پەسنی شامیل یەعقوبی جێنشینی کۆیە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  100 مشاهده
خودا چەرخی بە کاری کیمیا کرد
هەوێنی دادی، پڕ عەرد و سەما کرد
درەوشی دا، قەزایی کۆیی سنجاق
کە ڕۆژی ڕوونی کوردی ئاشکرا کرد
بڵێسەی عەدل و ئەستێرەی سەعادەت
بە قائیمقامی ئێمەی ڕەهنوما کرد
نەوەی یەعقوبییانە، کاکە شامیل
هەموو دەردێکی بێ دەرمان دەوا کرد
ئەهالی و شێخ و ئاغا و مەلاکان
هەموو پێویستی هەر کەس، پێ ڕەوا کرد
لەسەر مقیاسی ژیریی، بێ تەرازوو
بەرانبەر هات و، مەخلووقی ڕەها کرد
لە ڕووی بەخشین و لوتف و ڕەحم و ئینساف
قەزایێکی تەڕ و تازەی بینا کرد
بە عیلم و فەنن و وریایی، لە پڕدا
بە عالەم کەهروبای بەهرەی وەفا کرد
لە ڕێی تەحلیل و تەڕکیبی ئەساسی
بە بەرزی نیشتمان، فەرزی ئەدا کرد
کە هاتە سەر ژمارە و جەبر و نیسبەت
شکاوو ساغ و ناوەنجی جیا کرد
کە هاتە سەر مەساحەی میللەتی خۆی
هەموو شەکلێکی پەرداخ و بەجا کرد
کە خاوەن خۆیەتی بۆ نەزم و تەرتیب
دڵی کوردی پڕی حەمد و سەنا کرد
بووە باوکی بەشەر، وەک دەوری ئادەم
بەڵێ وەک نووحە، کەشتی بۆ چیا کرد
حەقیقەت، فەیلەسوفێکە لە کوردان
کە دەستووری سولەیمانی پەیا کرد
کە ئەو گەنجەی بە ئەم چەرخە نیشان دا
خودا ڕەحمی بە قەومی بێ نەوا کرد
بە چی کەم وەسفی ئەو عالی جەنابە
کە «شامیل بێگ»ە ناوی، ئینتیها کرد
وەرە ڕاجیتخلص، بپاڕێوە لە یەزدان
کە ئێمەی وا برایانە تەبا کرد.