بەنی ئادەم خوا وای کردووە ڕۆژێکی تا ماوە

هەودایەکی خاو
از کتاب:
دیوانی حەریق
اثر:
حریق (1856-1909)
 2 دقیقه  978 مشاهده
بەنی ئادەم خوا وای کردووە ڕۆژێکی تا ماوە
سەراسەر عومری سەرفی سەرف و نەحوی زەرفی «تاماوە»
مەداری توولی ئوممێدم خەیاڵی گەردن و زوڵفە
بەڵێ سەوداسەری عاشق لەسەر هەودایەکی خاوە
بەسانی پەرچەمی ئاشوفتە سەرگەردان و ژولیدە
بە میسلی زوڵفی سونبوول دڵ هەمیشە حاڵی شێواوە
هەوای نافەی غەزالەی ڕێی خوتەن تووشی خەتای کردم
بە یادی میشکی زولفی ڕووم لە «چینی» پەرچەمی ناوە
چراغی عومری عاشق بای فەنای هیجرانی لێ هەڵبوو
لە فانووسی «ئەدەب»دا حیفزی کە یەک دوو نەفەس ماوە
دەمێکە چاوەڕێی سورمەی غوباری مەقدەمی یارم
لە کۆی خووبانەوە ئەمڕۆ نەسیم تۆزێکی هێناوە
کتێبی عیشقی مەجنوون ئایەتی ڕوخساری لەیلایە
لە سووڕەی یۆسفا دەرسی جنوونی ئێمە نووسراوە
سەرم کاسی شەڕابی سوحبەتی کاسەی دڵی غەیرە
لە دەردی دوردی ئەم جامە پەنام بۆ ساقی هێناوە
کەسێ فیترەت بڵند بێ بۆ ڕەواجی سککەیی دینی
خەراجی میسری قەلبی خۆی بە حوسنی «یۆسفی» داوە
لەسەر سەودای قوماری شاهی خووبان «پیری بورهانی»
بە چەوگانی ئیرادەت گۆی سەرم بۆ بازی داناوە
نمای ڕۆح و حەیاتی من بە جیلوەی ساقییە باقی
نەوەک وەک سپڵە بۆ سفرە لەدووی نان، چاوی پڕئاوە
بە قوربانت بم ئەی پیری خەراباتی جیهان ئاباد
بەشاهید بە کە وا ڕۆحم لە ڕەهنی قوربی تۆ ناوە
شەهی موڵکی یەقین شاهەنشەهی دین پیری باتەمکین
ڕەئیسی ئەولییا ڕەحمێ هەتا دڵ ڕێی نەبەسراوە
لە دارولحوزنی میحنەت ناجییە وەک پیری کەنعانی
بە بۆی پیراهەنی یۆسف کەسێ چاوی هەڵێناوە
حوزووری تۆ بەهەشت، ئادەم دڵ و ئەهلی حەسەد شەیتان
بە بۆی دانەی تەمەع کێشاویە ناو داوی دونیاوە
شەڕابی سوحبەتت ئیکسیری خاکی مەعدەنی ڕووحە
لە کارخانەی سەعادەت لوقمەیی لوقمانی هێناوە
عەدوو با هەروەکوو عەقرەب بە کلکی نێشی خۆی دانێ
شوکر تۆزێ حەیای بوو وا بە چاویا دیارە دایناوە
هەتا گوێی پێوە بوو مونکیر لە زەلکاوی حەسادەتدا
هەزارێ کلکی بگرێ کەڵکی ناگرێ تازە خنکاوە
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی تۆ حەریقتخلص ئەمشەو
چرای شۆقی بە کبریتی تەبیعەت خوەش هەڵایساوە