7- پاشگری نێوی کارا «وو û، ی î»ی کارێکی تێنەپەڕ و تێپەڕ

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 2 دقیقه  68 مشاهده
کرمانجیی نێوەڕاست بۆ دروستکردنی نێوی کارای کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ؛ گەلێ ڕێی هەیە. یەکێک لەوانە ئەوەیە «ن»ی چاوگەی کارەکە لا دەبا و لەجیاتی ئەوە، تیپی دەنگداری درێژی «وو û» دەکاتە پاشکۆی (پاشگری). بۆ وێنە: «مردن-مردوو»، «خواردن-خواردوو»، «هاتن-هاتوو»، «تێگەشتن-تێگەیشتوو». خۆ ئەگەر کارەکە بە «în-» کۆتایی هاتبوو، وەک «فڕین» و «دزین»، ئەوا پاشگری «în-» لا دەبرێ و لەجیاتی وی پاشگری «îw-»ی پێوە دەنووسێنرێ. بۆ وێنە «فڕیو»، «دزیو».
 
بەڵام لە کرمانجیی ژووروودا و هێندێ لە زاراواکانی کرمانجیی نێوەڕاستدا (وەک زاراوای کۆیە و هەولێر) ئەم تیپە دەنگدارە «وو û-» دەبێتە تیپی دەنگداری «ی î-» واتا: «مردن-مردی mirdî»، «خواردن-خواردی xuwardî»، «تێگەیشتن - تێگەیشتی têgeyiştî».
 
جا بۆ ئەوەی پاشگری «ی î-» لە نێوی کارادا (present participle) لەگەڵ پاشگری «ی î-» لە نێوی ڕووتدا (abstract noun)، وەک «ژیری» و «خوێندەواری» و... هتد، لەگەڵ یەک تێکەڵ نەبن، واتا بۆ ئەوەی ووشەی «تێگەیشتی» (مُثَقَفعربی) کە لە کرمانجیی نێوەڕاستدا «تێگەیشتوو»ە لەگەڵ ووشەی «ژیری» (الوعيعربی)، لە باری ڕێزمانەوە؛ بە یەک جۆرە داڕشتن نەزانرێن، دیارە وا باشترە کە پاشگری نێوی بەرکار و پاشگری نێوی ڕووت، هەردووکیان «ی î-» نەبن و لە یەک جیاواز بن. بۆیە پاشگری نێوی بەرکار، ئەگەر هەر بە «وو û-» بێ باشترە.