باسی گرفتاربوونی هەجیر بە دەستی زۆراب
از کتاب:
ڕۆستەم و زۆراب
اثر:
کمالی (1886-1974)
3 دقیقه
49 مشاهده
لەپڕ بە هەجیر کە خەبەر درا
وتیان زۆراب ناو، وا بووە پەیدا
لە جەیحوونەوە تا سپی حەسار
هەوا تاریک بوو لە تۆز و غوبار
هەجیر ئەمەی بیست زۆر ڕقی هەڵسا
ئەسلەحەی شەڕی دەر سەعات پۆشا
بەستییە پشتی تیغ و تیر و شیر
ڕووی کردە سوپا شێرانە هەجیر
کە تەماشای کرد لەشکری عەزیم
وا هات لە ڕێوە بەبێ خۆف و بیم
نیشانەی شەست و دوو هەزار سوار بوو
لە چارەیاندا غەزەب دیار بوو
مەعلووم بوو لەلای شای ئەفراسیاب
سوپای ناردەوە بە تەعجیل و تاب
هەجیر سوار بوو ڕووی کردە بێروون
لە مەیدان وەستا وەکوو زەڕ ستوون
لەشکری زۆراب لەولاوە وەستا
وەکوو شێری نەڕ سانی دا سوپا
زۆراب سەیری کرد کە تەنیا سوارێ
وێنەی بەرق ئەهات گەورە ناودارێ
تەنها وەستاوە لە عەرزەی مەیدان
ئینتیزار ئەکا وەک شێری ژیان
زانی دلێرە و شێری شکارە
چاوەڕوانی شەڕ ڕۆی کارزارە
زۆراب سوار بوو ڕووی کردە هەجیر
نەعرەتەی کێشا وەکوو شێری نەڕ
وتی ئەی سوار تۆ بۆچی بە تەنیا
وا موعەتەڵی لە عەرزەی دەعوا
هەجیر تێفکری عەجەب سوارێکە
سالاری گەورە و نامدارێکە
بە سام و هەیبەت بە زۆری بازوو
لەگەڵیا نابێ کەس هاوتەرازوو
وتی بەڕاستی ئەم پاڵەوانە
مەردی مەیدانی دەوری زەمانە
لە ڕۆژی شەڕدا بە زۆری کەمەند
زۆر کەس لە دنیا ئەخاتە ناو بەند
وتی ئەی سوار تۆ ناوت چییە؟
بۆچی ئەگەڕیێ مەقسەدت چییە؟
پاڵەوانی گورج کامین وڵاتی؟
سەرداری سوپای کام سەر بیساتی؟
پێم بڵێ کێیە باوک و ئەجدادت؟
لە کام تایەفەی چییە مورادت؟
زۆراب هاتە جواب وتی ئەی جوان
قسەیەک ئەکەم لات نەبێ گران
بۆچی ئەپرسی لە ئەحواڵی من؟
لە ئەسڵ و نەسەب جێگەی ماڵی من؟
من هەتیوێکم بێ جەد و پدەر
نە لە تورانم نە چین نە بەربەر
ئەسڵ و نەسەبم مەعلووم نییە لێم
نازانم هەرگیز کە من کوڕی کێم
دایکم بێ کەسە، فەقیر و هەژار
جەفا کێشی دەرد، جەوری ڕۆزگار
ئێستا خەیاڵێک لە شانم بارە
هەمیشە دڵی من بێقەرارە
خەیاڵم وایە دنیا سەراسەر
بێنمە ژێر حوکمم وەکوو شێری نەڕ
ئەووەڵ کەیکاووس پادشای ئێران
یەخسیر کەم لەگەڵ هەموو دلێران
بەڵام فیلەتەن ناوی مەشهوورە
سەرداری ئێران بە زات و زۆرە
ئەبێ بە کەمەند بیکەم گرفتار
ببێ بە واتەی دەوری ڕۆزگار
من کە ڕۆستەمم هێنایە ژێر دەس
ئیتر قیمەتی لام نییە هیچ کەس
ئەچمە سەر تەختی شای ئێران دیار
ئەکەمە سەرم، هەم تاج هەم تومار
ئەمانە هەموو لەلام ئاسانە
دنیا لە دەستی من هەراسانە
هەجیر ئەمەی بیست ڕەش بوو وەکوو قیر
دنیای لەبەر چاو بوو بە زەمهەریر
وتی تۆ مەغروور مەبە ئەی جوان
مەبە بە تەمای ئێران و توران
فیلەتەن وەکوو شێرە دیارە
ناوی لە دەمدا وەک زەهری مارە
ئەگەر لە دەستم نەجاتت بوو تۆ
ئەوسا بۆ سەر تەخت کەیکاووس بچۆ
دەسی دایە تێغ مەودای پڕ خەتەر
بە زۆرابی وت بەدی بەدگەوهەر
زۆراب دەستی برد وەکوو شێر ئازا
شمشێری بە زۆر لە دەس دەرهێنا
گرتی پشتێنی هەجیری سەرمەست
دای بە زەمیندا هەردوو دەستی بەست
بردی بۆ هومان بە دەستی بەستە
بە خواری و زەلیل سەری شکستە
ئەمجا لە هەجیر لە باڵای حەسار
نۆبەتچییەکان کردیان زۆر هاوار