دیاریی ئەم جارە

بۆ «ن»ی خۆشەویست
از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  1766 مشاهده
لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەم
چی بێ دیاریی سەردانەوەم؟!
بۆ ئەم جارە
بۆ نەورۆزی ئەم بەهارە
چی پەسەندی یادگارە؟!
چی بۆ بەرم؟
بۆ ئەو یارە
زۆر نازدارە؟!
پاش گەیشتن
چی بێ دیاریی پێشکەشکردن؟
چی بێ گوڵی دڵ و دەستم
بۆ تاقانەی خۆشەویستم؟!
***
کوڕ و کچی جووت دەزگیران
دەستیان لەناو دەستی یەکا
گوڵی خۆشەویستیی ژیان
ئەکەن بە بەرۆکی یەکا.
سەرچاوەی دڵ بەختیارن
بۆ ئاواتی بەیەکگەیشتن
دڵخومارن
ئاوی باخی گیان ئەدێرن
ئەم بۆ بووکی، ئەو زاوایی
دیاریی یەکتر هەڵئەبژێرن.
***
لە شەقامی ڕازاوەدا
چاوی دوو دڵ، سەرنج ئەدا
ورد ئەگەڕێ
تا دیاریی یار هەڵبژێرێ.
کۆگا جوانە
هۆڵی خاوێن، فراوانە
بابەتی ئەتەکێتی تازە
جێگەی نازە
بەشی زۆری بۆ کچانە
بۆ کوڕی دوور لە دڵخوازە
بۆ دڵداری وەک من غەریب
بانگکەرێکی دەم بە ڕازە
***
ئەم کۆگایە
جێی سەر پەڕی لەبەر چاوە
ناوی «بووکی» لە خۆی ناوە.
با بزانم دیاریی بووکی
ئێسکسووکی
منی تیایە
ئەم کۆگایە؟
لە بۆفییەی شووشەبەنگا
لەناو تاقی ڕەنگاوڕەنگا
لە ڕووی جامخانەی قەشەنگا
دیاریی جوانە و خۆ دەرئەخەن
بەتایبەتی بانگم ئەکەن!.
***
ئەو ملوانکەیە پێم ئەڵێ:
بۆ گەردنی گەلێ جوانم
زۆر دەمێکە، من پەسەندی
دەست و دڵی دڵدارانم
ئەم سەفەرە
بۆ یارەکەت من هەڵگرە
من نیانم!
من قەدری گەردنی بەرزی
چاک ئەزانم.
ئەو موستیلەیەش بانگ ئەکا
وەرە بۆ لام
بۆ تۆ تەنها منم مەرام
بۆ پەنجەی جوان و ناسکی
یارانی تر هەر من لوام
لەپێش چاوی جوانی ئەبم
هاودەمێکی گیانی ئەبم
تۆ دڵدارێکی هەژاری
نرخم هەرزانە، بمکڕە.
من هەڵگرە!.
***
ئەو گوڵئەستێرەی سەرسنگە
لە دوورەوە چاو دائەگرێ
ئەڵێ: چیت کرد کات درەنگە
خاوەنەکەم هەڵمئەگرێ
دەستم بەرێ.
لە من جوانتر ئەبێ کێ بێ؟
بەس بگەڕێ
بۆ شوێنێکم، جێ نزرگەی
گشت دڵدارە
ناونیشانم، شوێن و جێگەی
لەوانی تر، زۆرتر دیارە.
***
دڵ پێی وتن:
گرانە لام پەسەندکردن
ئێوە شایەن بە یارم نین
بە دڵخوازی، نازدارم نین
ئەبێ چی بێ لە دنیادا
بۆ جوانی ئەو بێتە کڕین
کام شت نرخی زۆر گرانە
بۆ خۆشەویستیم هەرزانە.
***
لەسەر ڕێگەی، گەڕانەوەم
جانتا، ئامادەی سەفەرم
چی بێ دیاریی سەردانەوەم؟
چی بۆ بەرم؟
بۆ ئەم جارە
چی پەسەندی یادگارە؟
بۆ ئەم جارە:
ئەم هەڵبەستە
پێشکەش بێ بەو خۆشەویستە!.