سەرەتا

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 3 دقیقه  139 مشاهده
نێزیکەی حەڤدە ساڵ لەمەوبەر، لە نامیلکەی «خوێندەواری بە زمانی کوردی»دا، زۆر بە کورتی لەم باسە دووام و نەبوونی شێوەیەکی ئەدەبیم بە کۆسپی هەرە گەورەی ڕێی پێشکەوتن و بڵاوبوونەوەی زمانی کوردی دانا، پاش بەربەرەکانێی ڕاستەوخۆی زمانەکە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە. هۆی ئەم یەکنەگرتنە و جۆری چارەسەرکردنیشیم؛ بەپێی دەسەڵات و سەرنجی ئەو کاتەم، زۆر بە کورتی خستە بەرچاو . لەم ماوە دوور و درێژەدا، چەند باسێکی کەمی لەم بابەتە لەلایەن هێندێ کەسی دییەوە خرانە بەرچاو. بەشێک لەو باسانە زۆر سادە و نەزانانە بوون و پێویست بە نێوبردن ناکەن و هێندێکی دیشیان تا ئەندازەیەک زانستانە بوون و باسکردنیان بە ڕەوا دەزانم. بە تایبەتی ئەو کتێبەی کە دوکتۆر عێزەددین مستەفا ڕەسووڵ لە ساڵی ١٩٧١دا بە نێوی «سەرنجێ لە زمانی ئەدەبی یەکگرتووی کوردی»یەوە بڵاوی کردەوە. هەروەها وتارەکەی مامۆستا تۆفیق وەهبی بە نێوی «زمانە ئەدەبیەکەمان چۆن توانا و آسانتر بکەین» لە بەرگی یەکەمی «گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد»دا (١٩٧٣ ل ٢٩-٣٤).
 
جا بەرلەوەی بچمە گەرمەی باسەکەوە، بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم کە هیچ گەلێک نییە لەم جیهانەدا، تێکڕای کۆمەڵانی خەڵکەکەی بە یەک زمانی یەکگرتوو بدوون. لەبەر ئەوە بوونی چەند شێوەیەک لە زمانی کوردیدا، شتێکی سەیر و سەمەرە نییە. بۆ وێنە: لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا کە بە هەزاران ڕۆژنامە و گۆڤاری تێدا دەردەچێ و لە قوتابخانە و ڕادوێ و تەلەفزوێن و سینەماکانیاندا، بە شەو و بە ڕۆژ زمانێکی یەکگرتوو بە کار دەهێنرێ کە چی ئێستەش کە ئەڵمانێکی بایەری بە شێوەکەی خۆی بدوێ، ئەڵمانێکی پڕۆیزی زۆر بە ئاستەم لێی تێ دەگا. جا وە نە بێ حاڵی زمانەکانی دیی جیهان، لە زمانی پێشکەوتووی ئەڵمانی باشتر بێ. نەخێر! ئەوانیش هەر وانە. لەبەر ئەوە هیچ پێویست بەوە نییە پیاو بەزەیی بە خۆیدا بێتەوە. بە کورتی هەموو زمانێکی ئەم دنیایە چەند شێوەیەکی جیاوازی هەیە وەک کوردییەکەی ئێمە. بەڵام ئەوەی کە خەڵکی هەیانە و کورد نییانە؛ ئەوە زمانێکی یەکگرتووە بۆ خوێندن و نووسین و کاروباری گشتی.
 
جا ئەگەر ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین ئەم شێوانە بکەینە یەک، واتا هەموویان بکەینە یەک شێوە؛ ئەوا با هەر لە ئێستەوە دڵنیا بین کە تا ڕۆژی قیامەت ئەوە سەر ناگرێ بۆمان. خۆ ئەگەر بێ و بۆ هێنانە بەرهەمی زمانێکی کوردیی یەکگرتووی وا تێ بکۆشین کە قسەی پێ کرا و پێی نووسرا؛ خەڵکی هەموو لایەک وەک یەک تێی بگەن، ئەوە دیارە کارێکی گرانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا؛ شتێکی نەبوونەکراو (مستحیل) نییە و بە هەوڵ و تەقەلای زانستانەی بێ ووچان؛ دێتە کایەوە. تەنیا ئەوەیە دەبێ بزانین لە کوێوە دەست پێ بکەین و کێ دەست پێ بکا و چۆن دەست پێ بکرێ.