هونەرمەند ئەندازیاری کۆشکی ئاواتی گەلە

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 7 دقیقه  1226 مشاهده

سەلام لە گوێگری بە هەست و هونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ.

تا ئەمڕۆ سەبارەت بەهونەر و هونەرمەندی زۆر قسە کراوە و بەسەدان سیپارە و پەڕاو لە بارەی هونەرا نووسراوە و هەر نووسەر و لێکۆڵەرێک ویستوویەتی لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری هونەر بکا، بەڵام هەروەک شاعیری فارس ئەڵێ:

یک نکته بیش نیست غم عشق و این عجبفارسی
از هر زبان که می شنوم نامکرر استفارسی

باسی هونەریش هەر یەک باسە، هەر باسی جوانی و شکۆیە، بەڵام هەرکەس بەچەشنێ بەتانوپۆی هونەرا ئەچێ و لە ڕوانگەی تایبەتی خۆیەوە ئەڕوانێتە سەر جیهانی بژوێن و هەمیشە بەهاری هونەر. ئەڵێی هونەر کۆشکێکی بەرزە بەهەزار پەنجەرەوە کە هەر کام لەو پەنجەرانە بەرەو جیهانێکی جیاواز ئەکرێتەوە. جیهانێک بەجەنگەڵێکی کاتی پاییزەوە کە گەڵاڕێزان ڕووی تێ کردووە و بەلوورەی هەر کزەبایەک، گەڵایەک بەسەمای مەرگەوە بەرەو زەوی شۆڕ ئەبێتەوە. جیهانێک بەدەشتێکی بە گوڵ خەمڵیوەوە کە هەتا چاو بڕ ئەکا سەوز و سوور ئەکاتەوە، ئەڵێی دەشت کلکی تاوسە و چەتری ئەنگاوتووە و سەری ئەو تاوسەش چیایەکی بەرزە کە بەشانازییەوە بەرەو خۆرەتاو هەڵچووە.

بەڵێ هونەر ئەمەیە؛ بەڵام دیتنی ئەو جیهانە بۆ هەموو کەس دەس نادا، لە ڕاستییا جیهانی هونەر لە گیان و هەستی هونەرمەندا خۆی ئەنوێنێ و هەناوێکی ساف و بێ گەردی گەرەکە تا ببێتە ئاوێنەی هەستی هونەرمەندانە و ئەو جوانییانە کە لەبەر وردی و ناسکی بەرچاوی خەڵکی ئاسایی نایەن لەو ئاوێنەدا دەرکەون؛ لەگەڵ ئەوەشا هونەرمەند چێشکەیەکی پاراوی هەیە، هەر ئادەمیزادە و خاوەنی هەموو هێز و هەستێکی ئادەمیزادییە، هونەرمەند بەزرێی هونەر لەشی نەبۆتە پۆڵا. شکست و سەرکەوتی هەیە، وەک خەڵکی تر تەنانەت شکستی لە خەڵک تاڵترە و سەرکەوتی شیرینترە. هونەرمەند بێ ئەوین ناژی، وەک ماسی بێ ئاو هەڵناکا جا ئەو ئەوینە چ ئافرەت بێ، چ تەبیعەت، چ شتی شکۆداری تر، بەڵام هونەرمەندی بەڕاستی ناتوانێ تەریک بێ لە کۆمەڵ. گریانی کۆمەڵ فرمێسک دێنێتە سەر چاوی و پێکەنینی خەڵک لێوی ئەکاتە گوڵزاری هەزاران خونچەی تازە پشکوتوو. لاپەڕەی سپی هەناوی وەک ئاوێنە بەهەناسەیەک لێڵ ئەبێ و حەریری سپی هەستی بەهەموو پەڵەیەک ئەشەمزێ، جا لەبەرئەمەیە کاتێ جیهان بەدڵی ئەو نەسووڕا، ئەکەوێتە پەلەقاژە، تەنگاوتیلکە ئەبێ و لێرەدایە کە ڕێگای شاعیران لەیەک جیا ئەبێتەوە.

هەندێ بەدیتنی یەکەم ناحەزی و تووشبوونی یەکەم شکست هەست ئەکەن ئیتر هەموو شت دوایی هاتووە و لەبەرئەوە کە هەست بەبێ هێزی ئەکا دێتە سەر ئەو بڕوایە کە لە وزەیدا نییە بەگژ ناحەزی و ناباری ژیاندا بچێ و ناشتوانێ بێ دەنگ دابنیشێ و هیچ نەڵێ، یا هۆگری ڕەشی و تاڵی و دزێوی بێ، خۆی کەنار ئەگرێ و خۆی ئەدزێتەوە و گۆشەگیری ئەکاتە پیشە، تا بەواتەی خۆی لانی کەم ئەو لەم بازاڕە شێواوەی ژیانەدا سەرگەردان نەبێ و بەشێک لەو ناحەزییانە نەگرێتە ئەستۆ. هەندێکی تریش کاتێ چاویان بەناحەزی و ئاڵۆزی ژیان کەوت لێ ئەبڕێن بەرەنگاری ناباری بوەستن و تا پێیان ئەکرێ بەرگری بکەن و هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی جوانی و باشی، لە ڕاستییا هەردووکیان یانی هەم دەستەی یەکەم کە هیوا بڕاوە و هەم تاقمی دووهەم کە لە تێکۆشاندایە ئەناڵێنن. یەکەمیان شینی مردوویەک ئەگێڕێ کە ئیتر بەهیچ بارێک هیوای زیندووبوونەوەی نییە، دووهەمیان هاوار ئەکا بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشێک کە هێشتا زیندووە و ئەکرێ بەداو و دەرمان چاری بکرێ و ببێتەوە ئادەمیزادێکی ساغ و لەش دروست.

شاعیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا تەنیا جیاوازی لەوەدا نییە کە جادووگەری بەدەسەڵاتی هەرێمی وتارە و ئەتوانێ بەتەڕدەستی و پسپۆڕی گەوهەری وشە بهۆنێتەوە، بەڵکو گەورەترین جیاوازی ئەمەیە کە شاعیر بەهەستی تیژ و چاوی وردبینەوە زووتر هەست بەمەبەستی ژیان ئەکا و ئەزانێ کام کۆسپ و قۆرت و گرێ دێتە سەر ڕێگا. شاعیر نابێتە شاعیر تا لە پێش هەموو شتێکا نەبێتە کۆمەڵناس، نەبێتە نوێنگەی ئاواتی سبەینێی کۆمەڵ و مەکۆی زانیاری دوێنێی کۆمەڵ.

شاعیر بەتایبەت شاعیری ئەمڕۆکە ئیتر کۆت و بەندی پێدا هەڵکوتن و شاباش وەرگرتن لە دەوری دەست و گەردنی نەماوە، ئەبێ سەربەخۆ بێ لە بیرکردنەوە و هەستییا، لە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیا. تا دوێنێ شاعیر ناچار بوو بۆ ژیان بە کەسێک هەڵبڵێ و بەشوێن کەسێکا بڕوا کە زۆر لە هونەر بێ بەش بوو، هەڵبەت هەبوون شاعیرانی گەورەی وەک «ناسر خوسرەو» و «ئەبولعەلا» و «ئەحمەدی خانی» کە گەوهەری وشەیان نەدەخستە بەرپێی ڕێزنەگر و قەدرنەناسان، بەڵام ئەو شاعیرانە لە کەمایەتیدا بوون لەو کاتەدا، بەڵام ئەمڕۆ شاعیر ئامانجێکی تازەی دۆزیوەتەوە و ڕاسپێرییەکی نوێی کەوتۆتە سەر شان. ڕاسپێری بۆ خەڵک ژیان و لە پێناوی مرۆڤایەتییا مردن؛ شاعیری ئەمڕۆ ئەبێ شارەزا بێ بەم ڕاستەقینەیە کە هەزارەها گوێگر بەتاسەوە گوێیان لە وتاری ئەو گرتووە و شاعیر ناچارە لە ئاسایی بەرزتر بێتەوە، لە هەموو تێکۆشانێکا هەنگاوی یەکەم ئەو هەڵیگرێ، هەڵبەت ئەم ڕاسپێرییە هی گشت ئەو کەسانەیە کە بەچەشنێ ئەبنە جێگای چاولێکردنی خەڵک و قسە و کردەوەیان لە ناو خەڵکا لایەنگری هەیە و ڕەوایە.

هونەرمەند ئەندازیاری کۆشکی ئاواتی بەیانی کۆمەڵە؛ ڕچەشکێن و هاندەر و ڕێ پیشاندەرە؛ شاعیریش کە هونەرمەندی هەرێمی وتارە، ڕازێنەرەوەی جیهانێکە کە ئەبێ کۆمەڵ بەرەو ئەو جیهانە بڕوا. خەڵکی ئاسایی بەکەنار هەزار دزێوی و ناحەزییا بێ ئەوە سەرنج بدەن و ئەو ناحەزییانە هەست بکەن تێئەپەڕن، تەنیا شاعیرەکە ئەتوانێ گاهێ بەهەڕەشەی وشەی ترسێنەر و گاهێکیش بەهیوا بزواندن و وتاری ئاگرین خەڵک تێبگەیێنێ کە ئەوەی وا بێ دەربەست بەپەنایا ڕائەبوورن نابارییەکە کە تازە خەریکی ڕیشاژۆ و سەرهەڵدانە و ئەگەر بژار نەکرێ بەیانی ئەبێتە کۆسپێکی پڕ مەترسی.

شاعیر نییە ئەو کەسە وا وشە لیزگە ئەکا. ئەو کەسە هەڵبەستەچییە نەک شاعیر؛ شاعیر تا دەردێکی نەبێ، تا بڕوایەک لە دەروونیا نەبێ هەوێن و شەپۆل نەدا، شیعر ناڵێ؛ کاتێ دەرد ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر دڵ و سینگ و هەناو هەڵی نەگرت، سەرڕێژ ئەکا. ئەم سێڵاوە کە لە کۆبوونەوەی هەزاران سەرڕێژی بەربەندی دەرد پێک دێ، مەزرای هەژار و جووتیار ئەگەشێنێتەوە و ماڵی چەوسێنەرەوە خاپوور ئەکا؛ بێ گومان هەر دڵێ کە دەردی هەبێ ئەناڵێنێ، هەر زمانێ کە بڵێسەی بەتینی دڵی تێ بەربێ دێتە وتار و هەر وتارێ لە ناخی دڵی بەدەردەوە هەستێ، ئەنیشێتە سەر دڵی خەڵک. «لانگ فلو» شاعیری ئەمریکایی ئەڵێ: ڕۆژێک تیرێک لە کەوانێک دەرچوو بەرەو فەزای بێ بن، هیچ چاوێک نەیدی تیرەکە لە کوێ کەوتە خوارەوە، پاش ماوەیەک تیرەکەیان دۆزییەوە کە لە دارێکی بەڕوو هەڵچەقی بوو، چونکە تیرەکە لە داری بەڕوو بوو؛ ڕۆژێک من ئاوازێکم لە ژێر لێوەوە زەمزەمە ئەکرد، ئاوازەکەم نیوە تەواو مایەوە، پاش ماوەیەک هەر ئەو ئاوازەم لە دەمی دۆستێک بیست لەو جێگایەوە کە من نیوە تەواوم هێشتبۆوە...

وتارێ کە ڕاستی و جوانی بنوێنێ بێ گومان لەسەر کۆمەڵ کار ئەکا. کە وەهایە بۆ ناسینی شاعیر لە پێشا بزانە کێ شیعری ئەخوێنێتەوە.

تا بەرنامەی داهاتوو بە خواتان ئەسپێرین. شەو باش.