لە چوارینەکانی بابە تایەری هەمەدانی

از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکه‌ی فلاح (1928-1990)
 2 دقیقه  2334 مشاهده
بەبێ تۆ، گوڵ لە باخا خوایە نەڕوێت
ئەگەر هات و ڕووا بێ ڕەنگ و بۆ بێت
بەبێ تۆ هەرکەسێ لێوی بزەی بێ
لەڕووی خۆی، خوێنی دڵ، تاماوە نەسڕێت
***
دڵێکم لایە کڕیاری موحیبەت
کەهەر بەو گەرمە بازاڕی موحیبەت
جلێکم کردە بەر باڵای دڵی خۆم
کە وا پۆی مەینەتە و تاری موحیبەت
***
لە دەستی چاو ودڵ هەردووکی فەریاد
ئەوەی چاوی دی، دڵم کردوویەتی یاد
دروست کەم خەنجەرێ نووکی لە پۆڵا
لە چاوی خۆمی بەم تا دڵ بێ ئازاد
***
بەبێ تۆ، دڵ لە کوێ خۆشی ئەبینێ
لە ڕووی تۆدا ئەبینم خەم ڕەوێنێ
ئەگەر دەردی دڵم دابەش بکەم کەی
لەدنیادا دڵێ بێ دەرد ئەمێنێ؟
***
بەڵایە دڵ، بەڵایە دڵ، بەڵایە
گوناهبار چاومە و دڵ موبتەلایە
ئەگەر چاوم سەرنجی خۆی نەگێڕێ
دڵم چوزانێ جوان وا لەچ لایە؟
***
لەدەریا سەیر ئەکەم، هەر تۆ ئەبینم
لەسارا سەیر ئەکەم، هەر تۆ ئەبینم
لەهەر لاسەیر ئەکەم دەشت و دەر و کەژ
هەمووی هەر بەژنی تۆیە نازەنینم
***
دڵم زار و حەزینە، چۆن نەناڵم؟
ژیانم ئاگریینە، چۆن نەناڵم؟
ئەڵێن پێم: بۆچ و تاکەی هەر ئەناڵی؟
کە مەرگم لە کەمینەچۆن نەناڵم؟
***
مەگەر شێر و پڵنگی، ئەی دڵ! ئەی دڵ!
لەگەڵما هەر بەجەنگی ئەی دڵ! ئەی دڵ!
ئەگەر دەستم کەوی خوێنت ئەڕێژم
بزانم تاچ ڕەنگی، ئەی دڵ! ئەی دڵ!
***
وەرن ئەی دڵ سووتاوان! با بناڵێن
لە دەستی یاری بێ پەروا بناڵێن
بچین بلبل لە باخا گەر نەناڵێ
لەباتی بلبلی شەیدا بناڵێن
***
درەختی خەم لە گیان کردوویە ڕیشە
لە دەرگای خوایە ناڵەی من هەمیشە
عەزیزان! بایەخی یەکتر بزانین
ئەجەل بەردەو مرۆڤیش چەشنی شووشە