کلوە بەفرەکان
از کتاب:
دیوانی کاکەی فەلاح
اثر:
کاکهی فلاح (1928-1990)
1 دقیقه
798 مشاهده
ئەی کلوی بەفری سپی!
چەن بێ دەنگ و چەن کپی
کە لەو ئاسمانە بەرزە
ڕوو ئەکەیتە ئەم ئەرزە
چین چین زەوی داپۆشە
دڵی من بەوە خۆشە
زۆر حەز ئەکەم تاماوم
هەتا بڕ ئەکا چاوم
دەشت و دەر و شار و دێ
بەرگی بەفری سپی بێ
سپی ڕەنگێکی چاکە
بەفربێ گەرد و پاکە
ئای چەندە بێزارم من
لە پەڵەی ڕەش و چڵکن
خۆزگە دەروون و هەناو
وەکوو بەفری بەرهەتاو
بێ گەرد و ڕووناک ئەبوو
سپی و جوان و پاک ئەبوو
ئەوسا ئەتدی ئەم ژینە:
چەن دڵگیر و شیرینە