مردن سەفەرێکی دوورودرێژە

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 6 دقیقه  1485 مشاهده

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەرپەرەستی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پەخشانێک.

― «عەزیز! عەزیز، ڕۆڵە، درەنگە! هەستە کوڕم. مەلا بانگانە!» عەزیز هەستا. بەدەم خۆکێشانەوەوە باوێشکی هاتێ. شەو نەیتوانیبوو بخەوێ. بۆ مەگەر ئەکرا؟! برا بچووکەکەی چەند ڕۆژ بوو لە ئاگری یاوێکی بەتینا وەک پشکۆ و پۆلووی سوور ئەگڕا. پیرەژنی ئاوایییەکە ئەیانکوت کەوتووییەتی. دوێشەویش عەزیز خەو نەچووبووە چاوی. چرایەکی فتیلە لەسەر کورسییە شڕەکەی ماڵیان ئەسووتا و دووکەڵی ئەکرد. سێبەری دایکی کە مەمکی بێ شیری نابووە سەر دەمی ئاورینی کۆرپەکەی و هەر لەو بارەش خەوی لێ کەوتبوو، لەسەر دیواری قورماوی هۆدەکەیان سەمای ئەکرد و ئەتکوت مناڵەکە مژ لە مەمکی دایکی ئەدا. تەنیایی و بێکەسی پڕ بەماڵەکە پەنگی خواردبۆوە. عەزیز تەماشای براکەی ئەکرد. بەحاڵ هەناسەی ئەهات. دەمی نیوە تاکی بەگۆی مەمکی دایکییەوە وشک ببوو. عەزیز هاتەوە بیری کە کاتێ مناڵ بوو، باوکی بەزستانێکی سارد هەر لەم هۆدەیە مردبوو. عەزیز لەپڕ مووچڕکێ بەلەشیا هات و چەق و چۆیەکی تیژ تێپەڕ بەئەندامیا گەڕا. ئەتکوت تێپەڕینی چەند ساڵ بەسەر ئەو زستانە ساردەدا خوێنی گەرمی لاوی کە ئێستە لە دەماریا ئەگەڕا نەیتوانیبوو ڕێگای بووژانەوەی سەرمای ئەو سەردەمە لە دەروونیا ببەستێ. هاتەوە بیری، وەک خەونێکی بێ ڕەنگ، کە بەپێخواسی بەدوای تەرمی باوکییا چووبووە گۆڕستان، کەمێکیشی لە تەڵقینی مەلا هەر لە بیر مابوو کە کوتبووی: «مام هۆمەری کوڕی خات ئەستی! تۆ مردووی، دوو مەلاییکە دێنە سەرت و پرسیارت لێ دەکەن، خوات کێیە؟ پێغەمبەرت کێ؟ و کتێبت کامەیە؟» لەمە زیاتر بیری بڕی نەدەکرد. عەزیز دوێشەو زۆری بیر کردبۆوە و لە خۆی پرسیبوو خوا کێیە؟ بەڵام زۆرتر سەری لێ شێوا بوو، بەری بەیانی کە ئەبێ هەستێ و بچێ بەفری سەربانی تەویلەی ئاغا بماڵێ، بیری ئەمە کە بەیانی زەوادیان لە ماڵێدا نییە بیخۆن، نەیهێشتبوو وەڵامێ بۆ پرسیارەکەی بدۆزێتەوە. عەزیز دوێشەو هەزار بیرەوەری هێرشیان کردبووە سەر مێشکی. بیری خودا و بیری نان و بیری دایکی کە لاپێژی ماڵی ئاغایە. بیری خۆی و برا بیمارەکەی و لە دوای هەموویانا بیری شاگوڵ.

هاتەوە بیری کە ڕۆژێکی بەهاری پاش هەستانەوەی جووت و کزربوونەوەی زەوی، خەریکی جووتکردن بوو. پۆلە کچێک بۆ شنگکردن هاتبوونە داوێنی ئەو کێوە وا جێ جووتەکەی ئاغا لە خواریەوە بوو. کراسی سەوز و سووریان لەبەر نووری خۆرەتاوا برووسکەی ئەهات و بەبالۆرە بانگی تاقمێکی تریان ئەکرد کە لەوبەرەوە بوون؛ هاتەوە بیری کە لەو کاتەدا کوڕی ئاغا بەسواری ئەسپێکی کوێت بە ڕەخت و بەرەی زێوەوە لێی پەیدا ببوو و بەهاژەی قەمچییەک ئەوی لە جیهانی ئەوین و خەیاڵ تاراندبوو و خۆی کەوتبووە شوێن کچەکان و نووزەی بەئاستەمی برا بچووکەکەی و چاوی خەوتێشکاوی دایکی کە بەناڵەی پڕ لە دەرد و ئێشی کۆرپەکەی کرابۆوە هەودای خاوی بیرەوەری عەزیزی پساندبوو.

― «ڕۆڵە عەزیز بەخەبەری؟ بخەوە کوڕم، بەیانی کارت زۆرە. ئەرێ کوڕم پەنا بەرە بۆ خودا!»

دایکی عەزیز هەر ئەوەندەی کوتبوو و چاوی ماندووی لەسەریەک دانابۆوە. لە سیمایا چەوساوەیەتی هەزارەها ساڵ چینی هەژار دەهاتە بەرچاو. ئەو ڕواڵەتە پەڕپووتە ئەتکوت پەیکەرەی توانجە دژی سەرکەوتنی مرۆڤایەتی. عەزیز چاوێکی بەژوورەکەدا خشاندبوو. هێلەگێکی هەڵواسراو و دوو سێ کاسە و کەوچکی چێوی، گۆزەیەکی سوور کە لەبەر تیشکی نیوە ڕەنگی چرای فتیلەدا قاوەیی ئەنواند، دەستێ

نوێنی قەد کراو لە گۆشەی هۆدەکە، دوو وێنەی خەیاڵی لە دوو پیاوی گەورەی ئایینی کە لە ناو گۆوارێک دەرهێنرا بوو لەبەر دووکەڵی ناو ماڵ ڕەش هەڵگەڕابوون و ئیتر هیچ. عەزیز لەوپەڕی گێژی و کاسییا بزەیەک گرتی. دایکم دەستە نوێنەکەی باوکمی پێچاوەتەوە لە گۆشەیەکا دایناوە. زۆر جار دیومە کە لە بەرامبەریا دانیشتووە و لەبەر خۆیەوە قسە ئەکا. لای وایە باوکم یەکجاری بەجێی نەهێشتووین. ئەڵێ ئەگەڕێتەوە. دڵنیام ئەگەڕێتەوە.

ڕاستی مردن چییە؟ بەرەو کوێ ئەچین؟ ڕەنگە دایکم ڕاست بکا؛ مردن سەفەرێکی دوورودرێژە، بەڵام گەڕانەوەی هەیە. ئەگەر ئادەمیزاد بەم ساکارییە بمرێ و ئیتر نەگەڕێتەوە چۆن ئەبێ؟! بێ گومان من باوکم ئەبینمەوە. ئەگەر ئەم مناڵە بچووکەش بمرێ!...

لێرەدا عەزیز نەیوێرابوو بەشوێن بیرەکەیا بڕوا. تەنانەت بەخەیاڵیش دڵی نەهاتبوو مردنی ئەم ساوا خوێن شیرینە بهێنێتە بەرچاو.

ئەو شەوە تێپەڕ بوو و عەزیز بەیانی چووبوو بەبێگار بەفری سەربانی تەویلەی ئاغای ماڵیبوو. بەرچایی نەخواردبوو و ئارەقەیەک کە بەگەرمی لە لەشی ئەهاتە دەرەوە و خێرا بەهەناسەی ساردی بای زستان ئەیبەست و لەسەر سمێڵی تازە ڕواوی ئەبوو بەسەهۆڵ، دیار نەبوو لەبەر بێ هێزی برسییەتییە یا شەکەتی کاری بێگاری و ڕەنجی خەساری یا لەبەر هەردووکیان. بۆ مەگەر هەژار دەردی یەک و دووانە؟ خوا نەکا مەینەت و چارەنووسی ڕەش ڕێگای دڵێک و تەوێڵێک بدۆزێتەوە. وەک قیلی کەوای سپی پێیەوە ئەنووسێ و بەهیچ بارێ بەری نادا، ئەمە ڕێگا و شوێنی جیهانە و «بەڕە هەر لە لای تەنکییەوە ئەدڕێ».

کاتێ ئێوارەیەکی درەنگ عەزیز بەزگی برسی و لەشی مانووەوە گەڕابۆوە بۆ ماڵ، چاوی بەبرای ساوای بیمار و لەش بەباری کەوتبوو کە پڕشنگی ژیان لەسەر ئاسۆی لێوی کاڵەوەبووی خەریکی ئاوابوون بوو. دایکی عەزیز دەمی بەڕوومەتی کاڵ و کرچی کۆرپەیەوە نابوو، ئەیویست لە گیانی خۆی بەشی بدا.

کاتێ مناڵێک دێ هەتاوێک هەڵدێ؛ بەهارێک پێئەکەنێ و کاتێ مناڵێک ئەڕوا، ڕۆژێک ئاوا ئەبێ و گوڵزارێک شەختەی لێ ئەدا.

عەزیز لە بەردەرگا هێزی ئەژنۆی شکا بوو. وڵات لە بەرچاوی سووڕا بوو. گێژ و خولی خواردبوو و هێندێک پاشان دایکێکی هەژار نەیزانیبوو بۆ کۆرپەی بگری یا بۆ لاوەکەی. کڕێوەیەکی توند، دەرگای نیوە تاکی هۆدەکەیانی کردبۆوە و گەرداڵێکی بەفری ڕژاندبووە سەر کەوشکەنی هۆدەکەیان. لە دەرەوە دەنگی گزیری ئاغا ئەهات کە هەرای ئەکرد: «بەیانی هەرچی پیادەی ئازا و کەڵەمێردە، ساز بێ؛ خان ئەچێ بۆ ڕاو.»

چپەی دوو کوڕ و کچی ئەویندار کە لە بەردەرگای عەزیز و دایکی بڕیاری ژوانی شەویان ئەدا ئەهاتە بەرگوێ. پاسارییەک لە ژێر پاسارەی ماڵێک بەجریوەیەکی نەرم دەرئەپەڕی و باڵی ئەگرت بۆ ڕەشانگی جێ دانگەی ڕانەمەڕی ئاوایی.

― «عەزیز! عەزیز؛ کوڕم! هەستە! کوڕم مەلا بانگانە!»

عەزیز هەستا بەدەم خۆکێشانەوە باوێشکێکی دا و لەبەر خۆیەوە کوتی:

― «نەهاتی خۆشە، قورتەکانی ناخۆشە.»فەقیری خۆشە، قۆرتەکانی ناخۆشە.