شێرۆیە غوڵامێ بۆ خزمەت شیرین دەنێرێ
از کتاب:
شیرین و فهرهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
1 دقیقه
125 مشاهده
ڕۆژێ شێرۆیەی زاڵمی لەعین
غوڵامێکی نارد بۆ خزمەت شیرین
وتی عەرزی کەن شیرینی خۆشبوو
وەعدەی چل ڕۆژە ئەوا تەواو بوو
دەلیلی شێرۆ چوو بۆ لای شیرین
تەعزیمی بۆ کرد کەوتە سەرزەمین
ڕاسپێری شێرۆ عەرزی کرد تەواو
شیرینی ئەرمەن زوڵف حەریری خاو
وتی ئەی دەلیل مەحڕەمی کاران
ئاگاداری کار شاهـ و خونکاران
هەر وەکوو شێرۆ بە من مەجبوورە
منیش بەبێ ئەو چاوم بێ نوورە
ڕوخسەتم بدات تا ئەچمە حەمام
ئاراییش بکەم لە سەر تا بە پام
سەرێکیش بدەم لە قەبری خوسرەو
لە پاشان ئەمجا دێمە خزمەت ئەو
ئەمری کرد شیرین بە کەنیزەکان
چوون لەبەریان کرد جلی تازە و جوان
خۆشی لیباسی ڕەشی زوودا کەن
سەرتاپا پۆشی زەڕبەفتی خوتەن
ئاخرین جار بوو شیرینی جەم جام
لەسەر دونیادا کە چوو بۆ حەمام
خۆی ڕووت کردەوە شۆخی نازپەروەر
ڕۆیشتە حەمام وەک مانگی ئەنوەر
لە شۆقی جەماڵ شیرینی خۆش خوو
تاریکی حەمام تەواو ڕووناک بوو
شیرینی ئەرمەن شۆخی مەستە چاو
خۆی شوشت بە عەتر و عەبیر و گوڵاو