شەقامی کچان

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  1220 مشاهده
چاوی برسیم لە شەقامی بەغدای کچانا
هەموو ڕۆژێ ڕێبوارێکە وا لە سووتانا
هەتا ئەژنۆ شل ئەبێت و تا هیلاک ئەبم
منی تەنیا، منی بێ کچ، هەر دێم و دەچم.
شەقام هەمووی، ئەم بەر و ئەوبەر، لەسەر تا خواری
بەردەم کۆگای، ناو پێشانگای وردەبازاڕی
هەر کچانە و، هەر جوانییە و هەر بۆنی خۆشە
هەر لەززەتی چاو و گیانە و بە تەمەن نۆشە
چاوی برسیی هاروهاجی تەماشا کردن
گلاراوی تێ ئەکەوێ بۆ پڕ پیا کردن.
هەتا ئەژنۆ شل ئەبێت و تا هیلاک ئەبم
منی تەنیا، منی بێ کچ، هەر دێم و دەچم.
تاوێ ویقار لە ڕۆشتنی وردا ئەنوێنم
تاوێ شەرم و تاوێ سەر لە خۆم ئەشێوێنم
تاوێکی تر بە تەماشای بیانووی موغازە
ڕائەوەستم ڕوو لەو کچەی کە ڕاستیی نیازە
هەر هەنگاوێ، هەر ئاوڕێ مایەی خەفەتێ
هەر بینینی شۆخێکی جوان بۆ من عەزرەتێ
هەر بۆنێکی عەتری قژی، هەر چرپەی دەنگێ
هەر نازێکی کچی چواردە و زڕەی بازنگێ
هەر ترپەی پێ گوێ لێ بوونێ، هەر پێکەنینێ
هەر سەرنجێ لە سواربوون و لە دابەزینێ
هەر چوونە سەر پێپلیکەیەک بۆ قاتێکی تر
هەر قاچ لەسەر قاچ دانانێ، هەر پوزێکی پڕ
هەر بینی کراسێکی ژوور ئەژنۆی ناسک
هەر ڕانێکی گۆشتنی ناو تەنوورەی تەسک
هەر مەمکێکی گرد و قوتی بە کیسە سەغڵەت
هەر پشتێکی نیوە ڕووتی شۆخی کەڵەگەت.
هەر گۆی مەمکێ کە ماچ ئەکا شیفۆنێکی کاڵ
یان جاروبار لەرەی دێت و ئەبینرێ بەحاڵ
هەر بینینی دەست بردنێ بۆ قژ ڕێکخستن
یان نازێکی تووڕەبوونی لێو هەڵقورتاندن
هەر بینینی ڕەوتێکی گورج، لەشێکی جرپن
هەر بینینی پێستێکی ئاڵ، کوڵمێکی خرپن
هەر بینینی پشتی ڕانێ، کە وا شنەی با
لەرێکەوتا کراسەکەی لەسەر لا ئەبا.
یان بینینی درزی مەمکێ، کە وا بەئەنقەست
تۆزێ زیاتر دەرخراوە و دایناپۆشێ دەست
بینینی هەر بەر سکێکی لە جلا چەسپاو
یان لاسکی کیسەی مەمکی لەشان داخزاو!
یان ئەو شلکەی ڕانە نەرمەی سەرنجی خێرا
بەدی ئەکا لەناو «تاکسی» و جێی سەرەوژێرا
یان ئەو چرچەی کە دامێنی دوای کورتی کراس
تێی ئەکەوێ و زیاد هەڵئەچێ لە شوێن دەسی قارس
یان ئەو قژەی بەتەرتیبی تازە داهێنراو
ڕۆژێ خاوە و ڕۆژێ لوول و جار جار پەشۆکاو
یان ئەو گوڵەی لە مابێنی درزی مەمکدا،
دانراوە و، چاو، چاوشارکێی لەگەڵدا ئەکا
یان پشتێنی بە کەمەری باریک، تۆزێ شل
یان قەراغی ژێرکراسی درێژتر لەجل
یان بینینی ئەو برژانگەی لەپاش چاوڕشتن
لەناو ڕیزا یەک یەک دیارن لە چاو ڕەشترن.
یان بینینی ملوانکەیەک کە موورووی دوایی
شۆڕە و ماچی مەمک ئەکا زۆر بەئەسپایی.
یان بینینی جوانی بەردەم ئاوێنەی کۆگا
کە بۆ تاوێ سەرنج ئەدا و لە خۆی تێناگا.
یان بینینی ئەو نازدارەی لەپڕ ئەوەستێ،
تا گۆرەویی شلی هەڵکا و لە ڕان بیبەستێ.
بینینی هەر زنجیرێکی خوارووی لای کەمەر
کەوا لەبەر، پەلە، نیوەی نەبراوەتە سەر
دەریئەخا ئەو ئەتەکەی کە ئۆقرەی لاوی
ئەخاتە ناو خەیاڵێکی پەرژین ئاگراوی
یان بینینی ئەو لا مەمکەی کە چۆڵیی بنباڵ
دەریئەخا بۆ سەرنجی هەوەسی خەیاڵ.
یان بینینی ئەو ئەڵقەیەی شۆخی ئێسکسووک
دەریئەخا تا بزانیت ئەو بووە بە بووک.
یان بینیی تیلەی چاوێ بەپارێز ڕوانین
یان بینینی لێوێکی قوت، تەڕ بۆ هەڵمژین.
یان بینینی دوگمەیەکی سەر سنگ ترازاو
کە لێبوردن داوا ئەکا لە مەمکی تۆراو.
یان بینینی موستیلەیەک یاقووتەکەی سوور
لە پەنجەدا پرشنگ ئەدا بۆ لاوێکی دوور.
یان بینینی ئەو ڕەفتەیەی لە ڕەنگی جلە
قژ ئەبەستێ و گوڵی گرێی تا شان و ملە.
بە تەلەفون، قسەی بێدەنگ، قاقای ئەو جوانە
کە نایبیسی لەبەر شووشەی کۆگای جامخانە
یان بینینی تێکەڵبوونی پلوپێی ڕۆیشتن
لەو کاتەدا کە خێرایە بۆ زوو گەیشتن.
یان گوارەیەک تۆزێ شۆڕە و کە لە ئاوڕدا
خۆی هەڵئەسوێ لە لاجانگ و سەر لە کوڵم ئەدا.
ئەمانە گشت هەموو وەکوو ئاگر و پووشوو
گڕی لاوی بەر ئەدەنە ئارەزووی تینوو
لە تەوقی سەر هەتاوەکوو کەڵەموستی پێ
هەر موچڕک و تەزووی حەزە تیا یەت و ئەچێ.
هەتا ئەژنۆ شل ئەبێت و تا هیلاک ئەبم
منی تەنیا، منی بێ کچ، هەر دێم و دەچم
چاوی برسیم لە شەقامی بەغدای کچانا
هەموو ڕۆژێ ڕێبوارێکە وا لە سووتانا.