میرنشینی پاشای کۆرە، هۆی بەرزبوونەوە و ڕووخانی
از کتاب:
چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان و سۆران و بۆتان
اثر:
کاوس قفتان (1933-2009)
22 دقیقه
55 مشاهده
هەر چەندە مێژووی میرنشینی سۆران لە ڕەواندز کۆنە و ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر دوورتر لە ڕۆژانی حوکمدارێتی میر محمدی ڕەواندزی واتە «پاشا کوێر»ە، بەڵام قەت ئەو هێز و دەسەڵاتەی بە خۆیەوە نەدیوە کە لە زەمانی پاشا کوێرە ١٨٢٠-١٨٣٦دا بە خۆیەوە دی. ڕاستە شاری ڕەواندز هەر لە زۆر کۆنەوە، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە شارێکی قایم و خاوەن ڕۆشنبیری بووە، بەڵام لە دەوری پاشا کوێرەدا بووە پایتەختی میرنشینێکی گەورەی بە هێز و ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد. میرنشینێک دەسەڵات و هێزی گەیشتە ڕادەی ئەوەی ببێتە هەڕەشە و مەتەرسیەکی گەورە بۆ میرنشینەکانی دراوسێی و هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران. بۆ چەند ساڵێک وەکوو ئەستێرە گەشایەوە و دۆست و دوژمن هەزار حسابی بۆ ئەکرد، کەچی لەپڕ کوژایەوە. بە جۆرێک بووە دیاردەیەکی سەیر لە مێژووەکەمانە. بە درێژایی مێژووەکەمان، میرنشینی کورد هەبووە، دەوری لاوازی و دەسەڵاتیان بەسەرا هاتووە و دیوە، بەڵام هیچیان وا بە جۆری میرنشینی سۆرانی پاشا کوێرەی زوو بەرز نەبووەوە و وەها زووش نەکەوت.
جا ئەگەر کەمێک ورد ببینەوە، ئەبینین کە چەند هۆیەک، گەورە و بچووک کۆ بوونەوە تا ئەو میرنشینە بەو جۆر و شێوەیە دامەزرێت، هۆیەکانیش ئەمانەن:
- بێ گۆمان جۆری هەڵکەوتنی ناوچەکەن دەورێکی باڵای لە دروستکردن و پەرەسەندنی میرنشینی ڕەواندزی پاشا کوێردا هەبووە. شوێنەکەی شاخاوی و زۆر سەختە، زۆربەی ئەو گەڕۆکانەی بەوێدا ڕۆشتوون باسیان کردووە و بە یەکێک لە شوێنە هەرە سەختەکانیان داناوە، جا شوێنێک وەها بێت، لە دەستدرێژی و پەلاماردانی هەمەجۆرە کاربەدەستانێک چاوی ناترسێت و پشتی بەوە قایمە کە سروشتەکە پارێزگاری ئەکات و دەستی یارمەتی لە کاتی تەنگانە بۆ درێژ ئەکات، ئەو کاربەدەستەی سەرکێشی ئەکات و پەلاماری ئەدات ئەبێت زیانێکی زۆری لێ بکەوێت. هەر بۆ نموونە مولتکە ئەنووسێت کە داگیرکردنی قەڵایەکی بچووکی قەدپاڵی شاخەکان و لووتکەکانی کوردستان «٣٠-٤٠» ڕۆژی ئەوێت. ئەی بۆ شوێنێکی وەکوو ڕەواندز چەندی ئەوێت؟
جگە لەوەش یەکێک لە ڕێگا هەرە گرنگەکانی کاروان بەلای ڕەواندزدا تێ ئەپەڕێ، ئەمەش لە سەرێکەوە دەسەڵاتێکی سیاسی ئەدایە، لە سەرێکی تریشەوە لە ڕێی باج و سەرانەوە سامانێکی زۆری بۆ ئەهێنا، لەمانە و لە شتی تر پاشا کوێرە ئەو سامانەی کۆ کردەوە کە میلنگن ناوی گەنجی لێ دەنێت و سوڵتان تەماعی تێ کرد و بردی بۆ خۆی. ئەو سامانە بۆ هێنانە دیی گەلێک ئامانجی نەتەوەیی یان کەسی ئەتوانرا بە کار بهێنرێت، ئەو سامانە دەورێکی گەورەی دی هەتا پاشا کوێرە بتوانێت ئەو هەموو تۆپ و قەڵا و پردانە دروست بکات.
لاوازیی دەوڵەتی عوسمانیش هۆیەکی تر بوو بۆ ئەوەی میری سۆران چاوی نەترسێت و دەست بهاوێژێت و سنووری میرنشینەکەی فراوان بکات. دەوڵەتی عوسمانی وەها لاواز و ڕسوا بووبوو، هەتا کوردەکان – وەکوو فرایزر ئەڵێت- حسابیان بۆ نەئەکرد و بە یەک ساعەت هەولێریان داگیرکرد. هەر لەم ماوەیەدا محەممەد عەلی گەورە بووبووە خاوەنی میسر و سووریای داگیرکردبوو هەڕەشە و بەرهەڵستیی بەریتانیا نەبووایە هەتا ئیستەنبوڵ ئەچوو. لەولاشەوە میرنشینی بۆتانی بەدرخان پاشا پەرەی سەندبوو لە گەشەکردنا بوو. جا ئەمانە لاوازییەکەی دەوڵەتی عوسمانییان دوو قات ئەکرد، تا وای لێ هات ئیستیعماری بەریتانیا ناچار داوا لە والیی بەغدا بکات یارمەتیی میری سۆران بدات، تا دەوڵەتی عوسمانی بتوانێت لە ڕووی محەممەد عەلیدا بوەستێت.
دۆخی سیاسیی ناوەوی ئەو ڕۆژانەش یارمەتیدەرێکی تر بوو بۆ ئەوەی میرنشینی سۆران وەها زووبەزوو تەشەنە بکات. ئەوە بوو میرنشینی بابان کە بەهێز و دەسەڵاتترین میرنشینە کوردەکان بوو تەواو لاواز بووبوو بە ڕادەیەک میرەکەی پێی نەکرابوو میواندارێتیی میوانێکی وەکو فرایزەی گەڕۆک بکات. لەبەر ئەوە بە لای دەوڵەتی عوسمانییەوە شتێکی ناخۆش نەبوو هێزێکی تر دروست بێت شوێنی بابانەکان پڕ بکاتەوە و ببێتە دیوارێک لە ڕووی ئێراندا، ئەمە وای کرد دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتادا چاو لە دەستدرێژی و تەشەنەی دەسەڵاتی میری سۆران بپۆشێت. کە هەستیشی بەوە کرد بووەتە مەترسییەکی گەورە و کاتێک دەسەڵاتی پەیدا کردەوە، ئەوسا لێی ڕاست بووەوە و دەستی لێ وەشاند.
هەروەها شەخسیەتی پاشا کوێرەی میری سۆرانیش دەورێکی ئێجگار باڵای هەبوو لە پێگەیشتن و پەرەسەندنی میرنشینی سۆراندا، بەڵگەش ئەگەر هیچمان پێ نەبێت، بەسە ئەوە بڵێین کە پێش پاشا کوێرە دەسەڵات و هێزی ڕەواندز قەت نەگەیشتە ئەو ڕادەیەی کە لە دەورانی پاشا کوێرەدا هەیبوو، خۆ پاش ئەویش میرنشینەکەی سۆران تەواو کوێر بووەوە. هەر لە مناڵییەوە ڕقی ئەوەی لە دڵدا کۆ بووبۆوە کە ئەیدی چۆن دووبەرەکی و تەڵە بۆ یەک نانەوەی مام و خزمەکانی میرنشینەکەی بەرەو داڕزان ئەبرد، ئەمە تەواو کاری تێ کرد، کارتێکردنێک هەر لە مناڵییەوە چاوی لەوەوە بێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کار بگرێتە دەست و سەربەخۆ و دەست بەرەڵا بێت تا بە ئارەزووی خۆی باری میرنشینە لەقبووەکە ڕاست بکاتەوە و بیچەسپێنێت. هەر ئەم هەستەش لە دڵ و دەروونیا بووە دڵڕەقی، دڵڕەقییەک بە کاری ئەهێنا نەک هەر وەک ڕێگایەک بیبات بەرەو هێنانە دیی ئامانج و خواستەکانی، بەڵکوو لای بووە خوو هەرچەندە زۆر کاری بۆ ئاسان کرد و لغاوی سەرکێشترین خێڵە کوردەکانی پێ کرد و میرنشینەکەی بە خێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا چەسپان و سنووری فراوان کرد، بەڵام لە دواڕۆژدا بۆ بووە مایەی زیان. دڵڕەقیەکەی لە لایەک، دادپەەوەرییە سەرزاییەکەش لە لایەکی ترەوە، ناوبانگێکی ئەوتۆی بۆ هێنا، هەتا میری سۆران ببێتە ئەفسانە، کۆبوونەوەی ئەم دوو سفەتە وەکوو میلنگن ئەڵێ داگیرکەر و یاسادانەر لە میری سۆراندا، یارمەتی دا لەو ماوە کورتەدا ئەو میرنشینە بەهێز و فراوانە دروست بکات. بەو دڵڕەقییەی وای کرد دز و جەردە لە وڵاتەکەدا نەمێنێ، زەبر و زەنگی گەیشتە ڕادەیەک هەتا بێگانەکان بەبێ پرسینەوە نەیانئەوێرا پێ بخەنە سنووری میرنشینەکەوە. ئەمن و ئاسایشی میرنشینی سۆران بوو بە نموونە و لەسەر هەموو زبانێک بوو، ئەوترا ئەوەی جاران هێلکەیەکی بەدەستەوە ببوایە ئەکوژرا، بەڵام لە ڕۆژانی پاشا کوێرەدا دەستی پڕ لە زێڕ نەئەترسا. بێ گۆمان ئەمە یارمەتی ئەدا دۆخی ناوەوەی میرنشینەکە بە گشتی ببووژێتەوە و کار بکاتە سەر خووڕەوشتی دانیشتوان و بە ڕادەیەک گەلێک لە گەڕۆکەکان هەستیان بەوە کردووە و دانیان بەوەدا ناوە کە هەر پێ بخرایە سەر سنووری میرنشینەکەوە، ئەوە هەست بە جیاوازیی خووڕەوشتی خەڵکەکە ئەکرا. ئەمە ئەوەندەی تر میرنشینەکەی ئەچەسپان و یارمەتیی فراوانبوونی ئەدا.
جا ئەم دۆخەی وەها لەپڕ بۆ میری سۆران هاتە دی، بێدەنگیی دەوڵەتی عوسمانی، هەست بە هێز کردن و لەخۆبایی بوون، هانی میری سۆرانی دا بەوەوە نەوەستێت و هێندەی تر پەل بهاوێژێت.
ئەمانە هەمووی لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە ئەو هێزە سوپاییەی هەیبوو، لەوەی نەئەکرد هی میرنشینێکی بچووک بێت بەڵکوو زیاتر لەوەی ئەکرد هی نیمچە دەوڵەتێک بێت نیازی گەورەبوونی هەبێت. سوپاکەی زۆر بەهێز و بەزەبت بوو، هەر ژمارەی یاساوڵە تایبەتییەکانی خۆی ٣ هەزار کەس بوون. لەمەش زیاتر هیچ میرنشینێک نە لە پێش پاشای کوێرەدا و نە لە پاش ئەو بەو جۆرە چەکی قورس واتە تۆپی بە کار نەهێناوە، یەکەم جار بوو، تۆپ بەو ژمارە زۆرە بە کار بێت، بگرە کارگەی تۆپ و جبەخانە دروستکردنی لە شاری ڕەواندز دامەزراند، جا گومانی نییە کە ئەمە هەیبەتێکی تەواوی دایە و ترسی خستە دڵی دراوسێیەکانییەوە و یارمەتیی دا بە ئاسانی لەشەڕەکانیدا سەرکەوێت و سنووری میرنشینەکە فراوان بکات.
دۆخی سیاسیی دەرەوەی ئەو ڕۆژەش پاڵی ئەنا بە میری سۆرانەوە پێش کەوێت وەها خێرا بێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان و میرنشینی سۆران پێ بگات. ئاشکرایە هەر لە زۆر کۆنەوە دەوڵەتی عوسمانی و ئێران لەسەر دەستبەسەردا گرتنی میرنشینە کوردەکان لە شەڕ و هەرادا بوون، کە هیلاکیش ئەکەوتن و لە شەڕکردن ئەکەوتن، ئەوسا لە ڕێی میرنشینە کوردەکانەوە ئەچوون بە گژی یەکدا و پیلانەکانی خۆیان ئەهێنایە دی. لەو ڕۆژانەدا دەوڵەتی عوسمانی لاواز بوو، بەڵام کەوتبووە سەر سەودای ئەوەی مەرکەزیەت بچەسپێنێت. بەڵام هەتا ئەو ڕۆژە هات ئەم نیازە بهێنێتە دی، بە ناچاری چاوی لە تەشەنە کردنی میرنشینی سۆران ئەپۆشی. هەر لەو ڕۆژانەدا داود پاشا لە دڵەوە ڕقی لە بابانەکان بوو، ئەیویست و هەوڵیشی ئەدا لە ناویان ببات، چونکە قەت میرنشینێکی کوردی وەک میرنشینی بابان نەبووە، بووبێتە مایەی سەرئێشە و مەترسی بۆ دەوڵەتی عوسمانی و والییەکانی بەغدا، جا بە لای داود پاشاوە شتێکی باش بوو میرنشینی ڕەواندز لەسەر حیسابی بابان گەورە ببێت. کە بابانەکانیش پەڕەوازە بوون دەستی ئێران بەمە شکا، جا هەتا ئێرانیش پێی خۆش بوو سۆران بێتە کایەوە بە مەرجێ لە ژێر ڕکێفی خۆیدا بێت و لە ئاستی دەوڵەتی عوسمانی قوتی بکاتەوە، بە تایبەتی ئێران خۆشی لەم ماوەیەدا بە شەڕی ڕووسەوە سەرقاڵ بوو ئەگەر بشیویستایە بۆی نەئەکرا ئاوڕ لە میرنشینی ڕەواندز و پەرەسەندنی بداتەوە.
جا ئەم دۆخە سوودێکی بێهاوتای بوو بۆ میری سۆران و هانیدا بە هەر چوار لادا پەل بهاوێژێت و لە کەس سڵ نەکاتەوە بەڵگەش ئەوەیە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، میری سۆران ئەم و ئەو میرنشینی داگیرئەکرد، کەچی ڕووی نەدا دەوڵەتی عوسمانی یان ئێران یا خود والیی بەغدا هەڕەشەی لێ بکەن یان چاوێکی سووری پیشان بدەن.
دوا شت ئەوەیە کە میرنشینەکانی دەور و پشتی لە دۆخێکی لاوازی داڕزاودا بوون بە هۆی نەخۆشییە کۆنەکەی میرنشینەکانی کورد، واتە دەردی دووبەرەکی و فیتنەبازی و تەڵە بۆ یەک نانەوە و یەکتری خواردنەوە. لە کاتێکدا پاشا کوێرە خەریکی ئەوە بوو بە دەستێکی ڕەق ئەو نەخۆشییانە لە میرنشینەکەیدا لە ناو ببات، یەکە یەکە میرنشینە دراوسێیەکانی داگیر کرد. گەورەترین دەسکەوت داگیرکردنی میرنشینی ئامێدی بوو. بەمە ناوبانگێکی تەواوی بۆ خۆی پەیدا کرد، چاوی گەلێک میری تری ترساند، چونکە ئامێدی زۆر سەخت بوو، داگیرکردنی وەها ئاسان نەبوو، جگە لەوەی ناوچەیەکی گەلێک دەوڵەمەند بوو. ئەوەی ڕاستی بێت میری سۆران بە داگیرکردنی ئامێدی چەند پلەیەک بەرز بووەوە. نموونەیەکی تریش جاران دەسەڵاتی میری بابان تا دەشتی حەریری بن دەستی ڕەواندز گەیشتبوو، بەڵام لە زەمانی پاشای کوێرەدا دەسەڵاتی ڕەواندز گەیشتە ڕانییەی بن هەنگڵی بابان. بەم جۆرە، لە ئەنجامی ئەم هۆیانەدا، پاشای ڕەواندز، توانی میرنشینی سۆران بەو جۆرەی ئەیویست دامەزرێنێت. هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا، دامەزراندنەکە لەسەر شێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت.
پاشا کۆرە هەر مناڵییەوە خولیای سەربەخۆییی لەسەردا بوو، سەربەخۆیی ئامانجی هەرە گەورەی بوو، زۆربەی گەڕۆک و میژوونووسەکان دانیان بەمەدا ناوە، سۆن لەم ڕووەوە ئەڵێت «ئەمیش وەکوو ئەو [واتە پاشا کوێرەش وەکوو ئەوڕەحمان پاشای بابان] چاوی لە سەربەستی و سەرفرازی میللەتەکەیەوە بوو. سەربەخۆییەک لەگەڵ سنووری ئاواتە گەورەکانی یەک بگرنەوە.دوور نییە لاوازی و بێ دەسەڵاتیی دەوڵەتی عوسمانی و ئێران وای لێ کردبێت چاو ببڕێتە ئەوەی ببێتە هاوشانیان، کردەوەکانیشی ئەمەی دووپات ئەکردەوە. لاسایی ئەوانی ئەکردەوە و لافی ئەوانیشی لێ ئەدا. قەڵا دروستکردن و سکە لێدان و کردنەوەی کارگەی چەک و جبەخاتە، دانانی پایە و سیفاتی دادپەروەری بە خۆ دان و بەستنی پەیمانی دۆستایەتی لەگەڵ محەمەد عەلیی میسردا کە گەورەترین دوژمنی دەوڵەتی عوسمانی بوو، ئەمانە، لە ڕاستیدا، دەری ئەخەن کە میری سۆران خەیاڵی زۆر دوور ڕۆیشتووە، بە تایبەتی دەوڵەتی عوسمانی لە باتی هەڕەشە و سزادان هات ڕوتبەی میری میرانی پێ بەخشی و ئێرانیش دانی بە سەربەخۆیی میرنشینەکەی دانا، وەکو میرنشینێک نەک وەکوو دەوڵەتێک چونکە دەوڵەتی فارس ئەگەرچی حەزی بە زیان نوشوستی دەوڵەتی عوسمانی دەکرد بەڵام ڕازی نەئەبوو ئەوەش لە خۆی بقەومێت.
سنووری میرنشینەکە لە ماوەیەکی کەمدا زۆر فراوان بوو. ئامێدی، زاخۆ، ئاکرێ، کۆیە، ڕانیە، هەولێری گرتەوە، لەو لاشەوەن جزیرە و ماردین و لەم لاشەوە گەیشتە پردێ (ئاڵتۆن کۆپری)، هەرچەندە سۆن دەڵێ کە سنووری گەیشتە نزیک کەرکووک. بەخۆڕاییش پەلاماری (ژەنگار) سنجاری دا و خەڵکێکی زۆری کوشت. ئەوی ڕاستی بێت، هەرچەندە دڵڕەقی لە داگیرکردنی ئەم ناوچانەدا بە کار ئەهات، بەڵام بە دەستێکی ئاسنین دابینی کرد و بە جۆرێک وەکو لۆنگریک ئەڵێت ڕێکخستن و زەبتکردنی وەهایان قەت بە خۆیانەوە نەدیبوو.
ساڵی ١٨٣٦ ساڵی ڕمان و ڕووخانی کتوپڕی میرنشینە بە شەوکەتەکەی سۆران بوو. کورتە سەرنجێک بۆمان دەردەخات بۆ چی وەها ڕووخا؟
دەوڵەتی عوسمانی بە هەموو هێزێکییەوە هەوڵی ئەدا تەوقی هەڕەشە و مەترسیی میسری محەمەدعەلی گەورە لە مل خۆی داماڵێت. سیاسەتی جیهانی ئەو ڕۆژەش واتە بەریتانیا کە دەوری گەورەی دەدی، لەگەڵ سیاسەت و خواستی دەوڵەتی عوسمانیدا یەکی ئەگرتەوە. دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان دەستیان خستبووە دەوڵەتی عوسمانییەوە، لە ژێر پەردەی پاراستنی کەمایەتییە ئایینییەکاندا ئەم دەست تێ خستنەیان ئەشاردەوە. بەریتانیا نەیئەویست دەوڵەتی عوسمانی لەوە زیاتر لاواز بێت، لە بەر ئەوە چون دژی محەمەد عەلی میسر وەستا وەهاش دژی میری سۆران ڕاوەستاوە، هانی دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی ئەدا پەلاماری سۆران بدەن. کە کێشەکەی میسر تەواو بوو ئەوسا دەوڵەتی عوسمانی دەستی بەتاڵ بوو هەموو هێزی ئاڕاستەی میرنشینی سۆران کرد. بۆ ئەم نیازە هەر بەوەوە نەوەستا هێزێکی تایبەتی خۆی لە ئەستەمبووڵەوە بە سەرکردایەتی ڕەشید پاشا بنێرێت، بەڵکوو داوای لە والیی بەغدا و مووسڵ کرد ئەوانیش بەشداری ئەو گەمارۆدانە بکەن.
ئێران لووتی لەوە ئەخورا سوود لەم دووبەرەکییە وەربگرێ و جێپێی خۆی لە ڕەواندز قایم بکات، بەڵام هەر لەم کاتە ئاڵۆز و وردەدا، میری سۆران، ئەوەی بە هەل زانی عوسمانییەکان خەریکی خۆکۆکردنەوە بوون، لەم ماوەیەدا لە جیاتی ئەوەی پەلاماری بدات، پەلاماری چەند ناوچەیەکی ئێرانی دا. بەم کورتبینییەی میری سۆران وای کرد ئێران تەواو دڵی لێ پیس بکات و بچێتە سەر ڕا و داخوازی بەریتانیا و ڕازی بێت بەیەکەوە لەگەڵ دوەڵەتی عوسمانیدا پەلاماری میری سۆران بدەن، بەوەی باش بوو دەوڵەتی عوسمانی کە لە هەموو تەداخولێکی ئێران ئەسڵەمییەوە لە کوردستاندا قایل نەبوو دەست بخاتە دەستی ئێرانەوە. میری سۆران کورتبینییەکەی هێندەی تر تۆخ کرد بەوەی دووبەرەکیی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێران ببینێت، هەر لە بەر ئەوەی ئێرانی شیعە مەزەب و دەوڵەتی عوسمانی وەکوو خۆی سونی مەزەب بوو. هەرچۆنێک بێت دەوڵەتی ئێران قەت دەروون و سیاسەتێکی پاکی بەرامبەر میرنشینی ڕەواندز نەبوو. وەکوو جەلیلی قاسم باسی ئەکات پێش ئەوەی بەریتانیا بتوانێت ئێران و دەوڵەتی عوسمانی ڕێک بخات ئێران خێرا نزیکەی ١٠ هەزار چەکداری ناردە سەر کوردەکان. هەتا ڕووسیاش لەم ڕووداوانەوە دوورەپەرێز نەوەستا و دەستێکی کە دەستی تورکیا و بەریتانیا و دەستەکەی تریشی لە دەستی ئێراندا بوو و لەو ڕووەوە یارمەتیدا. لەناوچوونی هێزەکەی محەمەدعەلی میسری، واتە کشانەوەی لە سووریا، زیانێکی گەورەی بۆ میری سۆران هێنا. میری سۆران پێوەندیی لەگەڵیا هەبوو، ئیبراهیم پاشای سەرکردەی لەشکەری محەمەدعەلی لە میسر چەک و جبەخانەی دەنارد بۆ میری سۆران، سوپاکەشی بە گۆشتی مەڕی کوردستان دەژیا.
هۆیەکی تریش بووە کوسپ لە ڕێگای میرنشینی سۆراندا ئەویش کۆمەڵگای کوردی ئەو ڕۆژە بوو، ئاشکرایە کۆمەڵگای ئەو ڕۆژانەی کورد خێڵەکی دەرەبەگایەتی بوو. هەموو میرنشینێک خۆی بە سەربەخۆ دائەنا و بگرە مافی میرنشینەکەی وەکو دەمەلوجی دەڵێت بە مافێکی پارێزراو دائەنا، جا کە میرێکی کورد بهاتایە میرنشینێکی تری داگیر بکردایە بەوە هەستی خێڵایەتی دەورووژا. خۆ ئەگەر لەو داگیرکردنەدا دڵڕەقی بە کار بهاتایە ئەوە خوێن دەکەوتە ناوەوە و تۆوی دوژمنایەتی و تۆڵەسەندن ئەچێنرا. جا هەڵەی گەورەی میری سۆران هەر داگیرکردنی میرنشینەکەی دەور و پشتی نەبوو، بەڵکوو ئەو دڵڕەقییە زۆرەش بوو کە بە کاری ئەهێنا. لە شەڕی ئامێدیدا خێڵێکی هەر لەبەر ئەوە قڕ کرد کە ئازایانە بەرهەڵستییان کرد.
لە تاو دڵڕەقی و زەبر و زەنگی میری سۆران، ئەم ناوچانە بە ناچاری سەریان شۆڕ کرد، بگرە بە نابەدڵی بەشداریی شەڕەکانیشیان ئەکرد، بەڵام هەمیشە چاوەڕوانی تۆڵەسەندن بوون، کە ئەو ڕۆژەش هاتە پێشێ و دەوڵەتی عوسمانی پەلاماری میری سۆرانی دا، خێرا پشتیان کردە میری سۆران. هەستی نیشتمانپرەروەریش ئەوەندە بەهێز نەبوو تا ئەوەیان پیشان بدات کە نوشوستی میری سۆران و سەرکەوتنی دەوڵەتی عوسمانی زیانی میللەتەکە و دواڕۆژی نیشتمانەکەی تێدایە.
بەرزفڕییەکەی میری سۆران ئەوەندە بەهێز بوو، لەوە دەچوو چاوی بەرایی نەدا، میرێکی تری ناودار لەتەک ئەودا هەبێت. ئەمە بەرەو ڕێگای ناڕاست و کردەوەی چەوت ئەیبرد، ئەگەرنا لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ میرنشینێکی گەورەی بە هێزی وەکوو میرنشینی بۆتانی بەدرخانییەکان ڕێک کەوێت، ئەو میرنشینەی خەریکی خۆ کۆکردنەوە بوو بە نیازی نانەوەی شۆڕشێکی گەورە دژی دەوڵەتی عوسمانی، لەجیاتی ئەمە پەلاماری بۆتانی دا و ویستی موڵکەکانی زەوت بکات. بەوە دڵی بەدرخانییەکانی لە خۆی ڕەنجان و دۆستێکی بێهاوتای لە کیس خۆی دا. هەروەها سیفەتی دڵڕەقیی میری سۆران بە زیان بۆی شکایەوە، ڕاستە ئەو دڵڕەقییە لە سەرەتادا چاوی زۆری ترسان و ئەرزی بۆ تەخت کرد میرنشینەکەی بچەسپێنێت و خێرا سنوورەکەی فراوان بکات، بەڵام واشی کرد خەڵکی لێی بترسن و خۆشیان نەوێت. پەلاماردانەکەی بۆ سەر ژەنگار (سنجار) و کوشتنی هەزارەها کەس و بە دیل گرتنی سەدەها منداڵ و ئافرەت، ئەمە لە ناوزڕاندن بەو لاوە هیچی تری بۆ نەهێنا.
ئەگەر ئاوڕێک لە کردەوەکانی میری سۆران بدەین و بزانین چیی بۆ میللەت کرد، ئەبینن ئەوەش هۆیەکی تری نوشوستی میری سۆران بوو. ڕاستە وڵاتەکەی پڕ کرد لە قەڵا، پردێکی زۆری لەسەر ڕووبارەکان دروست کرد (کە بۆ هاتوچۆی سوپاکانی بوو)، بەڵام قوتابخانە، مزگەوتێک، حوجرەیەکی نەکردەوە. ئەو هەموو شەڕ و شۆرانەش ئەیکردن زیانێکی زۆری بۆ میللەتەکە هێنا و بێزاری کرد. میللەتەکە خۆی لە خۆیا ڕەش و ڕووت بوو، ئەو شەڕانە و ڕاگرتنی سوپایەکی گەورەی وەکوو سوپاکەی میری سۆران میللەتەکەی خستبووە ژێر بار و ئەرکێکی گرانەوە، خەرجی ئەو سوپایە لە گیرفانی میللەت دەهاتە دەرێ، هەموو شەو سەد تا دووسەد سەرەک عەشرەت لە دیواخانەکەیا نانیان دەخوارد، بە دوو قیمەت چەک و جبەخانەی ئەکڕی. هەرچی خەرجییەکی ئاسان ببووایە لە گیرفانی خۆی دەیدا، بەڵام خەرجییە گەورەکان وەکوو مووچەی هەموو ئەو سەرباز و ئەفسەرانە، قەڵا و پرد دروستکردن لە باج و سەرانەی میللەتەوە بوو. زۆربەی گەڕۆکەکان لەوە دەدوێن کە میللەتەکە ڕەش و ڕووت بووە. ڕۆس ئەنووسێت: «میللەتەکە هەژار و نەخوێندەوار بوو، دەوڵەمەندەکانیش وەکوو دەوڵەمەندەکانی بەغدا خۆیان ئەگۆڕی».
کورتبینیی میری سۆران لە سیاسەتدا هۆیەکی تری ئەو لەناوچوونە خێرایەی بوو، ئەگەرچی ئازا و بە زەبر و زەنگ بوو، بەڵام لە سیاسەتدا کورتبین بوو بە ڕادەیەک بڕوای بە بەڵێنی بەریتانیا و دەوڵەی عوسمانیی دوژمنی کرد و خۆی دا بەدەستەوە. هەر ئەوەندەی هەستی کرد زرووف بۆ ئەو نییە سەری لێ تێک چوو وازی هێنا، نەک وەک سەرۆکێکی خاوەن ئامانج بەڵکوو وەکوو یەکێک لە ڕەعیەتەکانی سوڵتان چاوەڕوانیی لێبوردن و بەخشندەییی سوڵتان بێت. ئەگەرنا هەرچەندە ئایینی بوو بە ڕادەیەک هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەکی قەدەغە کرد و ئایین هەمیشە دەورەێکی باڵای لە ژیانیا ئەدی، بەڵام ئەو هۆیانەی باسمان کردن دەوریان گەلێک لە ئایین بەهێزتر بوو بۆ خستنی میرنشینی سۆران. ڕێی تێ ناچێ میرنشینێکی وەها بەهێز و دەسەڵات بە فتوای مەلایەک وەها زوو بڕمێت، چونکە ئەوەی ڕاستی بێت میری سۆران، کاتێک دەوڵەتی عوسمانی پەلاماری دا، خۆی بڕیاری شەڕوەستاندن و خۆبەدەستەوەدانی دا. بەڵگەش ئەوەیە ئەحمەد بەگی برای بڕیاری بەرهەڵستی دابوو و بۆ ئەمەش داوای لە سوپاکە کرد کە کێ شەڕی ناوێ لا بداتە لای کاکی (میری سۆران) و مەلای خەتێ (خاوەنی فتواکە)، ئەوەی شەڕیشی ئەوێت لا بداتە لای ئەو، لە ئەنجامدا لە چەند کەسێک بەو لاوە کەسی تر لای نەدایە لای میری سۆران و زۆربەی سوپاکە بە ئەفسەر و سەربازەوە لایان دایە لای ئەحمەد بەگ. مێژووی میرنشیەکانی کورد، دەری ئەخات ئەوەندەی میرنشین بووە، ئەوەندەش ڕاپەڕین بووە. بابانەکان جارەهای جار دژی دەوڵەتی عوسمانی هەستاون، بەڵام ڕووی نەداوە ئەو ڕاپەڕینانە بە فتوایەک لە ناو بچن. هەر پاش پاشای کوێرە، دوو ڕاپەڕینی گەورەی کورد، لە میرنشینی بۆتان و دوایی لە شەمزینان ڕووی دا و دەوڵەتی عوسمانییان هێنایە لەرزین، هەردووکیان کوژێنرانەوە، بەڵام بە فتوا نا.
هەرچۆنێک بێت قەڵاکانی میری سۆران، لە مێژووی کوردا نیشانەن کە ئەو میرە ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵی سەرفرازی داوە.
سەرچاوەکان:
١- محمد امین زەکی، خلاصة تاریخ الکرد و کردستان، القاهرة ١٩٣٩.
٢- محمد امین زەکی، تاریخ الدول و الامارات الکردیە، القاهرة ١٩٤٥.
٣- د.عبدالعزیز سلیمان نوار، داود پاشا، القاهرة ١٩٦٨.
٤- د.عبدالعزیز سلیمان نوار، تاریخ العراق الحدیث، القاهرة ١٩٦٨.
٥- ستیفن همسلی لونکریک، اربعە قرون من تاریخ العراق الحدیث، ترجمە جعفر خیاط، بغداد ١٩٦٢.
٦- صدیق الدملوجی، امارە بهدینان، الموصل ١٩٥٢.
٧- جیمس بیلی فریزر، رحلە فریزر الی البغداد ١٨٣٤، بغداد ١٩٦٤.
٨- علاء الدین سجادی، شۆڕشەکانی کورد، بەغدا ١٩٥٩.
٩- صالح قفطان، مێژووی نەتەوەی کورد لە کۆنەوەتا ئەمڕۆ، بەغدا ١٩٦٩.
١٠- حسین حزنی المکریانی، موجز تاریخ امراء سوران، ترجمە محمد الملا عبدالکریم، بغداد ١٩٦٧.
١١- یو.ر.های، سنتان فی کردستان، لندن ١٩٢١ (باللغە الانکلیزەیە)
١٢- ی.ب.سون، رحلە تنکریە فی میسوبوتامیا وکردستان، لندن ١٩١٢، باللغە الانکلیزیة.
١٣- میجر فریدریک میلنگن، حیاة بدائیە بین الاکراد، لندن ١٨٧٠، باللغە الانکلیزیة.
١٤- هـ.ا.خالفین، صراع من اجل کردستان، موسکو ١٩٦٣ باللغە الروسیە.
١٥- جلیلی جاسم، اکراد الدولە العثمانیە فی النصف الاول من القرن التاسع عشر، موسکو ١٩٧٣ (باللغة الروسیة).