باسی هاتنی سەمەنبۆ بۆ شەڕ لەگەڵ زۆراب
از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
4 دقیقه
172 مشاهده
سەمەنبۆ خوشکی هەجیری ئەسیر
زوو ڕقی هەڵسا دڵی بوو زویر
لە داغا دڵی بووبوو بە کەباب
هەڵسا بستێنێ حەقی لە زۆراب
چوو بۆ لای باوکی دەروون پڕ لە دەرد
هەڵی گرت سیلاح ئەسبابی نەبەرد
وتی بابە گیان خۆ هەجیر گیرا
لەناو عالەمان ڕوومان بوو سیا
هەجیری برام وا بوو گرفتار
من جا هەڵئەگرم ئەسلەحەی کارزار
لە داغ و ڕقا زۆر بوو پەرێشان
نیقابی پوشی ڕۆیشتە مەیدان
سواری ئەسپ بوو سەرتاپا تەیار
لغاو مرواری ڕکاب زەڕەنگار
سەرتاپا ئەسپی هەموو ئاهەن پڕ
هەناسەی ئەچوو بۆ چەرخی ئەخزەر
دوو زولفی ڕەشی بۆنخۆش وەک گوڵاو
شاردیەوە لەژێر خودەکە و کڵاو
ڕووی کردە مەیدان وەکوو شێری مەست
نەعرەتەی کێشا خرۆشا بەقەست
زۆراب ئەمەی دی وەک شێری ژیان
بەقار و غەزەب ڕووی کردە مەیدان
سەمەنبۆ دەستی زوو برد بۆ کەوان
پێچی خوارد وەک مارزەنەندەی دەمان
شەست و دوو تێری تیژی مووشکاو
دەستکاری وەستای گەورەی تازەساو
خستییە ناو کەوان هاویشتی بەقار
بەرەو ڕوی زۆراب خەدەنگانی ژار
تیری پێ نەما خاڵی بوو کەوان
نۆبەت کەوتە دەست ئەژدیهای دەمان
زۆراب ئەمەی دی موتەحەییر ما
کەمەندی هەڵگرت زوو بۆی حەوا دا
لە سەر ماڵی زین کردی سەرەوخوار
بە حەلقەی کەمەند جا بوو گرفتار
دابەزی لە ئەسب کە دەستی بۆ برد
کڵاوخودەکەی لە سەری لابرد
زولفی قەترانی جوانی بۆن گوڵاو
دیاری دا لە ژێر عەنبەرین کڵاو
کە زانی کچە کوڕ نییە ئەمجا
زۆراب سەرسام بوو زۆر موتەحەییر ما
سەمەنبۆ یەکجار خەجاڵەتبار بوو
بە مەکر و حیلە هاتە قسە زوو
وتی پاڵەوان بۆ تۆ عەیبە و عار
ناوت بەد ئەبێ لە ڕووی ڕۆزگار
ئەڵێن پاڵەوان شای ئەفراسیاب
هیچ نەبوو باکی لە واتە و عیتاب
لەگەڵ کچێکدا کردی جەنگ و شەڕ
دنیا پڕ ئەبێ لە باس و خەبەر
خەجاڵەت ئەبی لەلای هاوسەران
ئەبی بە عیبرەت تا ئاخر زەمان
هەجیر لە لاتە زنجیر لە گەردن
منیش کەنیزەم بۆ تۆ تا مردن
تکایە ساتێ پێم بدە دەستوور
کارێکم هەیە لە قەڵا زەروور
هەموو گەنج و ماڵ خەزێنەم تەمام
بۆ تۆی ئەهێنم بێ سەبر و ئارام
زۆراب ئەمەی بیست گەلێ بوو خۆشحاڵ
پەسەند بوو قسەی شۆخی سەوسەنخاڵ
کردییەوە کەمەند دەر حاڵ بێ پەروا
کچ نەجاتی بوو گەڕایەوە دوا
لە دەستی زۆراب کە نەجاتی بوو
چوو بۆ لای خوێش و لەسەر کاری زوو
دابەزی لە ئەسب باڵا شۆخوشەنگ
چوو بۆ ناو قەڵای سەختی سپی سەنگ
کێشا نەعرەی بەرز سۆڵی سیم ئەندام
وتی بە زۆراب بێ عەقڵ و نەفام
هەڵسە زوو بڕۆ ئەی خاکت بەسەر
بۆچ خۆت ئەخەیتە ناو دەریای خەتەر
خەبەر ئەنێرم بۆ کەیکاووس شا
وەکوو گەڵای دار بنێرێ سوپا
ڕۆستەم لە نەوەی دەستانی سامە
ئەگەر بێت بۆ شەڕ عومرت تەمامە
زۆراب ئەمەی بیست سیاهـ بوو لە قار
جوابی دایەوە وتی جادووکار
نەمزانی کە تۆ بە مەکر و ئەفسوون
خۆت نەجات ئەدەی بە بێ چەند و چوون
ئێستا درەنگە وا وەختی شامە
لای مسڵمانان کوشتن حەرامە
بە عەون و تەوفیق جیهان ئافەرین
سبەینێ بە زۆر بازووی سەهمگین
قەڵای سەنگین و دەروازە و حەسار
بە گورزی گران ئەکەم یەختەسار
ئەوسا ئەبینی مەعرەکەی شێران
مەعلوومت ئەبێ جەنگی دلێران
هەڵسا چوو بۆ لای باوکی، سەمەنبۆ
سەرتاپا بۆی کرد قسە و گفتوگۆ
باوکی وتی پێی ڕۆڵە ئافەرین
نامووست نەچوو لە مەیدانی قین
وتی ئەی بابە سامی نەریمان
ناتوانێ لەگەڵ ئەو بێتە مەیدان
لە شەڕ و حەربا وەکوو ڕۆستەمە
لەسەر ڕووی دنیا مانەندی کەمە
هەجیر گیراوە عیلاجمان نییە
غەیری ڕاکردن چارەمان چییە؟
سەرداری گەورە یەکجار بەسامە
یا نەوەی سامە یانا خۆی سامە
بە بازوو و قووەت بە سینە چاکە
زۆر هونەرمەندە جەبینی پاکە
ڕەفیقی نییە لەسەر ڕووی جیهان
ئەیەوێ بگرێ پادشای ئێران
بەبێ شەڕ هەجیر وا بوو بە ئەسیر
خستییە ناو داو و ناو بەند و زنجیر
من زوڵفم خستە ناو خودە و کڵاو
چوومە مەیدانی بە تەعجیل و تاو
شەست و دوو تیرم من دا لە گیانی
کونی کرد هەموو گۆشت و ئێسقانی
بە حەلقەی کەمەند گرتمی ئەوسا
کڵاوخودەم کەوت زوڵفم دیاری دا
من بە هەزار حیلە بووم ڕستگار
کە زانی ژنم نەهاتە گوفتار