5- مائیدە

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 32 دقیقه  1866 مشاهده

وە ناو خوا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەر بەڵێنێکی کە دەیدەن، پێکی بێنن. خواردنی گۆشتی وڵساتوو بۆ ڕەوایە، مەگین ئەوەی کە پێتان ئێژن دەریاوێن. هەتا لە وەختی ئیحرامدان، ڕاوێ بە ڕەوا مەزانن. خودا چۆنی خۆی بییەوێ فەرمان دەدا.

2) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو ڕێوشوێنەی خودا بۆ ئێوەی داناوە، کلا مەبن. شەڕ لە حەرامەمانگاندا ڕەوا نییە. هەر ئاژەڵێ ناوی قوربانی لە سەرە، یان قەڵادەی لە ملدا، دەستی بۆ مەبەن. ئەو کەسانەش ئازار مەدەن کە بەتەمان لە ماڵی خوا ڕۆزی و ڕەزای خوا دەس بخەن. هەرگا لە ئیحرام دەرکەوتن، ڕاوکردنوو بۆ ڕەوایە. ڕکی کۆنیش هەڵتان نەنێ، کە نەیانهێشت بە زیارەتی کابەی ماڵی خودا بگەن. لە سەر چاکە و پارێزگاری یارمەتی یەکتری بدەن؛ نەک لە سەر تاوان و غەدر. ئەشێ لە خودا بترسن، چونکە خودا نافەرمانان زۆر بە توندی تەمێ دەکا.

3) لەسەرتان حەرام کراوە مردار و خوێن و گۆشتی بەراز و هەر ئاژەڵێ کە لە وەختی سەرژێ کردندا ناوی غەیرەز خوای لێ بێنن و خەندقاو و بەلێدانێ تۆپێنراو و هەڵدێراو و بە شەقۆن تێهەڵدراو و هەرچی لاور دڕیویەتی، مەگین بەر لە گیان دەرچوونی فریای کەون و هەرچی لە سەر کێلەکە بەرداندا دادەنرێ و سەرژێ دەکرێ و هەرچی لە سەر قوماری تیر دابەش دەکرێ؛ کە هەرچی ئەمانە بکا، نافەرمانی خودا دەکا. ئەوا ئەمڕۆ ئەوانەی خودا ناناسن لە زیان گەیاندن بە دینەکەی ئێوە، ناهومێد بووگن؛ لە خۆم بترسن نەک لە وان. وا لەمڕۆوە دینەکەتانم تەواو کرد و بە بێ کورتی و کەمایەسی چاکەم دەربارەی ئێوە کرد؛ ئیسلامیشم بۆ دینی ئێوە هەڵبژارد. کێش لە برسان چاری نەبێ و نەیەوێ تووشی گوناح بێ، ئەوسا خودا خەتاپۆشە و دلۆڤانە.

4) لێت دەپرسن: کامەیە ڕەوایە بۆیان؟ بێژە: هەر شتێ کە پاکە و هەر نچیرێ کە جانەوری ڕاوکەرتان - کە فێری ڕاوتان کردبێ وەک لە خوداوە فێری بوون - بۆتان بگرن؛ لە گۆشتەکەیان بخۆن و ناوی خودای لە سەر بێنن و ترستان لە خودا هەبێ. خودا بە پەلە بە کاروباران ڕادەگا.

5) وا لەمڕۆڕا هەموو شتێکی خاوێنتان بۆ ڕەوایە ئەو شتانەش کە وا ئەهلی کتێب دەیخۆن پێو ڕەوایە. هەروەک خواردەمەنی ئێوەش بۆ ئەهلی کتێب ڕەوایە. ژنانی خاوەن باوەڕ و ئازاد و داوێنپاکیشتان بۆ ڕەوایە و ئەو ژنە داوێنپاکانەش کە بەرلە ئێوە کتێبیان پێدراوە؛ بەو مەرجە کە مارەییەکانیان بدەنێ. خۆشتان دەبێ داوێن پاک بن نە داوێن پیس. دۆستی مێوینەشتان لە ژێرەوە نەبێ هەرکەش لە باوەڕی هێنان حاشا بکا، کردەوەی بە فێڕۆ چووە و ڕۆژی سەڵاش یەکێکە لە زیانباران.

6) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر دێنە سەر ئەو بڕیارەی نوێژ بکەن، دەموچاو و دەستەکان و هەتا سەر ئانیشکان بشۆن؛ دەستوو بە تەڕی بماڵن بەسەرتاندا و پاکانیشتان تا هەر دوو گوێزینگ بشۆرن. ئەگەر تووشی لەشپیسی بوون، خۆتان خاوێن بکەنەوە. ئەگەر نەخۆش یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ دێتەوە یان دەگەڵ ژنان وێک کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، بە تۆزی پاکی سەرزەوی دەم و چاو و دەستەکانی خۆو بهەنوون. خوا نایهەوێ بتانخاتە تەنگانەوە؛ بەڵام گەرەکیە خاوێنتان بکاتەوە و بە تەواوی چاکەتان دەربارە بکا؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن.

7) ئەو چاکەیە لە بیر مەکەن کە خوا دەربارەی کردوون و ئەو پەیمانەتان لە بیر بێ کە دەگەڵ خواتان بەستووە و گوتووتانە: بیستمان و بەر فەرمانین. ترسیشتان هەر لە خودا بێ؛ دیارە خودا هەرچی بە ناو دڵیشوودا بێ دەیزانێ.

8) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆ خوا ڕاست و بێ خەش بن و بە هەقانەت شایەتی دەن. دوژمنی و قینی دەستەیێک هەڵتان نەنێ بە هەقانەت ڕەفتار نەکەن. بە یەکسانی و بێ جیاوازی لەگەڵ خەڵکا ڕەفتار کردن دەبێتە هۆی پتر نزیکەوە بوون بە پارێزگاری. لە خواش ترسوو هەبێ چونکوو لە هەر کارێ ئێوە دەیکەن ئاگادارە.

9) ئەو کەسانەی باوەڕدار و ئاکارچاکن، خودا بەڵێنی پێداون کە لە گوناهیان دەبوورێ و پاداشێکی زۆر گرینگیان پێ دەبەخشێ.

10) ئەوانەش کە بوونە خودانەناس و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، گشتیان هەواڵی ئاگرن.

11) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو چاکەیە و لە بیر نەچێ کەخودا دەربارەی کردن، کە ئەو جارە کۆمەڵێک لە دوژمنانوو گەرەکیان بوو دەسدرێژیتان بۆ بکەن، خودا وای کرد کە ئەوان دەستیان نەوگاتێ. سا هەر لە خودا ترسوو هەبێ و ئەشێ هەر کەس باوەڕی بە خودا هەیە، خۆی هەر بە خودا بسپێرێ.

12) خودا دەگەڵ بەرەی ئیسڕائیل پەیمانی بەست. هەر لە خۆیان دوازدە کەسمان بۆ کوێخایەتی هەڵبژارد و خوا گوتی: بە ڕاستی من دەگەڵ ئێوەم. ئەگەر ئێوە لە سەر نوێژ و زەکات دان هەمیشە سوور بن، بە پێغەمبەرەکانیشم باوەڕتان بێ و قەدریان لای ئێوە هەبێ و ماڵی خۆتان بە دەستەواو بدەن بە خوا، ئەوا منیش کارە نالەبارەکانتان پاک و خاوێن دەکەمەوە و دەتانبەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. هەر کەسیشتان لەمەولا ڕێ خوانەناسی بگرێتە بەر [با بزانێ] کە لە ڕاستەڕێ لای داوە.

13) ئەوسا لە بەر پەیمان بەرپێدانیان، وەبەر نفرینی خۆمان خستن و ئەوەندەمان دڵڕەش کردن، قسەکانی ناوەرۆکی پەیمانیان لە جێی خۆ نەهێشت؛ خۆیان شتیان لە جێ دانا و زۆر لەوانەی کە فێری ئەوان کرابوو، لە بیرە خۆیان بردەوە. هەتا ئێستاش - وەک دەبینی - خەیانەتکاریان هەر هەیە؛ مەگین کەمێک لە ناویاندا. سا تۆ چاویان لێ بپۆشە و بیانبەخشە. خوا چاکەکاری خۆش دەوێن.

14) پەیمانمان لەو کەسانەش ساند کە گوتیان: ئێمە مەسیحین. لەو بڕیارەی کە دەگەڵ ئەوانمان دابوو، خۆیان لە چەند بەشێکی بووارد. ئیتر ئێمەش کارێکمان کرد، شەڕ و ئاژاوە لە ناویان بەردەوام بێ هەتا قیامەت؛ لە جەزای ئەو کردەوانەی ئەوان کردیان. بەم زووانەش خودا ئاگاداریان دەکا لەو کارانەی وا دەیانکرد.

15) ئەی ئەهلی کتێب! بزانن کە ئەوەی هاتۆتە لاتان پێغەمبەرێکی ئێمەیە؛ زۆر لەو مەبەست و باس و خواسەی کە ئێوە لە کتێبی خۆ حاشاروو دا، ئەو بۆتانی دەردەخات و لێتانی ئاشکرا دەکا و لە زۆرانیشی واز دێنێ. لە لای خواوە ڕووناکی و کتێبێکی دیاری دەرتان بۆ هاتووە.

16) بەو قورعانە، خوا ئەوانەی شوێنی ڕەزای ئەو دەکەون، دەخاتە سەر ڕێ هێمنی و بە ئیزنی خۆی لە تاریکی دەریان دەخا و بەرەو ڕووناکییان دەبا و ڕێگەی ڕاستیان نیشان دەدا.

17) ئەو کەسانەی گوتوویانە: هەر خودا خۆی مەسیحی کوڕی مەریەمە، دیارە لە دین وەرگەڕاون. بێژە: ئەر خوا مەیلی لێ با مەسیح و دایکی مەسیح و هەرچی لە زەمیندا هەیە لە ناو بەرێ، کێ دەستی وەبەر دەهێنا؟ موڵکایەتی ئەم عاسمانان و زەمینە سەر بە خوایە و چی پێ خۆش بێ وەدی دێنێ و هەر خودایە لە سەر هەموو شت توانایە.

18) جوولەکەکان و فەلەکان گوتیان: ئێمە عەولاد و دۆستانی خوداین. بێژە: ئەدی چۆن لە سەر گوناهتان ئازارتان دەدا؟ نەخێر، ئێوەش هەر مرۆن، وەکوو خەڵکی دی کە خودا دروستی کردوون. هەر کەسێ خۆی کەیفی لێ بێ، لێی دەبوورێ و کێش بخوازێ جەزرەبەی بۆ قەرار دەدا و هەر بۆ خوایە موڵکایەتی ئەم ئاسمانانە و زەمینە و هەرچی لە ناویاندا هەیە و گەڕانەوەی هەمووش هەر بەرەو لای ئەوە.

19) ئەی ئەهلی کتێب! پاش ماوەیەک کە پێغەمبەران نەهاتوون، ئەوا پێغەمبەری ئێمەو هاتۆتە لا، ناهەقتان بۆ ڕوون کاتەوە. نەکا بێژن: لە خوداوە موژدەدەر و ترسێنەرمان بۆ نەهاتوون؛ دەسا ئەوا موژدەدەر و ترسێنەرتان هاتۆتە لا و خوا بۆ هەموو شت توانایە.

20) ئەو دەمانەش کە مووسا بە هۆزی خۆی گوت: گەلۆ! دەبێ هەرگیز ئێوە ئەو چاکەیەی لە بیر نەکەن کە خودا دەربارەی کردوون، کە ئەو هەموو پێغەمبەرەی هەر لە ناو خۆتان بۆ ناردوون، چەندین پادشای لە خۆتان پەیدا کردووە و ئەو شتەی بە ئێوەی داوە، بەهیچ کەسی لەم دنیایە نەداوە.

21) گەلۆ! بچنە ئەو سەرزەمینە پیرۆزەی خوا بۆ ئێوەی بڕیار داوە و بۆو نووسراوە و بەرەو پاش مەگەڕێنەوە. گەر لە پەیمان خۆ ببوێرن، بە زیانتان تەواو دەبێ.

22) گوتیان: مووسا! گرۆیەکی زۆردار و ملهوڕ لەوێدان. تا ئەوانەی لێ دەرنەچن، ئێمە ناچینە ناویەوە. ئەگەر ئەوان لەو شوێنانە بچنە دەرێ، ئەوساکە دەچینە ناوی.

23) دوو پیاو لەوانە وا لە خوا دەترسان و بەر چاکەی خودا کەوتبوون، پێیان گوتن: لە دەروازەی شار بچنە ژوورەوە و هێرشیان بۆ بەرن؛ هەرگا پاتان خستە ئەو دیو، سەرکەوتن بەشی ئێوەیە. ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا هەیە، خۆتان بە خودا بسپێرن.

24) گوتیان: مووسا! هەتا ئەوان لەو شوێنە بن، ئێمە هەرگیز زات ناکەین بچینە ئەوێ. ئەوا خۆت و پەروەرندەت بچن دەگژیان ڕابچن و چاریان بکەن؛ ئەوا ئێمە لێرە نیشتووین چاوەنۆڕین.

25) مووسا گوتی: پەروەرندەم! تۆ دەزانی کە من دەستم هەر بە سەر خۆم و برایەکەمدا ڕادەگا [و ئەوانە بەقسەی من ناکەن] سا تۆ من و ئەو هۆزە نافەرمانە [ی من] لە یەکتری جیاکەوە.

26) گوتی: ئەوا ماوەی چل ساڵ بەشیان لەم وڵاتە بڕا و لە زەمیندا وێلان وسەرگەردان دەبن. بۆ ئەم هۆزە نافەرمان و لە ڕێ دەرچووگە خەم مەخۆ.

27) هەروەها تۆ دەنگ و باسی ڕاستی ڕووداوی نێوانی هەر دووک کوڕانی ئادەمیان بۆ وەخوێنە؛ هەرکام قوربانییەکیان کرد، لە یەکێکیان قبووڵ کرا و لەوی تریان وەرنەگیرا [ئەوی کە لێی وەرنەگیرا، هەڕەشەی لەوەکەی تر کرد] گوتی: من دەبێ بت کوژم. گوتی: خودا هەر لەو کەسەی قبووڵ دەکا کە ترسی لە خودا هەیە.

28) گوتی: ئەگەر تۆش دەستم بۆ دڕێژ بکەی کە بمکوژی، من دەستەوەکەری ناکەم تۆ بکوژم. من لە خودا - کە ڕاهێنەری دنیایە - ترسم هەیە.

29) من دەمەوێ تاوانی کوشتنی من و تاوانی خۆت بێتە ملت؛ ئەوسا تۆ دەچییە دۆزەق و تاوانی ناهەق ئەمەیە.

30) ئیتر دڵی هەڵینا کە براکەی خۆی بکوژێ. کوشتی و کەوتە ناو ڕێزەی زیانبارەکان.

31) خوا قەلەڕەشەیەکی نارد، خەریک بوو زەوی دەکۆڵی بۆ ئەمەی پێی نیشان بدا کە چۆن جەندەکی براکەی لە خاکا بشارێتەوە. گوتی: ئەی لە خۆم نەگبەتێ! چۆن نەمزانی وەک قاڵاو بجووڵێمەوە و لاشەی برای خۆم وەشێرم. [بەم کردەوەی] هاتە ڕێزەی پەشیمانان.

32) هۆی ئەم کارە فەرمانێکمان بۆ سەر بەرەی ئیسڕائیل نارد، کە هەر کەسێ بێ تاوانێکی بکوژێ - کە نە گوناهی کردبێ و نە خراپەی لە زەویندا لێ ڕوو دابێ - وەک ئەمەیە کە گش خەڵکی سەرزەوی لە ناو بردبێ و هەر کەسێکیش بێ تاوانێک ڕزگار بکا، وەک ئەمەیە کە هەموو خەڵکی سەرزەوی لە مردن ڕزگار کردووە. پەیغەمبەرانیشمان گەلێ بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان بردە لایان؛ بەڵام زۆریان - دوای ئەم گشتە - هەڵەڕۆ و سنوورپەڕێن بوون.

33) گۆڕی گیانی ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەری دەکەن، لە عەرزا دەبنە خراپکار، کوژرانە یان لە دار دانە یان بڕینی دەست و قاچە پێچەوانە، یان لە وڵات دوور خرانە؛ کە ئەم سزایە بۆ ئەوان ڕیسوا بوونە لە دنیادا و بەشیان لە رۆژی سەڵادا جەزرەبەدانی بەژانە.

34) مەگین ئەوانەی بەر لەوە گیرتان کەون، لە کار پەژیوان ببنەوە و تۆبە بکەن. ئێوەش پێویستە بزانن کە لە پاش پەژیوان بوونیان خودا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

35) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەشێ لە خوا ترسوو هەبێ و ڕێ نزیکەو بوون بە خواوە پەیدا کەن و لە ڕای ئەوا بچنە خەزا؛ بەشکە تووشی ڕزگاری بن.

36) ئەو کەسانەی خوانەناس بوون، ئەگەر هەرچی لە زەمیندا هەیە و ماڵە و هێندەی تریشی ڕەگەڵ خەن و بە هیوا بن لە جەزرەبەی ڕۆژی سەڵا ڕزگاریان کا و خۆیانی پێ بکڕنەوە، جێگە ناگرێ و بە هیچ ناچێ و ئازاری گەلێک بەژانیان هەر تووش دەبێ.

37) کۆشش دەکەن کە لە ناو ئاگر دەربچن، بەڵام هەرچی هەوڵ بدەن بێ بەهرەیە و هەرگیز ناتانن دەرکەون و ئازارێکی بێ بڕانەوەیان دەبێ.

38) هەر کەسێکی دزی بکا - نێر بێ یان مێ فەرقی نییە - لە سزای دزی کردنی دەبێ هەر دوو دەستیان ببڕن؛ کە ئەمە تەنبێ کردنە لە خواوە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

39) هەرکەش دوای ناهەقیکردن پەژیوان ببێتەوە و ڕێگای چاکە بگرێتە بەر، خودا تۆبەی قبووڵ دەکا و خوا لێبوور و دلۆڤانە.

40) ئەدی تۆ خۆت نەتزانیوە ئەم ئاسمانان و زەمینە موڵکی خودان؟ هەر کەسێ خۆی مەیلی لێ بێ لێی دەبوورێ و هەر کەسیش خۆی حەز کا ئازاری دەدا؟ خودا لە سەر هەموو شتێک توانای هەیە.

41) ئەی پێغەمبەر! خۆت بەوانە دڵتەنگ مەکە کە بۆ لە دین وەرگەڕانێ پەلەیانە و دێنە لات و بە دەم دەڵێن: بڕوامان بە تۆ هێناوە و دڵیان بڕوای نەهێناوە. هەروەها لەو جوولەکانەش خۆت تووشی خەمباری مەکە، کە گوێ بۆ درۆ هەڵدەخەن، فێر بوون قسە لە خەڵکی تر دەبیسن و دەی قۆزنەوە، کە ئەوانەش هەرگیز نەهاتوونە لای تۆ، جێ گۆڕکێ بە قسەکان دەکەن؛ دەڵێن: ئەگەر فڵان قسەیان بۆ گوتن، وەری گرن، دەنا خۆی لێ بپارێزن. هەر کەسێکیش خودا ویستی جەزرەبەی بۆ ببڕێتەوە، تۆ ناتوانی لە خودای بێ نیاز بکەی و هیچ کارێکی بۆ ڕێک بخەی. ئەمانە خودا نایەوێ دڵیان لە گوناهـ و پیسی بسڕێتەوە؛ بەشیان لە دنیا سووکییە و لە قیامەتیش جەزرەبەیان دژوار دەبێ.

42) بۆ درۆ، گوێ هەڵدەخەن و بە حەرام خواردنێ فێرن. جا ئەگەر جارێ دێنە لات، تۆ، بە نێوانیان ڕابگە یان خۆیان تێ مەگەیێنە. ئەگەر وازیشیان لێ بێنی، هیچ زیانێک لە تۆ نادەن. خۆ ئەگەر تۆ بە نێوانیشیان ڕابگەی، کێشەکەیان بێ لاگری و بە یەکسانی بۆ پێک بێنە. خودا پیاوی بێ دەغەز و ڕاست و ڕەوای خۆش گەرەکن.

43) جا چۆن ئەوانە دێنە لات کە بە کێشەیان ڕابگەی، کە لای ئەمان تەورات هەیە و فەرمانی خودا دەوێدان، کەچی پاشان لە پێ ڕاگەیشتنەکەی تۆ خۆ دەبوێرن؟ خۆ ئەوانە بڕوادار نین.

44) ئێمە کە ئەم تەوراتەمان ناردۆتە خوار، ڕووناکایی و ڕێ نیشاندانی تێدایە. هەموو ئەو پێغەمبەرانەی کە بە فەرمانی خوا بوون، هەر بە هۆی ئەم بە سەر هەموو کاروباری ئەوانەی کە مووسایی بوون ڕاگەیشتوون. خواناسانی بە ڕاستی و زانا بلیمەتەکانیان گەلێک شتیان هەر لە کتێبی خوا لە بەر بوو؛ بە تەواویش ئاگادار بوون کە ئەمە کتێبی خوایە و خودا لەوێدا پێی گوتوون: نابێ لە خەڵک بترسن؛ ئەشێ هەر ترسوو لە خۆم بێ و نەچن بەڵگە و نیشانەی من بە نرخێکی کەم بفرۆشن. هەر کەسێکی پێچەوانەی فەرمانی خوا فەرمان بدا، دژی خودا ڕاوێستاوە و لە دینی ڕاست وەرگەڕاوە.

45) لە تەوراتدا بۆ ئەوانە بڕیارماندا، کە گیانێک لە باتی گیانێک، چاو بە چاو و کەپۆ بەکەپۆ، گوێ بەگوێ و ددان لە باتی ددانە و زەخمەکانیش تۆڵەیەکیان هەس؛ کێ لە تۆڵە - بە خێری خۆی - وازبهێنێ، گوناهی پێ هەڵدەوەرێ. ئەو کەسانەی پێچەوانەی ئەو فەرمانە - کە لە خوداوە هاتووە - فەرمان بدەن، غەدرێ دەکەن و ناهەقن.

46) لە شوێن ئەوان عیسای کوڕی مریەممان نارد؛ کە باوەڕی بوو بەو تەوراتەی وا بەرلە ئەو هاتبوو. ئینجیلیشمان دا بە عیسا؛ کە ڕێ نیشاندان و ڕووناکی تێدایە و بڕوای بە تەوراتیشە کە بەر لەم هاتبووە خوارێ و بۆ ئەوانەی لە خوداترسن، پڕیەتی لە ئامۆژگاری و ڕێگەی ڕاستیان نیشان دەدا.

47) دەبێ ئەوانەی وا ئینجیلیان لە لایە، بە پێی ناوەرۆکی ئینجیل - وەک خودا ناردوویەتە خوار - فەرمان بدەن. ئەو کەسانەی لەو فەرمانانەی کە خودا ناردوویەتە خوار لا بدەن، دیارە لە ڕێ لایانداوە.

48) ئەم قورئانەشمان بە خەڵات بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە، کە هەرچی تێیدایە ڕاستە؛ بە کتێبە بەرینەکان بڕوای هەیە و چاودێریانە. ئیتر تۆ بە پێ ئەوەی خوا هەناردوویەتە خوارەوە، بە کاروباریان ڕابگە و بە لادان لەو هەقەی کە وا بۆت هاتووە، مەکەوە شوێن ئاوات و ئارەزووی ئەوان. بۆ هەر کۆمەڵێک لە ئێوە ڕێ و شوێنێکمان داناوە؛ ئەگەر خودا مەیلی لێ با، هەمووی دەکردنە یەک ئۆمەت. بەڵام ویستی خودا وابوو لەو شتانەی کە پێی داون بە تاقیتان بکاتەوە؛ دەسا ئێوەش لە کاری چاک پێکەوە کێ بەر کێ بکەن. هەموو لاتان دەگەڕێنەوە لای خودا و ئەوسا ئاگادارتان دەکا، کە لە سەر چی کێشەو لە ناو پەیدا ببوو.

49) تۆش بە پێی ئەو فەرمانانەی لە خوداوە بۆت هاتۆتە خوارەوە، بە کاروباریان ڕابگە و دوای ئارەزوویان مەکەوە. خۆتیشیان لێ بپارێزە، نەوەکا فریوت دەن و لە هێندێک لەو فەرمانانەی کە لە ئێمەوە بۆ تۆ هات، هەڵەت بکەن. ئەگەر هەر ڕوویان وەرگێڕا، سا بزانە کە خودا نیازی وایە لە بەرانبەر بازێک لە گوناهەکانیان تۆڵەیان لێ بکاتەوە، زۆربەی زۆریش لەو مەردمە لە ڕێ دەرچوون.

50) ئاخۆ ئەوان گەرەکیانە دابی زەمانی نەزانی بەر لە ئیسلام بژیەننەوە! دەیسا لە لای ئەو کەسانەی وا لە بڕوای خۆیانا هیچ شک و گومانێکیان نییە، کامە فەرمان لە فەرمانی خوا چاترە؟

51) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی ئەم مووسایی و مەسیحییانە؛ با ئەوان دۆستی یەکتر بن. هەر کەسێکیش لە ئێوە ببێتە دۆستیان، ئەویش لەوان دەژمێردرێ. ئەوانەی لە سەر ناهەقین، خودا ڕێیان نیشان نادا.

52) ئەو کەسانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە، دەبینی کە بەلەزن بۆ چوونە لایان؛ دەڵێن: ئێمە دەترسین تووشی بەڵا بین [بۆیە دۆستایەتیتان دەکەین]. هیچ دوور نییە خودا ڕۆژێ سەرتان بخا، یا خۆ کارێکی تر بکا. ئەوسا ئەوان لەو ڕازەی دەدڵیاندایە، تووشی خوسار و زیان بوون.

54) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەر کەس لە دینی خۆی پاشگەز ببێتەوە، خوا لەمەولا کۆمەڵێ وا دەخاتەڕوو، خۆشی بوێن؛ ئەوانیش خوایان خۆش بوێ و لە حاندی خاوەن باوەڕان نەرم و نیان دەبزوونەوە و لە بەرانبەر دین دوژمنان، سەربڵند و توند و تیژن؛ خەزا لە ڕای خوا دەکەن و لە تەشەری سەرکۆنەکەران ناترسن. ئەمە زێدە خەڵاتێکە لە خوداوە بە هەر کەسێ خۆی حەز بکا پێی دەبەخشێ. خوا زانایە و [لە بەخشین] زۆر دەس گوشادە.

55) دۆستی ئێوە هەر خودا و پێغەمبەریەتی و ئەو دەستەی باوەڕداران کە نوێژکەر و زەکات دەرن و بەرەو خودا لە کڕنۆشدان.

56) هەر کەسێکیش دۆستایەتی وەل خودا و پێغەمبەری خوا و ئەوانە بێ کە بوونەتە خاوەن باوەڕ، سەربە خوان و هەر گرۆیە سەربە خوا بن، سەردەکەون.

57) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە دەگەڵ ئەو کەسانەی گاڵتە بە دینتان دەکەن و لە ئەهلی کتێب حسێبن - کە پێشوو بۆیان هاتووە - و ئەو کەسانەی خوانەناسن، هەرگیز دۆستایەتی مەکەن. ئەگەر ئێوە بە ڕاستی خاوەن باوەڕن، ئەشێ لە خودا بترسن.

58) هەرگا ئێوە بۆ نوێژ کردنێ بانگ ئەدەن، ئەمانە گاڵتەی پێ دەکەن؛ چونکە ئەمان کۆمەڵێکی بێ ئاوەزن و دەهیچ ناگەن.

59) تۆ بەوانەی کە ئەهلی کتێبن بێژە: ئاخۆ هەر چونکە بڕوامان بە خوا هەیە و بڕوامان بەو قورعانەیە کە بۆ ئێمە ناردراوە و بڕوامان بەوانەش هەیە کە پێش قورئان لە خوداوە ناردراون، ئێوە ڕکتان لە ئێمەیە؟ ئێوەش خۆتان بەشی زۆرتان نافەرمانن.

60) بێژە: ئاخۆ دەتانەوەێ لەوانەو ئاگادار بکەم کە سزایان لە لای خواوە لە سزای وان خراپترە؟ کەسانێکن بەر نەحلەتی خوا کەوتن و خودا غەزەبی لێ گرتن وهێندێکیانی کردە مەیموون؛ هێندێکیانی کردە بەراز؛ کە ئەوانە عەبدایەتی بتیان دەکرد. شوێنی ئەوان لە گش جێیان خراپترە و لە هەموو لە ڕێ لادەرێک گومڕاتر بوون.

61) کاتێ دێن لاتان دەڵێن: مە باوەڕیمان هێناوە؛ کەچی ئەوان دڵ بە حاشا هاتنە ژوور و بە بێ بڕوا وەدەرکەوتن. خوداش لەو شتانەی دەیانشاردەوە ئاگادارترە.

62) زۆرێک لەوان دەبینی کە بۆ تاوان و دەستدرێژی و حەرام خۆری پێشەبڕکەی یەکتر دەدەن؛ ئاکاریان زۆر ناپەسەندە.

63) ئەدی بۆچی خواناسان و زاناکانیان، لە تاوان و حەرامخۆری هیچ دەستیان وەبەر ناهێنن؟ دەسکردیان زۆر ناپەسەندە!

64) جهو گوتیان: خودا دەستی بەستراوە. دەک دەسیان لە زەنجیر خرێ و بە نەحلەت بن، بۆ ئەوەی لە دەمیان دەرچوو. [با بزانن] دەستی خودا زۆر گوشادن؛ چۆنی خۆی ئارەزوو بکا بەخت دەکا. ئاشکرایە ئەوەی لای پەروەرێنتەوە بۆت هاتووە، لە ئەندازە لادان و خودانەناسی زۆرێک لەوانە پتر دەکا. ئێمەش ئەوا هەتا ڕۆژی هەستانەوە، ڕکەبەری و دوژمنیمان خستە ناویان. هەر کاتێ کە ئاگری شەڕیان هەڵگرساند، خودا بۆ خۆی کوژاندیەوە. تا لە هەردن، هەر بەدفەڕی پیشەیانە و دەیانەوێ خراپە بەڕێوە بەرن و خودا لە خراپەکاران خۆشی نایە.

65) ئەوانەی ئەهلی کتێبن، ئەگەر باوەڕیان هێنابا و دڵیان لە خودا ترسابا، هەر گوناهێ کردبوویان ئێمە لێمان دەسڕینەوە و دەن بردنە ناو باغاتێک پڕ لە خۆشی و بەختەوەری.

66) ئەگەر ئەوان تەورات و ئینجیل و ئەوەی لە پەروەرێنیانەوە بۆیان هاتووە، تەواو دەکاریان هێنابا، بێ سۆ لە لای سەریانەوە و لە [زەمینی] ژێر پایانڕا خواردنیان بۆ دابین دەکرا. ئەوانە کۆمەڵانێکن، هێندێکیان مامناونجین و زۆرینەیان بەدکردارن.

67) ئەی پێغەمبەر! هەر شتێکی لە لایان پەروەرندەتڕا بۆت هاتووە، ڕای گەیێنە؛ گەر وانەکەی ڕاسپێریت پێک نەهێناوە. خوا لەو خەڵکەت، کۆمەڵی خودانەناسان شارەزای ڕاستەڕێ ناکا.

68) بێژە: ئەهلی کتێب! ئەنگۆ هەتا بە پێی تەورات و ئینجیل و هەرچی لە پەروەرندەتانەوە بۆتان هاتۆتە خوارەوە، نەبزوونەوە، ئێوە لە سەر هیچ [دینێک] نین. ئاشکرایە ئەوەی لای پەروەرێنتەوە بۆت هاتووە، لە ئەندازە لادان و خودانەناسی زۆرێک لەوان، پتر دەکا. تۆ لە بەر ئەو خوانەناسانە، خەم مەخۆ.

69) ئەوانە بڕوایان هێنا و ئەوانەش بوونە جوولەکە، سوببییان و فەلەکانیش، هەرکامێکیان باوەڕی هەبێ بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، نەهیچ ترسیان لە سەر هەیە و نە خەم دەخۆن.

70) ئێمە لە بەرەی ئیسڕائیل بەڵێنمان ساند و زۆر پێغەمبەرمان بۆ ناردن. هەر کەس لەو پێغەمبەرانە پێچەوانەی دڵخوازی وان شتێکی بۆ بهێنابان، هێندێکانیان بە درۆزن حسێب دەکرد؛ هێندێکیشیان هەر بە کوشتن لە بەین دەبرد.

71) لایان وابوو ئیتر بەڵایان تووش نابێ؛ کوێر و کەڕ بوون نە دەیاندی و نە دەیانبیست. پاشان پەشیمان بوونەوە؛ خودا ئەو پەشیمانیەشی قبووڵ کردن. دیسانەوە گەلێک لەوان کوێر و کەڕ بوون خوداش ئاکاری دەدیتن.

72) ئەو کەسانەی دەڵێن: خودا خۆی مەسیح کوڕی مەریەمە، دیارە لە دین وەرگەڕاون. کەچی مەسیح گوتوویەتی: ئێوە ئەی بەرەی ئیسڕائیل! ئەو خودایەی بپەرستن کە منی پەروەردە کرد و ئێوەش ئەو پەروەراندوویە؛ هەر کەسێکی شەریک بۆ خودا پەیدا بکا، خوا بەشی لە بەهەشت دەبڕێ و جێی ئاگرە و هەر کەسێ ناهەقی بکا، هیچ کەسی دەهانا نایە.

73) ئەوانەی کە گوتیان: خودا سێهەمینە لە سێ کەسان، بێ سۆ لە دین لایانداوە. جگە لە خودای تاقانە، هیچ کەس بۆ پەرستن ناشێ. ئەگەر بێتوو دەس هەڵنەگرن لەو قسانە - ئەوانیانە کە وا لە دین لایانداوە - گرفتاری ئازارێکی بەژان دەبن.

74) بۆچ ئەوانە پەشیمانی نابەنە بەر قاپی خودا و داوای بەخشینی لێ ناکەن؟ کە خوا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

75) مەسیحی فرزەندی مەریەم لە پێغەمبەرێک بەو لاوە چی تر نییە، کە بەر لەویش فرەیەک پێغەمبەری تر هاتوون و چوون. دایکی ئەویش ژنێکی ڕاست و دروست بوو؛ هەردووکیان خۆراکیان دەخوارد. دەبڕوانە چەند نیشانەی ئاشکرایان نیشان دەدەین. دیسان تۆ لەوە ڕامێنە، چۆنین لە هەقێ لادەدرێن؟

76) بێژە: ئاخۆ غەیرەز خودا ئێوە دەچن شتانی وا دەپەرستن کە نە دەتوانێ زیانوو پێ بگەیەنێ و نە پێی دەکرێ بەهرەی بۆ ئێوە تێدابێ؟ زۆر بیسەر و فرەزاناش هەر خودایە.

77) بەو کەسانەی کە ئەهلی کتێبن، بێژە: بە ناڕەوا هەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ مەکەونە شوێنی ئارەزووی ئەوانەش کە بەر لە ئێستە گومڕا بوون و زۆرێکیشیان گومڕا کرد و خۆشیان لە ڕێی ڕاس کلا بوون.

78) ئەو دەستە لە بەرەی ئیسرائیلێ کە لە دین لایان دا، لە سەر زمانی داود و عیسای فرزەندی مەریەمڕا نەحلەت کران، چونکوو فەرمانی خوایان بەجێ نەهێنا و پیشەیان دەسدرێژی بوو.

79) لەو ڕەفتارە نالەبارە وا دەیانکرد، بەرگرییان لە یەک نەکرد. ئای کە چەند خراپەیان کرد!

80) تۆ زۆر لەوانە دەبینی دەبنە دۆستی خوانەناسان. چەن خراپە ئەو تۆشەی پێشی خۆیان خست: تۆشەی تووڕە بوونی خودا و هەر مانەوە لە ئازاردا.

81) گەر ئەوانە بە خودا و بە پێغەمبەر و هەرچی بۆ ئەو هاتۆتە خوار، بە دڵ باوەڕیان هەبایە، دۆستی ئەمانە نەدەبوون. بەڵام زۆر کەس لە ناو ئەوان بەفەرمانی خودا ناکەن.

82) بێ گومانە جووەکان و شەریک دانەران بۆ خودا، لە دوشمنی دەگەڵ بڕوادارەکانا سەرسەخت ترن. ئەو کەسانەش کە گوتیان: «ئێمە مەسێحین»، پتر بڕوادارەکانیان خۆش گەرەکە. چون بڕێکیان ڕەبەن و کەشەن و خۆبەزل نازانن.

83) هەرگا گوێ دەگرن لەوانەی کە لە خواوە بۆ پێغەمبەر ناردراون، دەیانبینی ئەسرین لە چاویان دەوەرێ و چونکە لە ڕاستییەکە دەگەن، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەوا باوەڕیمان هێنا، سا تۆش ناومان وەل شایەتاندا بنووسە.

84) ئێژن: جا چۆن باوەڕ بە خوا ناهێنین و باوەڕ بەم ڕاستیە نەکەین کە ئێستا بە ئێمە گەیشت؟ کەچی هیوامان ئەمەیە، پەروەرندەی هەموو لامان بمانخاتە ناو گرۆی پیاوچاکانەوە!

85) لە هەمبەر ئەو قسانەدا ئەوان وتیان: خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر تیا دەبن. پاداشی ئاکارباشەکان هەروا دەبێ.

86) ئەو کەسانەش کە دژ بە دین وەستانەوە و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، دیارە جەحەندەم جێیانە.

87) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو شتانەی خوا بە ئێوەی ڕەوا دیوە و پاک و باشن، خۆتانی لێ بێ بەش مەکەن؛ لە ئەندازەش پتر مەچن، خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ئەندازە دەردەچن.

88) دەسا ئێوە لەو بژیوەی خوا بۆتانی داناوە، لەوەی وا پاک و ڕەوایە، بخۆن و نۆشی گیانوو بێ؛ ترسیشوو لەو خودایە بێ کە باوەڕیتان پێ هەیە.

89) خودا بە سوێندی سەر زارەکی و دوور لە مەبەست بە گوناهبارتان دانانێ؛ بەڵام سوێندی لە ناخی دڵتانەوە بێ و نەیبەنە سەر، بە گوناهبارتان دادەنێ و دەبێ لە بارتەقای ئەودا خواردن بدەن بە دە هەژار؛ لەو خواردنەی بە ئاسایی دەیدەن بە خێزانی خۆتان. یان دەبێ جلکی دە هەژار باربوو بدەن. یان کۆلەیەک ڕزگار بکەن؛ کەسێ کە ئەمانەی نەبوو، با سێ ڕۆژان بە ڕۆژوو بێ. ئەمە قەرەبووی سوێنتانە کە بە ئانقەست خواردبێتوو. سوێندی خۆتان بپارێزن و بە جێی بێنن. ئاوا خوا نیشانەکانی خۆی بۆتان ڕوون دەکاتەوە، کە ئێوە شوکرانەی بکەن.

90) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! شەراب خۆری و قوماربازی و کێل پەرستی و گرێ و لە سەر تیران کردن، لە کارەکانی شەیتانن؛ خۆتانی لێ بپارێزن، بەشکەم تووشی ڕزگاری بن.

91) شەیتان مەبەستی ئەمەیە، بە شەراب خواردن و قومار ئاژاوەتان بخاتە ناو، لە نمێژ و یادی خودا وەتان گێڕێ. ئاخۆ ئێوە دەس لەو کارانە بەردەدەن؟

92) بەر فەرمانی خودا بن و بەر فەرمانی پێغەمبەر بن [لە سەرپێچیش] خۆ پارێزن. ئەگەر لە فەرمان دەربچن، دەبێ ئەوەندە بزانن کە پێغەمبەر جگە لە پێ ڕاگەیاندن هیچی تری لە سەر نییە.

93) بۆ ئەوانەی بوونەتە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، لەسەر ئەمەی کە لە پێشدا خواردوویانە گوناهیان نایەتە سەرێ. ئەگەر ئێستا خۆ پارێز بن و بڕوایان بە خودا هەبێ و ئاکاری چاک ڕەچاو بکەن، لە دواڕۆژیش خۆ لە گوناهـ بپارێزن و لە سەر باوەڕیان بمێنن و چاکەی بکەن، خوا چاکەکاری خۆش دەوێن.

94) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خودا دەربارەی ئەو نچیرەی کە بەدەستان یان بەنێزە ڕاوی دەکەن، بەتاقیتان دەکاتەوە؛ هەتا وەکوو بزانێ کێ بە نهێنی لێی دەترسێ. هەر کەسێکی لەو سنوورەی کە بۆتان دیاری کراوە پتر بچێ، بەشی ئازاری بەژانە.

95) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەتا ئێوە لە ئیحرامدان، نابێ هیچ نچیرێ بوگژن. کێ لە ئێوە بە ئانقەست نچیرێ بکوژێ لە ئیحرامدا، لەسەریەتی ئاژەڵێکی - کە بارتەقای ئەو نچیرەی ئەو بێتەوە و دوو مرۆی عادڵ لە خۆتان بارتەقایی بسەلمێنێ - بهێنێتە ماڵی کابە و لەوێ بیکاتە قوربانی؛ یان بارتەقای ئەو نچیرە، خواردن بدا بە هەژاران؛ یان بەرانبەر بە قەرسانی ئەو نچیرە چەند ڕۆژ دانێن بە ڕۆژوو بێ؛ هەتا سزای ئەم کردەوەی خۆی بچێژێ. خودا لە کاری ڕابردوو چاو دەپۆشێ. هەر کەسیش تێهەڵچێتەوە، خوا تۆڵەی لێ دەکاتەوە. خودا خاوەن دەستەڵات و تۆڵەسێنە.

96) ڕاو و خواردەمەنی زرێ بۆ ئێوە ڕەوا کراوە. ئێوە و ڕێبواران دەتوانن بیانکەنە بژیوی خۆتان. ڕاوی بەژیش هەتا لە ئیحرامدا دەبن، ڕێو نییە دەستی بۆ بەرن. لەو خودایە ترسوو هەبێ کە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە.

97) خودا ماڵی کابە [یانێ] «بیت الحرام» ی کردۆتە هۆی پێکهێنانی کاری خەلک؛ هەروەها حەرامەمانگ و قوربانییە بێ نیشان و قەڵادە دەملەکانیش. ئەمە [هەمووی] بۆ ئەوەیە تا بزانن هەرچی لە ناو ئاسمانەکان و زەویدان، خودا دەیزانێ و خودا لە هەموو شتێکی ئاگادارە.

98) دەبێ ئەوەندەش بزانن کە خودا لە سزاداندا توند و تیژە و هەر خوداشە کە لە گوناهان دەبوورێ و دلۆڤانە.

99) ئەرکێ لە سەر پێغەمبەرە هەر هێندەیە فەرمانی خوا ڕابگەرێنێ. خودا بۆ خۆی لەو شتانەی کە ئێوە ئاشکرای دەکەن، لەو شتانەش دەیشێرنەوە، ئاگادارە.

100) بێژە: پیس و پاک وەک یەک نین؛ با زۆرایی پیسەکەش بۆت سەر سووڕێن بێ. کە وابوو ئەی دڵ وشیاران! هەر لە خودا ترسوو هەبێ، ئەگەر بە هیوای ڕزگارین.

101) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو شتانەش پرسیار مەکەن ئەگەر بۆتان ڕوون کەنەوە، پێی تووشی دڵمەندی دەبن. ئەگەر پرسەکەو هەڵگرن بۆ ئەو کاتەی کە قورئان دێتە خوارەوە، وەرامەکەو دەدرێتەوە. خوا لەو پرسیارە نابەجێگانەی ئێوە چاوی پۆشی؛ خودا لە گوناهـ دەبوورێ و لەسەرخۆیە.

102) کەسانێک لە پێش ئێوەشدا ئەم جۆرە پرسانەیان کرد و هەر لە بەر ئەو پرسانە، لە ڕێگەی خودا لایاندا.

103) خودا سەبارەت بە «بەحیـرە» و «سائ-یبـە» و دەربارەی «حام» و «وەڵیـلە» هیچ بڕیارێکی نەداوە؛ بەڵام خودانەناسەکان - کە زۆربەیان بێ ئاوەزن - درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستن.

104) ئەگەر پێیان بگوترێ کە: بێن بەرەولای ئەوەی خودا هەناردوویەتە خوارەوە و بێن بەرەولای پێغەمبەرێ، ئێژن: ئێمە هەر ئەو ئایینەمان بەسە کە باب و باپیرەکانمان لەسەری بوون؛ کە باب و باپیرانیشیان هیچ شتێکیان نەدەزانی و ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەکرد!

105) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هۆشتان بە خۆتانەوە بێ ئەگەر ئێوە بە ڕاستی دەگەڵی خوا بن و شارەزا بن، لە ڕێ لادەر زیانوو پێ نەگەیێنن. هەموو لاشوو دێنەوە بەر قاپی خودا؛ ئەوسا ئاگاداروو دەکا کە ئاکارتان چلۆن بووە.

106) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا یەکێ لە ئێوە تووشی مەرگ دێ و دەیەوێ وەسیەتێ بکا، با لە خۆتان دوو کەس - کە جێگەی بڕوا بن - بێن و لێی ئاگادار ببن. ئەر ل ەسەفەریشدا بوون و تووشی بەڵای مەرگ هاتن، دوو کەسی تر لە وەسیەت ئاگادار بکەن. ئەگەر لەو دوو شایەتانە بە گومان بوون، هەتا دوای نوێژ ڕایان گرن و ئەوسا دەبێ سوێندێ بخۆن کە: بە خودا ئێمە دینمان بە ماڵی دنیا نافرۆشین و شایەتیەکی کە دەبێ بۆ خودا بیدەین، نامانەوێ نەیدرکێنین؛ با قازانجی ئەو ڕاستی نەدرکانەشمان بەخزمانی خۆمان بگا. ئەگەر ئێمە لە درکاندنی بە ڕاستی وەسیەتەکە - کە دەبێ بۆ خودای بێژین - خۆ ببوێرین، ئێمە پێی تاوانبار ببین.

107) ئەگەر دەرچوو کە دوو شایەتەکەی پێشوو خۆیان تاوانبار کردووە، ئەوساکە دوشایەتی تر - کە لەو دووانە نزیکتر لە مردووەکە بن - بێنە پێش و سوێندێ بخۆن کە: بە خودا ئەو شایەتی ئێمە دەیدەین، لە شایەتی دووەکانی پێشوو ڕاستترە و ئەگەر لە ڕاستی لا بدەین، ئێمە لە ناهەق کارانین.

108) ئەم شێوەیە بۆ باش دەرکەوتنی ڕاستی نزیکترە؛ کە شایەتەکان دەترسن بەسوێندی ئەوانی دیکە، ئەو سوێندەی کە خواردوویانە بەسەریاندا بدرێتەوە و لێیان هەڵوەشێنێتەوە. ئەشێ لە خوا ترسوو هەبێ و چی دەیبیسن بیگرنە گوێ. خودا لە فەرمان خۆ بوێران شارەزای ڕاستەڕێ ناکا.

109) ڕۆژێ کە خوا گش پێغەمبەرەکانی خۆی کۆوە دەکا و ئێژێ: بێژن چۆنتان بە دەنگەوە هاتن؟ ئێژن: ئێمە هیچ ئاگاداریمان نییە، هەر تۆ لە هەموو نەدیاران ئاگاداری.

110) [ئەو دەمەشتان با لە بیر بێ کە] خوا گوتی: ئەی عیسای فرزەندی مەریەم! وەبیر خۆتی بێنەوە چەندەم چاکە دەربارەی خۆت و دایکت کرد؟ من گیانی هەرە پیرۆزم ناردە یاریت، لە سەر بێشکە و بەگەورەییش دەت توانی خەڵک بدوێنی. من لە لایەنی خۆمەوە فێری کتێب و کارزانی و تەوڕات و ئینجیلم کردی. ئەوساکەشت هەر لە بیربێ کە لە حەڕی بە ئیزنی من شێوەی مەلێکت چێ کرد و فووت تێکرد و بە ئیزنی من بوو بە باڵدارێک و دەفڕی. دیسان هەر بە ئیزنی من بوو تۆ کوێرەکانی زگماگ و نەخۆشینی بەڵەکیت خۆش دەکردەوە و بە ئیزنی من مردووشت زیندوو کردەوە. ئەو دەمانەش کە پاش ئەو هەموو نیشانە ئاشکرایەی کە پێم دابووی، هاتییە ناو بەرەی ئیسڕائیل، نەمهێشت زیانت لێبدەن. ئەو کەسانەی کە بڕوایان پێت نەهێنا، دەیانگوت: ئەو نیشانانە هەموو جادووی ئاشکرانوو هیچی تر نین.

111) ئەو کاتەش من - هەر بە هیمای تایبەتی خۆم - حەوارییەکانم تێگەیاند: دەبێ بڕواو بە من هەبێ و بە پێغەمبەرەکەی منیش باوەڕ بکەن. گوتیان: خوایە! تۆ شایەت بە کە بڕوامان پێ هێنای و هەر ملکەچی فەرمانی تۆین.

112) کاتێ حەوارییەکان گوتیان: ئەی عیسای فرزەندی مەریەم! ئەرێ پەروەرندەکەی تۆ لە دەستی دێ خوانێکمان لە حەواوە بۆ بنێرێ؟ گوتی: ئەگەر باوەڕیتان بە خوا هەیە لێ بترسن.

113) گوتیان: ئێمە گەرەکمانە لە خوانی ئاوا بخۆین و دڵنیا بین و باوەڕ کەین کە هەرچی پێت گوتین ڕاستە؛ ئێمەش بێینە پاڵ ئەوانەی کە شایەتی بۆ تۆ دەدەن.

114) عیسای کوڕی مەریەم گوتی: ئەی خودای پەروەرندەمان! لەو حەوایەوە تۆ خوانێکمان بۆ بەڕێ کە، کە بۆ هەوەڵ و دواییمان جێژنەیەک بێ و نیشانەیەک بێ لە تۆڕا و لە رۆزی بێ بەشمان مەکە. تۆ چاکترین ڕۆزی دەری.

115) خودا گوتی: من بۆ ئێوەی بە ڕێ دەکەم؛ هەر کەس دوایە لە ئێوە حاشایە بکا، جەزرەبەیەکی وای دەدەم کە تا ئێستا لە ناو خەڵکی دنیایەدا هیچ کەسێکم ئاوا جەزرەبە نەدابێ.

116) ئەو کاتەش کە خودا گوتی: ئەرێ عیسای کوڕی مەریەم! تۆ گوتووتە بەو مەردمە - غەیرەز خودا - دەبێ ئێوە من و دایکم وەک دوو خودا بپەرستن؟ گوتی: پاکی بێ عەیبی هەر شیاوی تۆیە، من ڕێم ناکەوێ هیچ شتێ بێجگە لە ڕاستی ببێژم. ئەگەر ئەو قسەم بکردبا خۆت دەتزانی. هەرچییەکیشم بە ناخی دڵدا ببوورێ، تۆ دەیزانی؛ تەنیا منم کە دەربارەت هیچ نازانم؛ هەر تۆ لە هەموو نەدیاران ئاگاداری.

117) تۆ چۆنت فەرمان بە من دا، منیش هەر ئەوەم ڕاگەیاند. گوتم: خودا بپەرستن کە ئەمنیش و ئێوەشی پەروەراندووە. هەتا لە ناو ئەوانیش بووم، ئاگادار و چاوەنۆڕی باوەڕیان بووم؛ لەوساشەوە کە منت بۆ خۆت بردەوە، بۆ خۆت هەر ئاگاداریان بووی. دیاریشە خۆت لە هەموو شت ئاگاداری.

118) گەر بتەوێ ئازاریان دەی، عەبدی خۆتن؛ گەر بشتەوێ لێیان خۆش بێ، خۆت دەزانی و هەر بۆ خۆتی کە دەستەڵاتت بە دەستە و لەکارزانی.

119) خودا گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکە ڕاستەکان ڕاستیەکەیان بەهرەیان پێ دەگەیێنێ. ئەوان باغاتێکیان دەبێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر لەوێ دەبن.

120) عاسمانەکان و زەمین و هەرچی لە ناویاندا هەیە - گش لە گش - موڵکی خودایە و هەر خودایە لە سەر هەموو شت توانایە.