وەزنی عەرووزی و وەزنی بەیتی

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 6 دقیقه  1956 مشاهده

سەلام لە گوێکری هۆگری هونەر.

زۆر جار ئەم پرسیارەمان لێ کراوە کە بۆچ لە بەرنامەکەماندا هەڵوێستێکی دژانە ئەگرین بەرامبەر بە شێوەی عەرووزی؟

هەندێ لە گوێگرە بەڕێزەکانمان لە ڕەخنەگرتنەکەیاندا شاعیرانی بەرزی کوردیان بەنموونە هێناوەتەوە نووسیویانە کە «نالی» و «خانی» و «بێکەس» و «پیرەمێرد» و «وەفایی» بەم شێوەیە شیعریان گوتووە و دژ بوونی ئێمە لەگەڵ شێوەی عەرووزی واتە دژ بوونمان لەگەڵ بەشی هەرە بەرز و بەهرە و بەری داری وێژەی کوردی، جگە لەمانەش هەندێک لە ڕەخنەگرانی تووڕەمان نووسیویانە کە بۆچ ئێمە لامان وایە شیعری کوردی ئەبێ بگەڕێتەوە سەر شێوەی بەیتی کە شێوەیەکی سەرەتایییە و ناتوانێ واتەی قووڵی شاعیرانە لە خۆیا جێ بکاتەوە؟ ئێمە پاش مووسیقایەکی کورت وەڵامی ئەم ڕەخنە و پرسیارانە بەوردی ئەدەینەوە.

پێش هەموو شت ئەبێ بڵێم کە ئەگەر چەوتی و هەڵەیەک لە بڕواکەمانا سەبارەت بە شیعر و لێکدانەوەی هونەری هەیە، هەر خۆمان ئەگرێتەوە و کاری بەسەر بیروباوەڕی هەموو نووسەرێکی کوردییەوە نییە.

عەرزتان ئەکەین کە ئێمە بەهیچ بارێ دژی شێوەی عەرووزی نین، تەنیا ئەوە نەبێ کە تایبەتییەکانی ئەو شێوەیە و چەشنی پەیدابوونی لە وێژەی کوردییا باس ئەکەین و ئەڵێین کە شێوەی عەرووزی لە پێشا نەبوو و کاتێ هاتە ناو وێژەی کوردییەوە کە زیاتر لە هەزار ساڵ بوو لە وێژەی هاوسێکانی کوردا جێگیر ببوو. لەراستییا داوخوازو نیازی کۆمەڵ نەبوو کە ئەو وێژەیەی کرد بەناو، بەڵکوو پێتەویستی کەمایەتییەکی ئەشڕاف و ئاریستۆکرات وەک دەرەبەگی زل و چینەکانی تری حەساوە و تێر و تەسەل بوو کە نیازی بەوێژەیەکی دوور لە تێگەیشتنی چەوساوەکان بوو بۆ خەڵەتاندنیان و گێژکردنیان. ئەمە ئیتر وەک ڕۆژ ڕووناکە کە «بەیت» هی خەڵک بوو و خەڵک لێی تێئەگەیشت؛ بەگوێ لێبوونی ئەگریا یا پێئەکەنی، یا هان ئەدرا و ئەبزووت؛ لە کاتێکا کە بەشیعری مینیاتۆری و پڕپێچ و قەمچ و ڕازاوەی عەرووزی کە باسی واتەیەکی بەرزتر لە وزەی دەستکورتی فامی ئەوانی ئەکرد هەر تەقەی سەریان ئەهات و زاریان تاک ئەبوو وەک ویردێکی جادووکارانە ببیستن. شاعیری عەرووزی ئەیگوت:

بۆ لەسەر چەشمەیی چەشمم نەچکێ قەترەیی خوێن

وشەکان هەموو فارسین، جگە لە «بۆ» و «لە» کە دوو «قەید»ی بچووکن، لە کاتێکا ئەکرا بڵێ «بۆ لەسەر چاوەیی چاوم نەتکێ تککەیێ خوێن».

ڕەنگە گوێگرانی بەڕێز ئەمەیان بەدڵا بێت کە قۆناغی شێوەی عەرووزی جیا بوو و کات پێتەویستی بەمە بوو کە تێکەڵییەکی زۆرتری هەبێ لە نێوان ئەدەبی گەلانی دراوسێدا و نموونەیان ئەمە بێ کە وێژەی فارسی بە وەرگرتنی عەرووز لە عەڕەب زیانێکی تووش نەهاتووە، بەڵکوودەوڵەمەندترو بەرینتر و شکۆدارتر بووە؛ بەڵێ دروستە، بەڵام وێژەی فارسی، «بەیت»ی نەبووە... و کاتێ عەرووز هاتووە وێژەی فارسی دەستکورت و سەرەتایی بووە، جگە لەمەش هەزار ساڵ لە وێژەی فارسییا کار لە عەرووز کراوە، «وەزن» و «بەحر»ی تازە و گونجاو لەگەڵ چۆنیەتی زمانی فارسییا دروست کراوە.

ئەگەر سەیری وێژەی شێوەی «خوراسانی» بکەین، بەتایبەت لە شوێنەواری شاعیرانی پێشووی ئەو سەبکەدا زۆرجار چاومان بەلەنگ و لۆری و خێچ و خواری ئەکەوێ و دەرئەکەوێ کە لە خۆڕایی نەبووە ئەم نیوە شیعرە لە فارسییا بۆتە نەزیلە و کەوتۆتە سەرزاری خەڵک. شاعیران ناچار بوون سەر و گوێی وشە بشکێنن و لە قالبی داڕژراوی عەرووزا جێگای بکەنەوە. لەبەر ئەمەیە کە ئەڵێن «در تنگنای قافیە خورشید خر شود»؛ ئەگونجێ ئەمەش کە ئەڵێن «یجوز للشاعیر ما لا یجوز لغیرە» هەر لەبەر ناچاربوونی شاعیر بێ لە پەیڕەوی کردنی عەرووز؛ کە وەها بوو کورد بۆچ وێژەی خۆی بخاتە چوار چێوەیەکی داتاشراوی دەستی گەلێکی ترەوە، کە زۆر تەسک و تەنگ و بڕست بڕە. ئایا کەس هەیە کەمەری وەک موو و بەژنی وەک چنار و چاوی وەک ئەستێرە و برژانگی وەک شیر و برۆی وەک کەوان و زولفی وەک زرێی پێ جوان بێ؟ ئاخۆ ئەگەر ئافرەتێک بەم شکڵ و سەر و سیمایەوە بێتە خەونی کەسێک لێی ناترسێ؟ بەڵێ کاتێ عەڕەب و فارس ئەم تەشبیهانەیان کردووە کە ئەم چەشنە چەکانە لە شەڕا کەڵکیان لێ وەرگیراوە و لە ژیانی کۆمەڵا تەئسیریان هەبووە، لە کاتێکا بۆ کورد ئەم باسە نییە؛ کورد کاتێ شیعری عەرووزی وەرگرتووە کە زرێ و شیر و تیر و کەوان تەنیا لە مووزە و عەنتیکەخانەکاندا مانەتەوە. بەم چەشنە وێژەی کوردی بەچاوێکی بەستراوەوە بۆ ماوەیەک کەوتۆتە شوێن تەقلید و لاسایی کردنەوە و سەربەخۆیی خۆی لە دەست داوە. جا ئەمە لەبەر چی؟ بێگومان هەر لەبەر ئەمە کە چەک بێ بۆ چینی دەرەبەگ و چینە بەدەسەڵاتەکانی تر.

«حاجی قادر» لە غەزەلێکا ئەڵێ:

پێم خۆشە غەزەل فەڕشی قودوومی عوقەلا بێ
نەک بێتوو لەبەر کەن جوهەلا لەفز و مەعانی

لەگەڵ ئەوەشا کە «حاجی» بەلامەوە بەڕێزە، ناچارم بپرسم «جوهەلا» کێن؟ ئەو کەسانەی کە دەرەبەگ ڕێگای خوێندنی لێ بەستوون؟ ئەو کەسانەی کە تێناگەن لەم هەموو پێچ و قەمچە کە شاعیران ئەیدەن بەشیعرەکانیان... ئاخۆ ئەمانەن «جوهەلا»؟! ئایا دانەری بەیتی «سەیدەوان» کە شان لە شانی «ئۆتیللۆ» و «هاملێت» ئەدا جاهیلە؟ لێرەدایە کە ئەبێ دەنگ بدەمە پاڵ دەنگی «گۆران» و بڵێم:

بەڵام چی بکەم لە ناو چاوی ڕەشی بەعزی زەکای گەورە،
وەکو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن.

هەر لەم غەزەلەدایە کە حاجی ئەفەرمووێ:

تا دەستی نەدا خەنجەر و نەیفەرموو دەسا دەی...
نەمزانیبوو دڵدارم دەهان و میانی هەیە

«دەهان» و «میان» کوردی نین و ئافرەتێک کە «دەهان» و «میان»ی دیار نەبێ، یەک لەبەر بچووکی و یەک لەبەر باریکی، جوانییەکەی لە کوێدایە؟ بەلای منەوە ئەمە نەخۆشییە... «ئاهۆ»یەکە کە وێژەی کوردی گرتوویە و ئەبێ تێبکۆشین لەوە ڕزگاری کەین. گۆران ئەڵێ:

:ئەی قژ زەرد، ئەی بەژن و باڵا کەڵەگەت...

زۆر ساکار و زۆر جوان و نزیک لە لێکدانەوەی زۆربە و قسەی ڕۆژانەی خەڵک. هەر لەم هەڵبەستەدا کە ناوی «بۆ قژ زەردی بەردەرگا»یە، «گۆران» ئەڵێ:

ئەبینم پەپوولەی نیازی گفتوگۆ
دوودڵ ڕاوەستاوە لەسەر گوڵی لێو
ئاخ خۆزگە هەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ
ڕاسپێری چی پێیە بۆ گیانی پەشێو

ئەم بەرنامەیە لێرەدا تەواو نابێ لەسەر ڕۆیشتنێکی زۆررتری ئەوێ کە ئەیهێڵینەوە بۆ بەرنامەیەکی تر. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ.