بووکی چەمەن سەوزە بوو، سوور بۆتەوە
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
2 دقیقه
149 مشاهده
بووکی چەمەن سەوزە بوو، سوور بۆتەوە
تک تکەیی شەونمی ڕشتۆتەوە
مێزەر و دەسماڵی کە کردۆتەوە
چاوی قەلانیش خەوی بردۆتەوە
دڵ بە گەشی باوەشی کردۆتەوە
بەزمی گوڵ و بادە و دوو چاوی یار
وا ئەگەڕێ ناو گەڕەکی نەوبەهار
پڕ لە حەز و زەمزەمەیی چەنگ و تار
کاری لە نەورۆزێ نەکا چاوەزار
هەرچی کە سووک هات و گران چۆتەوە
قوڵفی کەمەر، تا نەترازێ لەبەر
دوگمەیی مەم، تا نەمژێ مێشکی سەر
ماچی دەمان، سەرنەکرێن سەربەسەر
دڵ چ نییازێکی نییە بێتە دەر
بەحری کوڵی، چونکە نەنیشتۆتەوە
کاتێ لە پەردەی گوڵی سووری خزا
جەرگی بە تەندووری خەسووی داچزا
بووکی بە فرمێسکی بەڵاڵووکی زا
کۆرپەیی خوێنی کە مژا وو دزا
بابەکەشی خوێنی نەسەندۆتەوە
شیوەنە لەو ماڵە، هەتا دێتە چەنگ
بەرگ و گەنم، نەوت و خەریتە و تفەنگ
هۆزی شەپرزەی تەقەلا، دێ بە جەنگ
هیچ لە سەرکەوتنی ناکا درەنگ
کەس جڵەوی ئەسپی نەبەستۆتەوە
تێ بگە حەزکردنی جاحێڵ و کچ
چۆن ئەگەنە یەکتر و کۆڵان و ڕچ؟
خۆشە دەمێ ماچی خەت و خاڵ و لچ
سەختە دەمێ، گرژیی و تۆران و خچ
دەست بە کەلەپچە و بە سەری کۆتەوە
تێئەپەڕن لەشکری خەم، جوون بە جوون
تا بکەوێ هێزی هونەر، سەرنگوون
ئێستە کە هەڵسێتەوە لێوی بە خوون
دوژمنی ناسیوە لە ڕێی چەند و چوون
دەستی نەنێ، شەرتە بە پشکۆتخلصتەوە.