نومایشنامەی سەیدەوان

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 6 دقیقه  1741 مشاهده

[دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا، لە دوورەوە، لە مەتندا]

وێژەر:

دەواری ڕەش وەک خاڵی سەر گۆنای کیژێکی جوان و لە داوێنی دەشتی سەوزی بەگوڵ خەمڵیو بۆتە نەخش. بەهار ئەڵێی گیانی ئەوینە ئەهەژێتە ناو هەناوی سروشت. زەردەی خۆرەتاو کراسی خارای کردۆتە بەر چیا بەرزەکان. ڕووباری کەف چەرێن وەک کەحلانی تازەگیراوە حیلەی دێ و بەرەو نشێو پەل ئەکوتی. لکی بەرزی هەموو دارێک بەتیشکی خۆر، زەردەی تێ زاوە ئەڵێی دار هەموو لەشی بۆتە چاو و ئەڕوانێتە ئەو مەلە ئەویندارانە کە بە جریوەی خۆیان بەستەی بەهار و ژیان بە گوێی گۆلاوی مەندی چاو بە خەوا ئەخوێنن. دەهۆڵ کوت و زوڕناژەن لە مەیدانێکا کە بە دەواری ڕەش دەورە دراوە، خەریکی لێدانی ئاهەنگی «سەحەری»ن. خەوی خۆشی پاش شەکەتی، وەک دڵدارێ کە تازە هاتبێتە جێژوان و بەپەرژینی دەستەملان و داوی لەسەر لێودانان ڕێگای سڵی و ڕاکردنی لە دڵبەر تەنیبێ، ماوەی نەدەدا دوو پێڵووی چاوی گەنجان دەس لەیەک بەردەن، بەڵام دەنگی نرکەی دەهۆڵ و زوڕنا بە ئاهەنگی دڵبزوێنی «سەحەری» وەک شەپۆلی بۆنی گوڵاڵە خۆی ئەکرد بە دەلاقەی گوێی لاواندا و لەگەڵ خۆیا چەپکێ هەستی سووری دڵدارانەی ئەخستەسەر سینەی دڵ. هەر چاو بوو وەک پەنجەرەی بەرەو خۆر ئەکرایەوەو هەر لاوی تاسەباری هەڵپەڕکێ بوو ڕائەپەڕی و ڕووی ئەکردە گۆڕەپانی جێگای هەڵپەڕکێ و زەماوەند. پاش ماوەیەک دەوار چۆڵ ببوون و مەیدان لەبەر حەشیمەت جمەی دەهات. میری عەزیزی سەرۆکی عێلی داسنی لە خێوەتی سپی خۆیدا کە ئەتکوت تاکە چڵی سپی ناو ڕیشی ڕەشە، دانیشتووە. چەن ڕیش سپی و کەیخودای داسنی لەلای دانیشتوون و چەند نۆکەر دەس لەسەر دەسکی خەنجەر چەشنی پەیکەرەی بەردین، بێدەنگ وەستاون. عەزیزی داسنی ڕوو ئەکاتە ڕیش سپی و مەزنە پیاوەکان و ئەڵێ:

―«ئەمڕۆ ئەڵێی ڕۆژ بۆیە هەڵاتووە تا لە شادی منا هاوبەش بێ. حەفتا بەهارم بەڕێ کردووە، بەڵام بەهاری ئەم ساڵ پێش ئەوەی سەری «سیپانی» بڕازێنێتەوەو چیای مەغڵووبی بخەمڵێنێ، لە دڵی منا خێوەتی هەڵداوە. لەدارایی و سامانی جیهان سێ کوڕم هەیە کە ئەمڕۆ زەماوەنی هەرسیانیانە. ئەمە بۆ باوکێکی پیر، نیشانی ئاخر بەخێرییە. کوڕە جەحێڵی داسنی هەر وەک لە ڕۆژانی سەختی شەڕ و کوشتارا شان بە شانم وەستاون لە شایییەکەشما بە هاوبەشی پڕ بە دڵیان، دڵمیان گەشاندۆتەوە. هەزار و هەزار بار شوکر خوای مەزن؛ من گەنجی خۆم لەم سێ کوڕەدا بەدی ئەکەم. نێچیروانم کوڕی شەڕو گۆوەند و مەیدانە، مەلکەوانم گەورەی خێڵ و سەپان و شوانە، سەیدەوانم خانی خانان، قسە لە پێشی دەرک و دیوانە.»

[مووسیقای کورت. ورتە ورت و پچەی چەند کەسێک]

میر عەزیز [بەحەسرەتەوە]: «نە؛ لە کاری گەورەی خێڵی داسنی ناچێ. لێم دەکەن بە پەڕۆی شین و بەسەر شانما ئەیدوورن. بەیانی لەناو هەموو دەوارێکا لە دیوانان، لە گەڕەک و کۆڵانان ئەیکەن بە بەند و باڵۆرە و ئەڵێن عەزیز زەماوەندی تێکدا. دڵی گەنجانی داسنی شکان. نە. دەنگ ناکەم. با لە دڵی منا کوندەبووی مەرگ بخوێنێ. با لەگەڵ هەر پێیەک کە کۆڕی هەڵپەڕکێ بەسەر زەوییا ئەدا، بەندێک لە دڵی من بپسێ و با خرمانەی خەم لە دەوری سەرم بهاڵێ، بەڵام نەڵێن عەزیز میوانی لە ماڵی خۆی دەرکرد. با نەڵێن جیاوازی دانا لە نێوان کوڕی خۆی و کوڕی عەشیرەتەکەیا. خوایە بریا شوانێک بوایەم و بمتوانیایە پەژارەی مەرگی «مەلکەوان»م لە گەرووی شین گێڕی شمشاڵەوە بڕژاندبایەتە ناو دۆڵی چیای سیپان تا ئاگرێکی وەهای تێ بەربوایە کە هەتا هەتایە نە چڵە گیایەکی لێ شین بوایە و نە ئاسک و مەڕەکێوی بە هیوای بەفراوی ژێر بەفری چەند ساڵە لێی ببوایەن بەمیوان؛ نە قەت جارێکی تر شەنگەبێری و شۆڕەسواری خێڵاتی کوردەواری بیکەن بە جێژوان. بەڵام من مەزنی عێلی داسنیم. شین گێڕانم شوورەییەو دەستی هەڵپەڕکێ بەردانم لێ ناوەشێتەوە. خودایە سەبرێکم دەوێ و بەئەندازەی دڵۆپی زەریای وان و زێیە بادینان، بە قەدەرایی گەڵای داری جەنگەڵی سەردەشت و مەریوان».

وێژەر:

میر عەزیزە کۆرەی داسنی سێ بووکی بە ڕۆژێک بۆ سێ کوڕی گەنجی هێناوە. سەرۆکی پیری عێلی داسنی لە هەموو تیرەو خێڵەکانی عەشیرەتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و کۆڕی زەماوەند و هەڵپەڕکێ گەرمە. خۆشخوان و بەیت بێژ، لاوک و حەیران ئەڵێن. لەم کاتەدا سەیدەوان دێتە ژوورەوە و بە چاو باوکی تێئەگەیەنێ کە کاری پێیەتی. سەیدەوان هەواڵێکی پێیە کە ئەترسێ ئەگەر بۆ باوکی بگێڕێتەوە، داری پیر و بە سێبەری عێلی داسنی، واتە میر عەزیز بە گەردەلوولی ژاراوی هەواڵەکە لە پێ بکەوێ و ڕیشەی وشک بێ. دڵی باوک لە پەنچەرەی تەم گرتووی چاوی سەیدەوانەوە ئەڕوانێ و هەورێکی ڕەش بەدی ئەکا. لەبەر خۆیەوە ئەڵێ «چی بووە سەیدەوان؟!»

زۆر جار هەیە ئادەمیزاد پێی خۆشە بزانێ و ناوێرێ بزانێ. ئەیەوێ دەستی بەو پووشە بێ هێزەوە بەند بێ کە پێی ئەکوترێ هیوا. ئیتر بیر ناکاتەوە، دەریا دەمی شەپۆڵی کردۆتەوە بۆ هەڵلووشینی! میر عەزیز داسنیش ئەیزانی کە کۆسپێکی گەورە یا کۆستێکی کەوتوو ئەم هەموو خەم و تەمەی باراندۆتە سەر چیمەنی تێراوی تازە شین بووی ڕوخساری سەیدەوان. لەبەر ئەمە تەنیا توانی دیسانەوە هەر ئەمە دووپاتە بکاتەوە: «چی بووە سەیدەوان؟!»

سەیدەوان و میر عەزیز لە ڕەشماڵ و خێوەت و دەوار دوور کەوتبوونەوە. دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە لەگەڵ هەرای کوڕە داسنی و هەوهەوی سواری تەقڵەباز تێکەڵ ئەبوو. لەبەردەم ئەم باوک و کوڕەش جارجار جوڕڕەیەک ئەیجریواند و کۆڕکۆڕەیەک دەرئەپەڕی. ئەتکوت گیانێکی پاکە و پەلەیەتی بۆ گەیشتن بە بەهەشت. چاوی پرسیاری میر عەزیز وەک هەناسەی گەرمی دەشتی گەرمێن؛ لێوی وەک سوورەگوڵی سەیدەوانی شەقارشەقار ئەکرد. بەڵام ئەو دوو لێوە، ئەو دەمە کە هەمیشە هەواڵی هاتنەوەی قاز و قورینگیان دابوو بە میر عەزیز و موژدەی بەهار و ژیانیان هینابوو، چۆن ئەیانتوانی بە باوکێکی بە هیوا بڵێن ماڵی دڵت کە لەسەر سێ کۆڵەکە ڕاوەستابوو بە ترازانی کۆڵەکەیەکیان خەریکی ڕووخانە؟!

سەیدەوان لە پڕ بە سۆزەوە دەستی کرد بە زەمزەمەی ئاهەنگی «گوڵە جوان»و گەیشتە سەر ئەو بەندە -«وەرە ئەمن تۆ دەستان تێکەڵ کەین/ چونکە مردن داعبایەکی زەڕەندەیە/ نە لە کەسمان خۆش دەبێ و نەلە کەسمان دەبوورێ».

سەیدەوان بێدەنگ بوو. دەنگی دەهۆڵ و هەرای ڕەشماڵ و جریوەی مەلی بەهار بڕا، بۆ کورتەیەک سروشت مرد، ژیان کاس بوو. میر عەزیز پرسی: «کامەیان؟!»

سەیدەوان کوتی: «مەلکەوان!»

[مووسیقا]

وێژەر:

مەلکەوان پەردەگیر بوو، بەڵام ئەمە دوایین خەمی عەزیزی داسنی نییە، لە بەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم تڕاژێدییە دڕاماتیکە ئەڕۆین. خواتان لەگەڵ.