باسی خەبەرپرسینی زۆراب لە هەجیر لە بابەت لەشکری ئێران
از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
9 دقیقه
51 مشاهده
زۆراب وتی ئەو خێمەی زەڕبافە
دیرەگی کەوا لە زیوی سافە
تیا ڕاخراوە فەرشی چینی کار
تیا ڕیزکراوە کورسی زەڕنگار
جوانێ دانیشتووە تیا بە تاجەوە
سەرمەست، بە بانی کورسی عاجەوە
یەکجار بە سامە زور هەیبەتدارە
هەیئەتی گەلێ گەورە و سەردارە
لە ڕاست و چەپی تاکوو لای عەلەم
سەف سەف پاڵەوان وەستاون سەرجەم
پێم بڵی كێیە ئەو تاجدارە؟
کە ڕووی وەکوو مانگ جوان و تابدارە؟
هەجیر وتی پێی کەیکاووس شایە
خاوەن حەشەم و ئاڵا و سوپایە
زۆراب وتی ئەو خێمەی ئەتڵەس فام
تەناف خەیاتە ئەستوون زیوی خام
ئەستوونی زیوە ئاڵای زەرد ڕەونەق
ئەدرەوشێ هەروەک ئەستێرەی شەفەق
سەری بەیداخی کەللەی ئەژدەها
کاڵای سەرتاپا مەتای بێ هاوتا
لەژێر بەیداخا دانیشتووە جوانێ
لەلای وەستاون چەند پاڵەوانێ
کێیە وا خاوەن سوپا و لەشکرە؟
وتی ئەو زاتە توسی نەوزەرە
پرسی ئەو خێمەی کە لاجیوەردە
دیرەگی هەموو زێڕی بێگەردە
دەنگی تار و عوود سەدای ساز و چەنگ
دێت بە سۆزەوە لە خێمەی گوڵڕەنگ
درەفشی کەیان بێگەرد نەهەنگدار
کاڵای قیمەتدار مەتای کەس نەدار
خێوەتی کێیە وەها سامدارە؟
وتی هیی گودەرز شێری شکارە
هەشتا و هەشت کوڕی هەیە بە حساب
شێران لە ترسی جەرگیان بوو کەباب
وتی ئەو خێمەی سووری گوڵناری
ئەستوون نوقرەبەند لاجیوەردکاری
تەنافی ئاوریشم هەموو دانەبەند
پیا هەڵواسراوە چەند حەلقە کەمەند
سەری بەیداخی بە وێنەی مارە
وا لە ئەترافی چەند هەزار سوارە
خێوەتی کێیە؟ وتی هیی گیوە
کوڕی گودەرزە هیچ کەس نەدیوە
زاوای ڕۆستەمە پڕ زات و زۆرە
شێری مەیدانی ڕۆی شەڕ و شۆڕە
ئەمجا پرسی ئەو خێمەی سپی ڕەنگ
لە لای وەستاون سواران بۆ جەنگ
تەناف ئاوریشم ئەستوونی لە زیو
دەستکردی وەستای خاسی کەس نەدیو
جوانێکی تیایە وەک غونچەی بەهار
گوێی گرتووە لە دەنگی دەف و عود و تار
پەڕی تاوسی داوە لەسەر تاج
دانیشتووە لەسەر کورسی داری عاج
کێیە پێم بڵێ شۆخ و نازدارە؟
دیارە شازادەی عالی تەبارە
وتی فەرەیدون زەڕڕین کولاهە
شێری مەیدانە فەرزەندی شاهە
جا پرسی کە ئەو خێمە دێزڕەنگە
لە دەورەی قەتار ئەسپانی جەنگە
بەیداخی هەیە وەک چناری بەرز
سەری بردووە بۆ فەلەک لە ئەرز
سەری بەیداخی وەک کەللەی شێرە
دیارە بەیداخی پیاوی دلێرە
وتی هیی بەهرام نەوەی گودەرزە
سەدای گەورەیی لە دنیا بەرزە
وتی ئەو خێمەی زەڕبافی غارا
دیارە لە نەوعی خێوەتی دارا
کەناری زێڕین دەوری گوڵنارە
قیمەتی کاڵای هیچ کەس نەدارە
بەیداخی لە دەوری خێمەی پەیدایە
سەری وا لەسەر ئەوجی ئەعلایە
خێوەتی کێیە؟ وتی بزانە
هینیی بیژەنە شێری ژیانە
کچەزای ڕۆستەم لە نەوەی شێرە
پاڵەوانێکی ئازا و دلێرە
وتی ئەو خێمەی گەورەی نیلەنگی
عەلەمی لە تەرحی ئەژدیهای جەنگی
مێخی سەرتاپا لە سیم و زەڕە
عەلەمی لەسەر چەرخی ئەفسەرە
تەنافی ئاورێشم ساف و کەشیدە
نادرەی زەمان هیچ کەس نەدیدە
جوانێ بە بەرگ ڕووی مەیدانەوە
بە گورز و گۆپاڵ بێ سامانەوە
تیا دانیشتووە وەکوو شێری مەست
غوڵامان لەلای دەست لە بانی دەست
ڕەخشێ لە بەردەم خێمەی دیارە
سەرزینی سوورمە و زینی تەیارە
چەند حەڵقە کەمەند هەموو چەرمی خاو
وا بە زینەوە هەموو هەڵواسراو
سیلاحی جەنگی زۆرە ئەو جوانە
خوفتانی لە پێست بەوری بەیانە
ئەو مەرد و ڕەخشە حەڵقەی کەمەندە
لە ئێرانیاندا زۆر لام پەسەندە
مەردێکی وایە مانەندی کەمە
ئەگەر عەقڵم بێ ئەوە ڕۆستەمە
ئەو شەخسە کێیە تۆ پێم بڵێ ڕاست
نەوەک ڕۆستەم بێ بە ئاواتم خواست؟
هەجیری گودەرز شومی بەدکردار
بە مەکر و حیلە جا هاتە گوفتار
وتی بە زۆراب گەورە و ئەمیرم
ناوی ئەو شەخسە نییە لەبیرم
هێندە ئەزانم مەردێکە ئازا
تازە هاتووە ئەو لە بوخارا
لەگەڵ چەند هەزار جەنگی دلێران
هاتووە بۆ ئیمداد پادشای ئێران
جوابی دایەوە زۆرابی دانا
وتی پێم بڵێ تو خوا ڕۆستەم کوا؟
ڕۆستەم زۆر گەورە و عالی مەقامە
پێم بڵی خێمە و بارەگای کامە؟
وتی ڕۆیشتووە بۆ باغی سەدتەرز
وا لە پایتەختی چنارانی بەرز
گوێی گرتووە لە دەنگ نەغمەی گۆرانی
نەهات بۆ ئیمداد شاهی کەیانی
جوابی دایەوە زۆرابی ئازا
وتی کەی وەعدەی سەیرانە ئێستا
ڕۆستەم ئازایە وەکوو شێری نەڕ
چۆن پاش ئەکەوێ لە جەنگ و لە شەڕ؟
تۆ ڕاستت نەوت ئەمە جەزات بێ
شەرتە تا ماوی زیندان جێگات بێ
هەجیر لە دڵدا ئەیوت گەر ڕۆستەم
بەم پاڵەوانە من نیشان بدەم
لەوە ئەترسم ئاخر سەرئەنجام
زەرەر ببێ بۆ نەوەی زاڵی سام
وەها باشترە بۆی نەکەم عەیان
با من بکوژێ بێزارم لە گیان
باوکم گودەرزە لە عالەم دیارە
هەشتا و هەشت کوڕی هەیە و ناودارە
بە غەیری قەوم و خوێش و ئەقریبا
با من بکوژرێم خۆ هیچ کەم ناکا
جا زۆراب وتی لە دڵی خۆیدا
ڕۆستەم دیار نییە هەرچەند حەوڵم دا
وا سوپای دوژمن هاتووە بەقین
لەشکر ڕاکێشم لە زابل زەمین
ئەم خەیاڵەی کرد زۆرابی دانا
جا بە ڕقەوە هەڵسا و خرۆشا
گرتی پشتێنەی مەردی هەرزەکار
حەوای دا لە بورج سەربانی حەسار
لەولاوە ئەمجا لە سوپای ئێران
شاهی کەیکاووس بە دڵ و بە گیان
دەستی کرد بە بەزم کەیانی دەستوور
گوێیان لە دەنگ نەوا و سەبا و شۆر
ڕۆستەمی دەستان هەڵسا ئازانە
وتی ئەمەوێ ئەو پاڵەوانە
ببینم بە چاو بزانم ئایا
چۆنە وا ئەڵێن ڕەشیدە و ئازا
ئەچم ئەبینم من ئەو سالارە
بزانم کێیە ئاخۆ چە کارە
لیباسی شەوی خێرا کردە بەر
هەڵسا ئازانە وەکوو شێری نەڕ
شەوڕەنگی پۆشی بە وێنەی دزان
ڕووی کردە سەحرا و چۆڵ و بیابان
ڕویشت گەیشتە هەیوانی سەرا
بە ماتەماتە ئەمجا ڕاوەستا
سەیری کرد بەزمی تورکان بەتابە
زۆراب خەریکی نۆشی شەرابە
لای دەستی ڕاستی زۆراب هومان بوو
لەلای چەپییەوە جای دلێران بوو
سەد پاڵەوانان لە شەراب سەرمەست
لای ڕاوەستابوون دەست لەبانی دەست
ڕۆستەمی دەستان موتەحەییر ما
لە دڵی خۆیدا وتی بە خودا
بە شان و باهوو وەک سامە و ڕۆستەم
خەنجەر ئەکێشی لە چەرخی حەوتەم
بە باڵا عەینی سامە و نەریمان
هەر وەکوو زاڵە پوری کەریمان
وەختێ کە ڕۆستەم لە مڵکی توران
لەشکری هەڵگرت بچێ بۆ ئێران
دایکی زیندەڕەزمی لەگەڵیا هەنارد
زۆر نەسیحەتی کرد و پێی سپارد
وتی دەخیلم کە چوویتە ئێران
ئەبینی ئەوسا جەنگی دلێران
یەقین کەیکاووس شای ئێران زەمین
لەگەڵ خۆی دێنێ سوپای سەهمگین
ئەو ڕۆژە جەنگی دلێران ئەبێ
هەیاهەی پڵگ هەم شێران ئەبێ
کاتێ کە ڕۆستەم ئەبینی بە چەم
زوو بچۆ بۆ لای تۆ بە خاترجەم
سوجدەی بۆ ببە ڕوو بسوو لە خاک
بڵێ کوڕی تۆم ئەی شێری بێباک
ڕۆستەم ئەو شەوە بە دڵی بێ تاب
وەختێ کە ڕۆیشت ببینێ زۆراب
لە ناکاو زۆراب هەڵسا لەناو بەزم
بۆ ئەوەی بچێت بۆ شەڕ و بۆ ڕەزم
لە بادە و شەراب نابی بۆ عەنبەر
مەست بوو لە دەرگا کە ڕۆیشتە دەر
سەیری کرد یەکێ لە دوشمنانی
خۆی مات کردووە وا بە پەنهانی
زۆراب بە توندی کە لێی کرد سوئال
وتی چە کارەی تۆ چیتە خەیاڵ؟
جوابی نەداوە نەهاتە گوفتار
ئەمجا زیندەڕەزم ڕووی تێ کرد بەقار
کەمەربەندی گرت بێ ترس و ئەندێش
ڕۆستەم جا بەقار بۆی ڕۆیشتە پێش
مشتێکی لێ دا بە توندی ڕۆستەم
شیری منداڵی هاتەوە ناودەم
مەغزی لەسەری بە جارێ پژا
کەوتە سەرزەمین وەکوو تۆو ڕژا
جەستەی زیندەڕەزم غەڵتانی خاک بوو
ئاخری عومری هات، زوو ڕۆحی دەرچوو
تەقدیری وا کرد خودای بانی سەر
زۆراب لە باوکی ببینێ زەرەر
هاتنە دەرەوە هومان و بەهرەمان
دییان زیندەڕەزم کەوتووە بێ گیان
سەرسام بوون وتیان ئەمە چۆن کار بوو؟
کێ بوو بەم نەوعە وا غیرەتدار بوو؟
وتیان بە زۆراب کێ ئەم کارەی کرد؟
تۆ سەلامەت بی زیندەڕەزم مرد
تەماشایان کرد موتەحەییر بوون
لاشە کەوتبوو غەرقی خاک و خوون
وتیان با ئەمشەو تا وەختی سەحەر
ئێشکچی بن چەند مەردی دلاوەر
سبەینێ بە ئیزنی خودای لامەکان
ئەبێ بەر باد کەم لەشکری ئێران
خوڵاسە ڕۆستەم گەڕایە دواوە
سەیری کرد کە گیو وا بە ڕێگاوە
گیو پاڵەوانی پایتەختی شا بوو
بە شەو ئێشکچی ئێران سوپا بوو
شمشێری کێشا گیو مانەندی شێر
چوو بەرەو پیری ڕۆستەمی دلێر
ڕۆستەم تێ گەیشت گیوی سەرکێشە
بە شەو پاسەوان دڵ بێ ئەندێشە
وتی ئای نەکەی نووری دیدەی من
سالاری گران بەرگوزیدەی من
گیو وتی ڕۆستەم لە کوێ بووی توو خودا؟
بە تەنها سوارە لە دەشت و سەحرا
وتی ڕۆیشتم بۆ سەیری زۆراب
بۆ دیتنی ئەو یەکجار بووم بێ تاب
هەرچەند بە باڵا تازەنەمامە
بە شان و شەوکت ئەولادی سامە
حەیفە پاڵەوان «توران» وڵاتە
ڕۆحی نزیکی یەومولمەماتە
شمشێر ئەکێشێ بۆ چەرخی ئەخزەر
بەڵام بە دەستی من ئەبێ بێسەر
کە ئەم قسانەی بۆ گیو تەواو کرد
چوو بۆ خێمەی خۆی ڕاکشا دەستوبرد
سەری نایەوە لەناو ڕەختی خواب
نەی نۆشی بە شاد پیاڵەی شەراب