خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب

از کتاب:
دیوانی مەزڵووم
اثر:
مظلوم (1916-1955)
 1 دقیقه  506 مشاهده
خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب
جەرگم لەتلەت بوو وەک گۆشتی قەساب
درا لە شیش و برژا بە ئاگر
بۆ مەزەی شەراب ئەول و ئاخر
سەبرو تاقەتم لە دڵا نەما
پردی تەحەممول لە سەد لا پسا
لە ڕووی سەر زەمین فیعلی ناشیرین
ئەمەندەم دیوە نایەتە نووسین
عەرەقخۆر دائیم پیاڵەی مەی بەدەست
بێ پەروا ئەیخوارد ڕووسیای بەدبەخت
ناترسێ لە ڕۆژ دیوانی مەحشەر
قەت خۆفی خوای نایەتە نەزەر
قەشمەری بە نوێژ، گاڵتە بە ڕۆژوو
ئیستیهزا بە حەج، زەکات و مەولوو
عەرەق خواردنی ئەمەند لا جوانە
قاپێکی بە دەس، دووی لە گیرفانە
بۆ خۆی زەرەرو بەڵا ئەسێنێ
هەر بە دەستی خۆی دین ئەدۆڕێنێ
لە حاڵی مردن گەلێ بێحاڵن
تاڵبی هەواو نەفس و خەیاڵن
خوایە تۆ خۆت فعلیان ئەبینی
غەزەبت بۆچی بە جۆش نایەنی
لە دونیا لە من عاسیتر نییە
باسی خەڵق ئەکەم خۆم لەبیر نییە
مەزڵوومتخلص گوناهی خۆم ئەکەم ئیقرار
تەڵەبی عەفوو ئەکەم لە سەتار