شەڕی ئەوەڵ جاری ڕۆستەم

از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
 7 دقیقه  13 مشاهده
بەیانی وەختێ خوێندی کەڵەشێر
لە فەلەک لاچوو پەردەی سیاقیر
لەشکری خورشید دایپوشی سەر ئەرز
بەیداغی هەڵ کرد لە کۆساری بەرز
هەڵسان خرۆشان لەشکر و سوپا
لێ درا دەهۆڵ تەپڵ و کەڕەنا
لە جێگا هەڵسا زۆرابی جەنگی
کردی بە بەریا زرێی فەرەنگی
سیلاحی جەنگی هەرچی بوو تەمام
ناوی خوای برد پۆشای بە ئەندام
ئاوزەنگی لە ئەسپ جیهانپەیما دا
ڕووی کردە تیپی ئێرانی سوپا
گەیشتە خێمەی شای کەیکاووس جا
پەنچا مێخی چەتری شاهی هەڵکێشا
نۆبەتچییەکانی خێمەی شەهریار
لە ترسی زۆراب زوو کردیان فیرار
نەعرەتەی کێشا وەک شێری شەرزە
دڵی دلێران گشت هاتە لەرزە
وتی کەیکاووس ئەگەر تۆ شاهی
سەرداری هەموو ئێران سوپاهی
بڵێ مەردێکت با بێتە مەیدان
بکەین نەبەرد و جەنگی دلێران
بە حەقی خودای گەورە و کردگار
ئەمڕۆ لە مەیدان عەرسەی کارزار
لە خێمەی شاهی ئەتهێنمە دەر
ئەتخەمە سەر خاک سوپای پڕ خەتەر
خێمە و بەیداغت سەرنگوون ئەکەم
خۆت و لەشکرت توناوتوون ئەکەم
کەیکاووس ئەمەی کە بیست دەر زەمان
گیوی نارد بۆ لای ڕۆستەمی دەستان
وتی وا زۆراب هاتووە بەقار
ئەکا قەسدی قەتل شاهی تاجدار
ڕۆستەم بە گورجی سواری ڕەخش بوو
وەکوو فیلی مەست زوو بۆ مەیدان چوو
واوەیلا و شیوەن فەریاد و زاری
هەڵسا لە لەشکر مەردانی کاری
وتیان کوا ڕۆستەم؟ بۆچ نەهات ئێرە؟
سوپا گیرۆدەی چەنگاڵی شێرە
بە زۆرابی وت ڕۆستەمی دەستان
وتی بزانە ئەی شێری مەیدان
کەوتویتە گێژی بەحری بێئامان
ئێستا لە دەستم چۆن دەر ئەکەی گیان
مسکینی فەقیر دڵ پەراکەندە
گرفتار ئەبی بە دەستی بەندە
زۆراب وتی پێی جیهان دیدەکار
پیری پشتکۆمی جەفای ڕۆزگار
لای پیاوی عاقڵ دانا و هونەرمەند
بۆت لایەق نییە قسەی ناپەسەند
ئەگەر تۆ دیاری منیش بای وادەم
زۆر هونەرمەندم هونەرمەند زادەم
بەڵام پیرەمێرد دێوانەی کەمفام
ئەمرۆ بە کەمەند، ساختی چەرمی خام
لە سەر ماڵی زین ئەتهێنمە سەر خاک
سینەت بە تیغی هیندیم ئەکەم چاک
دوو مەردی پڕ زۆر دەر حاڵ و دەر دەم
دەستیان کرد بە شەڕ زۆراب و ڕۆستەم
ڕۆستەم وتی پێی تۆ نەوجەوانی
بۆچ دێیتە مەیدان مەردی ئێرانی
دنیات نەدیوە هێشتا منداڵی
بێ خەبەر لە زەرب گورز و گۆپاڵی
من دنیادیدەم نادرەی دەورم
شێری پڕ زاتم، نەهەنگم، بەورم
ئەستێرەی ڕووی چەرخ ئاسمان کامە
نازانی زاتی شێران لە لامە
خودای بێ مانەند بۆ تۆ شوکرانە
تەقدیری تۆیە ئەم گشت کارانە
مەعلوومە مار و موور و وەحش تەمام
ئەناسێ ئەولادی خۆی بە عقڵ و بە فام
کەچی یەکێکی وەک پووری دەستان
چلۆن نەیناسی کوڕی لە مەیدان
بەو نەوعە بووبوون هەردوو هەراسان
یەکیان نەناسی بە ئەمری یەزدان
دەستیان کرد بە شەڕ عاقیبەتی کار
هەڵیان گرت نێزەی تیژی زەهردار
دایان لە یەکتر نێزە و گورز و تێغ
لە قەسدی یەکتر ئەیانکرد درێخ
بە نوکی ئەڵماس نێزەی خەتەرناک
حەلقەی زرێیان ڕژایە سەر خاک
خوێن فوارەی بەست لە لەشیان وەک گوڵ
ئاخر بە نێزە کار نەبوو حاسڵ
گاهێ بە گورز و گاهێ بە خەدەنگ
لە یەکتر دەشتی پانیان کرد بە تەنگ
بە مانەندی کێو نەلەخشان لە شەڕ
نە ئەم عاجز بوو نە ئەو تەنگ خەتەر
ڕۆستەم لە داغا دڵی بوو بە خوێن
وتی ئەی خودای بێ مەکان و شوێن
خۆ من قاتڵی بەبر و دێوان بووم
بە دەست ئەم تفڵە چۆن هەراسان بووم؟
چەند جار شەڕم کرد من لەگەڵ دێوان
هەرگیز بەم نەوعە نەبووم پەرێشان
فکری کردەوە بە دڵی پڕ دەرد
ئەسپی جەولان دا ڕێی چارەی نەبرد
بە پەنجەی پڕ زۆر بازووی شێرشکار
گرتی پشتێنەی زۆرابی ناودار
گەلێ زۆری کرد زۆراب نەلەخشا
لەناو ماڵی زین ئەسڵەن نەجوڵا
نۆبەی زۆراب هات گورزی خستەکار
دای لە قەڵغانی ڕۆستەمی نامدار
ڕەخشەکەی ئەژنۆی نایە سەر زەمین
پەنای برد بە زاتی ڕەبولعالەمین
لە زۆری بازووی قەڵغانی بوو ورد
ڕۆستەمی دلێر هیچ ئۆفی نەکرد
زۆراب وتی تۆ ڕۆستەمی زاڵی
بۆیە لە زەڕبی گورزم ناناڵی
لام وا دیارە کە تۆی فیلەتەن
ئەگەر ڕۆستەمی ڕاست بڵێ بە من
جوابی دایەوە وتی گەر ڕۆستەم
ببینی دنیا نابینی بە چەم
ڕۆستەم شێرێکە بێ مانەند و بۆ
چۆن فیزی دێنێ بێتە جەنگی تۆ
لەلای فیلەتەن من کەمترینم
لە کوێ لایەقی مەیدانی قینم
جا لە گورز و تیغ زوو بوون دەسبەردار
غەمگین بوون لە دەس جەفای ڕۆزگار
بە تەقدیری حەق جەهان ئافەرین
لەسەر پشتی ئەسپ ئەمجا دابەزین
دەستیان پێکایە سەر حەلقەی کەمەند
بەربوونە زۆران بەبێ چوون و چەند
زۆراب بە تەوفیق حەیی لایەنام
گرتی کەمەربەند نەوەی زاڵی سام
خستییە سەر شانی بەقار و بەقین
سووڕی دا ڕۆستەم کەوتە سەر زەمین
زۆراب وەکوو شێر بە دڵی بێ غەم
زوو ئەژنۆی نایە سەر سکی ڕۆستەم
دەستی دایە تیغ حەربەی میسری کار
کە سینەی ڕۆستەم بکا لەت و پار
ڕۆستەمی دەستان وتی نەوجەوان
قسەیەک ئەکەم مرووەتە ئامان
وەهایە قانوون گشت پاڵەوانان
وەختێ لە مەیدان کە ئەگرن زۆران
هەرکەس ئەوەڵ جار بێدەسەڵات بوو
ئەیبەخشن، جاران عادەت وەها بوو
بەو حیلە و مەکرە ڕۆستەمی دەستان
خۆی ڕزگار کرد زوو لە عەرسەی مەیدان
هەردووکیان ماندوو گەڕانەوە دوا
چوونەوە خێمەسەرا و خەرگا
دوو شێری پڕ زۆر دوو بەبری بەیان
چوونەوە جێگا و مەسکەنی خۆیان
پرسی لە زۆراب هۆمان لە مەیدان
بۆچی تۆ نەتکوشت دوژمنت دەر ئان؟
وتی ئەی هۆمان یەقین ڕۆستەم بوو
سەد گورزم لێدا هێشتا لای کەم بوو
زرێی پارچە بوو کەوتە سەر زەمین
زەڕە نەلەخشا پاڵەوانی کین
بە گورز و شمشێر بە حەلقەی کەمەند
عیلاجی نەکرا نەهاتە ژێر بەند
ئاخری ئەمجا بەربووینە زۆران
خۆمان خستە دەست خالقی سوبحان
بە ئیزنی خودای جیهانداری پاک
خستمە سەرشانم فڕێم دایە خاک
کەچی بە مەکر و بە حیلەی بێجا
عاقیبەت لە دەست من خۆی نەجات دا
سینەم لەت نەکرد بە تیغی خەتەر
بەخشیم بە یەزدان خودای بانی سەر
هۆمان وتی پێی زۆر خراپت کرد
لەبەر چی نەتکوشت خێرا دەستوبرد
تۆ ئەوت نەکوشت هەر ئەتکوژێ ئەو
ئەبی بە واتەی خەڵق و ئەم و ئەو
کەوتە داوی تۆ شێرێکی وەها
یەکجار نەفام بووی، نەتکوشت بە خوا
تەوفیقت بدا خودای بێ نەزیر
ئەمجا بیکوژە هیچ مەکە تەقسیر
ڕۆستەم کە لاشەی ساکن بوو لە دەرد
چوو بۆ ناو خێمەی خاسی لاجیوەرد
کەیکاووس وتی چلۆنی ڕۆستەم؟
لام وایە دڵت کەیل بووە لە غەم
خۆ منداڵێ بوو لە عەرسەی مەیدان
بۆچ دەستت نەبەست ڕۆستەمی دەستان؟
ڕۆستەم عەرزی کرد ئەی شاهی دلێر
نەمزانی دێو بوو یاخۆ نەڕەشێر
بەدەست ئەوەوە زەبوونە حاڵم
ئەبات بۆ توران، گورز و گۆپاڵم
چەند ساڵ و وەختە من پاڵەوانم
قاتڵی دێو و جادووگەرانم
ڕێگەی حەوتخوانم بڕی بە تەنیا
نەترسام لە شێر و لە جادووی گومڕا
ئێستا بە دەستی تفڵێکی وەها
پەشێوەحاڵم، شاهی عالی جا
گەر یارم نەبێ خودای دادگەر
نەجاتم نابێ لە عەرسەی خەتەر