بە قوربان ئێستە هیجرانت دەناسم

دوکانی حوسن
از کتاب:
دیوانی حەریق
اثر:
حریق (1856-1909)
 1 دقیقه  1084 مشاهده
بە قوربان ئێستە هیجرانت دەناسم
کە ناری فیرقەتت بۆتە لیباسم
بەبێ دووکانی حوسنت موددەتێکە
لە بازاڕی ڕەواجا من کەساسم
موشەووەش بوو وەکوو کاکۆڵەکەی تۆ
لەف و نەشری خەیاڵاتی قیاسم
بە تابووری بلووکی نووکی موژگان
شکا تەرتیب و نیزامی حەواسم
بە تیرێکت کە جەرگت پارە کردم
مەکە بەو بارە هەرمن بوو خەلاسم
کە خاڵی لەعلی لێوت ڕەهبەرم بێ
لە خدری زیندە نابێ ئیلتیماسم
کە شک نابەم گوڵی ڕووی لالە ڕەنگت
ئەوا موحتاجی ڕووی لالەعەباسم
لەبەر تەعنەی عەوام ئەندێشە ناکەم
کە من عاشق بە گوڵغونچەی خەواسم
بە شەمعی جەمعی ڕوخسارت حەریقتخلصم
نەسیمی ئیلتیفاتی تۆ دەناسم