سێ هەڵبەستی تینوو

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1233 مشاهده
١
شەوگار تاڵە، دەروون پەستە
ئەستێرەکان کز و زەردن
خەم لای ژیان خۆشەویستە
شیعرم کەوتە ئەشکڕشتن.
***
پاییز لە گیانا میوانە
بەهار گەڵای سەوزی وەریی
داری یادم ئەرخەوانە
بۆیە ئەمشەو بەکوڵ ئەگریی.
***
ئەستێرەیەک سووک چرپانی
بە گوێی دڵی کاس و وڕدا
وتی: چیتە پەرێشانی؟
وا گیان ئەکەی بە ناو گڕدا؟
***
بە نووزەیەک وەرامەکەی
پچڕ، پچڕ، هاتە دەرێ
وتی: دیار نییە نامەکەی
دەنگی خۆشی ناگاتە گوێ.
٢
وتیان: نێرگز بەم چلەیە؟
وتم: نامەی یارم پێیە
وتیان: شەماڵ بەم قرچەیە؟
وتم: بزەی ئەو کچەیە.
وتیان: خونچە بەم خەزانە؟
وتم: سەرچاوە هەر گیانە.
لێیان پرسیم: ئەندازەی دڵ
بۆ ئەو چەندە خۆشەویستی؟
وتم: ئایا پەپوولە و گوڵ
قەت ئەمەیان لە یەک پرسی؟!
***
لێیان پرسیم: شیعرەکانی
باخی ئەمساڵت ڕەنگینە.
وتم: چونکە چاوەکانی
مانگەشەوی بەر نووسینە.
٣
هەمووی تەنها وشەیەکە
ئەژی لەناو ناخی گیانا
بەڵام شنەی گەشەیەکە
باوەش ئەکا بە ژیانا.
***
پیتەکانی شەشی وردن
شەپۆلن بۆ شیعری تازەم
یان شەش تەلی خۆشی کردن
بۆ مۆسیقای پڕ ئاوازەم.
***
شەش جگەرگۆشەی ئازیزن
شەش مناڵی ئێسکسووکن
لەناو باخچەیەکا ڕیزن
لەسەر زمان خۆش و سووکن.
لەگەڵیانا ئەژیم، ئەڕۆم
پێئەکەنن، خەم ئەخۆن بۆم!
بەبێ ئەوان، نووسین لاڵە
پەخشان، چێژی تفت و تاڵە
بەبێ ئەوان، ئەم دیوانەم
بەرهەمێکی کرچ و کاڵە!