ئەوڕەحمان پاشا لە تای تەرازوودا

از کتاب:
چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان و سۆران و بۆتان
اثر:
کاوس قفتان (1933-2009)
 25 دقیقه  24 مشاهده
کاتێک ئەوڕەحمان پاشا کاروباری میرنشینی بابانی لە دەورەبەری ساڵی ١٧٨٩دا گرتە دەست، هەر بە هۆی ڕا و خواست و ئارەزووی سڵێمان پاشای والی بەغدا نەبوو، بەڵکوو ئەتوانین ئەوە بڵێین کە جۆرە خۆسەپاندنێک بوو لە لایان ئەوڕەحمان پاشاوە، واتە زۆرەملی تێدا بووە، ئەمە ئەگەیێنێت کە پتر لە ڕێی هێزەوە دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەمەش ئەو ڕاستییە ئەچەسپێنێت کە لە یەکەم ڕۆژەوە ئەوڕەحمان پاشا دڵنیا و پشت بە خۆ ئەستوور بووە و لە ئاست والی بەغدادا چاونەترس بووە و ئەمەش هانی داوە هەمیشە چاوی لە ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی والی بەغدا بووبێت! ئەم ڕاستییەی ئەو ڕێبازەی لێ هەڵقوڵا کە ئەوڕەحمان پاشا گرتی و بەڕەڵای نەکرد. لەو ڕووەوەشەوە چارەنووسی خۆی بگرە چارەنووسی میرنشینەکەشی نەخشە کرد و بناغەی جۆری پەیوەندی لەگەڵ والی بەغدا و حاکمی کرماشاندا دامەرزاند.
 
سەرچاوەی ئەم هێز و دەسەڵاتەش ئەگەڕێتەوە ڕۆژانی پێش ئەوڕەحمان پاشا واتە وەک میراتێک بۆی مابۆوە بەس ئەوەیە لە دەوری ئەمدا پتر چەسپا و پەرەی سەند. بە ڕادەیەک وای لێ هات ئەوڕەحمان پاشا بە والی دانەری بەغدا دابنرێت. دەسەڵات فراوانی سنوری میرنشینی بابان لە ڕۆژانی فەرمانڕەوایی ئەمدا شێوە و ڕۆخسارێکی نوێی وەرگرتبوو تا ڕادەیەک لە ڕۆخساری هینەکانی پێشووی نەئەکرد، لەوەی تەنیا میرێکی ناوچەیی بێت و دەسەڵاتی لە چوارچێوەی تەسکی ئەو میرنشینەدا بێت، ناوەڕۆکەکەی لە زەمانی ئەمدا گەلێک لەوە بەمانا و فراوانتر بوو، پتر لەوە دەچوو وەکوو «نەوار» ئەنووسێت پاشای هەموو کوردستان بێت.
 
ئەم هێز و دەسەڵات فراوانییە ئەبوایە لەگەڵ هێز و تواناکانی تری میرنشینەکەدا یەکی بگرتایە و [وەکو جۆری هەڵکەوتنی میرنشینەکە، پیت و بەرەکەتی ئابووری و زەوی و زاری، هێزی سوپایی مەشق پێ کرا و...] ئامانجەکانی میرەکان و میرنشینەکە لە سەربەخۆیی و سەرفرازی لە چنگ دەوڵەتی عوسمانی یان هیچ نەبێت لە چنگ والی بەغدا بهاتنایە دی! کەچی ئەبینین هەر ئەو هۆیانە و چەند هۆیەکی تر کۆ ئەبوونەوە و یەکیان ئەگرت و چوارچێوەی ئەو هیوا و ئامانجانەیان تێک ئەشکان!.
 
لەسەرێکەوە دەوڵەتی عوسمانی نەک هەر دوژمنانە بەڵکوو زۆر بە کورتبینی بەرامبەر بە میرنشینە کوردەکان بە تایبەتی میرنشینی بابان ئەجووڵایەوە و سیاسەتێکی هێجگار خوار و خێچی بە کار ئەهێنا، بڕوای بە میرنشینی بابان نەبووۊ هەر لەبەر ئەوەی لەژێرەوە بگرە زۆر جار بە ئاشکرا پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەبەست، نەیئەتوانی یان نەیئەویست لەوە بگات کە جۆری هەڵکەوتنی جوغرافیایی میرنشینەکە و زیاتر بە هۆی سیاسەتی بێ باری دەوڵەتی عوسمانی خۆیەوە میرەکانی بابان ناچار ئەبوون لە ئێران نزیک ببنەوە و دەست بخەنە دەستییەوە و لەسەر دوو پەت یاری بکەن. ئەوە ئاشکرایە لەو ڕۆژانەدا هەستی ئایینی یان باشترە بڵێین هەستی مەزەب پەرستی دەورێکی باڵای لە گێڕانی ڕووداوە مێژووییەکاندا ئەدی. جا ئەتوانین لەبەر ڕۆشناییی ئەم ڕاستییەدا ئەوە دووبارە بکەینەوە کە ئەگەر بابانی سوننی مەزەب کەم و زۆر باوەڕی بە دەوڵەتی عوسمانیی هاومەزەبی ببوایە ئەوە ئەبووە شوورەیەکی سەختی دەوڵەتی عوسمانی لە کوردستانی خواروودا بەرامبەر بە ئێران، بەڵام سیاسەتی چەوتی دەوڵەتی عوسمانی لە خۆی و لە میرنشینی بابانیشی تێک دا، نە خۆی توانیی سنوورێکی دامەزراوی نەخشەکراو لەم ناوچەیەدا دروست بکات و نە میرنشینی بابانیش توانیی دامەزرێت و گەشە و نەشونما بکات. ئەوە بوو شەڕ و شۆڕ لەگەڵ ئێران هەمیشە بەردەوام بوو، میرنشینی بابانیش لەم پەت بۆ ئەو پەت ئەچوو یاریی لەسەر ئەکرد. زۆربەی زۆری سەرچاوەکان لە ئاست ئەوڕەحمان پاشادا ناتوانن دان بەو ڕاستییەدا نەنێن کە بە گوێی ئێرانی نەئەکرد، هەرچەندە جارەهای جار پەنای ئەبردە ئێران و بە یارمەتیی ئەو میرنشین بابانی ئەخستەوە ژێردەست، بەڵام هەمیشە سەرکێشی لە ئاست ئێران و سیاسەتیدا ئەکرد و لەسەر ئەو سیاسەتە ئەڕۆیشت کە خۆی ئەیویست و بە ڕاستی ئەزانی، نەوار دان بەم ڕاستییەدا ئەنێت و ئەنووسێت ئەوڕەحمان پاشا بە قسەی ئێرانی نەئەکرد لەبەر ئەوە خۆشیان نەئەویست. جا دەوڵەتی عوسمانی نەیتوانی سوود لە پاشایەکی وەکوو ئەوڕەحمان پاشا ببینێت و بۆ سوودی هەردوولا بەلای خۆیدا ڕای کێشێت، ئەتوانین بڵێین کە دەوڵەتی عوسمانی بە پێچەوانەی ئەمەوە ئەجووڵایەوە!
 
یارمەتیدانی ئێران بۆ میرنشینی بابان و پشتگیری کردنی هەر لەو سنوورەدا بوو والییەکانی بەغدا لاواز بکات و دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەکەدا کز بێت و سەرێشەی لێ نەبڕێت و لە هەمان کاتیشدا کوردستان بە گشتی و میرنشینی بابان بەتایبەتب لە گێرمە و کێشە و شەڕ و شۆڕی بێ وەستان و دۆخێکی ئابووریی شڵەقاوی دانەمەزراودا بمێنێتەوە! ڕاستە ڕووی ئەدا دەوڵەتی عوسمانیش ئاوڕی لە میرنشینی بابان ئەدایەوە بەڵام ئەویش لەوەدا لەو کردەوەیەیدا لە ئێران نیازپاکتر نەبوو!
 
بە کورتی هەر دوو لایان بێ وچان هەوڵیان ئەدا ڕێ لە میرنشینی بابان بگرن و نەیەڵن بووژانەوە بە خۆیەوە ببینێت و بگاتە ڕادەیەک پەل بهاوێژێت و ناوچەکانی تری کوردستانی ژێردەستیان بخاتە جووڵە و بزووتنەوە واتە سیاسەت و بەرژەوەندییان لەو ناوچانە بکەوێتە دەریای مەترسییەوە! ئەمە بەتایبەتی بەسەر ئەوڕەحمان پاشادا ئەسەپێت، چونکە هەر دوو لایان، واتە دەوڵەتی عوسمانی و ئێران لە هیچ میرێکی بابان نەئەسڵەمینەوە وەکوو لەو ئەترسان، ئەوەش بە زۆری لەبەر ئەوەی ئامانجەکانی ئەوڕەحمان پاشا لە چوارچێوەی میرنشینی باباندا ئۆقرەی نەئەگرت و ئاشکرا دیار بوو هەوڵی زۆرتری ئەدا و هەموو کردەوە و جووڵەیەکی لەوەی ئەکرد نەک خۆی هەر بە میری میرنشینی بابان دانێت بەڵکوو خۆی بە میراتگری وڵاتی کوردەواری دابنێت!
 
ئەوڕەحمان پاشا وەکوو هەموو میرەکانی بابانی پێش خۆی بە بڕواوە سەیری ئێران و دەوڵەتی عوسمانی نەئەکرد، هەتا ئەمەش میراتێک بوو بۆی مابۆوە، ناپاکیی سیاسەتی ئەم دوو دەوڵەتە، میرەکانی ئەم میرنشینەی لە ماوەی مێژوویەکی درێژدا فێری ئەم ڕاستییە کردبوو. بەڵام ئەم بڕوا پێ نەکردنە ئەنجامی نەدا، لەبەر ئەوە ئەوڕەحمان پاشا ڕێگایەکی تازەی گرت بۆ ئەوەی شتێک بێتە دی و دەستکەوتێک پەیدا بکات میرەکانی پێش خۆی ئەوەیان لەدەست نەهاتبێت! ئەوە بوو هەوڵێکی زۆری دا سەنگێکی قورس و تایبەتی بۆ خۆی و میرنشینەکە دەست بخات سەربەخۆیییەکی گەورەتری دەست کەوێت بەوەی هیچ نەبێت لە چنگ والیی بەغدا ڕزگاری بێت و یەکسەر پەیوەندی بە ئەستامبوڵەوە هەبێت، بۆ هێنانە دیی ئەم ئامانجە ئامادەییی پیشان دا ساڵانەیەکی گەلێک زۆرتر بدات.بێگومان ساڵانەی زۆرتر ئەوەی ئەگەیان باری سەرشانی میللەتی هەژار قورستر بێت چونکە لە گیرفان و ڕەنجی ئەوان ئەو سەرانە زۆرە ئەهاتە دەرێ، بەڵام بە لای ئەوەوە هێنانە دیی ئەم ئامانجە ئەو خۆبەختکردنەی ئەهێنا، چونکە ئەمەی دانابوو بە یەکەم هەنگاو بۆ هێنانە دیی ئامانجە فراوانەکانی تری!
 
لەوە دڵنیا بوو کە ئەم هەنگاوە تا ڕادەیەکی گەورە لە ڕکیفی ئێران ڕزگاری ئەکات و لە سیاسەتی لەسەر دوو پەت یاری کردن دووری ئەخاتەوە، ئەو سیاسەتەی – وەکوو لە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی مێژووییی دوور و ودرێژی باپیرانییەوە بۆی دەرکەوتبوو – میرنشینەکەی لە دواڕۆژدا بەرەو نەمان ئەبرد، چونکە هەموو جۆرە یارمەتی و پشتگیری کردنێکی ئەم دوو دەوڵەتە بۆ میرنشینی بابان لە پێشی پێسەوە لەبەر چاکە و سوودی خۆیان بوو!
 
لەگەڵ ئەوەشا ئەوڕەحمان پاشا هەوڵیدا یەکسەر پەیوەندی بە ئەستامبوڵەوە بێت بەڵام دەوڵەتی عوسمانی هەرگیز قایل نەئەبوو چونکە لەوە دڵنیا بوو ئەو نیمچە سەربەخۆییەی ئەوڕەحمان پاشا داوای ئەکات لە دواڕۆژدا ئەکاتە چی و ئەبێتە چی! کە ئەم جۆرە سیاسەتانە سەری نەئەگرت ئەوسا سیاسەتی شەڕ و چەک بەکارهێنان جێگای ئەگرتەوە، شەڕ و هەرای دەوری ئەوڕەحمان پاشاش ئەوەندە زۆر بوو بە ڕادەیەک دانیشتن و ئاشتی بە خۆیەوە نەئەدی.
 
میرەکانی بابان بۆ هێنانە دیی ئامانجی سەرفرازی لە چنگ دەوڵەتی عوسمانی پەنایان ئەبردە بەر برا عەرەبەکانیان و هەوڵیان ئەدا بەرەیەک پێک بهێنن، ئەوە بوو عوسمان پاشا (١٧٨٧) لەگەڵ والیی بەسرە ڕێک کەوت بەو نیازەی شۆڕشێک بەرپا بکەن و سەربەخۆیی هەر دوو لایان بهێننە دی. ئەوڕەحمان پاشاش لەسەر ئەم ڕێ و شوێنە ڕۆیشت و ئەم سیاسەتەی گرت. ئەوە بوو لە شەڕی کفریدا هەرچەندە سەرنەکەوت و خراپ شکا بەڵام لەڕاستیدا سەرکەوتنێکی تری دەست کەوت بەوەی نەک میرە کوردەکان لە هەولێرەوە هەتا دەشتی کەرکووک و کفری لەتەکیا بوون شەڕیان ئەکرد بەڵکوو لەبەر ئەوەش شێخی شەمەریش پشتگیری ئەکرد!
 
وەکوو چون دەوڵەتی عوسمانی و ئێران دووڕوویی و ناپاکییان پیشانی میرنشینی بابان ئەدا ئەمیش بۆ ئەوەی ئەو نیمچە سەربەخۆییەی بپارێزێت ناچار ئەو سیاسەتەی ئەگرت [ئەگەرچی لە دواڕۆژی دووردا بووە هۆی نەمانی میرنشینەکە]. جا هەرچەندە ئەم سیاسەتە تا ڕادەیەک سەربەخۆیی میرنشینەکەی دەپاراست بەڵام ئەبووە هۆی شێواندنی هەستی نیشتمانپەروەرێتی میرەکان و بگرە هەتا هی میللەتیش [بەوەی نەیانئەتوانی ڕێبازێکی نیشتمانپەروەریی ئاشکرا بگرن و هەمیشە وڵاتیان جارێک بۆ ئەم لا و جارێکی تر بۆ ئەو لا دابەش بکەن لە کاتێکدا پێویست بوو ئەو هەوڵە ئاراستەی نیشتمان بکرایە]. شان بە شانی ئەوەش وڵاتەکە بە گشتی و میرنشینەکە بە تایبەتی ئەبووە مەیانی شەڕی بێ وەستان و زیانێکی گەورەی لە ئابووریی میرنشینەکە ئەدا و وێران و کاولی ئەکرد. ئەوەتا محەممەد ئاغا دان بەم ڕاستییەدا ئەنێت و بە ڕیچ ئەڵێت چۆن ئەتوانم زەوی بکێڵم و نازانم سەرۆکەکەم تا ساڵێکی تر لە جێی خۆی ئەمێنێتەوە یان نا ئەمەش واتە دواکەوتن و وێران بوونی ئابووریی وڵات ئەبووە کۆسپ لەڕێی پێشکەوتن و گەشەکردنی میرنشینەکەدا و هێندەی تر هێنانە دیی ئامانجەکانی لە سەربەخۆیی و سەرفرازی دوور ئەخستەوە! هەر بۆ ئەوەی بزانین ئەم شەڕ و هەرایانە تا چ ڕادەیەک زیانی ئەدا ئەڵێن مەحموود پاشا کاتێک شکا و دوایی توانیی لێبووردن بۆ خۆی مسۆگەر بکات ناچار بوو ٣٠٠ کیسە پارە لەگەڵ بژاردنی هەموو زیانێکی ئەو شەڕە بداتەوە بە دەوڵەتی عوسمانی. ئەمەش ئەبووە بارێک و ئەکەوتە سەرشانی چینی جووتیاران و هێندەی تر باری ژیانی قورس ئەکردن، محەممەد ئاغا دیسانەوە لەم ڕووەوە بە ڕیچ ئەڵێت بە هەر جۆرێک و بە ناوی هەر شتێکەوە بێت دە یەکی خۆم لە جووتیارەکان ئەسێنم. ئەگەر شەڕ و شۆڕی بێ پشوو نەبێت چۆن دەشتێکی بەناوبانگ و بەپیتی وەکوو بازیان وەها کاول ئەبێت ڕێچ دەربارەی بنووسێت: ڕووت و قووت و وێران لە چەند کێڵگەیەک بەو لاوە هیچی تری تێدا بەدی ناکرێت. بەڵام کوشتاری خەڵک و خوا ئەوە زیانەکەی لە سنوور بە دەرە، شەڕەکانی مەغۆلەکان و کوشتارەکانیان ئەهێنێتەوە یاد، هەر بۆ نموونە بەسە ئەوە بڵێین کە لە پاش شەڕی کفری منارە لە کاژەسەری کوردەکان دروست کرا.
 
ئەگەر ڕووی بدایە بۆ ماوەیەک وڵات و میللەتەکە هەناسەیەکی بدایە و میرەکان و خەڵکەکە هەوڵیان بدایە دەستێک بە وڵاتەکەدا بهێنن و ئاهێکی پیا بێننەوە ئەوە گورج کاربەدەستانی ئێران دەهاتنە کایەوە و ئەبوونە ئاگری بن کا و هەرایان دائەگیرسانەوە، ئاشکرایە ئەوڕەحمان پاشا چاکە و پیاوەتییەکی زۆری بەسەر عەبدوڵڵا ئاغای خەزنەدارەوە هەبوو لە بەر ئەوەی توانیی بیکات بە والیی بەغدا. [سڵێمان پاشای والیی بەغدا ڕقی لە عەبدوڵڵا ئاغای خەزنەداری هەڵئەستێت و لەگەڵ تاهیر ئاغای جۆقدار هەردووکیان بە دەستبەسەری ئەنێرێتە بەسرە! پاش ماوەیەک لێیان ئەبوورێت و داوای گەڕانەوەیان لێ ئەکات! بەڵام لە ڕێگا ئەکەونە دوودڵییەوە و ئەترسن لەوەی والی فێڵیان لێ بکات و بیانکوژێت، لە بەر ئەوە ڕا ئەکەن و خۆیان ئەگەیێننە شاخەکانی کوردستان. لە بەر ئەوەی ئەوڕەحمان پاشا کۆنەدۆستیان ئەبێت، پەنا ئەبەنە بەر ئەو – هەرچەندە والیی بەغدا بەمانە ئەزانێت بەڵام زۆر لە ئەوڕەحمان پاشا ناکات دەستیان لێ هەڵ گرێت. ئەمەش بەڵگەیە کە تا چ ڕادەیەک پلەی بەرز بووە و والییەکانی بەغدا سڵیان لێ کردۆتەوە- پاش ئەوەی سڵێمان پاشا ئەکوژرێت ئەوڕەحمان پاشا بڕیار ئەدات عەبدوڵڵا ئاغا بکاتە والیی بەغدا، بۆ هێنانە دیی ئەم ئامانجە بەرەو بەغدا ئەکشێ و ئەتوانێ بیکات بە والی و دوایی لە ئیستەنوڵەوە فەرمانی دامەزراندنی بەتەواوەتی دێت] لەبەر ئەمە عەبدوڵڵا پاشا لە قسەی ئەوڕەحمان پاشا دەرنەئەچوو، ئەمە بە دڵی کاربەدەستانی ئێران نەبوو مەترسی ئەوە دای گرتن ئەمە هێندەی تر دەسەڵاتی ئەوڕەحمان پاشا پەرە پێ بسێنێ تا ڕادەیەک وای لێ بکات نەک ئێران بەڵکوو لە دەوڵەتی عوسمانیش سڵ نەکاتەوە و بەمەش دواڕۆژی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا بکەوێتە مەترسییەوە. کردەوەکانی ئەوڕەحمان پاشاش زیاتر ئەم ترسەی ئەچەسپان، جووڵانەوە و کردەوەکانی، ئەو سیاسەتەی بە کاری ئەهێنا بەتەواوەتی لەوە ئەچوو کە شاعیری میللی ئەو ڕۆژانە «عەلی بەردەشانی» بە شیعر ئەیگێڕێتەوە: نە کار کردن بۆ عوسمانییەکان و نە خزمەت کردنی ئێران بەڵکوو هەوڵ دان تەنیا بۆ سوود و خۆشی وڵات و میللەت. لەبەر ئەمە ئێران ماوەیەکی درێژ هەوڵی دا و فیتنەی گێڕا هەتا دوایی توانی بەینی ئەوڕەحمان پاشا و عەبدوڵڵا پاشای والیی بەغدا تێک بدا و شەڕ داگیرسانەوە بدات. کار بەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی و نوێنەرەکانی لە بەغدا کردەوە و هەڵوێستیان لە هی ئێران چاکتر نەبوو، بەلای ئەمانەوە ئەو میرەی کەمێک بەتەنگ وڵاتەکەی و چاوی لە نەختێک سەربەخۆیی ببووایە ئەو میرە بە میرێکی خراپی گێرەشێوێن و یاخیبوو دائەنرا و خێرا سوپای ئەنێررایە سەر و شەڕ و هەرا دائەگیرسایەوە، مێژووی سڵێمان پاشا و مەحموود پاشا و ئەوڕەحمان پاشا باشترین نموونەن بۆ ئەم ڕاستییە. وەنەبێ هەموو کات دەوڵەتی عوسمانی یان نوێنەرەکانیان لە بەغدا ئەمەیان لە دەست هاتبێت واتە بە سوپا و بە چەک سەریان بە میرەکان شۆڕ کردبێت، ئەگەر بە شەڕ بۆیان نەئەچووە سەر ئەوسا ڕێگایەکی تریان ئەگرت کە بریتی بوو لە نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان میرەکانی باباندا، ئەوەش زۆری تێ نەئەچوو هەمیشە سەری ئەگرت و ئامانجی ئەهێنایە دی. لەم ڕووەوە خاڵفین ڕایەکی نایابی هەیە و ئەڵێت: «لە بەر ئەوەی حکوومەتی ئێران و عوسمانی ئەو هێزە جەنگاوەری و ئابوورییە تەواوەیان نەبوو هەتا بتوانن لە ڕێیانەوە بەسەر کوردەکاندا سەرکەون، لەبەر ئەوە هەوڵیان ئەدا جێ پێی خۆیان لە کوردستاندا قایم بکەن بەوەی تۆوی دوژمنایەتی لە نێوان خێڵەکاندا بچێنن».
 
هەرچەندە ئەم ڕاستییە شتێکی تاڵە بەڵام بە تەواوەتی سەری لە بنەماڵەی بابان شێواندبوو هەموو کار و کردەوە و ئامانجێکییانی بە لەناوچوون ئەدا و هەمیشە ڕیسەکەی بۆ ئەکردنەوە بە خوری! دەردی گرانی ئەم بنەماڵەیە ئەندامەکانی و دووبەرەکی و خۆخۆرییان بوو، خۆخۆری ئەم بنەماڵەیە گەیشتە ڕادەیەک ڕەنگە بتوانین ئەوە بڵێین کە دەوڵەتی و عوسمانی و دواییش ئێران لە دڵەوە و بەڕاستی لە هەوڵ و تەقەڵڵای میرەکانی بابان نەترسابن و حیسابی زۆر قووڵیان بۆ نەکردبن چونکە هەمیشە ئەیانزانی کام چەکی کوشندە دژیان بە کار بهێنن و لە چ ڕێیەکەوە ئاو بکەن بە ئاگرەکەدا، دڵنیا بوون لەوەی کە زۆربەی زۆری بنەماڵەی بابان ئەگەر نەڵێین هەموویان چاویان لە میرنشینەکە بووە و باوک و برا بفرۆشێت و پاشقولیان لێ بگرێت. هەر لەبەر هێنانە دیی ئەم سیاسەتە نالەبارە بوو کە ساڵ دەری دوانزەی مانگی یەکێک لە کەس و کاری میری بابان لە بەغدا یان کرماشان بە دەست بەسەری ئەژیا. بۆ ئەوەی هەر کە میرەکەی بابان سەری هەڵبڕی خێرا ئەوی بکەن بەگژدا یان لە جێگای ئەوی دابنێن. کارەکە، یان کارەساتەکە هەر بەمەوە نەوەستا، بگرە هەتا ئەوانەش کە بنەماڵەی بابان بوون و بەڕێوەبردنی شارەکانیان پێ سپێررابوو تەماع دای ئەگرتن و بۆ کارگرتنە دەست لە سلێمانی خۆیان ئەکردە داردەستی دەوڵەتی عوسمانی!
 
لەناو گشت میرەکانی بابان بە درێژایی مێژووی میرنشینی بابان هیچ میرێک وەکوو ئەوڕەحمان پاشا لەم دەردەی نەچێشت، ئەمەش هەر لەبەر ئەوە نەبوو ماوەی فەرمانڕەوایەتی ئەوڕەحمان پاشا درێژ بوو یا لەبەر ئەوەی لە هەمووان سەرکێشتر بوو بەڵکوو بەزۆری لەبەر ئەوە بوو ئامانج و خواستەکانی ئەوڕەحمان پاشا فراوانتر بوو لە سنووری میرنشینی بابان واتە دەوڵەتی عوسمانی لە ئەوڕەحمان پاشا ئەسڵەمیەوە، لەبەر ئەمەش هەمیشە ئەم و ئەو لە کوڕ و برا و مامەکانی لێ ڕاست ئەکردەوە هەتا نەیپەرژێتە سەر هێنانە دیی هەر پرۆژەیەک یان هەر ئامانجێک لەوە پێش دای نابێت!
 
ئاشکرایە ئەوڕەحمان پاشا شەش جار کاری میرنشینی بابانی گرتەدەست لە ساڵی ١٧٨٩وە هەتا ١٨١٣ ئەو ساڵەی تیایا مرد. ئەم ماوەیە بەلای کەمەوە شەش جار شەڕی گەورە گەورەی تیا ڕوو داوە [باسی شەڕە بچووکە لاوەکییەکان ناکەین]. شەڕەکان شەڕی چارەنووس و پاراستنی سەربەخۆیی میرنشینەکە بوون. هەرجار کە سەرکێشی و گوێ نەگرتنی ئەگەیشتە ڕادەی ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی بخاتە دوودڵی و ترسەوە، سوپای گەورەی دەوڵەتی عوسمانی بەرەو سنووری میرنشینی بابان ئەکشا، هەموو جار زۆربەی سەرکردەکانی ئەم سوپایانە خزم و کەس و کاری نزیکی ئەوڕەحمان پاشا خۆی بوون! نەک جارێک بگرە چەند جار لە دەربەندی بازیان ئەو دەربەندەی شوورەی پاراستنی میرنشینی بابان بوو هەر لەو دەربەندەدا وەکوو ڕیچ ئەڵێت قایمکاری لە هەموو شوێنێکیدا کرابوو [ئەوڕەحمان پاشا کردبووی] هەرچەند هێزی دەوڵەتی عوسمانی دەرەقەت نەئەهات یەکێک لە کۆنە میرە لێخراوەکانی بابان یان لە خزمە ناحەزەکانی میری بابان کە شارەزای ناوچەکە بوون ڕێگای نهێنیی پیشانی سوپای عوسمانی ئەدا و بەو جۆرە لە پشتەوە سوپا و هێزی ئەوڕەحمان پاشا ئابڵۆقە ئەدرا و کە دەرەقەتیش نەئەهات و ئەشکا ناچار ئەبوو خۆی دەرباز بکات.
 
دەردەکە هێندە گران بوو هەتا میرەکانی بابان خۆیان بە شەرم و بە داخەوە باسیان ئەکرد، هەر لەم ڕووەوە مەحموود پاشا بە ڕیچ ئەڵێ: «ئامانجی ئێمە بەس بەوە دێتە دی ڕشانەوە بکەوێتە ناو بنەماڵەی بابانەوە و لە یەکێک بەو لاوە کەسی تریان ڕزگاری نەبێت. نە بنەماڵەکە و نە وڵاتەکە کاری ناچێتەسەر مادەم ئەم هەموو ئەندامە بەهێزانەی تێدا بێت».
 
ئەوڕەحمان پاشاش وەکوو میرێک یان وەکوو مرۆڤێک کەم و زۆر لەڕووی تەواوی یان ناتەواوییەوە دەوری خۆی ئەبینی و ئەو دەورەش کاری ئەکردە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە و تەئسیریشی بۆ دواڕۆژ بەجێ ئەهێشت. گومان لەوەدا نییە کە کردەوەیەکی بچووکی ناتەواو لەوانەیە هەوڵ و تەقەڵڵای ساڵەهای ساڵانی سەرۆکێک بە ڕووخاندن بدات. بۆ ئەمە ئەڵێین ڕاستە ئەوڕەحمان پاشا پیاوەێکی ئێجگار ئازا و چاونەترس بوو هەتا ناحەزەکانیشی دان بەوەدا ئەنێن، سەرەڕای ئەوەش لە ڕووی سیفاتی سەرۆکایەتییەوە وەکوو لۆنگرێک ئەڵێت هەموو سیفاتێکی سەرۆکایەتیی تیادا بوو، بەڵام شان بە شانی ئەمەش چەند خووڕەوشتێکی ناتەواوی هەبوو زیانی نەک هەر لە خۆی بەڵکوو لە میرنشینەکە و ئامانجەکانیشی ئەدا، بۆ نموونە، میرێکی لووتبەرز بوو، ئەمەش تووشی گێرمە و کێشەی ئەکرد، هەر لەبەر ئەم لووتبەرزییەوە بوو کاتێک یارمەتیی عەبدوڵڵا ئاغای خەزنەداری دا و کردییە والیی بەغدا [وەکوو پێشان باسمان کرد] خۆی لەو بە گەورەتر و گرنگتر دائەنا بە ڕادەیەک بە ئارەزووی خۆی ئەجووڵایەوە و گوێی نەئەدایە فەرمان و خواستی عەبدوڵڵا پاشا. هەر ئەمەش بوو یارمەتی حاکمی کرمانشاهی دا لەم کونەوە ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە و بتوانێت دڵی عەبدوڵڵا پاشای لێ کرمێ بکات و دوایی بە شەڕیان بدات و سەر لە نوێ شەڕ دابگرسێتەوە. کە دوای ئەمەش بە یارمەتیی حاکمی کرمانشاهـ گەڕایەوە سڵێمانی لووتبەرزی گەیشتە ئەو ڕادەیەی هەتا لە دامەزراندنی مووچەخۆرێکدا بە قسەی حاکمی کرمانشاهـ نەکات. ئەم گوێ نەدانە بە دیپلۆماسیەت کە خووی میرەکانی بابان بوو: بووبووە دەردێک و شان بە شانی دەردی لەسەر دوو پەت یاری کردن ئەڕۆیشت. ئەمانە لە ژێرەوە بە نهێنی و بە هێواشی بناغەی میرنشینەکەیان ئەڕووخان و بەرەو نەمانیان ئەبرد!
 
جگە لەمەش خۆپەرەستنی لە پلەیەکی بەرزدا بوو، بۆ نموونە لە شەڕی کفری کە دوا شەڕی بوو هەرچەندە ئازایەتییەکی بێ هاوتای پیشان دا بەڵام کە هاتە سەر شکاندن هەڵهات و سوپاکەی بێ سەرۆک بە جێ هێشت و بە قڕدانی دا، ئەمین زەکی لە ڕووی سوپاییەوە دەستی ڕخنەی بۆ درێژ دەکات، بەڵام تاوانەکەی لە ڕووی ڕەوشتەوە گەلێک زیاترە، بە تایبەتی لەو ڕۆژانەدا کە کردەوەی وەها بە تاوان و گوناهێکی بێ پایان دائەنرا، ئەگەر هەر میرێکی تر بووایە لە جێگای ئەوڕەحمان پاشا کە ناوبانگی هەموو شوێنێکی گرتبۆوە و ڕێزێکی تایبەتی لای میللەت هەبوو، هەر یەکێکی تر شتی وەهای لێ بوەشایەوە جارێکی تر بۆی نەئەکرا بەسەری بەرزەوە لە سەر تەختی میرنشینی بابان دانیشێت و ناوی میری میران لە خۆی بنێت!
 
جگە لەمانەش میێکی قین ئەستوور بوو، بە ڕادەیەک لەوانە بوو سوودی میرنشینەکەی پێ بخاتە ئەو لاوە و بەرچاوی بگرێت و هەڵەشەیی وەهای پێ بکات چارەنووسی خۆی و میرنشینەکەی پێ بخاتە مەترسییەوە، هەر لەبەر ئەوەی ڕقی لە محەممەد پاشای کۆیە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە محەممەد پاشا بە دەنگییەوە هات و بە خۆی و سوپایەوە فریای کەوت کەچی فێڵی لێ کرد و هێنایە دەشتی کەرکووک و لەوێ پەلاماری دا و کوشتی. ئەمە نەک هەر لەگەڵ خووڕەوشتی خێڵایەتی و کوردایەتی بەیەکدا نەئەلکان بەڵکوو لەوە زیاتر ئەبووە هۆی ئەوەی میرەکانی تری کوردستان بڕوایان پێ کەم بێتەوە و ئەوەی ڕاستیش بێت ئەوڕەحمان پاشا و میرنشینی بابان لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ هێنانە دیی ئامانجی سەربەخۆیی، پێویستی بە بڕوا و یارمەتی ئەو میرانەی وڵاتی کوردەواری هەبوو. جگە لەوەی کردەوەی وەها ئەبووە ئەبووە هۆی تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ والیی بەغدا وهەر ئەوەش زوو هاتە دی ئەوە بوو لەسەر ئەم ڕووداوە شەڕ لەگەڵ بەغدا داگیرسایەوە و وڵاتی کوردەواری جارێکی تر تووشی دەرد و کوشتار بوو.
 
پێویستە دان بەوەدا بنێین کە چەند هۆیەکی تریش هەبوون ئەبوونە کۆسپ و ڕێگای هاتنە دیی ئامانجەکانی ئەوڕەحمان پاشایان ئەگرت. ڕاستە هێز و دەسەڵاتی میرنشینی بابان لە دەور و زەمانی ئەمدا وەکو نەوار ئەڵێت گەیشتە لووتکەی هەرە بەرزی ، بەڵام بۆ چارەڕەشیی ئەوڕەحمان پاشا و میرنشینی بابان، هەر لەم دەورەدا دەوڵەتی عوسمانی خەریکی خۆ کۆکردنەوە و خۆ چەسپاندن بوو بێ وەستان، زۆر بە گورجی هەوڵی ئەدا بناغەی مەرکەزییەت لە ئمپراتۆریەکەیدا دامەزرێنێت و لە پەشێوی و لاوازی ڕزگاری بکات. هەر لەم ڕۆژانەشدا زۆربەی زۆری ئەو والییانەی کاریان لە بەغدا ئەگرتە دەست زۆرزان و دووربین و لێهاتوو بوون و لە سیاسەتدا قاڵ بووبوون. بە کورتی نەوار وەسفێکی جوانی دەسەڵات لە بەغدا ئەکات و ئەڵێت «فەرمانڕەوایی والییەکانی بەغدا لە هەڕەتی لاوێتیدا بووە»هەر لەبەر ئەمەشە ئەبینین ئەو هەموو هەوڵ و کۆششەی ئەوڕەحمان پاشا دای و ئەو هەموو خۆ بەخت کردن و ماڵ وێرانییە بە دوایدا هات ئەنجامی نەبوو، بەڵام لە سەرێکی ترەوە ئەو هەوڵ و خەباتەی ئەوڕەحمان پاشا بووە هاندەرێک بۆ نەوەکانی پاش خۆی، بگرە بووە پاڵپێوەنەرێک بۆ دایگیرساندن و تیژبوونی هەستی نیشتمانپەروەریێتی و ڕزگاربوون لە چنگ دەوڵەتی عوسمانی. [عەلی بەردەشانی شاعیری میللی ئەو ڕۆژانە، باسی ئەوڕەحمان پاشا و شەڕەکانی بە هەڵبەست بڵاو ئەکردەوە و هەستی میللەتی پێ ئەخرۆشان].
 
ئەوە بوو نەوەکانی هەوڵیان ئەدا هەوڵەکانی ئەوڕەحمان پاشا دووبارە بکەنەوە، ڕەنگە هەوڵەکانیان لە سنوور و هێزی ئەوەی ئەوڕەحمان پاشادا نەبووبێت، بەڵام هەوڵەکە هەر هەوڵدان بووە و ئامانجەکە ئەگەر ئەو کڵپەیەی نەمابێت بەڵام ژیلەمۆکەی هەر مابوو. ئەوەتا ئەدمۆندز ئەنووسێت: «ژیانی ئەوڕەحمان پاشا هەتا لە پاش مردنیش هەر مایەوە، ئەوە بوو پاش مردنی بە ٣١ ساڵ پاشایەکی تری بابان [ئەحمەد پاشا ١٨٣٨-١٨٤٧] سوپایەکی بچووکی مەشق پێکراوی لە سوپای ئەورووپایی چووی پێک هێنا.
 
ئەگەرچی بزووتنەوەکانی ئەوڕەحمان پاشا لەسەر میرنشینێکی دەرەبەگایەتی دامەزرابوو بەڵام بە ئامانج و بە ناوەرۆکی پێشکەوتوو بوو و هەڵگری داخوازی میللەت بوو. لەم ڕووەوە خاڵفین ئەنووسێت: «لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا کوردەکان بە تیژی بەرهەڵستی سیاسەتی دەسەڵات دامەزراندنی عوسمانی و شایان کرد، تێ ئەکۆشان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان. لە کوردستانی خواروودا ئەوڕەحمان پاشا ڕاپەڕینێکی بەرپا کرد [١٨٠٦- ١٨٠٨] ماوەی سێ ساڵ دەوامی کرد، ئینجا دەوڵەتی عوسمانی بە شەڕەشەق و یارمەتیی سەرۆکە کوردە خۆفرۆشەکان توانیی بەسەریدا سەر کەوێت».
 
هەر هەوڵ و کۆششی ئەوڕەحمان پاشا بوو تەوژمێکی نوێی خستە گیانی میرنشینی بابانەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ تاسیر و ناو و بۆن و بەرامی هەر مایەوە و بوو بە ترووسکەیەک ڕێگای ڕووناک ئەکردەوە.
 
ئەدمۆندز دان بەم ڕاستییەدا ئەنێت و پاش دەیەها ساڵ کاتێک دێتە شاری سلێمانی ئەنووسێت: «هەتا ئەمڕۆش بۆنی دەور و ڕۆژانی ئەوڕەحمان پاشا دێت».
 
بەڵام ئەو هەموو تێکۆشانە ئەنجامەکەی داڕزان و نەمانی میرنشینی بابان بوو، میرەکانی بابان لا بران و مووچەخۆری تورک کەوتە بەڕێوەبردنی پایتەختەکەی کە شاری سلێمانی بوو، تێکۆشان و ڕاپەڕینی ئاشکرا دژی دەوڵەتی عوسمانی بووە ڕق و کینە و لە دڵ و دەرووندا نیشت، بە نەمانی میرنشینی بابان هەتا ماوەیەکی درێژ بزووتنەوەی ڕزگاریی کورد لەو ناوچەیەدا کپ بوو، بە ڕادەیەک هەتا خێڵێکی دڕی وەک هەمەوەندەکان کە مێژووی بەرەبەرەکانییان و ناحەزییان بۆ دەوڵەتی عوسمانی دوور و درێژە و ئاشکرایە هەتا ئەوانیش وەکوو سۆن ئەڵێت کز بوون.
 
ئەوڕەحمان پاشا سەرەڕای هەموو ناتەواوییەک، سەرۆکێکی لێهاتوو بوو وەکوو چۆن لە ژیانیدا دۆست و دوژمنی ناچار کردبوو ڕێزی لێ بگرن وەهاش ئەو ڕێزە پاش مردنیشی هەر مایەوە، ئەوە بوو پاش مردنی پیاوە ناودارەکانی کورد داوایان کرد یەکێک لە کوڕەکانی [مەحموود پاشا] لە جێی دانیشێت، هەرچەندە کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی حەزیان لەمە نەئەکرد بەڵام ناچار دایان نا چونکە ناوی ئەوڕەحمان پاشا زۆر گەورە و بەسام بوو.
 
سەرچاوەکان
 
١- رسول الكركوكلي: دوحة الوزراء من تاريخ وقائع بغداد الزوراء.
 
٢- عبدالعزيز سليمان نوار: داود باشا والي بغداد – القاهرة ١٩٦٨.
 
٣- كلوديوس جيمس ريچ – رحلة ريچ، ترجمة: بهاء الدين نوري. بغداد ١٩٥١.
 
٤- س. هـ. لونگريك: اربعة قرون من تاريخ العراق الحديث، ترجمة جعفر خياط بغداد ١٩٦٢.
 
٥- محمد امين زكي: تاريخ سليماني و ولاتي، بغداد ١٩٣٩.
 
٦- الميجرسون: رحلة متنكر، ترجمة فواد جميل، بغداد ١٩٧٠.
 
٧- گیو موکریانی: تاریخی حکمدارانی بابان – ڕەواندز ١٩٣١.
 
٨- عزالدین مصطفی رسول: گۆڤاری کۆلێجی ئەدەبیات – ژمارە ١٦ بەغداد ١٩٧٣.
 
٩- ن.ئا.خاڵفین – خەبات لە ڕێی کوردستاندا مۆسکۆ ١٩٦٣ (بە ڕووسی).
 
١٠- س. ج. ادموندز – کورد، تورک و عەرەب – لندن ١٩٥٧ (بە ئینگلیزی).