بەرەو زمانێکی یەکگرتووی ئەدەبی

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 6 دقیقه  56 مشاهده
بەر لە هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لێرەدا ووشەی «کوردی» و ووشەی «کرمانجی» هەردووکیان بۆ تاقە یەک مانا بە کار دەهێنم. چونکە بەڕاستی هەردوو ووشەکە؛ چ «کوردی» و چ «کرمانجی» هەر یەکن و «کرمانجی»ش وەک «کوردی» هەر زمانی کوردی دەگرێتەوە، بە هەموو شێوە و زاراوەکانییەوە. ئەوەتا خاوەنی «شەرەفنامە» و ئەحمەدی خانی و مەلا مەحموودی بایەزیدی و گەلێک زانا و نووسەرەکانی کورد، هەر لە کۆنەوە، ووشەی «کورد» و «کرمانج»یان هەر بە یەک شت داناوە و لەجیاتی یەک بە کاریان هێناون. جا لەبەر ئەوەی خۆم لەسەر ئەو باوەڕەم کە ووشەی «کرمانجی» لە ووشەی «کوردی» کۆنترە؛ بە زۆری لێرەدا ووشەی «کرمانج» بە کار دەهێنم و «زمانی کرمانجی»ش بەسەر دوو شێوەی بنچینەیی و دوو شێوەی لاتەنیشتدا دابەش دەکەم. مەبەستیشم لەم دابەشکردنەم بەم جۆرە، کەمکردنەوەی نرخ و بایەخی ئەو شێوانە نییە کە بە لاتەنیشتیان دادەنێم. بەڵکو مەبەستم لە شێوە بنچینەیییەکان ئەو شێوانەیە کە ئەمڕۆ بوونەتە زمانی ئەدەبی و شێوە لاتەنیشتەکانیش ئەوانەن کە دەمێکە ئەو دەورە نابینن. جا لەبەر ئەوەی بەتەمام بەرگێکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆماڵەکانی زمانی کوردی و شێوەکانی تەرخان بکەم، نامەوێ لێرەدا بە دوور و درێژی لە هەر یەکێ لەم شێوانە بدووم؛ ئەوەندە نەبێ کە پێوەندیی بە باسەکەوە هەیە.
 
أ‌- دوو شێوە بنچینەیییەکە
 
أ-1- کرمانجیی ژووروو
 
ئەم شێوەیە زاراواکانی بۆتانی و جزیرەیی و هەکاری و بادینانی و ئاشیتەیی و بایەزیدی دەگرێتەوە کە زاراوای جزیرە بەسەر هەموویاندا زاڵ بووە و خۆی کردووە بە شێوەی ئەدەبیی ئەم کۆمەڵە.
 
أ-2- کرمانجیی نێوەڕاست
 
ئەم شێوەیەش زاراواکانی سلەیمانی و سنەیی-ئەردەڵانی و کەرکووکی-گەرمیانی و هەولێری-سۆرانی و موکری و شارباژێڕی و پژدەری دەگرێتەوە کە زاراوای سلەیمانی بەسەر هەموویاندا زاڵ بووە و خۆی کردووە بە شێوەی ئەدەبیی ئەم کۆمەڵە.
 
ب- دوو شێوە لاتەنیشتەکە
 
ب-1- کرمانجیی ژێروو
 
ئەمەش زاراواکانی فەیلی و کرماشانی و لەکی و کەڵهوڕی و خانەقینی و هێندێ لەو زاراوانە دەگرێتەوە کە بە شێوەی «لوڕی» دەدرێنە قەڵەم. بەرزترین شاعیری ئەم شێوەیە باباتایەری هەمەدانیشخص و مەلا پەرێشانی کوردشخص بوون. شایانی باسە کە ئەم شێویە وەک شێوەیەکی ئەدەبی، ماوەیەکی زۆرە دەوری خۆی ون کردووە. کوردە فەیلییەکانی عێراق؛ لە بەغدا بن یا بەدرە یا مەندەلی یا جەسان یا زەر باتییە یا کووت، زمانی ئەدەبییان هەر ئەو کوردییەیە کە لە کوردستانی عێراقدا بە کار دەهێنرێ. کوردەکانی کرماشانیش هەر ئەو کوردییە یا نێزیک لەوە، بە شێوەی ئەدەبیی خۆیان دەزانن. بەتایبەتی چونکە لە کوردستانی ئێراندا شێوەی موکری؛ کە زاراوایەکی کرمانجیی نێوەڕاستە و لە زمانی نووسینی کوردییەوە نێزیکە، بە کوردیی «ڕاستەقینە» دەدرێتە قەڵەم و وێستگەی ڕادوێش هەر بەو شێوەیە پرۆگرامەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
 
ب-2- کۆمەڵە شێوەی گۆرانی-زازایی
 
زاراواکانی گۆران ئەو زاراوانەن کە لە هەورامان و ناوچەی زەنگەنە و ناوچەی کاکەیییەکان لە کەرکووک قسەی پێ دەکرێ و بە زمانی «ماچۆ» (واتا «دەڵێم») نێوی ڕۆیوە. زاراوای گۆرانی؛ ڕۆژێ لە ڕۆژان زمانی ڕەسمیی میرنیشینی ئەردەڵان و تا ماوەیەکیش هی بابان بووە. لە شاعیرە گەورەکانی ئەم شێوەیە: خانای قوبادی و مەولەوی. ئەوەی شایانی باسە، ماوەیەکی زۆرە ئەم شێوەیە دەوری خۆی وەک زمانێکی ئەدەبی لە دەست داوە. نووسەرە کوردەکانی ناوچەی هەورامان و زەنگەنە و کاکەیی کە بەم زاراوایە قسە دەکەن، بۆ نووسین، زاراوای سلەیمانی-سۆرانی بە کار دەبەن.
 
زاراواکانی زازاش لە ناوچەکانی بینگۆل و ناوچەکانی ئەلەزیز (دێرسیم، خەرپووت مەعدن) و ناوچەکانی دیاربەکر (قولب، هێنە، پیران، چێرمووک) و لە ئورفە (سیوێرەک) لەلایەن ٢٥٠ هەزار کەسێکەوە قسەیان پێ دەکرێ. زازایی لە گۆرانییەوە زۆر نێزیکە و لەبەر ئەوەیە کە هەردووکیان بە کۆمەڵە شێوەیەک دادەنرێن. بەڵام ئەوە هەیە زازایی هیچ کاتێک شێوەیەکی ئەدەبیی کوردی نەبووە و ئەوانەی بە زازاییش دەدوون، چونکە لەنێو کرمانجەکانی ژوورووی کوردستاندا دەژین، بە زۆری بە شێوەی کرمانجیی ژووروو دەپەیڤن (قسە دەکەن) و هەر ئەو شێوەیەش بۆ نووسین بە کار دەبەن. کۆمەڵە شێوەی گۆرانی-زازایی، هەرچەندە تا ئەندازەیەک کەوتووەتە ژێر تاوی فارسیی نێوەڕاستەوە، بەڵام هێشتا شوێنەواری زۆر کۆنی پێوە ماوە و هەڵدەگرێ خەریکی ببین و زمانە ئەدەبییەکەمان بە ووشە و وتە ڕەسەنەکانی دەوڵەمەندتر بکەین.
 
بەمانەی سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئێستە تەنیا دوو شێوەی ئەدەبیی کوردی هەیە. لەبەر ئەوە، بۆ یەکگرتنی زمانەکەمان پێویستە ئەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ لە کوردستانی عێراقدا بۆ نووسین بە کار دەهێنرێ، لە سنووری دەسەڵاتدا لە شێوەی کرمانجیی ژوورووەوە نێزیک بکرێتەوە و لە هەمان کاتدا، بە پێی توانست، بە هەردوو شێوە لاتەنیشتەکەش موتوربە بکرێ. بۆ ئەمەش دەبێ بەر لە هەموو شتێک؛ هەردوو شێوە بنچینەیییەکە بکەینە بناغەی شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و بەتایبەتی لەم ڕووانەی خوارەوە: