هۆیەکانی دروستبوونی زمانێکی یەکگرتووی ئەدەبی

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 27 دقیقه  405 مشاهده
با جارێ بزانین ئەو هۆیانە چین کە دەبنە هەوێنی پەیداکردنی زمانێکی یەکگرتووی ئەدەبی بۆ گەلێک و ئەمجا لەبەر ڕۆشناییی ئەو هۆیانە؛ مێژووی زمانی کوردی شی بکەینەوە: أ- ڕێی سەپاندنی شێوەیەک بەسەر گەلێکدا. ب- لە خۆوە دروستبوونی شێوەیەکی ئەدەبی. ج- هەوڵدانێکی ڕێکخراوی زانستانەی لەسەرخۆ بۆ هێنانە بەرهەمی زمانێکی ئەدەبی.

أ- ڕێی سەپاندنی شێوەیەک بەسەر گەلێکدا

ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو گەلانەیە کە هێشتا زمانێکی یەکگرتوویان نییە، بەڵام قەوارەیەکی سەربەخۆی یەکگرتوویان هەیە. ئەو حەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەمە؛ یا بە جۆرێکی دێمۆکراتییانە، بیروڕای گشتیی خەڵکەکە وەردەگیرێ، تا بزانرێ چ شێوەیەکی بە دڵە، یا ئەوەتە کاربەدەستان خۆیان شێوەیەک لە شێوەکانی زمانەکە دەکەنە زمانی ڕەسمی و بەو ڕەنگە دەیسەپێنن بەسەر گەلەکەدا و بەرە بەرە دەبێتە زمانی ئەدەبییان. ئەم ڕێیەیان بۆ کورد دەست نادا. چونکە ئەو دەنگ وەرگرتنە گشتییە، یا ئەو بە زۆر سەپاندنەی بۆ جێبەجێ نابێ، بەهۆی نەبوونی قەوارەیەکی سیاسیی یەکگرتووەوە. لەبەر ئەوە ئەو ڕایانەی لەم بابەتەوە تا ئێستە بوون و هەن؛ وەک لە ساڵی ١٩٣٤دا کۆنگرەی کوردناسەکانی یەکێتیی سۆڤێت بڕیاری دا کە شێوەی کرمانجیی ژووروو بکاتە شێوەیەکی ڕەسمی بۆ هەموو کورد یا ئەوەی لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٥٩دا کۆنگرەی مامۆستایانی کوردی عێراق بڕیاری دا، بۆ ئەوەی شێوەی کرمانجیی نێوەڕاست (سۆرانی) بکاتە شێوەی ڕەسمی لە خەیاڵ بەو لاوە هیچی دی نییە. چونکە ناچێتە سەر، بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسیی نێوەندییەوە کە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا کار بکا.
 

ب- لەخۆوە دروستبوونی شێوەیەکی ئەدەبی

ب-١- چۆن شێوەیەکی ئەدەبی لە خۆیەوە دروست دەبێ؟

هێندێ جار شێوەیەکی ئەدەبی لە خۆیەوە؛ واتا بێ سەپاندنی ڕاستەوخۆ، دروست دەبێ. بۆ ئەمەش هێندێ هۆ هەن کە لەم کارەدا دەور دەگێڕن، وەک:
 
١- ئەوەی کتێبێکی ئاینیی پیرۆز بەو شێوەیە بنووسرێتەوە. بۆ وێنە: شێوەی هۆزی قوڕەیش بوو بە شێوەی ئەدەبیی عەرەبەکان؛ تەنیا لەبەر ئەوەی قورئان بەو شێوەیە هاتە خوارەوە. مارتین لووتەر (١٤٨٣-١٥٤٦)ی ئەڵمانیش کە داهێنەری ئاینزای پڕۆتستانت و پێشەوای بزووتنەوەی چاککردنی ئاینی دیانێتی (واتا کاتۆلیکی)یە؛ پاش ئەوەی ئینجیلی لە لاتینییەوە وەرگێڕایە سەر شێوەی ئەڵمانیی ساکسی، کە تا ئەو حەلە تەنیا لە دیوەخانەکانی ئەمیرکانی ساکسدا بە کار دەهێنرا، توانیی سەرنجی خەڵکێکی زۆر بۆ ئەو ئینجیلە ڕابکێشێ و هەر بەو هۆیەوە شێوەی ساکسی بوو بە زمانی ئەدەبیی هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ بە ئەڵمانی دەدوون؛ هەر لە ئەڵمانیا خۆیەوە بگرە، تا دەگاتە سویسڕا و نەمسا و گشت لایەکی دی.
 
بەمەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئاین دەورێکی مەزن دەگێڕێ لە دروستکردنی زمانێکی ئەدەبیدا. پێچەوانەی ئەمەش هەر ڕاستە. واتا؛ ئاین دیسانەوە دەورێکی مەزن دەگێڕێ لە دوولەتکردنی زمانێکی ئەدەبیدا. بۆ وێنە؛ سریانەکان هەتا سەدەی پێنجی زایینی، زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوویان هەبوو. ئا لەم سەدەیەدا، ئاژاوە کەوتە کڵێسەی دیانەکانی ڕۆژهەڵاتەوە و بەوە خەڵکەکە بوون بە دوو بەشەوە و هەر لەوەشەوە ئاینزای یاقووبی و ئاینزای نەستووری پەیدا بوون. ئەمجا ووردە ووردە، هەر لایە شێوەی تایبەتیی خۆی پاراست و پێی نووسی و ڕق و کینە و دووبەرەکیش دەورێکی ئاگرخۆشکەرانەی نواند بۆ دوورخستنەوەی هەر دوو شێوەکە لە یەکتر، بە جۆرێ سریانەکان ئێستە دوو شێوەی ئەدەبییان هەیە. ئاریایییە کۆنەکانیش (واتا هیندۆئێرانییە کۆنەکان) لە سەرەتاوە بە یەک زمان دەدووان و یەک ئاینیشیان هەبوو. بەڵام پاش ئەوەی ئەوانەی هیندستان ئاینی خۆیان جیا کردەوە و لە دەوروبەری ٣٠٠٠ی پێش زاییندا کتێبی پیرۆزی «ڤیدا»یان بە شێوەی سانسکریت بۆ نووسرایەوە، ئەمجا کە دووای ئەوانیش ئاریایییەکانی ئێران؛ ئاینی زەردەشتیان پەسند کرد و کتێبەکەیان بە زمانی «ئاڤێستا» بڵاو کردەوە؛ ئەو دەمە زمانی ئاریایی بەرە بەرە بوو بە دوو زمان: هیندی و ئێرانی، کە هەریەکەشیان لە سەرخۆ بوو بە چەند زمانێکی سەربەخۆ.
 
٢- ژیاندنەوەی ئەدەبیات بە تاقە شێوەیەکی زمانێک و لە سنوورێکی یەکجار فراواندا؛ دەبێتە هۆی دروستکردنی زمانێکی ئەدەبی. بۆ وێنە: زمانی فارسیی تازە لەو کاتەوە دروست بووە کە ڕوودەکی و فیردەوسی (٩٣٢؟-١٠٣٠) دەستیان بە هۆنراوە هۆنینەوە کردووە بە شێوەی دەری (واتا شێوەی ژوورووی ڕۆژهەڵاتی ئێران). بە تایبەتی شانامەی فیردەوسی دەورێکی کاری {فعّال}ی گێڕا لەم ڕووەوە و توانی هەموو شێوە و زاراوەکانی دی ڕاماڵ بکا و جێی خۆی بکاتەوە.
 
٣- خزمەتکردنی زانست بە تەنیا شێوەیەک، بە تایبەتی لە وڵاتێکدا کە زانستگە و کتێبی زانستانە و ڕۆژنامەی زۆر و زەبەندەی هەر بە یەک شێوە ببێ و بە شێوەکانی دی نەیبێ؛ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو شێوەیە بکاتە زمانێکی ئەدەبی.
 
٤- هێندێ جار جۆری ژیانی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی بازرگانی و ئابووری دەبنە هۆی دروستبوونی شێوەیەکی ئەدەبی. شارێکی زۆر گەورە، یا پێتەختی وڵاتێک کە ببێتە ناوچەی هاتوچۆ و بازرگانی و نان پەیداکردن و خەڵک ڕووی تێ بکەن، شێوەی ئەو شارە دەسەڵات پەیدا دەکا و برەو دەستێنێ و لە ئەنجامدا دەبێتە شێوەیەکی ئەدەبی.
 
سەرنجێک لەمانەی سەرەوە بدەین؛ بە باشی بۆمان دەردەکەوێ ئەو هۆیانەی دەبنە ماکی دروستکردنی زمانێکی ئەدەبی لە خۆیەوە، تا ئێستە بۆ کورد نەڕەخساون.
 

ب-٢- بۆچی شێوەیەکی ئەدەبیی کوردی لەخۆیەوە دروست نەبووە؟

١- نەبوونی ئاینێکی کوردانەی گشتی
 
هەتا ئێستە لە نیو کورددا ئاینێکی گشتیی وا پەیدا نەبووە کە کتێبە پیرۆزەکەی بە زمانی کوردی نووسرابێتەوە و بووبێتە سەرمەشق بۆ زمانێکی یەکگرتووی ئەدەبیی پاشەڕۆژ. هەرچەندە گەلێک بەڵگە هەن بۆ ئەوەی کە زەردەشت پەیامبەر و داهێنەری ئاینی مەزدایەسنی لە ناوچەی مادەکاندا (واتا کوردستانی ئەمڕۆ) لە دایک بووبێ و بە زمانی خەڵکی ئەو شوێنەش قسەی کردبێ، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە نییە کە کتێبی ئاڤێستا بە تەواوەتی بە زمانی مادەکانی ئەو سەردەمە نووسرابێتەوە، یا چەند سەدەیەک پاش مردنی زەردەشت خۆی نەنووسرابێتەوە، ئەگەرچی واش باوە کە گوایە «گاتاکان» لە زمانی زەردەشت خۆیەوە بیستراون. جا هەرچەندە پێوەندیی زمانی ئاڤێستا و کوردیی ئەمڕۆ، لە باری زمانەوانییەوە، شتێکە ئینکار ناکرێ؛ لەگەڵ ئەوەشدا، پیاو ناتوانێ بڵێ ئەو زمانە کە کتێبی ئاڤێستای پێ نووسراوەتەوە؛ کوتومت پاشماوەی زمانی مادەکان بووە. یا بە وتەیەکی دی «کوردیی نێوەڕاست» بووە. ئەوەش لە کاتێکدا ئەگەر بتوانین زمانی مادەکان بە «کوردیی کۆن» و کوردیی ئەمڕۆش بە «کوردیی نوێ» بدەینە قەڵەم. دیارە ئەم باسە باسێکی یەکجار فراوان و قووڵە و جێی ئێرە نییە. بەڵام ئەوەی دانی پێدا بنرێ ئەوەیە؛ فارسەکان پاش مادەکان بە ماوەیەکی زۆر، ئاینی زەردەشتیان وەرگرت. ئەگەرچی کوردەکان خۆشیان لە سەرەتاوە بەربەرەکانێی ئاینی زەردەشتیان زۆر کرد بەڵام هێشتا بەر لە فارسەکان بووبوونە زەردەشتی. فارسەکان لە زەمانی شاپووری دووەمدا ئاینی زەردەشتییان کردە ئاینی ڕەسمیی دەوەڵەت. بێجگە لەوەش دەستکاریکردنی ئاینی زەردەشتی و گۆڕینی و قەڵبکردنی بیروباوەڕەکە لە لایەن فارسەکانەوە؛ شتێکە مێژوونووسەکان و ئەوانەی خەریکی لێکۆڵینەوەی ئەم ئاینە بوون، تەنانەت هێندێ لە زاناکانی فارس خۆشیان، بە ئاشکرا دانی پێدا دەنێن. هەرچی جۆرێ بێ، ئاینی زەردەشتی بە تەواوی لەنێو کوردەکاندان نەچەسپیبوو، کە سەرکردایەیتیی ئەو ئاینە کەوتە دەست فارسەکان و بە شێوەیەک کە بە دڵی کاربەدەستەکانیان بوو؛ خرایە ڕوو. کە ئاینی ئیسلامیش لە دەوروبەری ٦٣٩ دوای زاییندا هاتە کوردستانەوە؛ بە ماوەیەکی کەم ئاینی زەردەشتیی لە هەموو کوردستان و هەموو ئێراندا لە نێو برد و کتێبە پیرۆزەکەی کە قورئانە و بە عەرەبی نووسراوەتەوە، بەتەواوی جێی ئاڤێستای گرتەوە. کوردەکان هەرچەندە لە سەرەتاوە بەربەرەکانێی ئەم ئاینەشیان کرد بەڵام لە ئەنجامدا و لەبەر گەلێک هۆ، بەزۆری بوونە موسوڵمان و دەستیان کرد بە خزمەتکردنی ئاینی ئیسلام و زمانی عەرەبی. ئەوانەی کە لەسەر ئاینە کۆنەکانی کورد مانەوە؛ وەک ئێزدییەکان، هەلێکی وایان بۆ نەڕەخسا کە ئاینەکەیان بکەنە ئاینێکی گشتی. لێرەدا پێویستە بڵێم کە پاش لێکۆڵینەوەیەکی چەند ساڵە و ووردبوونەوەیەکی زۆر، بۆم دەرکەوتووە کە ئاینی ئێزدییەکان؛ نە پێوەندیی بە «یەزیدی کوڕی مەعاویە»وە هەیە و نە بە ئاینی ئیسلامەوە. واتا ئێزدییەکان موسوڵمانی ساختە نین. هەروەها ئێزدێتی پاشماوەی ڕاستەوخۆی ئاینی زەردەشتیش نییە. بەڵکو پاشماوەی ئاینی کۆنی کوردی پێش زەردەشتێتێیە. بەڵام ئەوە هەیە؛ بیروباوەڕی زەردەشتێتی و جوولەکەیەتی و دیانەتی و موسوڵمانەتیی تێکەڵ بووە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم ئاینە لەو ڕووەوە کە هەر کەس لە باوک و دایکێکی ئێزدی نەبێ؛ بە ئێزدی نادرێتە قەڵەم، ئەمجا ئەوەش کە شێوەی ئەو پەڕی نهێنێتی وەرگرتووە لە کارکردندا، بێجگە لەوەش لە نێوبردنی کتێبەکانیان و بەربەرەکانێکردن و تەفروتووناکردنیان، ڕێی ئەوەی نەداوە کە دوو کتێبە پیرۆزەکەیان کە بە زاراوایەکی تێکەڵ لە زاراوای موکریانی-سلەیمانی-ئەردەڵان-بادینان نووسراوەتەوە، ببنە کتێبی پیرۆز و بنکەی ئاینێکی گشتی بۆ کورد و خەڵکی کوردستان.
 
هەرچەندە لە کوردستاندا و لە دەوری ئیسلامەتیدا گەلێک بزووتنەوەی ئاینانەی پێشکەوتووخوازانە لە سەر بنچینەی ئاینە کۆنەکانی کورد و بە نیازی ئاسانکردن و ڕێکخستنی ئاینی ئیسلام، ڕوویان داوە؛ وەک ئاینی «ئەهلی هەق» و ئاینی «شەبەک» لەگەڵ ئەوەشدا کتێبە پیرۆزەکانیان بە کوردی نەبوون و ئاینەکەشیان نەیتوانیوە بە نێو هەموو گەلی کورددا بڵاو ببێتەوە. هەروەها ئەو پیاوە ئاینییە گەورانەی تا ئێستە لەنێو کورددا هەڵکەوتوون و بنچینەی تەریقەتیان دامەزراندووە، یا پێشەوایییان کردووە؛ وەک شێخ عەبدولقادری گەیلانی (١٠٧٧-١١٦٦) و مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٧٧٩-١٨٢٦) و حاجی کاک ئەحمەد (١٧٩٣-١٨٨٧) و لەم دوواییەشدا سەعیدی نوورسی (١٨٧٣؟-١٩٦٠) ، هیچیان نەیانتوانیوە هەموو گەلی کورد بکەنە لایەنگیری خۆیان و هەروەها هیچیان کتێبێکی پیرۆزیان سەبارەت بە تەریقەت یا بیروباوەڕی خۆیان بە کوردی بەجێ نەهێشتووە. بەمانەی سەرەوەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئاین لەنێو کورددا هیچ جۆرە دەورێکی بنچینەیی نەگێڕاوە بۆ دروستکردنی زمانی ئەدەبی.
 
٢- نەبوونی ئەدەبیاتێکی فراوان بە تەنیا شێوەیەکی کوردی
 
ئەگەرچی کورد تا ئێستە دەوڵەتێکی نێوەندیی یەکگرتووی نەبووە کە پشتی شێوەیەک لە شێوەکان بگرێ و ئەدەبیات بەو شێوەیە زۆر بکات، بەڵام لە ڕابوردوودا چەند ئەمارەتێکی سەربەخۆ هاتنە کایەوە کە ئەدەبیاتی کوردی تێیاندا پەرەی سەندووە. جا لەبەر ئەوەی ئەمانە چەند ئەمارەتێکی جیا جیا بوون و تەنیا یەک ئەمارەتی یەکگرتوو لە کایەدا نەبوو؛ دیارە لە هەر ئەمارەتێکدا ئەدەبیات بە شێوەیەکی دی گەشەی کردووە. بۆ وێنە: لە ئەمارەتی بۆتاندا بە زاراوای جزیرە و لە ئەمارەتی باباندا و بە زاراوای سلەیمانی و لە ئەمارەتی ئەردەڵاندا بە زاراوای هەورامی (گۆرانی).
 
شێوەی گۆرانی؛ لەپاش دروستکردنی شاری سلەیمانی و بەهێزبوونی ئەمارەتی بابان؛ ووردە ووردە برەوی نەما و زاراوای سلەیمانی جێی پێ لەق کرد. بەڵام نە زاراوای جزیرە کاری کردە سەر دانیشتوانی نێوەڕاست و خوارووی کوردستان و نە زاراوای سلەیمانی کاری کردە سەر دانیشتوانی ژوورووی کوردستان. بە گشتی چونکە ئەدەبیاتی کوردی لە هەردوو ئەمارەتەکەدا لە سنوورێکی فراواندا نەبوو و ڕێی بڵاوبوونەوەشی بەنێو خەڵکەکەی ئەمارەتەکەی دیدا ئاسان نەبوو. ئەمجا بە تایبەتی ئەو دەمە چاپ و چاپەمەنی نەبوو، خوێندەواریش یەکجار کەم دەست دەکەوتن؛ لەبەر ئەوە لە کورتی بیبڕینەوە: نە خەڵکی خوارووی کوردستان تام و چێژی بەرهەمی هۆنراوەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران و عەلی حەریری و مەلای باتەیی کرد، یا نووسینەکانی عەلی تەڕەماخی و مەلا مەحموودی بایەزیدی بەرچاو کەوت، نە خەڵکی ژوورووی کوردستانیش تامی هۆنراوەکانی نالی و کوردی و تاڵەبانی و کۆیییان کرد. لەبەر ئەوە ئەدەبیاتیش هیچ دەورێکی نەگێڕا لە سەپاندن و چەسپاندنی شێوەیەک لە شێوەکاندا.
 
٣- نەبوونی خوێندنگە و زانستگە و ڕۆژنامەی کوردی
 
ئەوەی لە هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە لە کوردستاندا هیچ کاتێک زانستگە و قوتابخانەی کوردی تا پاش جەنگی جیهانیی یەکەم نەبووە. کتێبی زانستی و ڕۆژنامەی زۆر و زەبەندەی وا کە خزمەتی شێوەیەک لە شێوەکان بکا و بڵاویبکاتەوە؛ نە ئەو کاتە هەبووە و نە ئێستەش. بەڵێ لە کوردستاندا قوتابخانە و خوێندنگەی ئاینی بووە و هەیە، بەڵام ئەو خوێندنگەیانە بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبیاتی کوردی نەبوون و نین. هەرچەندە ئەو دەرزانەی لە مزگەوتەکاندا خوێنردراون؛ بە کوردی لێکدراونەتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ تێگەیاندن بووە، نەک بۆ خزمەتی زمانی کوردی. لەبەر ئەوە هەر مامۆستایە؛ ئەو کوردییەی بەکارهێناوە کە لەماڵەوە قسەی پێکردووە. ئەوتا عەلی تەڕەماخی دەستووری زمانی عەرەبی بە کرمانجیی ژووروو نووسیوەتەوە؛ بۆ ئەوەی شاگردەکانی باشتر عەرەبی فێر ببن . شێخ مارفی نۆدێ (١٧٥٣-١٨٣٨) ش وەک خۆی دانی پێدا دەنێ؛ فەرهەنگۆکی عەرەبی-کوردی «ئەحمەدی» —کە بە زاراوای سلەیمانییە— بۆیە نووسیوەتەوە کە ئەحمەدی کوڕی بە هاسانی فێری زمانی عەرەبی ببێ . لەبەر ئەمانە هەمووی؛ قوتابخانە و خوێندنگەکانی کوردستان دەوریان نەبووە لە دروستکردنی زمانی ئەدەبیی کوردیدا.
 
٤- نالەباریی ژینی کۆمەڵایەتی
 
ژینی کۆمەڵایەتی؛ بەتایبەتی پێوەندیی بازرگانی و ئابووری، هیچ کاتێک لە ڕاددەیەکدا نەبووە کە لە کوردستاندا شاری گەورەی وا ببێ ببنە ناوچەی پیشەسازی و بازرگانی، یا پێتەختی هەموو لایەکی وڵاتەکە. تا ئێستەش کورد شاری گەورەی لە جۆری نێوبراو نییە. هاتوچۆ لە بەینی پارچەکانی کوردستاندا پێش جەنگی جیهانیی یەکەم زۆر کەم بووە؛ بە هۆی نەبوونی ئەو پێوەندییە بازرگانییە بەهێزە و سەختی و نائەمینیی ڕێوە. دیارە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمیش، واتا دابەشکردنەوەی کوردستان بەم جۆرەی ئەمڕۆی؛ ئەو هاتوچۆکردنە بە شێوەیەکی ڕەسمی لەلایەن دەوڵەتە دابەشکەرەکانەوە ڕێی لێ گیراوە.
 
بەمانەی سەرەوەدا بۆمان دەرکەوت؛ ئەو هۆیانەی کە وا لە شێوەیەک دەکەن لە خۆیەوە و لەسەرخۆ ببێتە زمانێکی ئەدەبی، بە درێژاییی مێژوو بۆ کورد هەڵنەکەوتوون.
 

ج- هەوڵدانێکی ڕێکخراوی زانستانەی لەسەرخۆ بۆ بەرهەمهێنانی زمانێکی ئەدەبی

ئەم ڕێیە ئەو گەلانە دەیگرن کە هەردوو ڕێی باسکراوی پێشوویان بۆ دەست نادا. بە بیروڕای من ئەمەیان باشترین و تەنیا ڕێیە کە کورد بتوانێ پێیدا بڕوا لەم بارەیەوە. واتا ئێمە دەبێ شێوەیەکی ئەدەبی بۆ خۆمان دروست بکەین. بەڵام ئایا دروستکردنی ئەم شێوەیە لە کوێوە دەست پێ بکا و کی دەستی پێ بکا و چۆن دەست پێ بکرێ؛ ئەوە پێویستی بە شیکردنەوە و لەسەر ڕۆیشتن هەیە.