چوونی شیرین بۆ سەر قەبری خوسرەو و فەرهاد

از کتاب:
شیرین و فه‌رهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
 2 دقیقه  31 مشاهده
هاتە دەرەوە بە دڵی ناشاد
چوو بۆ سەر قەبری خوسرەو و فەرهاد
گوتی گیانەکەم ئەی فەرهادی چین
لە من عاجز بوویت وا ماتی و غەمگین
چاوم لەو ڕۆژەی لە تۆ بووە دوور
بینایی کەمە وا بووە بێ نوور
لێم عاجز مەبە گەورە و سەروەرم
چەند ڕۆژە دوساخ شێرۆی کافرم
ئەی شازادەی چین شیرین بێ فدات
سەرت هەڵبڕە ببینم باڵات
جوابم بەرەوە فەرهادی سەروەر
من شیرینی تۆم ئەی خاکم بەسەر
ئەمجا بۆ خوسرەو کردی زاری و شین
خاڵانی هەڵکەند بە ناخون بە قین
هەڵیکەند وتی من نامەوێ خاڵ
قەدری نازانن غەیری کەمەرلاڵ
زوو هەڵسە لە خەو کەیانی نەسەب
تەختی داگیر کرد شێرۆی بێ ئەدەب
دانیشت لەسەر تەخت بە خۆشی و خوڕەم
خەریکە ئەمبا بە زۆر بۆ حەرەم
بەجێت بێنایە شەرتت بۆ فەرهاد
نەیان ئەکوشتی بە تیغی فوولاد
بە ناحەق کوشتت فەرهادی شەهید
منیش لە وەسڵی تۆ بووم نائومید
ئێستا وا کوژران تۆ لەگەڵ فەرهاد
منیش نامووسم وا ئەچێ بە باد
دووبارە ڕووی کرد بۆ قەبری فەرهاد
خەنجەری کێشا بە دڵی ناشاد
مشتووی خەنجەری لەسەر خاک دانا
سینەی مەڕمەڕی بە خەنجەرا دا
خوێن فوارەی بەست لە سینەی شیرین
کەنیزان دەستیان کرد بە زاری و شین
وتی کەنیزان بزانن هەموو
خوسرەوی پەروێز قەباحەت بار بوو
بەڵام مەعلووم بێ لە هەمووتان گشت
بۆ مەرگی فەرهاد من ئەوا خۆم کوشت
یاران هاوسەران وەسیەتم یاد کەن
پشتم لە خوسرەو ڕووم لە فەرهاد کەن
وتی: ئەی فەرهاد کەعبەی نیازم
گیانی شیرینم، قیبلەی نەمازم
کەنیزان بڕۆن خودا و ئاگادار
من وا ڕۆیشتم بۆ خزمەت دڵدار
ئاهی هەڵکێشا بە دڵی ناشاد
گیانی کرد فیدای نەوجوانی فەرهاد
ئەمجا کەنیزان باڵا عەرعەرین
قەدیم، خانەزاد باوانی شیرین
لە گیانی خۆیان بوردن هەموویان
دڵیان هەڵدڕی بە تیغی بوڕڕان