ئەی کوڕەکاژاو بەرزی هەوادار

از کتاب:
دیوانی مەزڵووم
اثر:
مظلوم (1916-1955)
 3 دقیقه  900 مشاهده
ئەی کوڕەکاژاو، بەرزی هەوادار
ساحێب نەزارەت بۆ دەشت و کۆسار
سەربەرزو بڵند گشت شاخەکانی
سایەی سەری گشت قەومی کوردانی
بە سەربەرزیی تۆ و چیای بێستون
سەربەرزن قەندیل هەم پیرەمەگرون
دەماوەند دائیم سەنا خوانتە
عاشقی قەدو باڵای جوانتە
بەردت هەمتایە لەگەڵ گەوهەردا
غوبارت تەعنەی لە سەد جەوهەر دا
ئێستا کە بۆچی مات و شێواوی؟
بۆچی حەزین و زەرد هەڵگەڕاوی؟
بۆچی ئەمەندە مات و غەمباری؟
بۆچی ڕەنگ زەردی، بۆ لێو بە باری؟
کوا شنەی پاڵی بەڕەزای پاڵت!
کوا خێمەی گوڵ و گوڵاڵەی ئاڵت!
کوا پۆل و دەستەی تازە جوانانت!
کوا شەرقی و نەشید سەراو ئەیوانت!
کوا خوڕەی بەفراو فەسڵی بەهارت!
کوا دەستە دەستەی مەحبوبەو یارت!
کوا سروەی نەسیم بەری بەیانت!
کوا نەغمەی بولبول دەوری گوڵانت!
من داوا ئەکەم کۆهی بە سامان
حاڵ و ئەحواڵی خۆت بکە بەیان
جوابی دامەوە هەر وەکوو بولبول
وتی: چی ئەڵێم بیگرە بە دڵ
من شاخی مەشهوور کوڕەکاژاوم
لە ئاستی دوژمن لارە کڵاوم
من جێگای مەرد و پاڵەوانانم
هەم بێشەی گورد و شێری ژیانم
فەسڵی بەهاران بە خێمەی گوڵان
ئەڕازامەوە هەر وەکوو ڕێزوان
چەند چەشمەی ئاوی سازگارم بوو
چەند باغ و باخچەی پڕ لە کارم بوو
وەختێ گوڵزاری خۆم ئەدی بە چەم
سەد تەعنەم ئەدا لە باغی ئیرەم
پۆلی نازداران نازک نەو خاڵان
ڕوومەت پەڕەی گوڵ قامەت شمشاڵان
بە عیشوەو نازو لەنجەو لارەوە
بە چاوی مەستی پڕ خومارەوە
ئەهاتن بۆ لام بە عەزمی سەیران
ئەمن جەننەت بووم، ئەوانیش غیلمان
چەند زاتی مەشهوور قەدیمی ڕۆژگار
ئەهاتن بۆ لام بە عەزمی شکار
ڕۆژێ لە ڕۆژان نیگام کرد بۆ دوور
دیم گەردەلوولێ لە ڕووی شارەزوور
دنیا سەراسەر بووە بە زوڵمات
ئەهالی غەمگین حەزین و دڵ مات
پرسیم لە کەسێ بە کوردی زوبان
ئەم غەوغا چییە، بۆم بکە بەیان
دنیا سەراسەر بۆ لە گرینە؟
بۆچی مەخلوقات دڵ پڕ برینە؟
لەم خاکە پاکە چییە قەوماوە
دووربێ فیتنەیە، کەوتە دنیاوە؟
جوابی دامەوە بە دڵی پڕجۆش
بە گریەو زاری بە شین و خرۆش
حاڵ و ئەحواڵی بۆ کردم بەیان
ئەسڵی مەسئەلەی لا کردم عەیان
وەقتێ کە بیستم ڕۆژی ڕەشی کورد
هاتمە جەنبوش، هەتا شەقم برد
کردم بە سەرما خاکی بێشمار
یەخەی خۆم دڕی لە سەرتابەخوار
باغ و باغچەی گوڵ کەوتنە خەزان
ناڵەی بولبولان گەیشت بە ئاسمان
ئەمەندە گریام کێشام بە سەردا
وەک باوک مردە بانگم لێ بەردا
یاخوا دەردی وا خوا نەیدا بە کەس
وەکوو دای بە کورد مەزڵوومتخلصی بێکەس