پیاوێکی ڕەزیل ماڵی خۆ نەخۆر

ماڵی خۆ نەخۆر بۆ چەکمە بۆر
از کتاب:
دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
اثر:
شیخ محمد حلمی (1909-1985)
 5 دقیقه  1091 مشاهده
پیاوێکی ڕەزیل ماڵی خۆ نەخۆر
پیس و ناشیرین ئاوڵاوی و شڕ و مۆر
دەوڵەمەندیش بوو هەر وەکوو قاروون
ناشیرینیش بوو بە وێنەی مەیموون
ڕۆژێ لە ڕۆژان ژنی نەخۆش کەوت
لەژێر جێگەدا وەک تەراح لێی کەوت
هاواری ئەکرد بۆ سی و جگەرێ
ئەیویست لای قەساب مێردی بۆی بکڕێ
مێردەکەی هەڵسا چووە لای قەساب
چووە دووکانێ بە پرسیار و جواب
بۆ سی و جگەرێ ماڵمان نەخۆشە
گەلێ هیلاکە زۆر بۆی پەرۆشە
قەساب زۆر داما وتی بەخێر بێی
سی و جگەر نەما بۆ وا درەنگ دێی
ئەمە چەند ساڵە من تۆم نەدیوە
چلۆن بوو هاتی پەتت پچڕیوە
بە پارە هێشتا هیچت نەکڕیوە
وەها ئەزانم هەر خەوت دیوە
هەر سی و جگەرێ بە چوار قەرانە
خوا هەڵناگرێ گەلێ گرانە
بچۆرە کەرکووک لەوێ هەرزانە
لای قەساب باشی بە دوو قەرانە
کاغەز ئەنووسم بڕۆ بۆی بەرە
ئەمە زۆر باشە بێ دەردی سەرە
کابرا ئەم قسەی گەلێ پێ خۆش بوو
ڕووناکی تێ کەوت ڕوومەتی سوور بوو
بە پەلە هەڵسا چوو بۆ ماڵەوە
چاوی هەڵبڕی ژن لە پاڵەوە
وتی کوا جگەر کوانێ بۆە هێنام
پیاوەکەی وتی هەی کەری نەفام
ئەچم بۆ کەرکووک لەوێ هەرزانە
هەر سی و جگەرێ بە دوو قەرانە
بێنە چەند پیازێ لەگەڵ دوو سێ نان
بۆ توێشووی ڕێگا نەمرم لە برسان
هەڵسا بە پەلە کەوشی کردە پێ
هەر بە چالاکی ڕاست بووە لە جێ
ڕێگای کەرکووکی وەها گرتە بەر
گوێی شۆڕ کرد ڕۆیی بە وێنەی ماکەر
بە مودەی سێ ڕۆژ گەیشتە ئەوێ
دەمی ئێوارە نزیکی شەوێ
بە هەر چۆنێ بوو چووە لای قەساب
کاغەزی دایە بێ سوئال و جواب
لە دوای خوێندنەوە نایە سەر چاوی
وتی ئەی ڕێبوار بۆ وا شێواوی
یاخوا بەخێر بێی بە سەر چاوانم
منیش حازر ئەم و فەرمانم
بردییە ماڵەوە بۆ بەڕێز کردن
ئێوارە نانیان بۆ حازر کردن
ئەو شتو مایەوە لە ماڵی قەساب
وتی ئەی میوان هیچ مەگرە عەتاب
سی و جگەر لێرە گەر بێ گرانە
هەر سی و جگەرێ بە دوو قەرانە
لە بەر قەسابی کاکی سلێمانی
ئەمن حازرم بۆ هەر فەرمانی
ئەمە یەک قەران لەگەڵ توێشووی نان
نامە ئەنووسم بە هەر دوو چاوان
لە بەغدا جگەر گەل هەرزانە
یا بە خۆڕاییە یا بە دوو ئانە
کابرا بەو قسە گەلێ دڵخۆش بوو
هەڵسا نامەکەی هەڵگرت بۆی دەرچوو
گەیشتە بەغدا بە هەر چۆنێ بوو
ڕۆژ زۆر گەرما بوو سەری سووتابوو
ڕۆیشتە ماڵی قەساب باشی
دای لە دەرگایان زۆر بە هێواشێ
وڵامیان دایۆ وتیان فەرموو ژوور
یاخوا بەخێر بێیت ڕێبواری دوور
نانیان حازر کرد چاییان لێنا
سفرەیان ڕاخست چێشتییان دانا
لە دوای نان خواردن جا نۆرەی خەو بوو
هۆی ڕێگای دوور بوو گەلێک هیلاک بوو
ئەو شەوە لێی خەوت تا وەکوو سەحەر
ڕۆژ بووەوە هەڵسان بە بێ دەردی سەر
قەسابیش هەڵسا جلی کردە بەر
بەیەکۆ ڕۆیین لە ماڵۆ بۆ دەر
ڕێگای دووکانیان وەها گرتە بەر
بۆ فرۆشتنی چەن سەر بزن و مەڕ
قسابیب وتی لاۆ میوانم
هەستە با بڕۆین ڕۆحی ڕەوانم
ئەوا برسیمە وا نیوەڕۆیە
ئەمڕۆ خواردنی نایابی تۆیە
چووە ماڵەوە قەساب و میوان
ژنی قەسابیش هات بەرەو پیریان
وتی بە مێردی فەرموو بۆ هەیوان
دەموچاو بشۆین خاوێن و جوان
پاشان دانیشتن مێزیان ڕازانۆ
خانمیش دانیشت لە نزکیانۆ
وتی بە مێردی بیخۆی یا لێی دەین
کامیان لات باشە هەڵسە با بیکەین
ژن بە مێردی وت بکوتین زۆر باشە
وتیان بە میوان نەبی چەواشە
میوان وای زانی لێدان بۆ ئەوە
خواردن نەنووسا هیچ بە دڵییەوە
بە هەر چۆنێ بوو دوو تیکەی لێدا
ئەوسا ڕاست بوونۆ هەر سێ لە جێدا
چوونە سەر قەبرێ لە بن دیوارێ
هەڵنەبەسرابوو وەک هین هەژارێ
لە لای قەبرەکە دوو تێڵا هەبوو
وێنەی کوتەکی سەر قیراوێ بوو
لە قەبریان دا تاکوو هیلاک بوون
قووتیان نەما ئەوەند ماندوو بوون
هاتنە دەرەوە وتیان ئەی میوان
ئەزانی بۆ چی وەهایە لێدان
ئەم ژنی منە ئەوە مێردی بوو
داییم جل دڕاو پێ پێخاوس بوو
نانی نەئەخوارد چێشتی نەدیبوو
بە داییم هیلاک سکی برسی بوو
ئەمە ماڵییەتی وەرە بیبینە
فەڕش و فرووش و مس و مەسینە
ئەمە ژوورێکە پڕ لە فاتوورە
ژوورێکی تریش پڕ لە غەخفوورە
دە سندووق ئاڵتوون یازدە سندووق زیو
بە ملوێن نوتی سەد دینار ڕزیو
چەند تاپۆی مڵک مەکینەی جووتان
چەند هی دروێنە لە گەڵ سەد فەدان
هەر چی قەسابی شاری بەغدایە
هەموو دەست مایەی ئێمەی لە لایە
یەکێ دەوڵەمەند بێی و گەر نەیخوا
میوان ئەبینی دەبێ وا بڕوا
کابرای سی و جگەر زۆر دەوڵەمەندە
پێکەنینی هات بە زەردەخەندە
خواحافیزی خواست لە قەساب باشی
هەڵسا و ڕۆیشت زۆر بە هێواشی
تفەنگێکی باش ئەسپێکی کڕی
چووە لای خەیات سەرتاپای بڕی
توولە و تانجی لەگەڵ خزمەتکار
ڕێیان گرتە بەر ئەم شار و ئەو شار
کاتێ گەیینە وڵاتی خۆیان
لە دەرگایان دا هاتنە پیران
ژنەکەی وتی هەی تۆ فڵانی
مێردەکەی منی جگەرت بۆم هانی
سی و جگەری چی عەیبە بەخوا
هەر چییەکمان هەیە ئەیخۆین لەمەولا
من کووت و تۆ گێ لە بەغدا هەیە
ئیتر لەمەو پاش هەر چییەکمان هەیە
ژنە تۆبە بێ ڕەزیلی ناکەم
ئەبی خەرجی کەم ئەوەی پەیدای کەم
ئافەرین حیلمیتخلص بۆ ئەم هیمەتە
بۆ پیاوی ڕەزیل زۆر نەسیحەتە
ئەوەی بیخوێنی یا گوێی لێ گرێ
بۆ سەرفی ماڵی غیرەت ئەیگرێ