بۆ ئەو کەسانە دڵڕەقن لە یادی خودا؛ کە ئەمانە بە ئاشکرا ڕێگەی خۆیان گوم کردووە.

23) خوا چاکترین قسەی هەناردۆتە خوارێ: کتێبێ کە] قسەکانی لە جوانییا [وەکوو یەکن و هەر دووپاتەش دەکرێنەوە. ئەو کەسانەی ترسی پەروەرندەی خۆیان لە دڵدایە، لە بیستنی مچورکیان بە لەشێدا دێ و پاشان دڵ و کەلەخیان- بەیادی خودا- ئۆقرە دەگرێ. ئەمە ڕێنوێنی خوایە. کێ پێ خۆش بێ، بەرەو خۆی شارەزای دەکا؛ هەر کەسیش خوا گومڕای بکا، کەسی تر شارەزای ناکا.

24) ئاخۆ کەسێ ناچار دەبێ سزای بەژانی پەسڵانێ، بە چارەی خۆی لە خۆ لادا، دەبێ چۆن بێ؟ بە ناهەقانیش دەوترێ: دەبچێژن سزای کردەوەکەی خۆتان!

25) پێشینەکانی ئەمانیش بڕوایان بە خوا نەهێنا؛ لە شوێنێکەوە ئازاریان بۆ داباری کە هەر هەستیشیان پێ نەکرد.

26) خودا دەردی سووکایەتی لەم دنیادا پێ چەشاندن؛ گەر بزانن، دیارە ئازاری ئەو دنیا مەزن ترە.

27) وائێمە لەم قورئانەدا بۆ ئەم خەڵکە هەموو جۆرە نەزیلەمان هێنایەوە؛ شایەت پەندی لێ وەرگرن.

28) قورئانێکە بە عارەبێ و خێچ وخواری تێدا نییە؛ بەشکوو لە خودا بترسن.

29) خوا دوو مرۆ بە نموونە دێنێتەوە: یەک خولامی چەند کەسی دژ بە یەکترە، ئەوی تریان خولامی تاقە کەسێکە؛ ئاخۆ ئەم دووانە وەک یەکن؟ سوپاس بۆ خواس. بەڵام زۆربەیان نەزانن.

30) تۆش دەمری و ئەوانیش دەمرن.

31) پاشان لە ڕۆژی قیامەتا کێشەی ئێوە دێتەوە لای پەروەرندەو.

32) سا کێ لەوە ناهەقترە درۆ بۆ خوا هەڵببەستێ و ئەم ڕاستەی کە بۆی هاتووە، نەی سەلمێنێ؟ ئاخۆ بۆ خودانەناسان لە دۆژەهدا جێگە نییە؟

33) ئەو کەسەی ڕاستەکەی هێنا و ڕاستی سەلماند، ئەوانە لە خوا دەترسن.

34) هەرچی خۆیان ئارەزوو کەن، پەروەرێنیان دەیان داتێ؛ پاداشی هەموو کارچاکان هەروا دەبێ.

35) هەتا خودا خراترین کارێ کەوا کردوویانە ببەخشێت و باشتر لەوەی کاری چاکیان پێک هێناوە، پاداشی خۆیان بداتێ.

36) تۆ بەوانەی غەیرەز خودان، دەترسێنن؛ مەگەر هەر خودا بەس نییە کە ئاگای لە عەبدی خۆی بێ؟ هەر کەسێکی خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، کەس ناتوانێ ڕێبەری بێ.

37) هەر کەسێکیش خودا شارەزای کردبێ، کەس ناتوانێ لە ڕێگەی خودا کلی کا. بۆچ نازانن خودا خاوەن دەستەڵات و تۆڵەسێنە؟

38) ئەگەر تۆ لەوانە پرسی: کێ ئەم عاسمانانە و هەردەی وەدی هێنا؟ بێگومان هەر ئێژن: خودا. بێژە: ئێوە ئەو شتانەی- غەیرەز خودا – دەی پەرستن، چۆن دەبینن؟ ئەگەر خودا گەرەکی بێ، تووشی بەڵایەکم بکا، ئاخۆ ئەوان بەڵای لە سەر من لا دەبەن؟ یان ئەگەر خوا بەر بەزەیی خۆیم بخا، ئەوان پێش لەو بەزە دەگرن؟ بێژە: من هەر خودام بەسە و خۆسپێران، خۆیان هەر بە ئەو دەسپێرن.

39) بێژە: گەلۆ! ئێوە کاری خۆتان بکەن، منیش وا کاری خۆم دەکەم؛ ئا بەم زووانەش تێ دەگەن:

40) کێیە تووشی ئازاری ئابڕووبەرە دێ و جەزرەبەی لە بنە نەهاتووی بەسەردا دێ.

41) ئێمەین کە ئەم کتێبەمان بە ڕاستەکی بۆ تۆ ڕەوانە کردووە؛ کە مەردم لە سۆنگەی ئەوا شارەزا بن. هەر کەسێکی شارەزا بێ، قازانجی هەر بە خۆی دەگا و هەر کەسێکیش لە ڕێ لا دا، دژی خۆی جووڵاوەتەوە و؛ تۆ بریکاری ئەوان نی.

42) ئەوانەی کە دێنە مردن، ئەوانەش کە دەخەوڕا چوون و نەمردوون، خودایە گیانیان ڕادەگرێ؛ ئەوی دیکەش تا وەختێکی دیاری کراو دێڵێتەوە. لەمەدا زۆر نیشانە هەن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.

43) ئاخۆ غەیرەز خودا تکاکارگەلێکیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە؟ بێژە: گەرچی نە هیچ شتێکیان بەدەستە و نە تێش دەگەن؟

44) بێژە: تکا – سەرلەبەر – هەر بۆ خودایە؛ عاسمانەکان و زەمینیش هەر سەر بەون. لە ئاکامدا هەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە.

45) هەرگا ناوی خودای یەکتا بە یاد بکرێ، ئەو کەسانەی باوەڕیان بەو دنیا نییە، دڵیان بەو ناوە دەشێوێ؛ ئەگەر باسی غەیرەز خودایان لا دەڵێن، وەکەیف دێن.

46) تۆبێژە: ئەی خودای مەزن! ئەی داهێنەری عاسمانەکان و زەمین! زانا بە نەدیار و دیاران! تۆی بە کاری عەبدانی خۆت ڕادەگەی و ئەو کێشەی لە ناویاندا بوو، کۆتای دەکەی.

47) ئەو کەسانەی پیشەیان ناهەقی بووە، ئەگەر هەرچی لەم سەرزەمینەدا هەیە و هێندەی تریش هی ئەوان بێ، ئەیکەنە بارتەقای خۆیان، لە جەزرەبەی خراپی ڕۆژی سەڵایە ڕزگاریان کا؛ ئەوسا شتێکی وەهایان – لەخوداوە – دێتە بەرچاو، کە هەر بیریشیان بۆی نەچووە.

48) ئەمەشیان بۆ ئاشکرا بوو کە چەند خراپەیان دەکرد؛ ئەو شتانەی ئەوان گاڵتەیان پێ دەکرد، دەوری گرتوون.

49) سا هەر وەختێ مرۆ تووشی بەڵایەک دێ، لە بەرمان دەپاڕێتەوە؛ پاشان ئەگەر بەهرەیەکمان پێ گەیاندن، ئێژن: هونەری خۆمانە. هیچ نازانن ئەمە ئەزموونە بۆ ئەوان؛ بەڵام دیارە زۆربەیان لە نەزانانن.

50) ئەوانەی پێش ئەوانیش بوون هەر ئەو قسەگەلیانە کرد؛ بەڵام هەرچی ئەوان کردیان، هیچ بەهرەیەکی بۆ نەدان.

51) ئەوسا سزای کاری خراپی خۆیان دی. ئەو کەسانەش کە لە ناو ئەم مەردمەدا غەدر دەکەن، پاداشی خراپەی خۆیان دەدرێتەوە و ناتوانن خۆ ڕزگار بکەن.

52) چۆن هێشتا نەیانزانیوە کە بژیو بەدەست خودایە؛ بە هێندێکان زۆر دەدا و بە هێندێکان کەم؟ زۆر نیشانە لەمەدا هەن بۆ گەلێ کە بڕوای هەبێ.

53) بێژە: ئەی عەبدەکانی من! ئەی ئەوانەی کە بە لادان لە ئەندازە، ناهەقی و لەخۆ کردووە! نابێ ئێوە لە بەزەیی خوا ناهومێد بن، چونکە لە هەموو گوناهێک چاودەپۆشێ؛ ئەو لێبوردە و دلۆڤانە.

54) وەگەڕێنە لای پەروەرندەی خۆتان و خۆتان هەر بەوی بسپێرن، بەر لەوە ئازارتان بۆ بێ و کەسیش دەهاناتان نەیە.

55) بکەونە شوێن ئەو دەستوورەی پەروەرندەو بۆتانی نارد و لە هەموو شت باشترە؛ بەرلەوە ئازارتان بۆبێ - ل ەنەکاوێک – کە هەر هەستیشی پێ ناکەن.

56) نەکا ئەوسا کەسێ بڵێ: ئەی مخابن، من لە فەرمانبەری خودا درێغیم کرد؛ ڕەگەڵ گەپ پێ دەران کەوتم.

57) یان ببێژێ: ئەگەر خودا بەرەوخۆی ڕێی نیشان دابام، منیش لە پارێزگاران بووم.

58) یان وەختێ کە ئازار دەبینێ، ببێژێ: بریا بگەڕابامەوە و بچوومایە ڕێزی ئاکارچاکانەوە.

59) خۆ گەلێک لە نیشانانی منت بۆ هات؛ باوەڕیت پێیان نەهات و لە خۆبەزل زانینی خۆت، چوویە ڕێزی پێ نەزانان.

60) ڕۆژی قیامەت تۆ دەبینی ئەو کەسانەی درۆیان بۆ خوا هەڵ دەبەست، ڕوویان ڕەشە. ئاخۆ بۆ خۆبەزل زانان شوێنێک لە دۆژەهدا نییە؟

61) ئەو کەسانەی خۆیان پاراست – لەبەر ئەوە بە ڕێگەی ڕزگاریدا چوون – خودا خۆی ڕزگاریان دەکا؛ نە تووشی ناخۆشی دەبن، نە خەم دەخۆن.

62) هەرچی هەیە هەموو دەسکاری خودایە و ئاگای لە هەموو شت هەیە.

63) کلیل گەلی ئاسمانەکان و زەمینێ بەدەست ئەوە. هەر ئەوانە زیانبارن کە لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد.

64) بێژە: ئاخۆ ئێوە لە منتان گەرەکە غەیرەز خودا شتێکی تر بپەرستم؟ ئەی نەزانان.

65) ئێمە بە تۆ و بەوانەش کە بەرلە تۆ بوون، ڕامان گەیاند؛ هەر کەسی تر بپەرستی، بێ گومانە کارەکەت لێ پووچەڵ دەبێ و لە ڕێزەی زیانبارانی.

66) تەنها خودا بپەرستە و دەگەڵ شوکربژێران بە.

67) خودایان – وەکوو پێویستە – نەناسیوە. ڕۆژی سەڵا زەمین هەموو وا لە ناو مشتی ئەودایە و ئاسمانانیش بە دەستی ئەو پێچرانەوە. خودا پاک و بەرزترە لەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی.

68) دەکەڵەشاخ دەمێندرا، ئەوسا هەرکێ لە عاسمانان و زەمینن، بێ هۆش دەبن؛ مەگین کەسێ خوا حەز بکا. جارێ تر فووی پێدا کرا، کەچی لەپڕ هەموویان ڕاستەوە دەبن و بە چاوی خۆیان دەیبینن.

69) ئەم زەمینەش بە تیشکی پەروەرێنی خۆی ڕووناکایی تێ دەگەڕێ و کتێبی خوا دێتە گۆڕ و پێغەمبەر و ئاگاداران دێنەبەرێ و چۆن ڕاستە، بە کاری هەمووان ڕادەگەن و غەدر لە هیچ کەس ناکرێ.

70) هەر کەسێ هەرچی کردووە – بە تەواوی – پاداشی پێ دەگاتەوە. خودا هەر خۆی لە هەموو کردەوەکانیان ئاگادارە.

71) ئەو کەسانەی حاشایان لە خوا کردووە، بۆ جەهەندەم بە کۆمەڵ ڕەپێچەک دەدرێن. هەر کە لێی نزیک بوونەوە، دەرگاکانیان بۆ ڤەدەکەن؛ گزیرەکانی جەهەندەم پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە پێغەمبەرتان – لە خۆتان – بۆ نەهاتبوو، نیشانانی پەروەرێنتان بۆ وەخوێنن و ترسی تووشبوونی ئەمڕۆتان وەبەربێنن؟ ئێژن: بەڵێ، بەڵام بەڵێنی ئازاردان بۆ ئێمە کە خوانەناس بووین، جێی خۆیەتی.

72) ئێژن: لە دەرگای جەهەندەم بچنەژوورێ و تا هەتا هەر لەوێدا بن؛ جێگەی ئەوانەی بە فیزن، چەند خراپە!

73) ئەو کەسانەش کە هەر لە پەروەرندەیان ترسیان بووە، دەستەدەستە بەرەو بەهەشت بەڕێ دەکرێن و دەرگایان بۆ دەکرێنەوە و کاربەدەستانی بەهەشتێ پێیان ئێژن: دروود لەنگۆ، بەخێرهاتن، بچنەژوورێ و هەروهەر، هەر لەوێدا بن.

74) ئێژن: شوکرانە بۆ خودا، کە بەڵێنێ بەئێمەی دا، وەڕاست گەڕا و ئەو زەمینەی دا بە ئێمە و لەو بەهەشتا، کوێ ئارەزوو کەین لێی دەبین. ئەو پاداشەی دراوە بە خەباتکاران چەندە باشە!

75) فرشتەکانیش دەبینی، لە دەوری تەخت خول دەخۆن و پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆیان دەدەن. هەرچۆن ڕاستە، وا بە ناویان ڕاگەیشتوون و ئێژن: سوپاس بۆ پەروەرندەی گش جیهان.