کچی خەیاڵ

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  943 مشاهده
گیانە: کچەکەی خەیاڵی
جگەرگۆشەی خۆشەویستیم
ئازیز! تریفەی ساماڵی
مانگی تەنیا جوانپەرستیم
بووکی ناو کەژاوەی نیازی،
بەهاری خۆزگەی مرادم
جێنزرگەی ڕاز و خوازی
داستانی عومری فەرهادم.
نەغمەی ڕەوانی بەستەکەی
جوانی ئافرەت و دڵداری
تەلی تاری هەڵبەستەکەی
ئاوازی منی غەمباری
هاودەمی شەوی تەنیاییی
ئەم دڵە وێڵ و سەرسامەم
ڕابەری ڕێگەی ئاواییی
ئەم ژینە پەست و ناکامەم.
هۆگری وێردی زمانی
بە حەزی وەخت و ناوەختم
پرشنگی ئاسۆی بەیانی
هەڵهاتووی باوەشی بەختم.
گۆرانیی عومری شیرینی
بە خرۆشی «بیست ساڵانەم»!
لایلایەی وڕک و گرینی
دڵی نەختێ مناڵانەم
نەشئەی پڕ لە جۆشی گیانی
تینووی عەزرەتی ئارەزووم
گەشەی بەهاری ژیانی
ڕۆژانی ئێستە و ڕابوردووم.