ئاوات ناوێکی خۆشە

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 6 دقیقه  1261 مشاهده

هەرکە فەرهاد هات و دانیشت زانیم شەوێکی خۆشمان لە پێشە. من ماوەی ساڵێک بوو لەو ئاوایییە سپای زانست بووم، کەمتر کەس ناوی منیان ئەزانی. هەر پێیان ئەکوتم ئاغای سپا یا ئاغای مودیر. من لە سنەوە چووبووم بۆ موکریان و بەڕاستی لەو ماوەیەدا ببووم بەئەوینداری ئەو هەموو جوانییە دەس لێ نەدراوە کە هیچ پەڵە و خەشی تێکەڵایەتی تێدا بەرچاو نەدەکەوت. خوسرەو کوڕی ئاغا بوو کە لە تاران گەڕابۆوە و هەموو ئێواران ئەمدی بەبەرگی ئەفەندییەوە، پێچێکی کوردی لەسەر بەستبوو و چەند کتێبی بەژێر باوەشەوە گرتبوو، ئەچوو بۆ چنارستانەکەی ئەوبەری ڕووبارە بچووکەکەی ئاوایی. وەفا و مەحموودیش هەڤاڵی من بوون کە هاتبوون سەرم لێ بدەن. کۆمەڵی ئاوایی ئەوەندە بچووکە کە تۆ ئەتوانی هەناسەی دانیشتووانی هەست بکەی. هەرچی هەیە لە بەرچاوە. تەنانەت چاوداگرتنی گەنجانی و ژوانی پاش مانگ هەڵاتنی نیوەشەوانی. دێ ئەوەندەت لەگەڵ ئەبێتە خۆماڵی کە زوو بەزوو پرێسکەی دڵیت بۆ ئەکاتەوە و ئەتکا بەهاوبەشی بزە و خۆشی و خەم و پەرۆشی. لەبەرئەمە لاتان سەیر نەبێ کە هەر ئەو ڕۆژە کە وەفا و مەحموود بەسەری ڕووت و بەرگی شارییەوە هەر کام بەجانتایەکەوە لەو ئوتومبیلە کە کاروانی نێوان دێهاتەکانی ئەکرد دابەزین و لەبەر دەرگای قوتابخانەکەدا کە ژوورێکی کرابوو بە هۆدەی حەسانەوە و خەوی من، تەپ و تۆزی ڕێگایان لە خۆیان تەکاند. خوسرەو ئەم هەواڵەی زانی و هێشتا من تایبەتیترین پرسیارم سەبارەت بە«بەهار»ی دەزگیرانم مابوو کە لە هەڤاڵەکانمی بکەم، کە خوسرەو پەیدا بوو.

زۆر زوو، زۆر مەبەستمان دۆزییەوە کە هەر چوارمان ئەمانتوانی لە بارەیانەوە بدوێین. لە باسی سینەماوە دەست پێ کرا و خوسرەو بەگورجی بڕوای هەموومانی هێنا سەر ئەوە کە فیلمی باش لە شەڕی باش کەمترە. پاشان باسی ویەتنام و ئەفریقای جنووبی و رۆدزیا کرا و هەموو ئەمانزانی بازرە بووین و وەسەر خۆمانی ناهێنین. لام وایە وەفا بوو لەبەر خۆیەوە کوتی:

«مالا یدرک کلە یترک کلە». من ویستم بڵێم هەڵەت کرد، بەڵام بزەی سەر لێوی تێی گەیاندم کە هەڵەکەی بەئەنقەسد کردووە و ئەیەوێ بڵێ سەرێ کە نایەشێ لە پرێسکەی مەبەستە.

مەحموود کوتی: «یدرک» ڕیشەکەی کوردییە و لە مەسدەری درکاندنەوە هاتووە و ئیتر بۆم دەرکەوت کە باس ناچارە بەرەو هەرێمێکی تر لێ خوڕێ و چ هەرێمێک جوانتر و هەر لەگەڵ جوانییا بێ ئازارترە لە هەرێمی بژوێن و سەوزی ئەوین. هەستم کرد منی خانەخوێ لەسەرمە سەرەتای باسەکان دامەزرێنم، بەڵام ئەترسام نەکا لە لایەن ئەو سێ گەنجە ڕووناکبیرانەوە بکەومە بەر هێرشی توانج. ڕاستییەکەی پێم خۆش نەبوو دیسانەوە بۆ هەزارەمین جار گوێم لە کاوێژی وشەی بورۆکراسی و پێچ و مۆرەی دامەزرێنەر و ئەم باسە پڕوپووچانە ببێ. هەرچۆنێک بوو لێبڕام بەچەشنێ کە هەستیان نەژاکێنێ، باسەکە بگۆڕم. لە خوسرەوم پرسی لەگەڵ کچانی زانستگەدا نێوانی چۆنە، وتی «بێرناردشاو، نووسەری ئینگلیزی ئەڵێ: کچ دوو تاقمن.» وەفا بۆی تەواو کرد: «یا جوانن، یا زانستگایین» و هەموومان پێکەنین. ئەم پێکەنینە ڕێگای بۆ من کردەوە کە زیاتر لەسەر باسەکە بڕۆم: «ڕاستی کوڕگەل سەبارەت بەئەوین بڕواتان چییە؟» هەرسێکیان بەیەکەوە کوتیان: «ئەوین؟» و من ڕاچڵەکیم و خۆم ئامادە کرد بۆ هێرش: «بەڵێ ئەوین. مەگەر شتێکی سەیرم پرسیوە.» خوسرەو کە ئەمەی لە دەرەبەگی بۆ مابۆوە زۆر قسە بکا و کەم گوێ بگرێ، کوتی: «ئەوین نەجیب زادەیەکی لێکەوتووە کە ئەمڕۆ کەس خەتی ناخوێنێتەوە؛ یا مەلێکی گەرمێن و کوێستانکەر بووە کە سەدەها ساڵ لێرەوبەر بەرەو گەرمێن بووەتەوە و هێشتاش نەگەڕاوەتەوە. خوا عالم کام ڕەشەبای توند باڵی شکاندووە، یا کەوتۆتە بەر شاڵاوی کام شمقاڕی کۆترخۆر؟»

مەحموود لەبەر خۆیەوە کوتی: «بەرەو ڕۆژهەڵات چووە و لەوێ هێلانەیەکی گەرم و نەرمتری دروست کردووە.»

وەفا پرسی: «مەبەست لە ئەوین چییە؟» و من بۆم شی کردەوە: «مەبەست خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچێکە، یا لانی کەم لێرەدا مەبەست ئەمەیە.» تووڕە بوو کوتی: «تۆ لە کەیەوە بەم بێ دەربەستییە کوفر ئەکەی؟ چی بۆتە هۆی ئەمە کە بووی بەپووشی سەر ئاو؟»

بەسەر خۆم نەهێنا و کوتم: «ئەوین ئەگەر ئەوینی ڕاستی بێ یەکجار جوانە و لەو شتانەیە کە ئەم هەموو هەناسە کێشانە، ئەم ژیانە بێ بار و بێ ئاکامە لەسەر پیاو سووک ئەکا.» خوسرەو کوتی: «باشتر بوو لە شارا بمێنێتەوە و دەفتەری بیرەوەری بۆ کچان بنووسێ.» وەک ئەمە لە توانجەکەی تێنەگەیشتبم، کوتم: «مەبەستم ئەوینی ڕۆمانتیک نییە. ئەو ئەوینە ئەڵێم کە لەسەر ڕاستەقینەی ژیان دامەزراوە.»

وەفا کە هێشتا ڕقەکەی دانەمرکابوو کوتی: «ژیان؟ کام ژیان؟ هی ئەو کەسانە کە بەقامکی دەست ئەکرێ بیانژمێری؟ تۆ لە کوێی کاکی مامۆستای مناڵان؟ من لەو کاتەوە کە هاتووم، بۆنی ناخۆشی گەڕەک و کۆڵانی ڕێ ئازارم ئەدا، تۆ خەریکی لەم هۆدەدا کە سێبەری مناڵی هەژار، وەک گیانی سەرگەردان سەمای تێدا ئەکا، تەدارەکی باڵەی «دەریاچەی قوو»م بۆ ئەگری؟»

کوتم: «وەفا، شەو کڕ و کەڕە و نیوە نووزەی تۆ بەگوێیا ناچێ. کە وەهایە هەرا مەکە با لانی کەم دەنگت نەنووسێ.»

خوسرەو ئەمەشی هەر لە دەرەبەگایەتی بۆ مابۆوە کە لای وابێ کەیخودایی و بڕیاری دوایی مافی ئەوە. کوتی: «شەوگار درێژە و عەبداڵ بەتاڵ. باسێکی تر بکەین.» بەڵام وەفا وەک بیەوێ کەنار بگرێ، هەستا و خۆی بەسەیری دەرک و دیوارەکەوە سەرگەرم کرد. ماوەیەک لەبەر دیوارێکی هۆدەکەما وەستا و پاشان کوتی: «گوێ بگرن! من دایکم نەخۆشە. ناوم ئاواتە. ئاغای مودیر ئەڵێ ئاوات ناوێکی خۆشە. ئەڵێ تۆ بەئاوات ئەگەی. ئاواتم ئەمەیە، باوکم ئەمڕۆ کە گەڕاوە بۆ ماڵ، ئەوەندەی پارە هەبێ کە دایکم بەرێ بۆ لای دوختوور.»

ئەم چەند دێڕە قوتابییەکی من لەسەر دیوارەکەی نووسیبوو.

بێدەنگییەک باڵی بەسەر هۆدەکەما کێشا. شەو لە دەرەوە ڕەشتر دیار بوو و زۆر حەستەم بوو کەسێ لە ئێمە لەو کاتەدا بڕوا بکا مەلی ئەوین ئەگەڕێتەوە و لە پەنا شەتاوێک ئەنیشێ و زەمزەمەی ئاوازێک پڕ بەگەرووی ئەماسێ.