کوردە دەخیلە دەستم بە دامان
چای خواردن
از کتاب:
دیوانی مەزڵووم
اثر:
مظلوم (1916-1955)
2 دقیقه
618 مشاهده
کوردە دەخیلە دەستم بە دامان
سەماوەرە زەرد بهێنە مەیدان
ئاگری تیکە با بێتە خرۆش
بە وێنەی دڵی عاشق بێتە جۆش
زیڕەی سەماوەر بە گوێ ببیسم
بە ئیزنی خوا لە دەرد ناترسم
نەخۆشی ڕاستە بە دەس خوایە
چایش وەک مەولود دەفعی بەڵایە
قۆریەی ڕووسی، پیاڵەی ژاپانی
شەکری بەلجیکا، چایی سیلانی
هەمووی حازر کە لە دیوە خانت
با شادمان بێ ئەهلی دیوانت
بۆ ئەهلی مەجلیس تێکە پەیا پەی
بە یادی دەوران «کە یا نانی کەی»
ئەگەر خوداوەند ماڵی داوێتێ
پارەو حەیوان و حاڵی داوێتێ
بۆ تۆ چا خواردن ئەخلاقی پاکە
نور لەسەر نورە وەک ئیحسان چاکە
خوای گەورە بۆخۆی بۆی کردووین بەیان
ئەموال و ئەولاد زینەتی دونیان
مادام وەهایە وەک زەخیرەی ماڵ
شەکرو چای ئەوێ هەرکەس بە پێی حاڵ
برا ئەزانی شەکرو چا باوە
ئاوماڵت ئەیخوا لەملاو لەولاوە
ئەگەر میوانێ ڕووی کردە ماڵت
شەکرو چات نەبێ گوی سەگ بە حاڵت
مەڵێ قەدیمی زەمانی پێشوو
لە ماڵی شێخ و ئاغا چا نەبوو
یاخود لە باو و باپیرم پرسی
شەکر و چا ئەسڵەن نەبووە باسی
مەڵێ من نایخۆم نایە بە ماڵما
سیرەتی بابە بۆ من بەجێما
منیش کاکە گیان تەسدیقی ئەکەم
باوو باپیرت چای نەکردە دەم
کەی لە زەمانی ئەوان برا گیان
ڕێگای تیجارەت بووە وەک ئەلئان
بۆی بێنە پێشێ ئەنواعی تەعام
بۆت نەکرد چایی ناگری ئارام
کێ دێ ئوتوموبیل بە فەردەو بەبار
شەکرو چا بێنێ لەم شار بۆ ئەو شار
کەی بیستویانە بە شەمەندەفەر
بێتە شارەکان ئەنواعی شەکەر
پاپۆڕیان کەی دی تیجارەت بکا
بە ناو بەحرا بێ بازاڕت پڕ کا
سەنعەتی قەدیم کەی ئاوا بووە
سەروەتی ئێستا کەی ئەوسا بووە
کاکە سەروەتی زەمانی پێشوو
دەوڵەتی ماڵێ: بزنێ یا دوو بوو
ئەگە خۆ ماڵێ جووتێ گای بوایە
ئەوە مەزن بوو چونکە فەلایە
ئێستا کام کەس ئەڵێی فەقیرە
ساحێب سەروەت و تەخت و سەریرە
هەموو ساحێبی پارەو مەعاشن
خاوەنی دەزگا و دیوانی باشن
هەرکەس بە نەوعێ کەسابەت ئەکا
لەگەڵ سەڵتەنەت شەکرو چا ئەخوا
خەڵقی قەدیمی کەی لە مەیدانە
«ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە»
مەزڵوومتخلص ئەگەر تۆ وەکوو ئەوان بی
نامەی ڕەزیلی بۆ خۆت ئەنووسی